ئایا بوونی خوا بە عەقڵ دەسەلمێنرێ یان بە شەرع و ئیمان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا بوونی خوا بە عەقڵ دەسەلمێنرێ یان بە شەرع و ئیمان؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
بەڵگە لەسەر بوونی خوای گەورە : عەقڵ و هەست و شەرعە .
ئەو سێ شتە هەموویان بەڵگەن لە سەر بوونی خوای گەورە , وە گەر ویستت ئەوا( فیترەت) یشیان بخە پاڵ ، بۆیە بەڵگەكان لەسەر بوونی خوای گەورە دەبنە چوار :
1- عەقڵ  2- هەست 3- فیترەت 4- شەرع .
وە شەرعمان خستە كۆتاییەوە ، نەك لەبەر ئەوەی كە شایەنی ئەوە نییە كە پێش بخرێت ، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە ئێمە گفتوگۆ لە گەڵ كەسێكدا دەكەین كە باوەڕی بە شەرع نییە .

- جا سەبارەت بە بەڵگەی عەقڵ دەڵێین : ئایا بوونی ئەم بوونەوەرانە لە خۆوە بووە یان بەڕێگەی ڕێكەوت بووە ؟
جا گەر وتت : لە خۆوە بووە ، ئەوا لە ڕووی عەقڵەوە ڕێی تێناچێت لەبەر ئەوەی پێشتر نەبووە ، دواتر چۆن دەبێت ؟ لەكاتێكدا خۆی نەبووە ؟ چونكە (نەبوو) شتێك نییە تاكو ببێت ، بۆیە ناكرێت خۆی خۆی بهێنێتە بوون ، وە ئەگەر وتت بە ڕێكەوت بووە ، ئەوا دەڵێین ئەمەش دیسان رێی تێناچێت ، بۆیە تۆ ئەی ئەو كەسەی كە ئینكاریی دەكەیت ، ئایا هەموو ئەوانەی كە بەرهەم هێنراون لە فڕۆكەو مووشەك و ئۆتۆمبیل و ئامێرەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە ، ئایا ئەمانە بە ڕێكەوت هاتوونەتە بوون ؟! دەڵێت نەخێر ناكرێت بەڕێكەوت دروست بووبن ، بۆیە بە هەمان شێوە ئەو چیاو دۆڵ و خۆر و مانگ و دارو بەردو لم و دەریا و جگە لەوانیش بە هیچ شێوەیەك ناكرێت بە ڕێكەوت ببێت .
وە دەوترێت كۆمەڵێك لە سەمنییەكان هاتن بۆ لای ئەبو حەنیفە بە ڕەحمەت بێت ، كە خەڵكی هیند بوون ، ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵیدا لە بابەتی سەلماندنی بوونی خوای گەورە دا ، وە ئەبوو حەنیفە لە زانا زیرەكەكان بوو ، بۆیە بەڵێنی پێدان كە دوای ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ بێنەوە ، هاتنەوە و وتیان : چیت وت ؟ فەرمووی من بیر لە پاپۆڕێك دەكەمەوە كە پڕە لە خۆراك و شتوومەك وشەپۆلەكانی دەریای بڕیوە تا لە مینایەكدا لەنگەری گرتووە و بارەكەی داگرتووەو ڕۆیشتووە ، وەنە لێخوڕی تیا بووە نەكرێكاری باركردنیش.
وتیان : بیر لەمە دەكەیتەوە ؟
وتی : بەڵێ .
وتیان : دەی تۆ عەقڵت نییە !
ئایا دەچێتە عەقڵەوە كە پاپۆڕێك بەبێ لێخوڕ بێت و لەنگەر بگرێت و دواتر بڕوات ؟!
ئەمە بە عەقڵەوە ناچێ !
فەرمووی چۆن ئەمەتان بە عەقڵەوە ناچێ ، بەڵام ئەوەتان بە عەقڵەوە دەچێت كە ئەم ئاسمانانەو خۆرو مانگ و ئەستێرەكان و چیا و دار و گیانەوەران و مرۆڤ بەبێ دروستكار دروست بوون؟
بۆیە تێگەیشتن كە ئەم پیاوە بە گوێرەی عەقڵی خۆیان قسەی لەگەڵ كردوون ، وە دەستە وەستان بوون لەبەرامبەر ئەم وەڵامدانەوەیەی .
وە بەكابرایەكی دەشتەكییان وت لە بیابان دا : بەچی خوای خۆت ناسیوە ؟
وتی : شوێنپێ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە شتێك بەڕێدا ڕۆیشتووە ، پشقلیش بەڵگەیە لەسەر بوونی ئاژەڵ ، بۆیە ئاسمانگەلێكی پڕ لە هەسارەو ئەستیرە ، زەوی پڕ لە چاڵ و چۆڵی و دەریا گەلێكی پڕ لە شەپۆل ، بەڵگە نین لەسەر بوونی خوایەكی بیسەرو بینەر ؟
وە لەبەر ئەمەشە خوای گەورە فەرموویەتی :((أَمْ خُلِقُوا مِنْ غَيْرِ شَيْءٍ أَمْ هُمُ الْخَالِقُونَ)) (الطور: 35)
بۆیە لەم كاتەدا عەقڵ دەبێتە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگر لەسەر بوونی خوای گەورە .

- وەسەبارەت بە بە بەڵگەی (هەست -الحس) لەسەر بوونی خوای گەورە :
ئەوا مرۆڤ هاوار دەكاتە خوای گەورە ، دەڵێت : پەروەردگارا ، وە داوای شتێك دەكات ، دواتر وەڵامی دەدرێتەوە لەوەدا ، وەئەمەش بەڵگەی هەستییە ، ئەو خۆی جگە لە خوای گەورە هاواری بە كەس نەكردووە ، وە خوای گەورەش وەڵامی داوەتەوە ، ئەوەشی بەچاوی خۆی بینیوە .
وە هەروەها ئیمەش دەبیستین لەوانەی پێش خۆمان و ئەوانەی ئەم سەردەمەش كە خوای گەورە وەڵامی داونەتەوە .
بۆیە ئەو كابرا دەشتەكییەی كە هاتە ژوورەوە بۆ مزگەوت و پێغەمبەری خوا وتاری بۆ خەڵكیی دەدا لە ڕۆژی جومعەدا ، وتی : ماڵ و سامان لە ناوچوون و هیچمان بە دەستەوە نەما ، داوا لە خوای گەورە بكە بارانمان بۆ ببارێنێ ، ئەنەس فەرمووی : سوێند بەخوا لە ئاسماندا نە هەورو نەپەڵەیەكیش نەبوو ، وەلە نێوان ئێمەو شاخی سەلعیشدا نەخانوویەك و نە ماڵێك نەبوو (سەلع شاخێك بوو لە مەدینە هەور لەوێوە دەردەكەوت ) ... وە دوای دوعاكەی پێغەمبەر یەكسەر هەورێك بە وێنەی تەشتێك دەرچوو بەرزبووەوە و بە ئاسماندا بڵاو بووەوە و هەورە گرمەو بروسكە دەستی پێكرد و باران باری ، ئەوە بوو پێغەمبەری خوا هێشتا دانەبەزیبوو ئاوی باران بەڕیشی دا هاتە خوارەوە(1) .
وە ئەمەش كارێكە كە ڕووی داوە و بەڵگەیەكە بە بەڵگەی هەست لەسەر بوونی دروستكار .
وە لە قورئانیشدا زۆرێك لەمانە هەیە ، وەك : (( وَأَيُّوبَ إِذْ نَادَى رَبَّهُ أَنِّي مَسَّنِيَ الضُّرُّ وَأَنْتَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ )) ( 83 ) (( فَاسْتَجَبْنَا لَه )) [الأنبياء: 83-84] وە ئایەتی تریش جگە لەوە .

- وە سەبارەت بە بەڵگەی فیترەتیش :
ئەوا زۆرێك لە خەڵكیی ئەوانەی كە فیترەتیان تێك نەچووە باوەڕیان بە بوونی خوای گەورە هەیە ، تەنانەت گیانەوەران و ئاژەڵی دڕندەش باوەڕیان بە بوونی خوای گەورە هەیە ، وە چیرۆكی ئەو مێروولەیەی كە لە سولەیمانەوە گێڕراوەتەوە كەوا ، دەرچووە دوعای باران بارین بكات ، مێروولەیەك دەبینێت كە لەسەر پشت ڕاكشاوە و پەلەكانی بۆ ئاسمان بەرز كردۆتەوە ، دەڵێت : پەروەردگارا ئێمە دروستكراوی تۆین ، بۆیە بارانەكەتمان لی مەگرەوە .
ئەوەبوو(سولەیمان) فەرمووی : بگەڕێنەوە بارانتان بۆ باری بە دوعای جگە لە خۆتان ، بۆیە فیترەتەكان فەراهەم هێنراوە لەسەر ناسینی خوای گەورەو بە تەنها پەرستنی .
وە خوای گەورەش ئاماژەی بۆئەوە كردووە لەم ئایەتەدا :
((وَإِذْ أَخَذَ رَبُّكَ مِنْ بَنِي آدَمَ مِنْ ظُهُورِهِمْ ذُرِّيَّتَهُمْ وَأَشْهَدَهُمْ عَلَى أَنْفُسِهِمْ أَلَسْتُ بِرَبِّكُمْ قَالُوا بَلَى شَهِدْنَا أَنْ تَقُولُوا يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّا كُنَّا عَنْ هَذَا غَافِلِين )) ( 172 ) ( أَوْ تَقُولُوا إِنَّمَا أَشْرَكَ آبَاؤُنَا مِنْ قَبْلُ وَكُنَّا ذُرِّيَّةً مِنْ بَعْدِهِمْ ) [الأعراف: 172: 173] .
ئەم ئایەتەبەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مرۆڤ فەراهەم هێنراوە بە فیترەتەكەی لەسەر شایەتی دان بە بوونی خوای گەورەو پەروەردگارێتی الله ، جیاوازیشی نییە ئەگەر وتمان : خوای گەورە لە پشتی ئادەم دەری هێناون و شاهێدی پێداون ، یان وتمان ئەمە ئەوەیە كە خوای گەورە لە فیترەتەكەیاندا پێكی هێناوە كە دانی پێدا بنێن ، لەڕاستییدا ئایەتەكە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مرۆڤ خوای خۆی دەناسێت بە هۆی فیترەتەكەیەوە .

- وەسەبارەت بە بەڵگەی شەرعییش :
ئەوا چونكە ئەوەی كە پێغەمبەرانی خوا پێی هاتوون لەو شەریعەتانەی خوای گەورە و هەموو ئەو شتانەی لە خۆ گرتووە كەبەرژەوەندی خەڵكیی تێدایە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەوەی ئەو پەیامەی پێیاندا ناردووە خوایەكی بەبەزەیی و دانایە ، وەبەتایبەتیش ئەم قورئانەی كە مرۆڤ و جنۆكەكان دەستەوەستان بوون لەوەی كە شتێك لە وێنەی ئەو بهێنن .

شرح العقيدة الواسطية -للشيخ الأصولي العلامة محمد بن صالح العثيمين رحمه الله
--------------------------
(1) رواه البخاري/ كتاب الاستسقاء/ باب الاستسقاء في خطبة الجمعة، ومسلم / كتاب صلاة الاستسقاء / باب الدعاء في الاستسقاء

سەردان: ٧,٣١٢ بەش: باوەڕبون بە خوا