من شەهوەتم لەهاوڕێكەم بەرز دەبێتەوە ئایا تاوانبار دەبم؟ وە چارەسەرم چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من شەهوەتم لەهاوڕێكەم بەرز دەبێتەوە ئایا تاوانبار دەبم؟ وە چارەسەرم چیە؟

پەنا دەگرین بەپەروەردگار بەوەی ئێستا کۆمەڵێک خەڵک تووشی بێ شەرمی بوون لەخوای گەورە ، ئەوەی ئاماژەی پێکراوە لەو پرسیارەدا دڵەکان تەنگ دەکات و لاشە پارچە پارچە دەکات و فیترەتی پاکیش ناهێڵێت ، چونکە پەروەردگار مرۆڤی وا دروستکردووە کە پیاوان هەست وسۆزیان بۆ ئافرەتان بجوڵێت و ئافرەتانیش بۆ پیاوان ، ئەوەش بنچینەی سەرەکی ژیانە ، هەرکەسە لەو بنچینەیە لابدات ئەوا لە فیترەتی پاک لایداوە ، ئەو فیترەتەی کە لەئایەتە پیرۆزەکانی قورئان و فەرمایشتە صەحیحەکانى پێغەمبەری خودا () ئاماژەی پێکراوە ، هەروەکو خودای پەروەردگار دەفەرموێت : (فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا) .(الروم : ۳۰).
واته: لەسەر ئەو فیترەتە پاکە بن کە پەروەردگار خەڵکی لەسەر دروستکردووە.
وە پێغەمبەری خوداش () دەفەرموێت : (كل مولود يولد على الفطرة، فأبواه يهودانه أو ينصرانه أو يمجسانه) . متفق عليه
واتە : هەموو لەدایکبوویەک لەسەر فیترەت و پاکێتی و ئیسلامەتی لەدایک دەبێت ، بەڵام باوک و دایکیان دەیانکەنە گاور یاخود دەیانکەن بە خاچ پەرست یان دەیانکەن بەئاگر پەرست .
ئەوەی لەوانە وردبێتەوەو تێڕابمێنێت تەماشا دەکات خودای گەورە هەموو خەڵکی بەتەواوی و بەجوانی دروستکردووە لەسەر فیترەت وپاکێتی ، هەرکەسێک لەو ڕێگاو ڕێبازە لابدات و ڕێچکەی شەیتان بگرێتەبەر ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر دەبات .
چارەسەریش بۆ ئەوە ، پێویستە :
یەکەم : پێویستە تەوبەیەکی تەواو و ڕاستەقینە بکەیت و بیر لەو تاوانە نەکەیتەوە ، هەر کەسێکیش تەوبە بکات خودای گەورە تەوبەکەی لێ وەردەگرێت.
دووەم : پێویستە زۆر زیکرو یادی خودا بکەیتەوە و خۆت سەرقاڵی زیکرکردن بکەیتەوە.
سێیەم : دەبێت هاوەڵێتی کەسانی چاک و لەخواترس بکەیت و لەو مەجلیسانە دابنیشیت کە چاک و باشەو خۆت بپارێزیت لە هاوەڵێتی کەسانی خراپ ولەخوا نەترس.
چوارەم : دەبێت لەهەموو ئەو ڕێگایانە دووربکەویتەوە کە دەتبەن بۆ کاری فاحیشەو خراپ ، وە هەموو ئەو دەرگایانەش دابخەیت کە تووشت دەکەن بەو تاوانە.
پێنجەم : لەهەمووی گرنگتریش ژنهێنان و هێنانی هاوسەرێکی چاک و لەخواترسە ، تاوەکو ببێتە مایەی پاراستنت لەزیناو داوێن پیسی و بەدڕەوشتی چونکە پێغەمبەری خوا () فەرموویەتی: (يا معشر الشباب، من استطاع منكم الباءة فليتزوج، فإنه أغض للبصر، وأحصن للفرج، ومن لم يستطع فعليه بالصوم، فإنه له وجاء).واتە: ئەی چینی گەنجان هەر كەس لە ئێوە توانای ژن هێنانی هەیە ئەوا با ژن بێنێت، چونكە ژن هێنان چاو دەگرێتەوە لە نەزەر كردن و قەڵایەكیشە بۆ عەورەت و دەپارێزێت، وە هەر كەس توانای ژن هێنانی نى یە ئەوا با ڕۆژو بگرێت چونكە ڕۆژو دەبێتە پارێزەر بۆی.
شەشەم: پەناگرتن بەخوا لەهەموو خراپەیەک و زۆر دوعاکردن تاوەکو خوای گەورە چاک وصاڵحت بکات و مۆفەقت بکات بۆ چاکخوازی و دوورکەوتنەوە لەو کارە قێزەون وناشیرینانە ، وە زۆر یادکردنەوەی مردن و قەبرو قیامەت و سزاو دۆزەخ و ناخۆشیەکانی ڕۆژی دوایی.

 حەوتەم : یەکێکی تر لەو هۆکارانە ئەوەیە دەبێت خۆت بەدووربگریت لەو هاوڕێیەت ، چونکە هۆکارە بۆزیاتربوونی ئەو هەستەت کە بەرامبەری هەتە ، وە ئەگەر ئەوەش چارەسەری کۆتایی نەبوو وە بنبڕی نەکرد وهەر هەستەکەت بەردەوام بوو ، ئەوکاتە پێویستە پەیوەندی لەگەڵیدا بەتەواوی بپچڕێنیت ، چونکە ڕێگریکردن لەنزیکبوونەوە لەتاوان واجبەو پێویستە تا دەتوانی هەموو ڕێگاکان نەهێڵیت وچارەسەرەکان بەتەواوی جێبەجێ بکەی بەپشتیوانی پەروەردگار.
خوای گەورە بتپارێزێت و هیدایەتت بدات بۆکاری چاکەو دوورت بخاتەوە لەکاری خراپەو بەدڕەوشتی ...

سەردان: ٣,٦٠٩ بەش: شوێنکەوتنى ئارەزووەکان