ئایا ژیانى ژن ومێردایەتى و جيماع كردن بە خواپەرستى دادەنرێ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ژیانى ژن ومێردایەتى و جيماع كردن بە خواپەرستى دادەنرێ؟

ژیانی ژن و مێردایەتى لە ئیسلامدا بەخواپەرستی دادەنرێ ، وە ژن هێنان و شوكردن لە نیعمەتەكانی خوایە
پێغەمبەرى خوا دەفەرموێ : (... وفي بضع أحدكم صدقة) واتە : كاتێك لەگەڵ خێزانەكانتان جوت دەبن خێرو پاداشتان بۆ دەنوسرێ.
هاوەڵەكانیش وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا گەر ئێمە (جیماع) لەگەڵ خێزانەكانمان بكەین بەخێرو پاداشت دادەنرێ؟
پێغەمبەرى خوا فەرموی: گەر ئەو شەهوەت و ئارەزوە لە شتێكی حەرام سەرف بكرێ ئایا بۆی بە تاوان و گوناهـ نانوسرێ؟
ئەوانیش گوتیان: بەڵێ وایە.
فەرموی: كەواتە گەر لە شتێكی حەڵاڵ سەرف بكرێ بەخێرو پاداشت بۆی دەنوسرێ . رواه مسلم والنسائي.
بۆیە گوزەران و ژیان بەسەربردن لەسەر زەوی گەر بەشی خۆشى و شادى و ئارەزوە حەڵاڵەكانی تیا نەبو، ئەوا ئەو ژیانە ژیانێكی وشك و ناخۆش دەبێت، لەبەر ئەوە حیكمەتی خوای میهرەبان گشت غەریزەكانی مانەوە لەسەر زەوی بەهۆی ڕابواردنی حەڵاڵ و موتعەو خۆشىیەوە داناوەو ڕاگیر كردوە. بیر كردنەوەش لەم حیكمەتە وا لە مرۆڤ دەكات بزانێ مەبەستی ئەم خۆشى و ڕابواردنە حەڵاڵە چى یە، ئەوەش تەنها ئامانجێك نى یە بۆ گەیشتن بەم خۆشى یە، بەڵكو ڕێگەیەكە.. وەسیلەیەكە بۆ گەیشتن بە چەند ئامانجێكی چاك. دیاریشە كە لقی چاك لە ئەسڵێكی چاك و باش نەبێ پەیدا نابێ، كە ئەوەش ژیانی حەڵاڵی ژن و مێردە. خوای گەورە دەفەرموێ: {وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجاً لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ }الروم21
. واتە: لە بەڵگەو نیشانەكانی گەورەیی خوا ئەوەیە كە لەخۆتان هاوسەرى بۆ بەرهەم هێنان؛ كە پێیان بحەسێنەوە و خۆشەویستىو ئەوینى خستۆتە ناوتان.(1) لەمەدا بۆ كەسانێ كە بەوردى سەرنج بدەن بەڵگە زۆرن.
بە گوێرەی ئەم ئایەتە پیرۆزە دەردەكەوێ كە بنەماو بنەڕەت و بناغەی ژن و مێرد لەسەر خۆشەویستى و ڕێزلێنان و تەبایی وبە بەزەیی لەگەڵ یەكترى دا دامەزراوە، نەك لەسەر بنەمای سەیركردنی ژن بە چاوی خزمەتكارو بێ ڕێزو مامەڵە لەگەڵدا كردنی وەك بە ئاژەڵ دانان. ئافرەت وەك پیاو نەفسی هەیە.. ئارەزوی هەیە.. هتد. خوای بەخشندەش ئافرەت دەدات بە پیاو وەك هاوسەری ژیان، ئەمانەتێك.. ڕاسپاردەیەك دەیدات بە پیاو بۆ پێك هێنانی خێزانێكی بەختەوەرو سەرفرازو دڵشاد.
ئافرەت لە كۆندا بە چاوی ئاژەڵێكی بێگیان سەیر دەكراو بێبەش دەكرا لە گشت مافە ڕەواكانی. تا لە ساڵی 586 بیر كراوە كە ئافرەت بەچاوی مرۆڤ سەیر بكرێ و بڕیاری بەمرۆڤ دانانیان داو بڕیاریشیان دا كە ئافرەت ئاژەڵ نى یە... مرۆڤێكە بۆ خزمەتكاری پیاوان دروست كراوە.. بەڵام ئیسلام چواردە سەدە پێش ئێستا بە گوێرەی ئایەتەكەی كە باس كرا بڕیاری داوە ئافرەت بەڵگەیەكە لە بەڵگەكانی خوای گەورە!...
كەوا ئافرەتی لە لاشەی پیاو دروست كردوە، نەك لە قوڕێكی جیا، هەروەها دروستیشی كردوە تا هاوسەری ژیانی پیاو بێ نەك خزمەتكار. خوای باڵا دەفەرموێ:
[هُوَ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ وَجَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا لِيَسْكُنَ إِلَيْهَا] الأعراف:189.
واتە: خوا ئه‌و زاته‌یه‌ که‌ ئێوه‌ی دروست کردووه‌ له‌یه‌ك که‌س (که‌ ئاده‌مه‌) هه‌ر له‌خۆی هاوسه‌ری به‌دی هێنا تا له‌لای بحه‌سێته‌وه‌ (ئارام بگرێ)
قورئانی پیرۆز بە دەقی ئەم ئایەتە بەردی بناغەی ژیانێكی پڕ لە سۆزو عاتیفەو خۆش وهێمن دادەنێ. ژن شوێن تامگەو خۆشى و شادى و حەوانەوەی مێردەكەیەتی، چونكە كاتێك مێردەكەی لەدوای هەوڵ و كۆشش و ماندوبونێكی زۆرو لەپێناو پەیدا كردن و دابین كردنی ژیانی ڕۆژانەی دەگەڕێتەوە لای ژنەكەى و كە ئەویش دەبێ بە ڕویەكی خۆش و گەش و بە سینەیەكی فراوانەوە بەرەو ڕوی بێ و پێشوازی بكات و سۆزو خۆشەویستی بۆ دەرببڕێ، ئا لەو كاتەدا مەیلی بەلادا دەچێ و دەگاتە ئەم خۆشىیە... ئەم حەوانەوەیە.. ئەم شوێن تامگەیەی كە باس كرا. چونكە بەهۆی ئەم ڕەفتارو هەڵس و كەوتەوە ماندویەتى و خەم و پەژارەی ژیان لەبیر مێردەكەی دەباتەوە.
محمود بن الشریف لە كتێبەكەی (الإسلام والحياة الجنسية‌)دا دەڵێ: ژن سوكناو شوێنی حەوانەوەو دڵنیاكەرو دڵنەوایی مێردەكەیەتی، چونكە ئافرەت لەژێر سێبەری خۆشەویستى و تەبایی وبەزەیى و داوێن پاكى دا تینویەتی جنسی پیاو دەشكێنێ و لە خراپەكاریدا جنس و دڵ ئارام و هێمن دەكاتەوەو ئەندامەكانی لەش لە كردەوەی بەدڕەفتارو ناشیرین دەپارێزێ، هەروەها دەشی پارێزێ لە خلیسكان بۆ ناو لیتاوی گوناهو تاوانكاری!.
لێرەدا پرسیارێك دێتە كایەوە: ئایا ئەو ئافرەتەی لە دەرەوەی ماڵ بۆ ماوەی چەند سەعاتێك كار دەكات، دەتوانێ هەڵسێ بە دڵنەوایى و پیشاندانی ڕوخۆشى و خەندەى لێو بەرامبەر مێردەكەی؟ یان دەتوانێ لە خەم و پەژارەو ماندوبونی هاوسەرەكەی كەم بكاتەوە؟!
==============
(1)ژنێك دواى جوتبونى لەگەڵ مێردەكەى لە لەشەوى بوكێنىدا لە ئامێزى مێردەكەى بو، بە مێردەكەى گوت: من بە بەختەوەریم قەرزارى تۆم، نازانم چۆن هەندێك چاكەت بدەمەوە، مێردەكەش وەڵامى دایەوە گوتى: (جوانترین شت كە بم دەیەوە ئەوەیە كە ئێستا لە ئامێزم داى!)

سود وەرگیراوە لە کتێبی (ژن و مێردى ئیسلامى بەختەوەر)

سەردان: ٣,٧١٠ بەش: ژنهێنان و شوکردن