گەر کەسێک خراپەى بەرامبەرم کرد منیش چاک بم بۆى و صەبرى لەسەر بگرم پاداشتم چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەر کەسێک خراپەى بەرامبەرم کرد منیش چاک بم بۆى و صەبرى لەسەر بگرم پاداشتم چیە؟

الحمدلله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبـي بعده:‏
لەگەڵ زاڵبوونی ماددە و بایەخ نەدان بە لایەنی ڕووحی ‏، شەڕ و ناكۆكی و دووبەرەكیش لە نێوان مرۆڤەكاندا ‏زیاد دەبێت، و وای لێدێت كەسەكان نەك هەر هەڵەی ‏یەكتر قبوڵ ناكەن بەڵكو بە هەڵەیەكی گەورەتریش ‏ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، و شەڕ و ئاژاوەی گەورە لە ‏نێوانیاندا دروست دەبێت، وەكو ئێستا بە چاوی ‏خۆمان دەیبینین كە لە جیهاندا ڕۆژانە سەدەها مرۆڤ ‏دەبنە قوربانی.‏
قورئان وەكو كۆتا كتێبی ئاسمانی لە چەندین ئایەتدا ‏گرنگی بە چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانە داوە، خوای ‏گەورە فەرموویەتی:‏ [وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ ۚ ادْفَعْ بِالّتِي هِيَ أَحْسَنُ ‏فَإِذَا الّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ ] (فصلت: ‏‏34) ‏.واتە: هەرگیز چاكەو ‏خراپە یەكسان نین، بێگومان خوا یەكەمی خۆش دەوێ ‏و، ڕقی لەدووەمە، پاڵنێ بە خراپەوە بە جوانترین ‏ئاكار، واتە: بە ئاكاری جوان و جوانتر وەڵامی ‏خراپەكار بدەرەوە، ئەوسا دەبینی ئەو كەسەی كە ‏لەنێوان تۆو ئەودا دوژمنایەتیەك هەیە، وای لێدێ‌ ‏دەڵێی دۆستێكی نزیك و بەسۆزە.‏
كەواتە بۆ ئەوەی كێشەكانت گەورەتر نەبن و كەسانی ‏تر نەبن بە دوژمنت هەوڵ بدە ئەگەر كەسێك ‏خراپەیەكیشی بەرامبەر كردیت، لێی ببوریت و ‏چاكەی بەرامبەر بكەیت، نموونەیەكی زۆر جوانیش ‏لەسەر ئەم بابەتە بەسەرهاتی ئەو پێغەمبەرەیە – علیه ‏السلام – كە پێغەمبەری خوا –‏‏– بۆمان دەگێڕێتەوە ‏كە گەلەكەی خوێناوییان كردووە ئەویش بە بێ‌ هیچ ‏كاردانەوەیەكی خراپ خوێنەكەی لابردووە و فەرمویەتی ‏‏‏" اللهم اغفر لقومي فإنهم لا يعلمون " ‏ واتە: خوایە لە ‏گەلەكەم ببورە چونكە ئەوان نازانن (رواه البخاري: ‏‏3477).ئەم پێغەمبەرە – ‏‏– جگە لەوەی لە گەلەكەی ‏خۆشبوو لەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەریان كرد، ‏داوای لێخۆشبوونیشی لە خوای گەورە بۆ كردن، و ‏عوزری ئەوەی بۆ هێنانەوە كە ئەوان نازانن بۆیە وای ‏لێدەكەن.‏
با لە خۆمان بپرسین ئەگەر كەسێك تاوانێكی لەو ‏شێوەیەمان بەرامبەر ئەنجام بدات كاردانەوەمان چی ‏دەبێت؟
سوودەكانی وەڵامدانەوەی خراپە بە چاكە
‏1. پتەوبوونی برایەتی و خۆشەویستی لە نێوان ‏تاكەكانی كۆمەڵگا و پاشانیش دروستبوونی ‏كۆمەڵگایەكی ئیسلامی تۆكمە و بەهێز.‏
‏2. دەبێتە هۆی حەوانەوەی دەروون و پاك بوونەوەی ‏لە ڕق و كینە و ئیرەیی.‏
‏3. دەستكەوتنی پاداشتی گەورە و نەبڕاوە و پلەی ‏بەرز لای خوای گەورە.‏
‏4. خۆشەویستت دەكات لای خوای گەورە، و ‏پاشانیش لای خەڵكی.‏
‏5. دۆست و خۆشەویستت زیاد دەكات و دوژمنت كەم ‏دەبێتەوە.‏
بەپێچەوانەشەوە وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە یان بە ‏خراپتر دەبێتە هۆی لاوازبوونی برایەتی و ناڕەحەتی ‏دەروونی و لە دەستدانی پاداشت و پلەی بەرز لای ‏خوای گەورە.‏
خوای گەورە دڵپاك و سنگ فراوان و لێبووردەمان ‏بكات بەرامبەر بە یەكتر آمین.‏
والحمدلله رب العالمین

سەردان: ٢,٢٥٨ بەش: هەمەجۆر