نیشانەکانى قەبوڵ بوونى تەوبە چیە؟ وە چۆن بزانم تەوبەکردنەکەم لاى خواى گەورە قەبوڵ کراوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
نیشانەکانى قەبوڵ بوونى تەوبە چیە؟ وە چۆن بزانم تەوبەکردنەکەم لاى خواى گەورە قەبوڵ کراوە؟

چەند نیشانەیەك هەیە ئاماژەن بۆ ئەوەى كە تەوبەكەت قبوڵ بووە و گەڕانەوەیەكی ڕاست و پاكت ئەنجامداوە، لەوانە:
یەكەم: تەوبەكار پاش تەوبە كردنەكەى باشتر بێت وەك لە پێش تەوبەكردنەكەى
ئەمەش هەموو كەسێك هەستی پێدەكات، و بەخۆی دەزانێت، كە ئێستا باشترە وەك لە پێشتری یان نا، خۆ ئەگەر باشتر بوویت ئەوا سوپاس و ستایشی خوای مەزن بكات كە سەركەوتوی كردویت و تەوبەكەى لێوەرگرتویت، با بشپاڕێتەوە بەڵكو خوای مەزن بەردەوامی بكات، چونكە لە تەوبە گرنگتر بەردەوامبونە. خۆ ئەگەریش وا نەبوو ئەوا با لۆمەى خۆی بكات و هیممەتێك بكات بۆ زیاتر بەرەو پێشەوە ڕۆیشتن، چونكە ئاماژەى خراپن بۆ ناڕاستێتی تەوبەكردنەكە.

دووەم: ئەبێت بەردەوام ترسی لێنەبرِێت
لەوەى كە جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ تاوانكردن، لەوەى كە خوای مەزن تۆڵەى ئەو تاوانانەى پێشوی لێبكاتەوە، لە..
ئەبێت بە بەردەوامی بترسێت و ئەمین نەبێت لە خەشم و قینی خوای مەزن -پەنا بەخوا، لە خەشم و قینی خوا-، چونكە مرۆڤی ژیر لە سزای پەروەردگاری بێ ئاگا نابێت، ئەمەش حاڵیەتی تا ئەو دەمەی فریشتەكان پێی دەڵێن: [أَلَّا تَخَافُوا وَلا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي كُنْتُمْ تُوعَدُونَ ] [فصلت:30] .. مەترسێن و هیچ غەم و پەژارەیەكتان نەبێت، مژدەی ئەو بەهەشتانەتان لێبێت كە بەڵێنتان پێدەدرا. ئیتر ئا لەوێ ترس و بیم و غەم و پەژارەكەى نامێنێت.

سێیەم: ئەبێت دوای تەوبەكردنیش بەگەورە تەماشای تاوانانەكانی بكات
بەڵێ، ئەبێت بە گەورە تەماشای تاوانەكانی بكات، چ ئەوانەى كە ئەنجامی داوە و تەوبەی لێكردوە، چ ئەوانەى كە نەفسی و شەیتان و هەوا و ئارەزوی داوای لێدەكەن ئەنجامی بدات...
ئیبن مەسعود -ڕەزای خوای لێبێت- ئەفەرموێ: ((إِنَّ الْمُؤْمِنَ يَرَى ذُنُوبَهُ كَأَنَّهُ قَاعِدٌ تَحْتَ جَبَلٍ يَخَافُ أَنْ يَقَعَ عَلَيْهِ، وَإِنَّ الْفَاجِرَ يَرَى ذُنُوبَهُ كَذُبَابٍ مَرَّ عَلَى أَنْفِهِ فَقَالَ بِهِ هَكَذَا)). واتە: باوەڕدار تاوانەكانی وەكو كێوێك دەبینێ بەسەر سەریەوە بێت، دەترسێ داكەوێتە بە سەریدا، بەڵام خراپەكار و دەغەڵ تاوانەكانی بە مێشولەیەك دەبینێ، بەلای لوتی تبێپەڕێت، ئەویش بە دەستی ئاوهایەكی لێبكات، بفڕێت.
هەندێك لە سەلەف -ڕەحمەتی خوایان لێبێت- فەرمویانە: ((لَا تَنْظُر إِلَى صِغَڕ المَعْصِيةِ وَلَكِنِ انْظُر إِلَى مَنْ عَصَيْتَ)). واتە: تەماشای بچوكی تاوانەكە مەكە، بەڵكو تەماشای گەورەیی ئەو خوایە بكە كە تاوانەكەت لە ئاست ئەنجامداوە.
هەروەها ئەنەسی كوڕی مالیك ڕەزای خوای لێبێت، ئەفەرموێ: ((بەڕاستی ئێوە هەندێك شت دەكەن لە تاڵە موو باریكترە لە پێش چاوتان، بەڵام ئێمە لە سەردەمی پەیامبەری خوادا صلى الله علیه وآله وسلم ئا ئەو جۆرە كارانەمان بە تاوانە لەناوبەرەكان دەزانی)).
ئەوە ئەنەسە یەكێكە لە صەحابیەكان، هاوەڵی پەیامبەری خوایە، بە تابعیە بەڕێزەكان ئاوها ئەڵێت، لە كاتێكدا پەیامبەری خوا صلى الله علیه وآله وسلم خۆی شایەتی چاكەى بۆ ئەو سەردەمە پاكە داوە هەروەك لە صەحیحەینی بوخاری و موسلیمدا هاتووە لە حەدیسەكەى عەبدوڵڵای كوڕی مەسعود و عیمڕانی كوڕی حوصەین و ئەبو هورەیرە، كەوا پەیامبەر صلى الله علیه وآله وسلم فەرمویەتی: ((خَيْرُ أُمَّتِي قَرْنِي ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ))،، واتە: ((باشترینی ئومەتەكەم ئەم خەڵكانەى سەردەمی منن پاشان ئەوانەی دوای ئەوان دێن، پاشان ئەوانەی دوای ئەوان دێن)).
ئەگەر ئەنەس ڕەزای خوای لێبێت بەو سەردەمە پاكە وا بڵێت، باشە ئەگەر ئەمڕۆی موسڵمانان ببینێت چی ئەفەرموێ. خوای مەزن پێچەسپا و دامەزراومان بكات لەسەر هەق.

چوارەم: ئەبێت تەوبەكردن، تۆبەكار دڵشكاو و ملكەچ و بێفیز بكات بەرانبەر بە پەروەردگارەكەى
هیچ شتێك لەوە خۆشەویستتر نیە لە لای خوا كە بەندە بە دڵشكاوی و لاوازی و ملكەچیەوە بگەڕێتەوە لای، بە دڵێكی تەڕ و پاراو بە زیكری خوا، بە بێ خۆپەسەندی و لە خۆ بایی بوون، بەبێ حەز كردن لە ستایش، بە بێ بەكەم تەماشاكردنی خەڵك بەهۆی تاوان و سەرپێچیانەوە.
ئا ئەمەش هەقیقەتی تەوبەكردنە، ئەوەندە دەترسێ لە سەرەنجامی خراپی ئەو كارەى لێی وەشاوەتەوە وەختە دڵی دەردەچێت، جا هەركەس لە دونیا نەترسێ و دڵی نەشكێت بۆ ئەوانەى لێی وەشاوەتەوە، لە ئاخیرەتدا دەبێت بترسێ و دڵی بشكێتەوە، چونكە دڵ هەر ئەبێت بشكێتەوە جا یا لە دونیایە یا لە ئاخیرەت، ئیتر هەركەسێك ئەمەى لە خۆ نەبینی با تەوبەكەى تۆمەتبار بكات و هەوڵی ڕاستكردنەوەى بدات.
هەربۆیە پەیامبەری خوا صلى الله علیه وآله وسلم دەفەرموێت -هەروەك لە صەحیحی موسلیمدا لە حەدیسەكەى ئەبو هورەیرە هاتوە-: (أَقْرَبُ مَا يَكُونُ الْعَبْدُ مِنْ رَبِّهِ وَهُوَ سَاجِدٌ فَأَكْثِرُوا الدُّعَاءَ)). واتە: ((نزیكترین ساتی بەندە لە خوای مەزنەوە ئەو كاتەیە كە سوجدە دەبات، هەر بۆیە زۆر دوعا بكەن، زۆر بپاڕێنەوە)).
چونكە لەوكاتەدا بەندە شەریفترین و بەڕێزترین شوێنی لاشەی كە سەریەتی ئاوها كەچی كردوە و داینواندوە بۆ پەروەردگارەكەى، لەسەر زەوی داناوە، ئەو زەویەى كە ئەم پێی لەسەر دادەنێت، كە لەوپەڕی زەلیلی دایە، هەر بۆیە لەبەر زەلیلیەكەى خوای مەزن دوعای گیرا دەكات -خوای بیسەر و بینا دوعای ئێمە و ئێوەش بكا گیرا-.
چەند خۆشە بەوپەڕی زەلیلی و ملكەچی و دڵشكاویەوە بڵێی:
((أَسْأَلُك بِعِزّك وَذُلّي إِلّا رَحِمْتَني، أَسْأَلُك بِقُوّتِك وَضَعْفِي، وَبِغِنَاكَ عَنّي وفَقْري إِلَيْك. هذِهِ نَاصِيَتي الكَاذِبَة الخَاطِئَة بَيْنَ يَدَيْك، عَبِيدك سِوَاي كَثِير ولَيْس لِي سَيّد سِوَاك. لَا مَلْجأَ ولاَ مَنْجَى مِنْكَ إِلّا إِلَيْك. أَسْألك مَسْألة المسَاكين. وأَبْتَهل إِلَيْك ابْتِهَال الخَاضِعِ الذّلِيِل. وأَدْعُوكَ دُعَاءَ الخَائِفَ الضَّڕير، سُؤَالَ مَنْ خَضَعَتْ لَك رَقَبَته، ورَغِمَ لَكَ أَنْفُه، وفَاضَتْ لَكَ عَيْنَاه، وذَلَّ لَكَ قَلْبه)).
پەروەردگارا ! لێت دەپاڕێمەوە بە دەسەڵاتداری خۆت و بێدەسەڵاتی خۆم، لێت دەپاڕێمەوە بە بەهێزی خۆت و لاوازی خۆم، لێت دەپاڕێمەوە بە بە بێ نیازی تۆ بە من و نیازمەندی من بە تۆ، بە هەژاری من و دەوڵەمەندی تۆ.. ئەوە نێو چاوانە درۆزنە هەڵەكارەكەى منە لەبەر دەستی تۆدا، بەندەى جگە لە منت زۆرە، بەڵام من جگە لە تۆ شك نابەم، هیچ پەناگە و حەشارگەیەكم نیە مەگەر هەر بۆلای تۆ نەبێت ئەی پەروەردگار، لێت دەپاڕێمەوە بە پاڕانەوەى هەژاران..

پێنجەم: ئەبێت ئاگاداری ئەندامەكانی لاشەى بێت
ئەبێت ئاگاداری زمانی بێ؛ لە درۆكردن و غەیبەت و فیتنەیی و وتی وتی و قسەى زیادە و قسە هێنان و قسە بردن. ئەبێت سەرقاڵی بكات بە زیكر و قورئان خوێندن و قسەى خێر و فەرمان بەچاكە و ڕێگریكردن لە خراپە.
هەروەها ئاگاداری سنگی بێت، هەرچی حەڵاڵە ئەوە بخوات. ئاگاداری چاوەكانی بێت تەماشای حەرامی پێنەكات. ئاگاداری گوێی بێت ئەوەى حەرامە گوێی بۆ نەگرێت، وەكو درۆكردن و غەیبەتكردن و گۆرانی و مۆسیقا و..
هەروەها ئاگاداری دەستەكانی بێت لە بۆ شتی حەرام درێژیان نەكات. ئاگاداری هەردوو پێی بێت و بەرەو حەرام پێی نەڕوات.
لە هەمووى گرنگتر:
ئاگاداری دڵی بێت، لە ڕیا و ڕق و بوغز و حەسودی و غەش و دەغەڵی و خۆشویستنی دوژمنانی خوا و ڕق لێبوونی دۆستانی خوا و.. هتد بە دووری بگرێت.
چونكە دڵ پادشایە و ئەندامەكانیش سەربازی ئەو پاشەیەن، سەربازەكان بە پێی ڕێنمایی ئەو پادشایە هەڵسوكەوت دەكەن، هەربۆیە پەلاماری عەرشی پاشایەتی بدە و خۆت بە سەربازەكانەوە سەرقاڵ مەكە، چاككردنی پادشاكە بێگومان چاككبونی سەربازەكانی لەگەڵدایە.
ئاگاداری سەرجەم عیبادەتەكانی بێت، پاك و ساغ و بێخەوشی بكا بە تەنها بۆ خوای مەزن، دوور كەوێتەوە لە ڕیابازی و ناوپەیداكردن.

لە کتێبی : (چۆن تەوبە بکەم ) وەرگیراوە لە ئامادەکردنى مامۆستا على خان

سەردان: ٦,٢٥١ بەش: تەوبە کردن