چۆنێتى شەونوێژ و نوێژى وەتر و ئادابەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتى شەونوێژ و نوێژى وەتر و ئادابەکانى

سوننەتی وەتر و شەو نوێژ
1- فەزڵی سوننەتی وەترو حوكمەكەی:
وەتر سوننەتێكی (مؤكدە) جەخت كراوە، پێغەمبەر هانی خەڵكی داوە بۆ كردنی و لای خۆشەویست كردوون، لە عەلی‌یەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: سوننەتی وەتر وەك نوێژە فەرزەكان پێویست نی‌یە لەسەرتان، بەڵام پێغەمبەر نوێژی وەتری كردووەو لەپاشاندا فەرموویەتی: (يَا أهلَ القُرآنِ أوتِرُوا فَإنَّ اللهَ وَترٌ يُحِبُّ الوَترَ). (صححه الألبانی) واتە: ئەی ئەهلی قوڕئان نوێژی وەتر (تاك) بكەن، چونكە خوا وەترەو وەتری خۆش ئەوێت.
2- كاتی نوێژی وەتر:
زانایان هەموو لەسەر ئەوە پێك هاتوون كە كاتی نوێژی وەتر نایات هەتا دوای نوێژی خەوتنانە‌و درێژ ئەبێتەوە هەتا (فەجر) بەرەبەیان ، واتە لە دوای نوێژى عیشاوە دەست پێ دەكات تاوەكو فەجر .
لە ئەبومەسعودی ئەنصاری‌یەوە ڕەزای خوای لێ بێ‌ هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر نوێژی وەتری لەسەرەتای شەوو ناوەڕاست‌و كۆتایی شەودا دەكرد. (ئەحمەد بەسەنەدێكی صەحیح گێڕاویەتی‌یەوە).
3- پێش خستنی وەتر موستەحەببە بۆ ئەكەسەی كە ئەزانێت كۆتایی شەو بەئاگا نایەت، وە دووا خستنی بۆ ئەوكەسەی كە ئەزانێ‌ بەئاگادێت:
موستەحەببە بۆ ئەوكەسەی كە ترسی هەیە كاتێ‌ خەوت ئاخری شەو بەئاگا نایەت، زوو نوێژە وەترەكەی بكات، هەروەها موستەحەببە بۆ ئەوكەسەی كە ئەزانێت بەئاگا دێت دوای بخات بۆ كۆتایی شەو، لە جابیرەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر دەفەرمووێت: (مَن ظَنَّ مِنكُم أن لا يَستَيقِظَ آخِرَهُ (أيِ اللَّيلِ) فَلِيُوتِر أوَّلَهُ. وَمَن ظَنَّ مِنكُم أنَّهُ يَستَيقِظُ آخِرَهُ فَلِيُوتِر آخِرَهُ فَإنَّ صَلاةَ آخِرِ اللَّيلِ مَحضُورَةٌ وَهِيَ أفضَلُ)، واتە هەركەس لەئێوە ئەیزانی لە دووا كاتەكانی شەودا بەئاگا نایەت با لەسەرەتای شەوەوە نوێژە وەتركەی بكات، وە هەركەس لەئێوە ئەیزانی لە دوواكاتەكانی شەودا بەئاگا دێت، با لەدووا كاتەكانی شەودا نوێژە وەترەكەی بكات، چونكە نوێژی ئەوكاتانە فریشتەكان ئامادەی ئەبن‌و چاكتریشە. (ئەحمەدو موسلیم‌و (ترمذي)و ئیبنوماجە گێڕاویانەتەوە).
4- ژمارەی ڕكاتەكانی نوێژی وەتر و شەو نوێژ:
(ترمذي) دەفەرمووێت: لەپێغەمبەرەوە ریوایەت كراوە كە سیانزە ڕكات‌و یانزە ڕكات‌و نۆ ڕكات‌و حەوت ڕكات و پێنج ڕكات‌و سێ‌ ڕكات‌و یەك ڕكات نوێژی وەتری كردووە.
ئیسحاقی كوڕی ئیبڕاهیم دەفەرمووێت: واتای ئەوەی ریوایەت كراوە لە پێغەمبەرەوە كە ئەڵێن: پێغەمبەر بە سیانزە ڕكات وەتری كردووە ئەوەیە كە لەشەودا سیانزە ڕكات نوێژی كردووە بەوەترەوە‌، واتە: وەترەكەشی لەگەڵدا بووە هەربۆیە شەونوێژەكەشی نیسبەت دراوە بۆ لای وەتر.
5- قوڕئان خوێندن لەنوێژی وەتردا:
دروستە لەنوێژی وەتردا دوای فاتیحە هەرچی‌یەك لەقوڕئان بخوێنرێت، عەلی خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: ‌لە قوڕئاندا شتێك نی‌یە وازی لێ هێنرابێت، ئیتر ئارەزووی خۆتە لەنوێژی وەتردا چی لەقوڕئان ئەخوێنی بخوێنە.
بەڵام موستەحەببە ئەگەر بەسێ‌ ڕكات وەتر كرا لەڕكاتی یەكەمدا دوای فاتیحە [سَبِّحْ اسْمَ رَبِّكَ الأَعْلَى] وە لە ڕكاتی دووەمدا [قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ]، وە لە سێ‌یەمدا [قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ] بخوێنرێت .
وە هەندێ جار لە ڕکاتى سێیەمدا سورەتى : [قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ] و [قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ الْفَلَقِ ] و [قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ النَّاسِ] سوننەتە بخوێنرێ ئەوەش بەپێ‌ی ئەوەی ئەحمەدو ئەبو داودو (ترمذي) كە بەحەسەنی داناوە گێڕاویانەتەوە، لە عائیشەوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر لەڕكاتی یەكەمدا [سَبِّحْ اسْمَ رَبِّكَ الأَعْلَى] وە لە ڕكاتی دووەمدا [قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ]وە لە سێ‌یەمدا سوڕەتی (الإخلاص و فلق و ناس) ی ئەخوێند.
6- قنوت خوێندن لەنوێژی وەتردا:
قنوت خوێندن شەرعی‌یە لەنوێژی وەترداكە هەندێ جار بكرێت نەك هەموو شەوێ بە بەردەوامی .
7- شوێنی قنوت لەنوێژی وەتردا:
دروستە قنوت كردن پێش چوونە ڕكوع دوای تەواو بون لە قورئان خوێندن، وە هەروەها دروستە دوای بەرز بوونەوە لە ڕكوع، لە حومەیدەوە هاتوە دەفەرمووێت: دەربارەی قنوت لەئەنەسم پرسی پێش ركوع ئەخوێنرێت یا دوای ڕكوع؟ فەرمووی: ئێمە دوای ڕكوع و پێش ڕكوع ئەمان خوێند، (ئیبنوماجە و موحەممەدی كوڕی نەصر گێڕاویانەتەوە). (حافظ) لە (الفتح)دا دەفەرمووێت: ئیسنادەكەی بەهێزە.
8- دوعا كردن لە دوای نوێژی وەتر:
نوێژكەر دوای سڵاودانەوە لەنوێژی وەتر موستەحەببە بڵێت: (سُبحَانَ المَلِكِ القُدُّوس) سێ‌ جار، وە لەسێ‌یەمدا دەنگی بەرز بكاتەوە، لەپاشاندا بڵێت: (رَبُّ المَلائِكَةِ وَالرُّوح)، بەپێ‌ی ئەوەی ئەبوداودو نەسائی ئەگێڕنەوە لە حەدیسی ئوبەی كوڕی كەعبەوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر لەنوێژی وەتردا [سَبِّحْ اسْمَ رَبِّكَ الأَعْلَى ] و [قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ ] و [قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ] ی ئەخوێند، كاتێ‌ سڵاوی ئەدایەوە ئەیفەرموو: (سُبحَانَ المَلِكِ القُدُّوس) سێ‌ جار، لەسێ‌یەمدا دەنگی پێ‌ بەرز ئەكردەوە ئەمە لەفزی نەسائی‌یە.
9- لەشەوێكدا دوو نوێژی وەتر ناكرێت:
هەركەس نوێژی وەتری كرد لەپاشاندا ویستی نوێژی تر بكات دروستە بەڵام نوێژە وەترەكە دووبارە نەكاتەوە، بەپێ‌ی ئەوەی ئەبوداودو نەسائی و (ترمذي) كە بەحەسەنی داناوە لە عەلی‌یەوە ئەگێڕنەوە دەفەرمووێت: لە پێغەمبەرم بیستووە فەرموویەتی: (لا وَترَانِ فِي لَيلَةٍ) واتە: لە شەوێكدا دوو وەتر نی‌یە.
لە عائیشەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر كاتێ‌ سڵاوی ئەدایەوە سڵاوەكەیمان دەبیست، لەپاشاندا بەدانیشتنەوە دوو ڕكات نوێژی ئەكرد. (موسلیم گێڕاویەتی‌یەوە).
10- قەزاکردنەوە و گێڕانەوەی نوێژی وەتر و شەو نوێژ:
جومهوری زانایان بۆ ئەوە چوون كە گێڕانەوەی نوێژی وەتر شەرعی‌یە، بەپێ‌ی ئەوەی بەیهەقی و حاكم كە لەسەر مەرجی (شیخین) بە صەحیحی داناوە، لە ئەبی هوڕەیڕەوە ئەگێڕنەوە كە پێغەمبەر فەرموویەتی: (إذَا أصبَحَ أحَدُكُم وَلَم يُوتِر فَلِيُوتِر) واتە: ئەگەر كەسێكتان ڕۆژی كردەوەو وەتری نەكردبوو با بیكات.
ئەبوداود لە ئەبوسەعیدی خودری‌یەوە ئەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر فەرموویەتی: (مَن نَامَ عَن وَترِهِ أو نَسِيَهُ فَلِيُصَلِّهِ إذَا ذَكَرَهُ). (قال العراقي: إسناده صحيح) واتە: هەركەس بەسەر وەترەكەیدا خەوت و نەیكرد یا لەبیری نەبوو بیكات با كاتێ‌ بیری كەوتەوە بیكات.

سود وەرگیراوە لە کتێبی : فقه السنە 

سەردان: ٥١,٤٦٢ بەش: نوێژە سوننەتەکان