من گەنجێکم زۆر تووشی تاوان بوم بەداخەوە ئەوەش بە سەرقاڵ بوونی زۆر بە سایتە سێکسیەکان تکایە یارمەتیم بدەن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من گەنجێکم زۆر تووشی تاوان بوم بەداخەوە ئەوەش بە سەرقاڵ بوونی زۆر بە سایتە سێکسیەکان تکایە یارمەتیم بدەن
پرسیار:

من گەنجێکم زۆر تووشی تاوان بوم بەداخەوە ئەوەش بە سەرقاڵ بوونی زۆر بە سایتە سێکسیەکان و بەرنامە کۆمەڵایەتیەکانەوە بە ڕێژەیەک کە کەمتەرخەمی کردووم لەکاروبارە دینیەکانمدا و داواتان لێ ئەکەم یارمەتیم بدەن و دوعای هیدایەتم بۆ بکەن۰

داواکارم لەخوای گەورە ڕێنمونی و هیدایەتت بدات و خراپە و تاوانت لێ دووربخاتەوە و بتکات بەیەکێ لە بەندە دڵسۆزو خواپەرستە موخڵیسەکانی۰
گرنگترین کارێ کە ئامۆژگاریت بکەم بریتیە لە ترسان و تەقوای خوای گەورە و ترسان لە سزاو تووڕەی و ئازاری سزاکانی خوای گەورە چونکە خوای گەورە مۆڵەت دەدات بەڵام لەبیرى ناکات ، ئایا چى وای کردووە دڵنیابیت کە خواى گەورە ناتمرێنێ لەو کاتەی کە لە سەرپێچی خوا دایت و بفەرموێ سوێند بەگەورەی و پاک و بێگەردیم لێت خۆش نابم۰
وە سەیری ئەو ئەندامانەی لاشەت بکە کە لە تاواندا بەکاریان دێنی ـ ئایا نابینی و نازانی کە خوای گەورە لەتوانایدایە نیعمەت و بەخششەکانیت لێ بگرێتەوەو تووشی ئازاری لەدەستدانیانت بکات؟
پاشان تەماشای ستر و شاردنەوەی تاوانەکانت لەلایەن خوای گەورەوە بکە و بزانە چەند نەرمونیانە لەگەڵت و دەزانی چۆنە بەرامبەر بەندەکانی و چی وای کردووە نەترسی لە تووڕەبوونی خوای گەورە لێت و کارەکانت کەشف بکات و وای لێبکات خەڵکی بە نهێنییەکانت بزانن بیکاتە فەزیحەتێکی دونییاییت پێش کۆتایی دونیا۰
وە ئایا سەیرکردن و تەماشای حەرام جگە لە حەسرەت و دڵڕەشی و بێتاقەتی زیاتر چی تر بەرهەم دێنێ؟
کە لەوانەیە هەست بەلەزەتێک وخۆشیەک بکەى بۆ ماوەی رۆژێ یان دووان یان مانگێ یان ساڵێ۰۰۰۰ ئەی چی دوای ئەو؟
مردن ۰۰ پاشان گۆڕ۰۰ پاشان حساب و لێپێچینەوە۰۰پاشان سزا۰۰۰ لەزەت و چێژەکە دەڕوات و حەسرەت و دڵتەنگیەکە دەمێنێتەوە۰
وە ئەگەر تۆ شەرم بکەی لەوەی کە برایەکت بتبینێ لەکاتی ئەو تاوانە ئەی چۆن دەبێ خوای گەورەت بەلاوە ئاسان تر و ئەهوەن تر بێ لە بینینی تاوانەکانت؟!
کە ئەگەر بزانی خوای گەورە دەتبینێ و فریشتەکان دەینوسن لەسەرت و پاشان ئەندامەکانی لاشەت سبەینێ دێنە قسە لەسەر کردارەکانت؟
پەند وەرگرە لە بەسەرهاتی حاڵ و گوزەرانت دوای تاوان: دڵتەنگی دڵ ـ سینە تەنگی و بوونی ترسێک لەنێوان خۆت و خودا۰
خشوعى نوێژەکان نەما۰۰ شەونوێژ مرد۰۰ وازت لە ڕۆژوو هێنا۰۰ پێم بڵێ ئایا سوێند بەپەروەردگارت ئایا قیمەت وبەهای ئەم ژیانە چیە؟
هەر سەیرکردنێ لەسەیرکردنی ئەو دەرچە شەیتانیانە خاڵێکی ڕەش لەدڵدا دروست دەکات و هەتا ڕەشی دوای ڕەشی کۆدەبێتەوە هەتا دڵ داگیر دەکات و لە چێژبینین لە خواپەرستی و عیبادەت و گوێرایەڵی خوا بێبەشت دەکات و چێژی ئیمان لەدەست دەدەیت۰
پەیامبەری خوا دەفەرموێ
( إِنَّ العَبْدَ إِذَا أَخْطَأَ خَطِيئَةً نُكِتَتْ فِي قَلْبِهِ نُكْتَةٌ سَوْدَاءُ ، فَإِذَا هُوَ نَزَعَ وَاسْتَغْفَرَ وَتَابَ سُقِلَ قَلْبُهُ ، وَإِنْ عَادَ زِيدَ فِيهَا حَتَّى تَعْلُوَ قَلْبَهُ ، وَهُوَ الرَّانُ الَّذِي ذَكَرَ اللَّهُ " كَلَّا بَلْ رَانَ عَلَى قُلُوبِهِمْ مَا كَانُوا يَكْسِبُونَ . ) رواه الترمذي(3257) و ابن ماجه (4234)حسنە الالباني فی صحیح ابن ماجه (3422)
واتە( بەندە کاتێ تاوانێ دەکات خاڵێکی ڕەش لە دڵیدا دروست دەبێ و ئەگەر وازی هێنا و داوای لێخۆشبوونی کرد دڵی پاک دەبێتەوە ـ وە ئەگەر دووبارەی کردەوە و بەردەوام بوو هەتا دڵی داگیر دەکات کە ئەمەش بریتیە لە وەی کە خوا گەورە ئاماژەی پێکردووە (كَلَّا ۖ بَلْ ۜ رَانَ عَلَىٰ قُلُوبِهِم مَّا كَانُوا۟ يَكْسِبُونَ)
واتە( نه‌خێر وانی یه‌ به‌ڵکو ژه‌نگی ئه‌و(خراپانه‌ی) که‌ ده‌یانکرد په‌رده‌ی هێناوه‌ به‌سه‌ر دڵیاندا.)
بۆیە ببە بە کەسێ لەو کەسانەی کە وازدێنن و داوای لێخۆشبون و تەوبە دەکەن ،و پەلە بکە لە گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورە بۆ ئەوەی دڵت پاک بکاتەوە و دامێنت بپارێزێ لەکاری حەرام و پەنای پێ بگرە لەخراپەکاریەکانی شەیتان۰
وە دوور بکەوەو وازبێنە لەهەموو ئەو ڕێگایانەی کە بانگت دەکەن بۆ حەرام و بیرت دەخاتەوە ، وە ئەگەر کەسێکی بەڕاستی دەتەوێ تەوبە بکەی ـ بۆیە دەستپێشخەری بکە لە دەرکردنی ئەو بەرنامانە لەماڵەکەت و پەیوەندیت بپچڕە لەگەڵ سایتە خراپەکانی ئینتەرنێت و بزانە کە باشترین ڕێگە کە ڕات بێنێت لەسەر ئەو کارە حەرامانەی کە ڕاهاتووی لەسەریان بریتیە لە وەستانەوە بەرامبەر هەر ختوورە و داخوازیەکی دڵ و بیرکردنەوەیەکی خراپ ، و واز بێنە لەهەر ختوورەو داخوازیەکی دڵ کە داوای بینینی شتی خراپت لێ ئەکات پێش ئەوەی ئەو ختوورەى دڵە ببێتە ڕەغبەت و ئارەزوو و قەسدی دڵ و پاشان کارو ئەنجامدان۰
چونکە خوای گەورە دەفەرموێ :
( يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ لَا تَتَّبِعُوا۟ خُطُوَٰتِ ٱلشَّيْطَٰنِ ۚ وَمَن يَتَّبِعْ خُطُوَٰتِ ٱلشَّيْطَٰنِ فَإِنَّهُۥ يَأْمُرُ بِٱلْفَحْشَآءِ وَٱلْمُنكَرِ ۚ )
واتە: (ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ به‌دوای هه‌نگاوه‌کانی شه‌یتان دا مه‌ڕۆن وه‌ هه‌ر که‌س شوێن هه‌نگاوه‌کانی شه‌یتان بکه‌وێ چونکه‌ به‌ڕاستی شه‌یتان فه‌رمان ده‌کات به‌کاری زۆر ناشرین (زینا) و خراپه‌۰)
وە ئەگەر لەتوانات بوو بەتەواوی دوورکەویتەوە لە ئینتەرنێت ئەوا بیکە هەتا ئەوکاتەی هەست بە دامەزراوەیی دڵ و بەهێزی ئیمانت دەکەیت ، کە بەکاریشت هێنا تەنها بۆ شتى سوود بەخش بەکارى بێنە وەکو گوێ گرتن لە قورئان و وتار و ئامۆژگارى بەسوود ، وە کە زانیت نەفس و شەیتان بۆ تاوان ڕاتدەکێشن ئەوە بەیەکجارى لێى دوور بکەوە ئەوەش بۆ پاراستنى ئیمان و باوەڕەکەت .
وە پێداگربە لەسەر هاوڕێیەتی کەسانی باش ، و سووربە لەسەر ئەنجامدانی نوێژەکان لەکاتی خۆیدا و زۆر نوێژی سوونەت ئەنجام بدە و دووربکەوە لە تەنهایی و بیرکردنەوە لە حەرامەکان هەتا دەتوانیت۰
وە کورتەی ووتەش بریتیە لەکردنەوەی هەموو دەرگاکانی خەیر و چاکە و داخستنی هەموو دەرگاکانی خراپە و تاوان۰
داواکارم لەخوای گەورە کە ئێمە و ئێوەیش سەرکەوتوو و کارئاسان بکات بۆ تەوبەیەکی پاک و بێگەرد۰

سەردان: ٥,٨٢٦ بەش: شوێنکەوتنى ئارەزووەکان