چۆن موسڵمان خۆى ئامادە بکات ودڵخۆشبێ بە هاتنى ئەم میوانە خۆشەویستە (ڕەمەزان)؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن موسڵمان خۆى ئامادە بکات ودڵخۆشبێ بە هاتنى ئەم میوانە خۆشەویستە (ڕەمەزان)؟

الحمد لله، والصلاە والسلام علی رسول الله، أما بعد
هاتنی مانگی (شعبان) زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بەهاتنی ‏میوانێكی پڕخێر وبەفەڕ.‏
بەهاتنی ئەم میوانە بەڕێزە دڵەكان ڕادەچەڵەكێن وچاوەكان ‏هێدی هێدی فرمێسكی پەشیمانی بەسەر ڕوومەتی پڕ گوناه وتاواندا ‏دادەبارێنێ‌، وا نزیك بۆتەوە گزنگی بەرەبەیانی مانگی ڕەمەزان تاوەكو ‏تارمایی شەوی دڵەكان ڕابماڵێ‌ ومۆمی ڕووناكی لە خوا ترسان ‏وخواپەرستی هەڵگرسێنێ‌.‏
ئیتر بەسە دڵ ڕەقی وتاوان كردن... ئیتر بەسە تێڕوانین بۆ وێنە ‏قەدەغەكراوەكان، ئیتر بەسە غەیبەت كردن، ئیتر بەسە بوهتان كردن، ‏ئیتر بەسە ڕۆچوون لە نێو شەهەواتی دونیاندا، ئیتر بەسە........‏
خۆت ئامادەكە... ئەم میوانە پێویستە ڕێزی لێ‌ بگریت، سەیری ‏دڵت بكە بزانە چەند پاك وخاوێنە بۆ پێشوازی لەم میوانە یان ‏پێویستی بەپاك كردنەوەیە، خاوەن ماڵ چۆن دەبێت میوانی بێت ‏وماڵەكەی نەشیاو و پەرتەوازە بێت...؟!!‏
تۆ بپرسە لەخۆت كە چیت ئامادەكردووە؟ پێشینانی ئەم ‏ئوممەتە (ڕەحمەتی خوایان لێ‌ بێت) لە دوای مانگی ڕەمەزان شەش ‏مانگ دەپاڕانەوە تاوەكو خوای پەروەردگار لێیان قەبوڵ بكات، وشەش ‏مانگی تریش دەپاڕانەوە كە خوای پەروەردگار شادیان بكاتەوە بەم ‏مانگە پیرۆزە كەواتە ژیانیان هەر ڕەمەزان بووە.‏
هەنگاوەكانی خۆئامادەكردن ‏
ئەی خوێنەری خۆشەویست پێویستمان بەتێڕامانە، تێڕامان بۆ ‏سەركەوتن، بۆ سەركەوتن لە مانگی ڕەمەزان بەویستی پەروەردگار، ‏وریابە ڕۆژەكانی هەروا بەسادە وسانایی بەسەردا تێ‌نەپەڕێت وەكو ‏ڕۆژەكانی تری تەمەنت، نرخی ئەم ڕۆژانە زۆر بە بەهایە ئەگەر ڕۆیشت ‏جارێكی تر هەرگیز ناگەڕێتەوە، چەندەها كەس هەبوون نەگەشتنە ئەم ‏مانگە پیرۆزە، چەندەها كەس هەن تەمەنیان كۆتایی دێت پێش ‏هەڵهاتنی خۆری ئەم مانگە پیرۆزە لەم ساڵدا.‏
كەواتە ئەی موسڵمان نەخشە وپیلانی خۆت داڕێژە، ئامانجت ‏دیاری بكە، نییەتت پاك بكە، ئامادەباش بە خەریكە میوانەكە بگات، ‏نەوەكو مردن یەخەت پێ‌ بگرێ‌ وچاوەكانت شاد نەبێت بەبینی میوانی ‏خۆشەویست بەڵكو پەروەردگار نیەتەكەت بۆ بنووسێ‌.‏
كەواتە ئامادەبە، بۆ ئامادەبوونیش پێویستە ئەم هەنگاوانە ‏بگریتە بەر:‏
‏1. هیچ كارێك ئەنجام مەدە تاوەكو نیازت(نییەتت) چاك ‏دەكەیت چونكە پەروەردگارت هیچ كارێك وەرناگرێت تاوەكو دڵسۆزانە ‏وبەپێ‌ی پەیامەكەی ئەو نەبێت، كەواتە هەر لەئێستاوە نییەتت چاك ‏بكەو منداڵەكانیشت فێر بكە.‏
‏2. دەروونت پاك بكەرەوە، و فێری لە خوا ترسانی بكە هەر لە ‏ئێستاوە چونكە ڕەمەزان قوتابخانەی لە خوا ترسانە هەر وەكو خوای ‏پەروەردگار دەفەرمووێت:‏ [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن ‏قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] ، واتە: ئەی ئەو ‏كەسانەی باوەڕتان هێناوە ڕۆژووی ڕەمەزان لەسەرتان پێویست كراوە ‏هەر وەكو چۆن لەسەر گەلانی پێش ئێوە پێویست كرابوو بۆ ئەوەی ‏خواناسی وپارێزگاری بكەن، وە پێغەمبەری خوا ‎‏ دەفەرمووێت: ‏هەر كەسێك واز لە شایەتی درۆ وقسەی نەشیاو نەهێنێت ئەوا ‏پەروەردگار پێویستی بە كەسێك نییە كە تەنها واز لە خواردن ‏وخواردنەوە بهێنێت. رواه البخاری
‏3. پەیوەندی خزمایەتی توند وتۆڵ بكە: زۆر ئاگادربە لە ‏پچڕاندن یان لاوازی پەیوەندی خزمایەتی، پێغەمبەری خوا ‏ ‏دەفەرمووێت: ‏"خلق الله الخلق فلما فرغ قامت الرحم، فقال: مه، قالت: هذا مقام ‏العائذ بك من القطيعة، فقال: ألا ترضين أن أصل من وصلك، وأقطع ‏من قطعك قالت: بلى يا رب، قال: فذلك لك، ثم قال أبو هريرة: [فَهَلْ ‏عَسَيْتُمْ إِن تَوَلَّيْتُمْ أَن تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ وَتُقَطِّعُوا أَرْحَامَكُمْ] ‏، ‏واتە: ئایا ئێوە بەتەمان لە غەزا پشت هەڵبكەن یاخود دەسەڵاتتان ‏كەوتە دەست، تۆی ئاژاوە وفەساد وتاوان لە زەویدا بچێنن وهەرچی ‏پەیوەندی خزمایەتیش هەیە بپچڕێنن ولە ناوی بەرن، بەڵام پەیوەندی ‏لەبەر خوا توند وتۆڵ بكرێت نەك ببێت بەنۆرە ئەو نەهات تۆیش ‏نەچیت كە ئەمەش تێگەیشتنێكی هەڵەیە.‏
‏4. ئایا هیچ ناز ونعمەتێك هەیە گەورەتر بێت لە دڵا پاكی، ‏چەندە گرنگە ئەگەر دڵت بەتاڵ بێت لە ڕق وكینە بەرامبەر ‏بەمووسڵمانان.‏
كەواتە لەگەڵ چوونە نێو ڕەمەزان با دڵت دوور بێت لە ژەنگی ‏ڕق وكینە وسەرقاڵی خواپەرستی ببە، هەروەكو لەم فەرموودەدا هاتووە ‏‏‏"قيل لرسول الله أي الناس أفضل ؟ قال: كل ‏مخموم القلب صدوق اللسان قالوا: صدوق اللسان نعرفه فما مخموم ‏القلب، قال: هو التقي النقي لاإثم فيه ولابغي ولاغل ولاحسد "،صحيح ‏إبن ماجه 3416 ‏واتە: پرسیاركرا لەپێغەمبەری خوا (صلی الله علیە ‏وسلم) كێ‌ باشترینی خەڵكە؟ پێغەمبەریش () ‏فەرمووی: هەموو دڵ پاكێكی ڕاستگۆ، هاوەڵانیش فەرموویان: ئێمە ‏ڕاستگۆ دەناسین بەڵام (مخموم القلب) كێ‌ یە؟ پێغەمبەریش (صلی الله ‏علیە وسلم) فەرمووی: ئەو دڵەیە كەلەخوا ترس و پاكە، تاوان و ‏ستەم وڕق وحەسوودی تیادا نیە. ‏
‏ 5. زۆرێك هەن زۆر بەداخەوە كە كاتێكی زۆریان بەئەنتەرنێتەوە ‏سەرقاڵ دەكەن، هەر بۆیە لە مانگی ڕەمەزان كاتێكی زۆریان بەفیڕۆ ‏دەدەن كە پێویستە لە بری ئەم كارانە سەرقاڵی پەرستش بن.... هەر ‏وەكو پێشەوا مالكی كوڕی ئەنەس كە مانگی ڕەمەزان بهاتایە ئەوا ‏دووردەكەوتەوە لە كۆڕی فەرموودە وزانایان بەڵكو تەنها ڕووی دەكردە ‏قورئان خوێندنەوە، جا پێویستە بەكارهێنەرانی ئەنتەرنێت هێدی ‏هێدی خۆیان دووربخەنەوە لە بەكارهێنانی ئەم ئامێرە.‏
‏6. پەلەكردن لە قەزاكردنەوەی ڕۆژووی قەرزاری مانگی ‏ڕەمەزانی پێشوو بەر لە هاتنی مانگی ڕەمەزانی ئەم ساڵ.‏
‏7. لە مانگی ڕەمەزاندا خەڵكی ڕوودەكەنە خوێندنەوەی ‏قورئانی پیرۆز كەواتە هەر لە ئێستاوە خۆت ئامادە بكە بەخوێندنەوەی ‏زیاتری قورئان ئەگەر لە ڕۆژێكدا (یەك جز‌ء) قورئان دەخوێنی هەوڵ ‏بدە لە ڕەمەزاندا لە ڕۆژێكدا (دوو جز‌و) بخوێنە.‏
‏8. ڕەمەزان مانگی نوێژ كردنە.... لە تەراویح وسوننەتەكان بۆ ‏ئەوەی بتوانیت لەو نوێژانەدا بەردەوام بیت پێویستە هەر لە ئێستاوە ‏خۆت ڕابهێنی بەئەنجامدانی نوێژەكان بەجوانی.‏
‏9. هەر لە ئێستا خۆت ڕابهێنە لەسەر پاڕانەوە، وە هەوڵ بدە ‏ئەو پاڕانەوانە لەبەربكەیت كە لە پێغەمبەری خواوە ‏ هاتووە.‏
‏10. خۆت ڕابهێنە لەسەر ڕۆژووگرتن بەتایبەتی لە مانگی ‏شەعباندا وەكو خۆئامادەكردنێك بۆ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان.‏
‏11. خۆت ئامادە بكە بۆ بەخشینی خواردن بەهەژاران، وە ‏ئامادەكردنی خوانی بەربانگ هەر لە ئێستاوە لە ژەمەخواردنی خۆت ‏ببەخشەوە بەسەر هەژاران وهەتیوان ودراوسێكانت، چونكە پێغەمبەری ‏خوا ‎‏ فەرموویەتی: هەركەسێك بەربانگی ڕۆژوانێك ئامادە بكات ‏ئەوا پاداشتی ڕۆژوەكەی دەست دەكەوێت بەبێ‌ ئەوەی لەپاداشتی ‏ڕۆژوانەكە كەم بێتەوە.‏
‏12. ببەخشە لە سامانەكەت لە مانگی شەعباندا بۆ ئەوەی ‏ڕابێیت لەسەر بەخشینەوە لە مانگی ڕەمەزان، چونكە پێغەمبەری ‏خوا ‎‏ فەرموویەتی: هەموو رۆژێك كە بەندەكان رۆژی تێدا دەكەنەوە ‏‏، دوو فریشتە دادەبەزن یەكیان دەڵێت: پەروەردگارا ببەخشە بەوەی ‏كەدەبەخشێت،ئەویتریان دەڵیت: پەروەردگارا بیگرەوە لەوەیشی كە ‏نابەخشێت. (صححه الالبانی)‏
‏13. كەم كردنەوەی خواردن لە مانگی شەعبان لەبەرئەوەی زۆر ‏خواردن مووسڵمان تووشی تەمەڵی دەكات لە ئەنجامدانی ‏پەرستشەكان، بۆ ئەوەی خۆت ڕابهێنی پێویستە هەر لە ئێستاوە ‏خواردنەكەت كەم بكەیتەوە
‏14. ئەگەر ناتوانیت ئەم ڕەمەزانە گەشت بكەیت بۆ عومرە ‏ئەوا ئەگەر كەسێك دابنیشێت دوای نوێژی بەیانی بۆ یادی خوا تاوەكو ‏خۆر هەڵهاتن پاشان دوو ڕكات نوێژ بكات ئەوا پاداشتی حەج ‏وعومرەیەكی تەواوی بۆ دەنووسرێت.‏
‏15. خۆت ڕابهێنە لەسەر جۆرێك پەرستش كە پێشتر ئەنجامت ‏نەداوە وەكو خوێندنەوەی قورئان وشەونوێژ ونوێژی چێشتەنگا.....‏
‏16. هێدی هێدی خۆت دووربكەرەوە لە كۆڕ وكۆبوونەوەكانی ‏گاڵتە وگاڵتەجاڕی وبەفێڕۆدانی كات وخۆدوورخستنەوە لە تێڕوانینی ‏تەلەفزێون كە مەخابن چەندەهای ساتەكانی تەمەنمان بەفیڕۆ دەبات.‏
‏17. بۆ ئەوانەی جگەرە دەكێشن لە ڕەمەزاندا هەلی گەورە لە ‏پێشتانە كە بتوانن خۆتان لەم دەردە ڕزگار بكەن بەپشتیوانی ‏پەروەردگار.‏
‏18. كارەكانت لە مانگی شەعباندا زۆر بەجوانی دابڕێژە ‏وپەیوەستبە بەپەرستشەوە تاوەكو بۆ ڕەمەزان بەتەواوی ئامادە بیت.‏
‏19. زمانت پاراو بكە بەیادی خوا وپاڕانەوە وسوپاس گوزاری ‏وپەشیمان بوونەوە.‏
‏20. دووبارەكردنەوەی ئەو بەشەی لە قورئان كە لەبەرت كردووە ‏یان لەبەركردنی چەند كورتە سوڕەتێك لە مانگی شەعبان تاوەكو ‏دووبارەی بكەیتەوە لە نوێژە سوننەتەكانی مانگی ڕەمەزان، ئای چەند ‏سەرفرازە ئەو كەسەی كە قورئانی لە سنگی دا هەڵگرتووە.‏
‏23. هەوڵ بدە نەخشەیەك دابڕێژە بۆ مانگی ڕەمەزان بۆ خۆت ‏وئەوانەی كە لە چواردەوری تۆ دەژین لە سنوری ماڵەكەت وكارەكەت ‏ومزگەوتەكەت، كە پێویستە خەڵكی گەورەیی ئەم مانگە بزانن ‏وسەرقاڵی پەرستش بن نەوەكو شوێنكەوتنی زنجیرە فلیمەكان.‏
‏24. كۆشش بكە بەدوای منداڵە بچووكەكان ئەوانەی كە ‏لەسەروو تەمەنی حەوت ساڵن، كە ڕایان بهێنی لەسەر ڕۆژووگرتن ‏ئەگەر توانی با ڕۆژێكی تەواو بەڕۆژوو بێت ئەگەرنا یان نیوەی ڕۆژەكە ‏یان چەند سەعاتێك.... بۆ ئەوەی بەتەواوی ڕابێن.‏
‏ پەروەردگارا ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانمان لێ‌ قەبووڵ بكەیت ‏
‏ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٣,٧١٤ بەش: پێشوازى لە ڕەمەزان