حوکمى بەكارهێنانی حەبی ڕاگرتنی خوێنی بێ‌ نوێژی (حیض) بۆ پێویستی : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى بەكارهێنانی حەبی ڕاگرتنی خوێنی بێ‌ نوێژی (حیض) بۆ پێویستی
پرسیار:

ئەگەر ئافرەت خوێنی بێ نوێژی بكەوێتە دە ڕۆژی كۆتایی ڕەمەزان، ئایا دەتوانێت حەبی ڕاگرتنی خوێنی بێ نوێژی بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لەسەر گوێڕایەڵی خوای گەورە‌و لەو دە ڕۆژەدا بەردەوام بێت لەسەر پەرستن؟ 

نابینین كە دروست بێت ئەو حەبانە بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لەسەر گوێڕایەڵی خوای گەورە، چونكە بێ نوێژی شتێكە خوای گەورە لەسەر كچانی ئادەمی نوسیوە، وە پێغەمبەر ()، چوو بۆ لای عائیشە (خوای لێ ڕازی بێت) كە لە حەجی ماڵئاوایدا لەگەڵیدا بوو، وە لە ئیحرامی عومرەدا بوو تووشی بێ نوێژی ببوو پێش ئەوەی بگاتە مەككە، بینی دەگریا پێی فەرموو: چی دەتگرێنێت؟ ئەویش پێی ڕاگەیاند كە توشی بێ نوێژی بووە، پێغەمبەریش () فەرمووی: [إنَّ هذا شَيءٌ كَتَبَهُ اللهُ على بَناتِ آدم] (صحيح سنن أبي داود: 1782).
واتە: ئەمە شتێكە خوای گەورە لەسەر كچانی ئادەمی نوسیوە.
بۆیە بێ نوێژی لە خۆیەوە نی یە ئەگەر لە دە ڕۆژی كۆتایی ڕەمەزاندا هات با ڕازی بێت بەوەی كە خوای گەورە لەسەری نوسیوێتی، ‌و ئەو حەبانەیش بەكارنەهێنێت، وە لە پزیشكی باوەڕ پێكراوەوە پێم ڕاگەیەنراوە كە ئەم حەبانە زیان بە ڕەحم‌و خوێن دەگەیەنێت، وە لەوانەیە هۆكارێك بێت بۆ تێكچونی شێوەی كۆرپە ئەگەر منداڵی ببێت، بۆیە وا دەبینین خۆی لێ دوور بخاتەوە‌و سوپاسی خوای گەورە بكات كە توشی بێ نوێژی دەبێت ‌و واز لە نوێژو ڕۆژوو دێنێت، چونكە ئەمە بە قەزاو قەدەری خوای گەورەیە نەك بە دەستی خۆی(اللقاء الشهري، رقم: 8، ص90-91).
لە فەتواكانى زاناى پایەبەرز الشیخ محمد بن صالح العثيمين (رحمه الله)
كۆكردنەوەو وەرگێڕانى: م/ صلاح الدین عبدالكریم

سەردان: ٣,٠٣١ بەش: حەیز و نیفاس