ئەو شتانەی دروستە و حەڵاڵە بۆ كەسی بەڕۆژوو ئەنجامیان بدات کامانەن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو شتانەی دروستە و حەڵاڵە بۆ كەسی بەڕۆژوو ئەنجامیان بدات کامانەن؟

ئەو شتانەی دروستە و حەڵاڵە بۆ كەسی بەڕۆژوو ئەنجامیان بدات
1.ئاو بە خۆ داكردن بە مەبەستی فێنك كردنەوە : هەندێك لە هاوەڵانی پێغەمبەری خوا دەڵێن: پێغەمبەری خوا ئاوی بەسەر سەری خۆیدا دەكرد لەوكاتەی بەڕۆژوو بوو بەهۆی تێنووەتی یان گەرما . صحیح سنن أبی داود : 2072.
2.ئاو لە دەم و لووت وەركردن : بەڵام بەبێ‌ زیادەڕەوی و هەڵمژینی تووند دەبێت بە شێوەیەكی وا بێت ئاو نەچێتە خوارەوە .
3.کەڵەشاخ (حیجامە) كردن : هەندێك لە زانایان دەڵێن: حیجامەكردن لە كاتی بەڕۆژوو بوون دروستە ئەگەر نەبێتە مایەی زیان و لاوازی كەسەكە .
بە بەڵگەی ئەم فەرموودانە ، عبدالله ی كوڕی عباس (ڕەزای خوای گەورەی لێبێت) دەڵێت: (أنَّ النبيَّ إحْتَجَمَ وهو صائمٌ) . أخرجه البخاري : 1939.
واتە: پێغەمبەر حیجامەی كرد لەكاتێكدا كە بەڕۆژوو بوو .
وە سەبارەت بە فەرموودەی: (أفطرَ الحاجمُ والمحجومُ) . الارواء : 931.
واتە: ئەو كەسەی حیجامە دەكات و ئەو كەسەی حیجامەی بۆ دەكرێت ڕۆژووی هەردوكیان دەشكێت ، شێخ البانی ڕەحمەتی خوای گەورەی لێبێت ، دەڵێت: ئەم فەرموودەیە حوكمەكەی مەنسوخە بەو فەرموودەیەی ئەبو سەعیدی خودری ڕیوایەتی كردووەو دەڵێت : (أَرْخَصَ النبيُّ في الحجامةِ للصائم) الإرواء : 4/74.
واتە: پێغەمبەر ڕێگای داوە بە حیجامەكردن بۆ كەسی بەڕۆژوو ، هەندێك لە زانایان دەڵێن خوێن بەخشینیش بۆ كەسانی پێویست بەخوێن دروستە ئەگەر مەترسی لاوازی و زیان نەبێت بۆ خوێن بەخشەرەكە . الفقه المیسر وأدلته : 197.
4.ماچ كردنى خێزان بە مەرجێك بەسەر نەفس و شەهوەتەكەی زاڵبێت : عائشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: پێغەمبەر خێزانەكانی ماچ دەكرد و خۆی پێدەگەیاندن لە كاتێكدا كە بە ڕۆژوو بوو ، بەڵام پێغەمبەر لەم كاتەدا زۆر خۆ گربوو . أخرجه البخاری : 1927 ، ومسلم : 1106.
5. ئەگەر كەسێك بە شەو پێش بانگی بەیانی تووشی جەنابەت بوو پاشان نەی توانی بە پەلە سەری بشوات یەكسەر بانگی بەیانیدا بۆ ئەو كەسە دروستە دوای بانگی بەیانی سەری بشوات و ڕۆژووەكەی دروستە،وە هەروەها ئەگەر كەسێك بە ڕۆژ لە خەویدا توشی جەنابەت بوو ڕۆژووەكەی دروستە،بەڵام دەبێت بە پەلە غوسلی جەنابەت لەسەرخۆی دەربكات .
6.بەكارهێنانی سیواك : دروستە بۆ كەسی بەڕۆژوو سیواك بەكار بهێنێت ، چونكە هیچ بەڵگەیەك نەهاتووە نەهی لە بەكارهێنانی سیواك بكات لەكاتی بەڕۆژوو بوون .
7.تام كردنی خواردن ، بەڵام بە مەرجێك نەچێتە خوارەوە .
8.بەكارهێنانی دەرزی ، تەنها دەرزی مغزی نەبێت ، چونكە هێز و توانا دەداتە مرۆڤ و شوێنی خواردن و خواردنەوە دەگرێتەوە .
9.بەكار هێنانی معجونی ددان ، بە مەرجێك تامی نەچێتە خوارەوە ، بەڵام ئەگەر بەبێ‌ ویستی خۆی چووە خوارەوە ئەوە هیچی لەسەر نیە ، وە هەروەها قەترەی گوێ‌ و چاو ڕۆژوویان پێ‌ ناشكێت ، چونكە كونی چاو و گوێ‌ پەیوەندیان بە كونی خواردن و خواردنەوە نیە ، بەڵام قەترەی كەپوو(لووت) شێخ ابن باز دەڵێت: دروست نیە چونكە پێغەمبەری خوا  نەهی كردووە لە مبالەغە كردنی ئاو لەلووت وەركردن لەكاتی بەڕۆژوو
بوندا لەبەر مەترسی چوونە خوارەوەی . مجموع فتاوی ابن باز : 15/260 .
10.بەكارهێنانی بۆنی خۆش : دروستە بەكار هێنانی بۆنی خۆش تەنها بۆنی بوخور نەبێت ، چونكە بوخوور قەبارەی هەیە و دەگات بە مەعیدە ، فتاوی الصیام / 43 .
وە هەروەها بێگومان جگەرە كێشانیش ڕۆژوو دەشكێنێت چونكە دووكەڵی هەیە و قەبارە و چەندین ماددەی خراپی تێدایە و دەگات بە مەعیدە .
11.بەكارهێنانی بەخاخ بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی تەنگەنەفەسیان هەیە: ئەو كەسانەی نەخۆشی ڕەبۆیان هەیە بۆیان دروستە بەخاخ بەكاربهێنن چونكە بەخاخ هەواكەی دەفڕێت و نامێنێت و قەبارەی نیە وەكو جگەرەو بوخور ، ناگات بە مەعیدە . فتاوی أركان الاسلام : 475.
12.بەكارهێنانی حەبی مەنعی خوێنی حەیز : بەڵام بە مەرجێك زیانی نەبێت بۆ ئافرەتەكە ، ئەگەر زیانی هەبوو بۆی دروست نیە . الفقه المیسر وأدلته : 197.
13. بەكارهێنانی كلی چاو : عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: (إكْتَحَلَ رسولُ الله وهو صائمٌ) صحيح سنن ابن ماجه : 1369.
واتە: پێغەمبەری خوا كلی لە چاو كرد لە كاتێكدا كە بە ڕۆژوو بوو .
14.خواردنەوەی تفی ناو دەم : چونكە مرۆڤ ناتوانێت هەموو دەمێك تفی دەمی فڕێ‌ بداو دەمی ووشك بكات ، بەڵام چڵم و بەڵغەم هەر كاتێك هاتە ناو دەم نابێت قووت بدرێت و دەبێت فڕە بدرێت . مجموع فتاوی ابن باز : 15/313.
15.بۆ ئافرەتان دروستە بەڕۆژوو ببن ئەگەر شەوانی ڕەمەزان پێش بانگی بەیانی پاك بوونەوە لەخوێنی سووری مانگانە یان نیفاس ، دەبێت یەكسەر نیەتی ڕۆژوو بهێنن
و بە ڕۆژوو ببن ، وە دەبێت غوسل دەر بكەن بە پەلە ئەگەر بۆیان گونجا ، ئەگەرنا دروستە بۆیان دوای بانگی بەیانی بە پەلە غوسل دەربكەن و نوێژیان بكەن و وە ڕۆژووەكەیان بگەینە سەر.