بەشەکان
ئامار
پرسیارەکان: ١٤٨١ کۆی سەردان: ٦٣٧٨٧٠
پرسیار لەوێنەدا
گرنگترین عیبادەتەکانى شەوانى قەدر چین؟ پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم چۆن ئەم شەوانەى زیندوو دەکردەوە؟

ئەركەكانی دە شەوی كۆتایی
پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم هەوڵ وكۆششی لەڕادەبەدەر بوە لەم دە شەوەدا، و پەرستشەكانی هەمەجۆر بووە وەك: نوێژو سەدەقەو قورئان خوێندن وچاكسازی لەنێوان خەڵكداو فەرمان بەچاكەو ڕێگریكردن لە خراپەو فریاكەوتنی لێقەوماو وئاسانكاری بۆئەو كەسەی كەبارگران وباری سەختی لەپێشەو پاڕانەوەو داوای لێخۆشبوون كردن و جگە لەمانەش لە جۆرەكانی تری عیبادەت. لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) ئەم دە شەوەی تایبەت دەكرد بەچەند عیبادەتێكەوە كەلە كاتەكانی تردا ئەنجامی نەئەدا، پێشەوا ابن رجب لەكتێبی "لطائف المعارف" دا باسی كردوون، لەوانەش:

یەكەم: زیندووكردنەوەی شەو:
ئەگەری ئەوە هەیە كەمەبەست لێی زیندوو كردنەوەی شەوە بەتەواوەتی وبێ‌ ئەوەی بخەوێت، چونكە لە فەرموودەكەی دایكە عائیشەوە كە دەگێڕێتەوە دەڵێت" كان النبىُّ يخلط العشرين بصلاة ونوم (1)، فإذا كان العشر شـمّر وشدّ المئزر"(رواه أحمد) واتە: پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) لە بیست شەوەی ڕەمەزاندا نوێژی دەكردو دەخەوتیش(واتە: تێكەڵ بوو)، بەڵام كە دە شەوەكە دەهات قۆڵی لێ هەڵدەكردو خۆی دەپێچایەوە.
وە ئەتوانرێ‌ بووترێت مەبەست لێی زیندوو كردنەوەی زۆربەی شەوەكەیە.
شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله دەڵێت: ڕووكەشی ئەم فەرموودە ئەوەیە كە پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) هەموو شەوەكەی زیندوو كردۆتەوە بە خواپەرستی لە زیكرو نوێژو قورئان خوێندن و پارشێوكردن وجۆرەهای تر، بەم شێوەیە دەتوانرێت ئەم فەرموودەیە كۆبكرێتەوە لەگەڵ ئەو فەرموودەیەی كە لای پێشەوا موسلیمە و دایكە عائیشە دەفەرموێت "ما أعلمه صلى الله عليه وسلم قام لیلە حتی الصباح" واتە: نازانم كە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) تابەیانی نوێژی كردبێت. چونكە زیندوو كردنەوەی شەو هەمووی بە نوێژو جۆرەكانی تری عیبادەت دەبێت، ئەوەشی كە نازانرێت و دوورە زیندووكرنەوەیەتی تەنها بە نوێژ.

دووەم: بەخەبەرهێنانی خێزان:
پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) لەم دە شەوەدا خێزانەكەی بەخەبەردەهێنا بۆ نوێژ.
سوفیانی سەوری دەڵێت: پێم خۆشە كاتێك كە دە شەوەكە دێت بەشەوان زیاتر كۆشش بكەم لە عیبادەت وخواپەرستیداو خێزان و منداڵەكانیشم بەخەبەربێنم بۆ نوێژ گەر لە توانایاندا هەبێت.
وە هەروەها لە كتێبی " الموطأ " دا هاتووە، كە عومەری كوڕی خەتتاب (ڕەزای خوای لێبێت) بەشەوان نوێژی دەكرد هەتا لەتوانایدا هەبووایە، هەتا نیوەی شەو دەهات خێزانەكەی بەخەبەردەهێنا بۆ نوێژ وپێی دەوتن: نوێژ نوێژ وە ئەم ئایەتەی دەخوێندەوە [وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلَاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا ۖ] (طه: 132) واتە: ئەی پێغەمبەر! ئەی ئیاندار! بە خاووخێزان وكەس وكارت فەرمان بە نوێژبدەو خۆیشت لەسەر ئەنجامدانی ڕابهێنەو هەرگیز وازی لێ مەهێنە.
خێزانەكەی ئەبو محمدی حبیب الفارسی بەشەو پێی دەوت: وا شەو ڕۆیشت، و ڕێگەیەكی دوورو درێژیشمان لە پێشە، و توێشووی ڕێگایشمان كەمەو بەگوێرەی پێویست نیە، و كاروانی پیاوچاكانیش پێشكەوتن و ئێمە جێماوین.

سێیەم: دوورەپەرێزی لە ئافرەت:
ئەمەش كردەوەی پێغەمبەری خوایە(صلی الله علیە وسلم) كە خۆی دەپێچایەوەو ئامادەباشی دەكرد بۆ خواپەرستی، كەئەمەش ئاماژەیە بۆ دوورگرتن لە ئافرەت وجیماع نەكردن.

چوارەم: گەڕان بە دوای شەوی قەدردا و زیندووكردنەوەی بە عیبادەت:
لە سوننەتەوەیە كەبەدوای شەوی قەدردا بگەڕێیت وبە نوێژو قورئان خوێندن وزیكرو دوعا زیندووی بكەیتەوە، لەبەر ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) كە دەفەرموێت" تحروا ليلة القدر في العشر الأواخر من رمضان " (متفق عليه) لە دە شەوى كۆتايی ڕرمرزاندا بەدواى شەوى قەدردا بگەڕێن.
وە هەروەها دەفەرموێت " من قام ليلة القدر إيماناً واحتساباً غفر له ما تقدم من ذنبه " (متفق عليه) واتە: ئەوەی شەوی قەدر زیندوو بكاتەوە، كە باوەڕی پێی هەبێت وبەئومێدی پاداشتەوە ئەوا خوا لە تاوانەكانی پێشووی خۆش دەبێت.
ئەمە جگە لەوەى کە خواپەرستی لەم شەوەدا باشترە لە هەزار مانگ.

دیاریكردنی شەوی قەدر
بۆچوون و ووتەی زانایان جیاوازو هەمەجۆرە سەبارەت بە دیاریكردنی شەوی قەدر ئەوەش لەبەر جۆراوجۆری بەڵگەكان لەسەری، وە ڕای دروستیش ئەوەیە كە ئەم شەوە لە ڕەمەزاندایە، و لە دە شەوەكەی كۆتایی، و لە شەوە تاكەكاندایە، لەبەر ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) كە دەفەرموێت" تحروا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان" (رواه البخاري) واتە: بەدوای شەوی قەدردا بگەڕێن لە شەوە تاكەكانی دە شەوی كۆتایی ڕەمەزان.
پێشەوا ابن حجر لە كتێبی " فتح الباری " دا دەڵێت: بۆچوونی پەسەند ئەوەیە كە لە شەوە تاكەكانی دەشەوی كۆتاییە و دەگوازێتەوە.
بۆچوونی تەواو ئەوەیە كە: هەر دە شەوەكە بەدوایدا بگەڕێین، وزیندوویان بكەینەوە بە عیبادەت، بەمەبەستی گەیشتن بە فەزڵ وچاكەی ئەو شەوە، و بۆ ئەوەی دەرچین لە ڕاجیاوازی ئەهلی عیلم.
خوای گەورەش دیاریكردنی ئەم شەوەی شاردۆتەوە لە بەندەكانی وەكو سۆزو میهرەبانیەك بۆیان، بۆ ئەوەی هەوڵ وكۆششیان زۆربێت لەگەڕان بەدوایدا، و حەزی خواپەرستیان زیادبكات، بۆئەوەی بگەن بە پاداشتی گەورەو نەبڕاوە، ئەوەش بە شەو هەستانیان لەم شەوانەدا، كە هەموو شەوێك وادەزانن خۆیەتی، وهەموو شەوێكیش پاداشتیان بۆ دەنووسرێت، كردەوەكانیش بەپێی نیەت ومەبەستەكانە، بەم شێوەەیە ئەگەر دەشەوەكە زیندوو بكەنەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە شەوی قەدری بەر دەكەوێت.

پێجەم: مانەوە لە مزگەوت بۆ خواپەرستی(الإعتكاف):
شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله دەڵێت: ئیعتیكاف واتە: پەیوەست بوون بەمزگەوتەوەو خۆتەرخانكردن بۆ خواپەرستی، كەئەوەش سوننەتێكی جێگیرەو بەڵگەی قورئان وفەرموودەی لەسەرە، وەكو ئایەتی[ وَلا تُباشِرُوهُنَّ وَأَنْتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ] {البقرە: 187} واتە: ئەوكاتەی كەلە مزگەوتدا دەمێننەوە بۆ خواپەرستی تێكەڵی ژنانتان مەكەن.
وە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) ئیعتیكافی كردووەو هاوەڵانیش لەگەڵ ئەوداو دوای ئەویش ئەنجامیان داوە.
هەروەها لە فەرموودەی ڕاست ودروستیشدا هاتووە لە دایكە عائیشەوە دەگێڕێتەوە ودەڵێت"كان النبىّ يعتكف العشر الأواخر من رمضان حتى توفاه الله عزوجل, ثم اعتكف أزواجه من بعده" واتە: پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) ئیعتیكافی دەكرد لە دە شەوەكانی كۆتایی ڕەمەزان هەتا ئەوكاتەی وەفاتی كرد، پاشان خێزانەكانی ئیعتیكافیان دەكرد لەدوای ئەو.

مەبەست لە مانەوە لەمزگەوت بۆ خواپەرستی:
مەبەست لە ئیعتیكاف ئەوەیە موسڵمان لە مزگەوتێك لە ماڵەكانی خوادا بمێنێتەوە بۆ خواپەرستی وگوێڕایەڵی كردنی خوای پەروەردگار، ئەوەش لەبەر دەستكەوتنی پاداشت وفەزڵ و گەیشتن بە شەوی قەدر، هەربۆیە پێویستە لەسەر ئەو كەسەی كە دەمێنێتەوە خەریك وسەرقاڵ بێـت بە نوێژو زیكرو قورئان خوێندن و جۆرەكانی تری پەرستشەوە، وە دووربكەوێتەوە لە هەموو قسەو وتووێژێكی دونیایی بێسوود، وە هیچی تێدا نیە ئەگەر كەمێك قسەی حەڵاڵ لەگەڵ خێزانەكەیدا یان كەسانی تر بكات بەگوێرەی پیویست.
بەڵام حەرامە كە جیماع بكات لەگەڵ خێزانەكەیدا یان ماچ و دەسبازی وپێشەكیەكانی تر، لەبەر فەرموودەی[ وَلَا تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ ] (البقرة: 187) واتە: ئەوكاتەی كەلە مزگەوتدا دەمێننەوە بۆ خواپەرستی تێكەڵی ژنانتان مەكەن.

حوكمی دەرچوونی ئەوكەسە بۆ دەرەوەی مزگەوت:
بەڵام دەرچوونی ئەو كەسەی كە دەمێنێتەوە بۆخواپەرستی بۆ دەرەوەی مزگەوت ئەگەر بەبەشێك لە جەستەی بێت ئەوا دروستە، لەبەر فەرموودەكەی عائیشە كە دەڵێت" كان النبـيُّ (صلى الله عليه وسلم) يخرج رأسه من المسجد، وهو معتكف فأغسله وأنا حائض"(صحيح سنن أبي داود و صحيح سنن النسائي) واتە: پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) سەری دەهێنایە دەرەوە لەمزگەوت منیش دەمشوشت وەلە حەیزیشدا بووم.
بەڵام دەرچوونی لەمزگەوت بەهەموو جەستەیەوە ئەوا دەكرێتە سێ‌ بەشەوە:
یەكەم: دەرچوون بۆكارێكی پێویست لەڕووی سروشتی مرۆڤایەتەوە بێت یان لە ڕووی شەرعیەوە بێت وەكو دەرچوون بۆ ئاودەست، یان دەست نوێژی واجب، یان غوسلی لەش گرانی، یان خواردن وخواردنەوە، ئەم حاڵەتانە دروستن بەمەرجێك ئەگەر نەتوانرا لەمزگەوت ئەنجام بدرێت، خۆ ئەگەر توانرا لەمزگەوت ئەنجام بدرێت، وەكو هەندێك مزگەوت حەمامی تێدایە، یان كەسێك هەبوو كە خواردنی بۆ بهێنێت، ئەوا ئەوكاتە دەرناچێت لەبەر ئەوەی بێ‌ پێویستە.
دووەم: دەرچوون بۆ كارێك كە واجب نەبێت لەسەری، وەكو سەردانی نەخۆش، شوێنكەوتنی جەنازە ...ئەوا دەرناچێت و دروست نیە بۆی، مەگەر لەسەرەتای ئیعتیكافەكەیەوە بەمەرجی گرتبێت.
سێیەم: دەرچوون بۆكارێك كە دژو پێچەوانەی ئیعتیكاف بێت، وەكو كڕین وفرۆشتن وجیماع كردن و تێكەڵاوی، ئەوا دروست نیە كە دەربچێت، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی مەبەستی مانەوەیە لەمزگەوت بۆ خواپەرستی.

============

(1) قال شعيب الأرنؤوط : إسناده ضعيف . بەڵام بەشی دووەمی كە دەفەرموێت "  فإذا كان العشر شـمّر وشدّ المئزر  " صەحیحە و لە مسلم دایە و ئیمام أحمد ڕیوایەتی كردوە.

ستافى وەڵامەکان



سەردان: ٣٩٠٧ بەش: شەوى قەدر

تایبەتمەندیەكانی دە شەوی كۆتایی مانگى ڕەمەزان چین؟ئایا حوكمی بەكارهێنانی بەخاخ چیە بۆ كەسی تووشبوو بە نەخۆشی ڕەبـو لەكاتی بەرۆژو بونیدا؟