حوکمى تەقەى خۆشی چیە لە شەرعى پیرۆزى ئیسلامدا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى تەقەى خۆشی چیە لە شەرعى پیرۆزى ئیسلامدا؟

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله والصلاە والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه وسلم ، أما بعد :
بەڕاستی دەبێت مرۆڤی موسڵمان لەکاتی خۆشحاڵ بوون و بێزاربوونی دا پەیوەست بێت بە ڕەوشت و ئاکارە شەرعیەکانەوە و تەنها ئەو کارانە ئەنجام بدات کە لە ئاینی پەروەردگاردا ڕیگا پێدراوە .
بۆیە یەکێک لەو کارانەی کە هەندێک لە موسڵمانان دوبارەی دەکەنەوە و بریتیە لە (تەقەی خۆشی) .
لەڕاستیدا ئەم کارەش لەچەندین ڕووەوە هەڵەو سەرپێچی تێدایە کە بە ئیزنی خوای گەورە ئاماژەی پێدەکەین :
 سەرپێچی یەکەم : ترساندنی موسڵمان .
یەکەێک لە ڕوون ترین سەرپێچیەکانی ئەم کارە (تەقەی خۆشی) بریتیە لە ترساندنی موسڵمان کە ئەم کارەش لە ئاینی پیرۆزدا حەرام کراوە و بەسەرپێچی دانراوە ، وەکو پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : (لَا يَحِلُّ لِمُسْلِمٍ أَنْ يُرَوِّعَ مُسْلِمًا) رواه أبو داود. واتا : حەڵاڵ نیە بۆ هیچ موسڵمانێک کە موسڵمانێکی دیکە بترسێنێت .
 سەرپێچی دووەم : بەفیڕۆدانی پارە و سامان و ئيسراف كردن .
یەکێکی دیکە لە سەرپێچی و کارە خراپەکانی تەقەی خۆشی بریتیە لە بەفیڕۆدانی ماڵ و سال لەڕێگایەکدا کە هیچ سودێکی نیە بەڵکو زیان بەخشییە ئەمەش کاریکی ناشرعیە وەکو پەروەرگارمان دەفەرمووێت : (إِنَّ الْمُبَذِّرِينَ كَانُوا إِخْوَانَ الشَّيَاطِينِ ) [ الإسراء : 27 ] واتا : بەڕاستی ئەوانەی کە زیادەڕەوی دەکەن لە بەفیڕۆدانی ماڵەکەیەندا لە حەرامدا ئەوانە براو دۆستی شەیتانەکان چونکە شەیتان فەرمان بەخەڵکی دەکات کە خۆیان بگرنەوە لە کاری چاکە و بەفیڕۆی بدەن لە خراپەدا .
لە فەرموودەیەکی صحیحدا هاتووە کە پێغەمبەری خوا دەفەرموویت : ((لا تزول قَدَما عبدٍ يوم القيامة حتى يُسأل: عن عُمره فيمَ أفناه؟ وعن عِلْمِه فيمَ فعل؟ وعن مالِه؛ مِن أين اكتسَبَه؟ وفيمَ أنفَقَه؟)) واتا : دووپیی هیچ کەسیک ناجوڵێت لە ڕۆژی قیامەتدا هەتاوەکو پرسیاری لێ نەکڕیت دەربارەی : تەمەنی لە چیدا بەسەر بردووە ؟ وە زانستەکەی کە هەیبووە چۆن کردەوەی کردووە ؟ وە دەربارەی ماڵ و سامانەکەی چۆن دەستی خستووە و لە چیدا بەخشیویەتی ؟ ))
سەرپێچی سێیەم : زیان گەیاندن بە موسڵمان جا بە گیانیان یان ماڵ و خانویان ویان سەیارە و ئۆۆمبێلیان .
بەڕاستی لە جوانی و تەواوی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بریتیە لەوەی کە حەرامی کردووە لەسەر موسڵمان زیان بەخش بن لە کۆمەڵگادا ، بەڵکو پێویستی کردووە لەسەریان هەمیشە کەسانی بەسوود و سوود بەخش بن ، هەربۆیە پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : (لا ضرر ولا ضرار) واتا : لە ئاینی ئیسلامدا بەهەموو جۆرێک زیانی گەیاندن بە خەڵکی ڕەتکراوەیە جا لەو زیان گەیاندنەدا خۆت سوود وەربگریت یان سوود وەر نەگرێت .
وەکو ڕونیشە ئەم کارەی کە دەکرێت ( تەقەی خۆشی ) دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە : ( خانوو و سەیارە و ماڵ و گیان ) ی موسلمان کە ئەمەش حەرام کراوە لە ئیسلامدا.
هەروەها لە ڕوانگەیەکی دیکەوە ئەگەر دیقەتی فەرموودەکانی پێغەمبەری خوا بدەین ئەوا دەبینین کە پێغەمبەری خوا ڕینمونی موسڵمان دەکات کە بەهەموو جۆرێک دووربکەونەوە لە زیان گەیاندن لە براکانیان وەکو لەم فەرموودە صحیحەدا بۆمان دەردەکەوێت کە دەفەرمووێت : ( إذا مر أحدكم في مسجدنا وفي سوقنا ومعه نبل فليمسك على نصالها أن يصيب أحدا من المسلمين منها بشيء) [متفق عليه]. واتا : ئەگەر یەکێک لە ئێوە تێپەڕ بوو بە یەکێک لە مزگەوتی موسلماناندا یان بە بازاردا و تیری پێبوو ئەوا با دەست بگرێت بەسەری تیرەکەیەوە نەوەک سەری تیرەکە بەجۆرێک ئازاریان بدات .
وە هەوەرها پیغەمبەری خوا دەفەرمووێت : ( المسلم من سلم المسلمون من لسانه ویده ). واتا : موسلمانی تەواو ئەو موسڵمانەیە کە موسلمانانی دیکە سەلامەت بن لە زمان و دەستی .
 سەپێچی چوارەم : تێکدانی ئەمن و ئاسایش و کردنەوەی دەرگا بۆ خراپەکاران لەو ساتە وەختەدا.
بەڕاستی یەکێکی دیکە لە سەرپێچیەکانی ئەم بەناو ( تەقەی خۆشی) ە بریتیە لە تێکدانی ئەم و ئاسیشی وڵات . ئەوەش بە جۆرێک کە دەرگا دەکاتەوە بۆ کەسانی خراپە کار لە کاتی تەقەی خۆشیدا بتوانن ئەو ئامانج و مەبەستە خراپەی کە هەیانە لە کوشتنی موسڵمان و زیان گەیاندن پێان و بریندار کردنیان ، دواتریش تەقەی خۆشی دەکەن بە بیانوو بۆ کارەکەیان یان نازانرێت کە کێ تەقەی کردووە ؟
 سەرپێچی پێنجەم : پێچەوانەکردنی فەرمانی کاربەدەستان لە شتێکدا کە چاکەیە و شەرعیە .
یەکێکی دیکە لە خراپیەکانی ئەم کارە بریتیە لە سەرپێچی کردنی فەرمانی دەزگاکانی پەیوەندی دار بە کارو باری ئەمنیەوە کە داوا دەکەن لە هاوڵاتیان تەقە نەکەن و بۆئەوەی نەبێتە مایەی زیان گەیاندن بەخەڵکی ، ئەم داوکاریەشیان داواکاریەکی بەسوود و ڕەویە ، بۆیە پێویستە لەسەر موسڵمان پەیوەست بن پێوەی و لێی لانەدەن .
 سەرپێچی شەشەم : فەخر و شانازی کردن و خۆبەگەورە زانین .
یەکێکی دیکە لە سەپێچیەکانی دیکە لە ئەم بەناو ( تەقەی خۆشی)ەدا یە بریتیە لە فیز و تەکەبوور و خۆ بەگەورە زانی ، چوونکە هەندێک کەس ئەم کارە دەکەن بۆ ئەوەی وا دەربخەن کە ئەمان خاوەنی ماڵ و سامان و چەکی باشن و خۆیان هەلبکێشن بەسەر کەسانی دیکەدا ، هەر وەکو دەبینیرێت لەواقعیشدا ئەم کارە .
وە خۆبەگەروە زانینیش لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا قەدەغە کراوە ، هەروەکو پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : ( ولا يدخل الجنة أحدٌ في قلبه مثقال حبة خردلٍ من كبرياء) رواه مسلم. واتا : ئەو کەسە ناچێتە بەهەشتەوە کە لە دڵیدا بە ئەندازەی تۆوی خەردەل خۆبەزل زانی لە دڵیدا هەبێت .
ئەمە هەندێکە لە زیانەکانی ئەم کارە نابەجێیە کە ناو نراوە بە (تەقەی خۆشی) کەلەڕاستی دا نابێت موسلمان خۆشحاڵ ببێت بە زیانگەیان بە موسڵمانانی دیکە بەڵکو دەبێت دەستی خۆی بپارێزێت لە زیان گەیاندن پێان و بێ تاقەت و خەمبار ببێت بە هەرکارێک کە زیان بەخشە بۆ کۆمەڵگا .
داواکارم لەخوا پەروەدگار هەموو لایەکمان ساغ وسەلامەت و پارێز راو بکات لە هەموو خراپە و زیانێک .
وصلى الله وسلم وبارک على عبده ورسوله محمد وعلى آله وصحبه وسلم

سەردان: ٢,٥٢٤ بەش: هەمەجۆر