چۆن ببم بە مامۆستایەکى سەرکەوتوو ؟ ڕێگاکانى سەرکەوتنى مامۆستا کامانەن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن ببم بە مامۆستایەکى سەرکەوتوو ؟ ڕێگاکانى سەرکەوتنى مامۆستا کامانەن؟

سوپاس وستایش بۆ خودای زانا و دانا، كە لە ڕێگەی پێنووسەوە مرۆڤی فێركردووە ، وە شت گەلێكی فێركردووە كە پێشتر نەیزانیوە ،وە درودو سڵاو لەسەر باشترینی مامۆستاكان ، وە شارەزاترینی پەروەردەكاران ، وە لەسەر خانەوادە و هاوەڵانی تاڕۆژی دوایی......
سه‌باره‌ت به‌ڕێگاكانى سه‌ركه‌وتنى مامۆستا له‌ پرۆسه‌ى فێركردن چەند خاڵێکى گرنگ ده‌خه‌ینه‌ پێش ده‌ستى خوێنه‌ران به‌گشتى و چینى مامۆستاو فێركاران به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن دڵى خوێندکار و فێرخواز بۆ لاى خۆیان و بابه‌تى خوێندنه‌كه‌ ڕابكێشن و له‌ ئه‌نجامیشدا ئه‌م كاره‌ به‌سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى خوێندن بشكێته‌وه‌.
یەكەم: نیازپاكی و خودا مەبەست بوون لەكارەكاندا:
ئەمەش بریتیە لەوەی كە مامۆستا نیازی خۆی پاك بكاتەوەو مەبەستی لە فێركردندا ڕەزامەندی خودای گەورە بێت پێش ئەوەی هۆكارێك بێت بۆ بژێوی ژیان ، ئەمەش بۆ ئەوەی پاداشتی دواڕۆژی لە دەست نەچێت .
دووەم: داوای یارمەتی كردن لە خودای باڵادەست:
ئەمەش یەكێكە لە گرنگترین هۆكارەكانی سەركەوتنی مامۆستا و سازدانی كردەوەی چاك وپەروەردەی ڕەسەن وگوفتاری دروست، هەر بۆیە داواكردن ( الدعا‌ء) چەكێكی بە تواناو توێشویەكی بە پێزە، خودای گەورە دەفەرموێت: [وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ ] (البقرة: 186).
واتا: هەر دەمێ‌ بەندەكانی من پرسیاریان لێ‌ كردیت دەربارەی من ئەوە بێ‌ گومان من لێیانەوە نزیكم، وە نزای نزاكاران گیرادەكەم و داواكانیان وەڵام دەدەمەوە هەر كاتێ‌ هاوارو نزام لێ‌ بكەن، دەی با ئەوانیش بە دەنگ منەوە بێن و بڕوام پێ‌ بهێنن بەڵكو ڕێی ڕاست بدۆزنەوە .
هەر بۆیە دەبێ مامۆستا زۆر داوا لە خوای گەورە بكات كە سەركەوتوی بكات ، و یارمەتی دەری بێـت لە پێش خستنی كارەكانی .
سێ‌یەم : هەڵسوكەوتی جوان لەگەڵ فێرخوازان:
چونكە هەڵسوكەوتی جوان هۆكارە بۆ دروست بوونی خۆشەویستی لە گەیشتن لەنێوان فێركارو فێرخوازو دڵەكان لە یەكتر نزیك دەكاتەوە ، هەر وەكو شاعیر دەڵێت: (أحسن إلى الناس تستعبد قلوبهم ، فطالما أستعبد الانسان إحسان) .
واتە : چاك بە لەگەڵ خەڵك ، دڵت دەدەنێ‌ و ڕووت تێ دەكەن ، وە هەمیشە سروشتی مرۆڤەكان بۆ لای چاكە دەچێ‌ .
چوارەم: خاكی بوون و بێ‌ فیزی:
ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە فێرخواز لە مامۆستاكەی نزیك دەكاتەوە ، خوای گەورە دەفەرموێت: [وَاخْفِضْ جَنَاحَكَ لِمَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ] [الشعراء: 215]
واتە: باڵی بەزەیی و بێ‌ فیزی و نەرم و نیانیت ڕاخە بۆ ئەو ئیماندارانەی گوێت لێ‌ دەگرن و شوێنت دەكەون .
پێنجەم: ڕۆح سوكی و قسە خۆشی:
گاڵتەكردن و ڕوح سوكی لە سنورێكی دیاری كراودا یەكێكە لەو هۆكارانەی كە خۆشی دەخاتە دڵی فێرخواز و بارگرانی و گرژی دوور دەخاتەوە و دڵەكان زیاتر لە یەكەوە نزیك دەكاتەوە ، و فێرخواز زیاتر گوێڕایەڵ دەكات بۆ وەرگرتنی وانەكان .
شەشەم: ئامۆژگاری و ئاڕاستەكردن و ڕێ‌ نموونی كردن:
ئەمانە هەمووی و پیشاندانی بەزەیی و خۆشەویستی بۆ فێرخوازان بە بێ‌ جیاوازی ، خۆ چیرۆكی پێغەمبەری خوا() لەگەڵ منداڵە جولەكەكە باشترین بەڵگە و ئامۆژگارییە بۆ ئێمە ، كە چۆن ئاڕاستە كردن و ئامۆژگاری پێغەمبەری خوا () بووە هۆی ڕزگاربوونی لە ئاگری دۆزەخ درودو سەلامی خودای لە سەر بێ ، بۆیە زۆر گرنگە فێركار بەردەوام ئامۆژگاری و ڕێنمونی پیشانی فێرخوازان بدات .
حەوتەم: ڕێزگرتن لە فێرخوازان و گوێ‌ بۆ گرتنیان و بواری پرسیاركردن و گفتوگۆ كردن پێیان:
ئەمەیش هۆكارێكە بۆ بەرزكردنەوەی ورەی فێرخواز و هەست كردنیان بە لێپرسراوێتی بەرامبەر بە خاك و وڵاتیان، بەڵام سوكایەتی پێ‌ كردن و پەراوێز خستنیان بێ‌ ئومێدیان دەكات ، و ورەیان دەڕوخێنێت و هەستیان بریندار دەكات مامۆستای سەركەوتو ئەوە دەزانێت كە گوێگرتن لە فێرخواز وا لە خودی فێرخواز دەكات كە ئەوانیش گوێ‌ لە مامۆستا بگرن ،و ڕێز گرتن لە فێرخواز ڕێزی ئەوان بە دەست دێنێت .
هەشتەم: ڕووخۆشی و بزە بەخشین:
ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دڵا ئارامی دەبەخشێتە فێرخواز و ئامادەییان تیا بەدی دەهێنێت لە وەرگرتن و تێگەیشتنی ئەو بابەتەی بۆیان باس دەكرێت لە لایەن مامۆستاكەیانەوە.
نۆیەم: دووركەوتنەوە لە توندو تیژی:
پێویستە لەسەر مامۆستا نەرمونیان بێت لەگەڵ فێرخوازدا، چونكە نەرم ونیانی وا لە فێرخوازان دەكات كە زووتر لە وانەكان تێ‌ بگەن و هەموو ئەو شتانە وەربگرن كە مامۆستا باسی دەكات بە پێچەوانەی توندوتیژی كە هۆكارە بۆ دوور كەوتنەوەی فێرخواز لە مامۆستاكەی .
دەیەم: بەخشین:
لەوانەیە لە ناو قوتابخانەكاندا چەندین فێرخوازی هەژار و هەتیوو هەبن و پێویستیان بەیارمەتی هەبێت ، بۆیە یارمەتی دانی مادی ئەم جۆرە فێرخوازانە بە شێوەیەكی نهێنی و بەبێ‌ ئەوەی ببێتە هۆی برینداركردنی هەستی لە پێش چاوی فێرخوازەكانی تر هۆكارێكە بۆ دڵ ڕاگرتنی ئەو فێرخوازە و زیاتر گرنگی دانی بە پرۆسەی خوێندن و هەروەها ئەو پەڕی باوەڕو متمانە لەلایەن فێرخوازان دروست دەكات كاتێك كە دەبینن مامۆستاكەیان گرنگی پێ‌ دەدەن و هەست بە ئازارەكانی دەكەن و پشت گوێی ناخەن .
یانزەیەم: لێبوردەیی و چاوپۆشیكردن لە هەڵەكان:
خوای گەورە سەبارەت بە كەسانی لێبوردە و ئەوانەی توڕەیی خۆیان دەخۆنەوە دەفەرموێت: [وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ] [آل عمران: 134] واتە : ئەو كەسانەی كە ڕقی بە تینی خۆیان دەخۆنەوە و ئەوانەی كە لە خەڵكی دەبوورن ئەوا خوای گەورە چاكەكارانی خۆش دەوێت.
دوانزەیەم: ئارام گرتن لەسەر ئازار و ناڕەحەتیەكانی فێرخواز:
بەڕاستی ئارام گرتن لەسەر كێشە و گرفتەكانی فێرخواز جگە لەوەی دەبێتە پاداشت و چاكە بۆ مامۆستا ئەگەر لە پێناو خوای گەورەدا ئەمە بكات، ئەوا باشترین چارەسەریشە بۆ زۆرێك لەو كێشە وگرفتانەی كە ڕۆژانە دێنە ڕێگەی مامۆستا و بەڕێوبەر بە تایبەتی كە ئەو فێرخوازە بە كەسێكی شەڕەنگێز نەناسرابێت.
سیانزەیەم: قبوڵكردنی ڕەخنەو داننان بە هەڵەدا:
ئەگەرچی زۆرێك پێیان وایە كە ئەمە لە كەسایەتی مامۆستا دادەبەزێنێت بەڵام بەپێچەوانەوە ، دان نان بە هەڵە و وەرگرتنی ڕەخنەی فێرحواز بەسنگ فراوانیەوە جۆرێك لە متمانە لەلای فێرخواز دروست دەكات و فێرخواز چیتر هەست ناكات كە كەسێكی لە خۆبایی و (معقد) وانەی پێ‌ دەڵێتەوە .
چواردەیەم: ڕاگۆرینەوە و هاوكاریكردن لەگەڵ ئیدارەو مامۆستایانی تر:
ئەمەش بۆ زیاتر بەرەو پێش بردن و باشتر كردنی ئاستی خوێندن و گوێ‌ گرتن بۆ سكاڵاكان و تاوتوێ‌ كردن پێشهاتەكان وهەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە گونجاوترین و خێراترین ڕێگا.
پانزەیەم : ئامادەكارییەكی چاك بۆ بابەتەكە و هەمەجۆرێتی لە شێوازی وانە وتنەوەدا :
ئەمەش بەوە دەبێت كە مامۆستا چیرۆكی هەمەچەشنیان بۆ باس بكات ، و بگێڕێتەوە پاشان پەیوەستی بكات بە واقعەوە كە بێ گومان ئەم شێوازە چێژێكی زیاتر دەبەخشێت بە وانەكە ، و سەرنجی فێرخوازان ڕادەكێشێت و بێزاری و بێتاقەتیان لەسەر ناهێڵێت .
شانزەیەم : تاقی كردنەوەكان نەكاتە هۆكاری تۆڵە سەندنەوە :
چونكە تاقی كردنەوەكان ئامانج نین بەڵكو فێركردن و پەروەردەكردنی فێرخوازانە لەسەر شێوازێكی دروست و ڕەسەن ، وە ئەو تاقی كردنەوانە تەنها بۆ ئەوە دانراون كە ئاستی تێگەیشتنی فێرخوازەكان بزانرێت لە میانەی پرۆسەی فێركردنەكەدا .
حەڤدەیەم : سڵاوكردن لە فێرخوازان:
لەكاتی وەرزی خوێندندا ولەكاتی پشووی هاوینیشدا پێویستە مامۆستا هەركاتێك فێرخوازێكی بینی سڵاوی لێ بكات, كە دەبێتە هۆی زیادبوونی خۆشەویستی نێوان مامۆستاو فێرخواز .
هەژدەیەم : بە جوانترین ناو و نازناو بانگی فێرخوازەكەت بكە:
بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی دروست كردنی پردی خۆشەویستی وڕێز لەیەك گرتن.
نۆزدەیەم: غەم وپەژارە تایبەتیەكانت مەگوازەرەوە بۆ نێو قوتابخانە:
هەر كێشە و پەژارەیەکى خێزانی بن یان دەروونیت هەیە مەیگوازەرەوە بۆ ناو قوتابخانە بۆ ئەوەی كاریگەری نەكاتە سەر شێوازی پێشكەشكردنی وانەكەی ، وبەو هۆیەوە وكەموكوڕی تێدا ڕووبدات و زیان بدات لە فێرخوازەكانی لەكاتێكیشدا هیچ تاوان وگوناهی ئەوانی تێدا نیە.
بیستەم : خوێندنەوەی ژیاننامەی پێغەمبەر :
بۆ ئەوەی یادت بكەوێتەوە كە شێوازی هەڵسوكەوتی پێغەمبەر () چۆن بووە لەگەڵ هاوەڵانیدا لەپێگەیاندن وپێدانی زانست و زانیاری پێیان, چونكە ئەو باشترین مامۆستاو پێشەوایە بۆ ئێمە كە شوێنی بكەوین وچاوی لێ‌ بكەین لەهەموو كاروبارێكماندا ، خوای گەورە دەفەرموێت : [لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآَخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا] [الأحزاب: 21]
واتە: بەڕاستی لە پێغەمبەری خوادا پێشەنگ وسەرمەشقێكی چاك هەیە بۆ ئێوە بۆ ئەوەی چاولێكەری بن بۆ كەسانێك كە ئاواتەخوازی گەیشتنن بەخوا و پاداشتی ڕۆژی دوایی ویاد و زیكری خواش زۆر دەكەن.
جا لەكۆتاییدا ئەی مامۆستای بەڕێز و خۆشەویست:
هەركام لەم سیفاتانەت تێدایە ئەوا سوپاسی خوا بكەو بەردەوام بە لەسەری ،و هەوڵ بدە سیفەت وئاكارەكانی تریش جێبەجێ بكەیت و شێوازی نوێ‌ بدۆزیتەوە, بۆ ئەوەی لە پیشەكەی خۆتدا سەركەوتوو بیت وئەو نەوەیەی لەبەردەستدایە بەچاكترین وڕێك وپێكترین شێواز پێ بگەیەنیت و تۆش ببیت بە سەرمەشقێكی چاك بۆیان .

وەرگیراوە لە نامیلکەى : چۆن دەبیت بە مامۆستایەکى سەرکەوتوو؟ پوخت کردن و وەرگێڕانى : مامۆستا فلاح حسن کەلارى

سەردان: ١١,٤٦٢ بەش: مەرجەکانى بانگخواز