حوکمى دانانى لەولەب لە نێو ڕەحمی ئافرەتدا چیە بۆ ڕێگرى کردن لە منداڵ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى دانانى لەولەب لە نێو ڕەحمی ئافرەتدا چیە بۆ ڕێگرى کردن لە منداڵ؟

بەلای زۆربەی زانايانەوە بەکار هێنانی درووستە .
وە ئەسڵی درووستێتی ئەم بابەتە ئەو فەرموودەیەیە کە لە صەحیحی بوخاریدا وجگە لەویشددا هاتوو کەدەیانخەینە بەر چاوت :
لەوانە ئەو فەرموودەیەیی کە(جابری کوڕی عبداللە) ـ خوای لێ ڕازی بێت ـ گێڕاویەتیەوە و دەڵێ :
« كنا نعزل على عهد رسول الله والقرآن ينـزل » متفق عليه .
واتە : ئێمە (عەزلمان)دەکرد لەسەردەمی پێغەمبەردا ـ درود و سڵاوی خوای لێ بێت ـ و قورئانیش دادەبەزی.
وئیمامی موسلیم بەم شێوازە هێناویەتی : « كنا نعزل على عهد رسول الله فبلغه ذلك ، فلم ينهنا » صحيح مسلم ، رقم (1440) . .
واتە : ئێمە (عەزلمان)دەکرد لەسەردەمی پێغەمبەردا ـ ـ وئەو هەواڵەی پێگەیشت،ڕێگری لێمان نەکرد .
تێبینی: مەبەست لە(عەزل)ئەوەیە کاتێک کەپیاو لەگەڵ خێزانیدا جووت دەبێ ناهێڵێ (ئاوەکەی)بچێتە نێو ڕەحمی خێزانیەوە .
وە هەروەها(جابری کوڕی عبداللە) ـ خوای لێ ڕازی بێت ـ گێڕاویەتیەوە و دەڵێ : « أن رجلاً أتى رسول الله فقال : إن لي جارية هي خادمتنا وسانيتنا في النخل وأنا أطوف عليها ، وأكره أن تحمل فقال : اعزل عنها إن شئت فإنه سيأتيها ما قدر لها » رواه مسلم .
واتە :پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەری خودا ـ ـ وگوتی : من جاریەیەکم هەیە، خزمەت کارمانە ودارخورماکانمان بۆ ئاو دەدات، ومن جووت دەبم لەگەڵی وپێم خۆش نی یە دوو گیان ببێت، پێغەمبەریش ـ ـ فەرمووی : گەر پێت خۆشە(عەزلی) لەگەڵدا بکە،وبەتەئکید ئەوە لەو جاریەدا ڕوودەدات کە بۆی بڕاوەتەوە وبۆی دانراوە .
واتە : خودا هەرچیەکی نوسێبێت وقەدەری خودا بێت هەر ئەوە ڕوو دەدات ،ڕەنگە هەندێ جار ئەو (عەزل)کردنەش نەبێتە ڕێگر لەمنداڵ بوون .
و‌‌ە ئەبو سەعید ـ خوای لێ ڕازی بێت ـ دەڵێ :جولەکەکان گوتیان : ( العزل : الموؤودة الصغرى ، فقال النبي : « كذبت يهود إن الله عز وجل لو أراد أن يخلق شيئًا لم يستطع أحد أن يصرفه» رواه أحمد وأبو داود .
واتە : (عەزل) کردن جۆرێکە لەمنداڵ زیندە بەچاڵ کردن ، پێغەمبەریش ـ ـ فەرمووی : جولەکەکان درۆیان کرد ، بەدڵنیاييەوە گەرخودا ويستی لە شتێک بێت هيچ کەسێک ناتوانێت ڕێگری لێ بکات .
ئائەم فەرموودانە و جگە لەمانەش کەلەم بارەیەوە هاتوون بەڵگەن لەسەر درووستێتی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئامێرە بۆ ئافرەتان یاخود بەکارهێنانی حەپی ڕێگری کردن لەدووگیانی وهاوشێوەکانی ، و تەنها لەوەدا جیاوازى هەیە لەنێو زانایاندا کەئایا مەرجە پرس بەئافرەتی ئازاد ، واتە:بەندە نەبێ ، بکرێت یاخود نا ؟
جومهووری زانایان پێیان وایە پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە پرس بەئافرەتی ئازاد بکرێت؛چونکە ئافرەت مافی ئەوەی هەیە منداڵی ببێ. والله أعلم. ‌
الشيخ محمد بن عبد الله السبيل - رحمه الله -
تێبینى :
دانانى لەولەب بۆ مەنع كردن لەبەر كەمدەرامەتی و بارگرانی ژیان هەڵەیەكی گەورەیە چونكە ڕزقی منداڵ لە سەر خوایە (ئەگەر خوا سەر بدات ڕزقیش دەدات) وەك پێشینان فەرموویانە.
بەڵام ئەگەر لەبەر هۆكاری تر بێت وەك ڕێكخستنی منداڵ بوون بۆ ماوەیەكی كاتی تاوەكو دایك هەندێك پشوو بدات و زۆر ئازار و ناڕەحەتی نەبینیت بە هۆی زوو منداڵ بوون و بەخێوكردنی لە دوای یەكی منداڵەكانەوە ئەوا دروستە بە مەرجێك ئەگەر پیاوەكە و ژنەكەش ڕازی ببن و بۆ ماوەیەكی كاتی بێت نەك درێژخایەن ، وە بە مەنعى تەبیعیش بکرێ نەک خواردنى حەب و دەرزى لێدان و ئەو شتانە
چونکە هەروەک شێخ (ابن العثيمين) ڕەحمەتی خوای لێبێت سەبارەت بەو ئافرەتانەی كەوا (حەپی مەنع) بەكاردێنن .
فەرموویەتی:
(إنَّ استعمال هذه الـحبوب ضار على الـمرأة، على رحمها، وعلى عادتـها، وعلى دمها، بل وعلى جنينها في المستقبل ...) [مـجموع فتاوى الشيخ ابن العثيمين: الـمجلد السابع عشر / الفتوى رقم: (722)] .
واتە: بەكارهێنانی ئەم حەپانە زەرەر و زیانی هەیە بۆ ئافرەتان، زەرەری هەیە بۆ مناڵدانی، بۆ عادەكەی، بۆ سەر خوێنەكەی، بەڵكو بۆ كورپەڵەكەی لە داهاتوودا .

سەردان: ٦,٩٥٨ بەش: پەروەردەى منداڵ