ئایا ڕاستە لە مانگى (صفر) دا دروست نیه هاوسەرگیرى بکەیت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ڕاستە لە مانگى (صفر) دا دروست نیه هاوسەرگیرى بکەیت؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
لە ڕاستى دا خەڵکانێکى عەوام و نەزان وا گومان دەبەن کە مانگى (صفر) مانگێکى شوم و خراپە بۆیە خۆیان بە دوور دەگرن لە ژن خواستن و مارەکردنى ، و خەتەنە کردن و سەفەر کردن و لەم جۆرە شتانە ، بەڵام ئەم جۆرە بیرکردنەوە و بیروباوەڕە لە کارى سەردەمى جاهیلى و نەفامیە ، و ئاینى پیرۆزى ئیسلام ئەو جۆرە بیروباوەڕەى بەتاڵ کردۆتەوە، و مانگى (صفر) وەکو هەموو مانگەکانى تر وایە و هیچ خێر و شەڕ و خراپەیەکى پێوە بەند نیە ، و ئینسانى موسڵمان نابێت ئەم جۆرە بیروباوەڕەى هەبێت ، وە دەتوانێت هاوسەرگیرى تێدا بکات یان منداڵەکانى خەتەنە بکات یان سەفەر بکات یان هەرکارێکى تر  .
وە پرسیار کراوە لە [ اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء ] :
بیستومانە کە هەندێک بیروباوەڕ هەیە کە وادەخوازێت کە مانگی (صفر)دروست نیە هاوسەرگیری و خەتەنەکردن و هاوشێوەکانی ئەمەشی تیا ئەنجام بدرێت ؟
لە وەڵامدا فەرمویانە : الحمد لله وحده والصلاة والسلام على رسول الله وبعد:
ئەوەی باس کراوە دەربارەی هاوسەرگیری نەکردن و خەتەنە نەکردن و هاوشێوەی ئەوانە لە مانگی سەفەردا جۆریکە لە ڕەشبینی بەرامبەر بە ئەم مانگە .
وە ڕەشبینی کردن بە مانگەکان یان ڕۆژەکان یان باڵندەکات وە هاوشێوەشی لە ئاژەڵان دروست نیە ، لەبەر ئەو فەرموودەیەی کە ئیمامی بوخاری و مسلم گێڕاویانەتەوە لە ئەبو هوڕەیرەوە کەپێغەمبەری خوا فەرموویەتی : «لا عدوى، ولا طيرة، ولا هامة، ولا صفر»
وە ڕەشبینی کردن بە مانگی (صفر) جۆرێکە لە جۆرەکانی ڕەشبینی کە رێگری لێکراوە ، ئەمەش لەکاری جاهیلەتە کە ئیسلام بەتاڵی کردەوە .
فتاوى اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء (1/451)، برقم (10775)

 

 

سەردان: ٢,٦٦٠ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان