ئەگەر دوو نوێژ پێکەوە جەمع کران لەبەر باران ئایا نوێژە سونەتەکانى پێش و پاش ئەو دوو نوێژەش چۆن دەکرێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر دوو نوێژ پێکەوە جەمع کران لەبەر باران ئایا نوێژە سونەتەکانى پێش و پاش ئەو دوو نوێژەش چۆن دەکرێ؟

گەر کەسێک لەسەفەردا نەبوو و لە شارى خۆیدا بوو نوێژەکانی جەمع کرد لەبەر عوزرێک وەک باران یاخود نەخۆشی یاخود جگە لەم عوزرانە ، ئەوا دەتوانێ نوێژە سونەتە ڕاتبە موئەکەدەکان بکات ، و واجب نی یە لەسەری ؛ چونکە سونەتە نەک فەرز ، جا گەر نوێژی نیوەڕۆ و عەسری جەمع کرد دەتوانێت سونەتی پێش نیوەڕۆ بکات ، پاشان ئەو دوو نوێژە جەمع بکات ، پاشان سونەتی دوای نوێژی نیوەڕۆ بکات لەدوای ئەنجام دانی نوێژی عەسرەوە .
وەگەر نوێژی مەغریب و عیشای جەمع کرد ئەوا لەدوای نوێژەکەوە سونەتی مەغریب و سونەتی عیشا دەکات .
وەئیمامی النووي ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ لە "روضة الطالبين" (1 / 402)دا ، دەڵێت : لە کاتی جەمع کردنی نوێژی عیشا و مەغریب دا نوێژە فەرزەکان دەکات پاشان سونەتی مەغریب دەکات پاشان سونەتی عیشا پاشان سونەتی وتر .

وەپرسیار کراوە لە شێخ محمد بن صالح العثیمین ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ :
ئایا لەکاتی جەمع کردن لەنێوان نوێژەکاندا سونەتە ڕاتبەکانی پێش و پاش نوێژە فەرزەکان دەکرێت وەک نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا ، ئەگەر ئەو سونەتانە دەکرێت ئایا چۆن دەکرێت ؟ لەدوای نوێژە فەرزەکان دەکرێت یاخود لەپێش نوێژە فەرزەکان ؟

لەوەڵامدا فەرمویەتى :
کەسی نەخۆش یاخود گەر خەڵک نوێژیان جەمع کرد لەبەر باران بارین ، نوێژی نیوەڕۆیان دوا خست بۆ عەسر ، چوار ڕکعات سونەتی ڕاتبەی پێش نیوەڕۆ دەکەن پاشان کە لەنوێژی عەسر بوونەوە سونەتەکانی دوای نیوەڕۆ دەکەن . (واتە ئەگەر نوێژى عەسریش پێش خرا بۆ لاى نیوەڕۆ سەرەتا چوار ڕکات سوننەتى پێش نیوەڕۆ دەکرێ پاشان نوێژى نیوەڕۆ دەکرێ پاشان نوێژى عەسریش دەکرێ پاشان سوننەتى دواى نیوەڕۆ دەکرێت )
وەهەروەها نوێژی مەغریب و عیشا جەمع دەکەن پاشان کەتەواو بوون یەکەم جار سونەتی مەغریب دەکەن پاشان سونەتی عیشا دەکەن .
"لقاء الباب المفتوح" (147 / 15) .

وە سەبارەت بە نوێژە سونەتەکان لە کاتى سەفەردا  شێخ محمد بن صالح العثیمین ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ دەفەرموێ : ئەوەی واز لە هەموو نوێژە سوننەتەكان دەهێنێت لە سەفەردا خێر وچاكەیەكی زۆری لەدەست چووە ، چونكە نوێژە سوننەتەكان لە سەفەردا دەمێننەوە ، وەكو شەونوێژ ، و چێشتەنگا ، و تەحیەی مزگەوت ، و سوننەتی دەستنوێژ ، وجگە لەوانەش لە سوننەتەكان ، بەڵام جگە لە سی نوێژ نەبێت كە ئەوانیش : سوننەتی پێش و پاشی نیوەڕۆ ، و مەغریب ، عیشا ، ئەم سێ‌ سوننەتە وازیان لێدەهێنرێت ، و سوننەت ئەوەیە كە لە سەفەردا نەكرێن ، ... .
( لقاء الباب المفتوح [5] محمد بن صالح العثيمين رحمه الله )

سەردان: ٥,٦١٢ بەش: نوێژە سوننەتەکان