خێزانە موسڵمانەکان لە دەرەوەى وڵات چۆن منداڵەکانیان بپارێزن لە لاڕێبوون و لەناوچوون؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
خێزانە موسڵمانەکان لە دەرەوەى وڵات چۆن منداڵەکانیان بپارێزن لە لاڕێبوون و لەناوچوون؟
پرسیار:

ئێمە وەک موسڵمانان لەئەوروپا توشی زەحەمەتێکی زۆر بووینە لەپارێزگاری کردن لەمنداڵەکانمان لەلادان و هەڵدێر لەو کۆمەڵگا داڕوخاوەی ئەوێدا ، جا چەند هەنگاوێکی زانستیمان دەوێت بۆ پارێزگاری کردن لێیان لەهەڵدیر و لەناو چوون . وجزاكم الله خيرا .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەرەتا ئامۆژگاری بەڕێزت و هەموو ئەو موسڵمانانە دەکەین کە لە وڵاتى بێباوەڕانن بە گەڕانەوە بۆ وڵاتی موسڵمانان و بە جێهێشتنی وڵاتی بێباوەڕان، چونكە مانەوە و نیشتەجێبوون (إقامة‌) لە وڵاتی كافران حەرامە بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە
پێغەمبەری خوا فەموویەتی: ((أنا بريء من كل مسلم يقيم بين أظهر المشركين)) [صحيح أبـي داود رقم: (2645)] .
واتە: من بەریم لەو موسڵمانەی كەوا نێشتەجێدەبێت (إقامە دەكات) لە نێوەنی بێباوەڕ و موشریكەكاندا.

سەبارەت بە وەڵامى پرسیارەکەتان و بۆ پارێزگاری کردن لەخێزانی موسڵمان لەوڵاتی بێباوەڕاندا پێویستی بەچەند مەرج و داوا کاریەک هەیە لەناوەووە و دەرەوەی خێزاندا :
أ - لەناوەووەی خێزاندا :
1- پێویستە دایکان و باوکان پارێزگاری بکەن لەنوێژ لەمزگەوتدا ، خۆ ئەگەر مزگەوت لێیانەوە نزیک نەبوو با لەماڵی خۆیاندا نوێژی جەماعەت بکەن .
2- پێویستە ڕۆژانە قورئان بخوێن و گوێی لێ بگرن .
3- پێویستە لەسەر خواردن کۆ ببنەوە لەگەڵ یەکدا .
4- پێویستە ـ پەپێی توانا ـ بە زمانى خۆیان قسە بکەن لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ ئەوەى زمانى خۆیان بیرنەچێتەوە .
5- پێویستە پارێزگاری لەئادابە شەرعیەکانی خێزان و کۆمەڵگا بکەن ئەوانەی کە خوای پەروەردگار لە(سورة النور)دا ڕوونی کردونەتەوە .
6- نابێ ڕێگا بدەن نەبەخۆیان ونەبە خێزان و منداڵەکانیان تەماشای فلیمی خراپ و نەشیاو بکەن .
7- پێویستە دایکان و باوکان تا دەتوانن منداڵەکانیان زۆر لەماڵدا بمێننەوە ، بۆ ئەوەی بپارێزرێن لەکاریگەری ئەو کۆمەڵگایەیی تیادا دەژین ، وڕێگایان نەدات لەدەرەوە بمێننەوە بۆ خەوتن .
8- دوور کەوتنەوە لەناردنی منداڵ بۆ زانکۆ دوورە دەستەکان گەر نا منداڵەکان لەدەس دەدەن .
9- زۆر گرنگى دان و سووربوون لەسەر خواردنی حەڵاڵ و دوور کەونەوە لەو ڕێگا حەرامانەی دەبنە هۆی ڕزق پەیدا کردن کەلەوڵاتی بێباوەڕاندا زۆرە .

ب - لەدەروەی ماڵ
1- پێویستە منداڵ بنێردرێت بۆ قوتابخانە ئیسلامیەکان لەمنداڵیەوە تاوەکو کۆتایی مەڕحەلەی سەرەتایی .
2- هەروەها پێویستە بنێردێن بۆ مزگەوت بەپێی توانا ، بۆ نوێژی هەینی و جەماعەت و ئامادەبوون لەکۆڕەکان کەبۆ بانگ خوازان سازدەکرێت .
3- پێویستە شوێنێک بدۆزرێتەوە کەموسوڵمانان سەرپەرشتی دەکەن کە بابەتی پەروەردە و یاری تێدایە بۆ منداڵان و لاوان .
4- هەروەها سازکردنی کۆڕە پەروەردەییەکان و ئەندامانی خێزان بەگشتی بەشدار بن تیایدا .
5- دایکان و باوکان هەوڵ بدەن بچن بۆ شوێنە پیرۆزەکان بۆ حەج و عەمڕە و منداڵەکانیانیش لەگەڵ خۆیان ببەن .
6- ڕاهێنانی منداڵ لەسەر باس کردنی ئیسلام بەشێوەیەکی سادە کەهەموان لێی تێبگەن باوەڕدار و بێباوەڕ .
7- ڕاهێنانی منداڵ لەسەر لەبەر کردنی قورئان وناردنی هەندێکیان ـ گەر گونجا ـ بۆ وڵاتە ئیسلامیەکان بۆ شارەزا بوون لەئیسلام ، پاشان بگەڕێنەوە و ببن بەبانگخوازێک کەشارەزا بێت لەدین و زمانی قورئان .
8- ڕاهێنانی هەندێ لەمنداڵان لەسەر وتار دانی هەینی ، وپێش نوێژی کردن بۆ موسوڵمانان بۆ ئەوەی ببەنە پێشەوایەک بۆ موسوڵمانانی وڵاتی ئیسلامی کاتێ ڕوو دەکەنە ئەو وڵاتە .
9- هەڵنانی منداڵى تازەپێگەشتوو و بالغ لەسەر زوو زەواج کردن بۆ ئەوەی دین و ڕەوشتیان بپارێزرێ .
10- پێویسته تەشجیع بکرێن لەسەر ماره کردنی ئافرەتانی موسوڵمان و ولەو خێزانانەی کە ناسراون بەدین و ڕەوشت .
11- کار کردن و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نێو خێزان و گەڕانەوە بۆ بانگخوازە ئیسلامیەکان ، یاخود وتار خوێنی مەرکەزە ئیسلامیەکانی ئەو وڵاتە .
12- دوور کەوتنەوە لەئامادە بوون لە حەفلەو ئەو شوێنانەی کەمۆسیقای تێدا لێدەدرێت ، و هەروەها ئامادە نەبوون لەجەژنی بێباوەڕان ، ونەچوون بۆ کەنیسە لەڕۆژی یەکشەمدا لەگەڵ قوتابیە مەسیحیەکان .

تێبینى : شێخ محمد بن صالح العثمين رحمه الله دەفەرموێ :
سەفەركردن بۆ وڵاتی كوفر دروست نیە مەگەر بە سێ مەرج نەبێ:
مەرجی یەكەم : پێویستە ئەو كەسە ئەوەندە زانیاری شەرعی هەبێت كە گومانەكان لە خۆی دوربخاتەوە.
مەرجی دووەم : پێویستە ئەوەندە خاوەن دین و خواناس بێت كە بەرگری لێ بكات لە هەواو ئارەزووەكان.
مەرجی سێ یەم : ئەبێ پێویستی بەو سەفەرە هەبێت.
ئەگەر تەواوی ئەم سێ مەرجانەی تێدا نەبوو ئەوە دروست نیە كە سەفەر بكات بۆ وڵاتی كافران چونكە مەترسی ئەوە هەیە كە توشی فیتنە ببێت لە دینەكەیدا وە هەروەها ماڵێكی زۆر لەدەست دەدات بە خۆڕایی چونكە مرۆڤ لەو سەفەرانە پارە و پولێكی زۆر سەرف دەكات.
بەڵام ئەگەر پێویستی پێی بوو بۆ نموونە بۆ چارەسەر كردن یا بۆ وەرگرتنی زانستێك كە لە وڵاتی خۆیدا نیە وە پێویستە كەسەكە خۆی خاوەن زانست و دین بێ ئەگەر بەم شێوازە بوو ئەوا هیچی تێدا نیە و دروستە.
بەڵام سەفەر كردن بۆ گەشت و گوزار بۆ وڵاتی كوفر ئەمە پێویست نیە،دەتوانێ بڕوات بۆ وڵاتە ئیسلامیەكان چونكە لەو شوێنە پارێزگاری لە دروشمەكانی ئاینی ئیسلام دەكرێت.
بەڵام نیشتەجێ بوون و مانەوە (الإقامە) لە وڵاتی كوفر مەترسیەكی زۆر گەورەی هەیە لە دینی موسڵمان و ڕەوشتی و داب و نەریتی، بینیمان زۆرێك لەو كەسانە كە مانەوە لەو وڵاتانە و پاشان گەڕانەوە بەو شێوازە نەگەڕانەوە كە ڕۆیشتبوون، گەڕانەوە بە فاسقی واتە سنوری خوایان بەزاندبوو،وە هەندێكیان لە دینەكەیان هەڵگەڕانەوە كە هاتنەوە وە لە هەموو دینەكانی تریش خوا بمانپارێزێ، هەتا وایان لێ هات بوون بە كەسێكی بێ باوەڕی تەواو،وە سوكایەتی بە دین و ئەهلی دین دەكەن ئەوانەی پێشوو ئەوانەش كە دوایان كەوتوون، بۆیە پێویستە خۆمان بپارێزین و ئەو مەرجانە لەبەر چاو بگرین كە بەرگریمان لێ دەكات بكەوینە دوای هەواو ئارەزووەكان و بە هیلاكەتدا بچین.

سەردان: ٣,٢٣٠ بەش: پەروەردەى منداڵ