کەسى بە ڕۆژوو گەر خۆری لێ ئاوا بوو بەڵام هیچ شتێکی دەست نەکەوت ڕۆژووەکەی پێ بشکێنێت چی بکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسى بە ڕۆژوو گەر خۆری لێ ئاوا بوو بەڵام هیچ شتێکی دەست نەکەوت ڕۆژووەکەی پێ بشکێنێت چی بکات؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە سوننەتە دواى دڵنیابوون لە خۆر ئاوا بوون پەلە بکرێت لە ڕۆژوو شکاندن ، وە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلّم نوێژی مەغریبی نەدەکرد تاوەکو ڕۆژووەکەی نەشکاندایە تەنانەت بەخواردنەوەی قومێک ئاویش بوایە . رواه الحاكم 1/432 السلسلة الصحيحة 21 .
جا سوننەتە ڕۆژوو بشکێندرێت بەخورمای  تەڕ ، گەر نەبوو بەقەسپ ، گەر نەبوو بەئاو ، (أنس) ى كوڕى (مالك) ەوە رضي الله عنه دەگێڕنەوە دەفەرمووێ: " كَانَ النَّبيُّ يُفْطِرُ عَلَي رَطِابَاتٍ قَبْلَ أنْ يُصَلي، فَإنْ لم يَكُنْ رَطِابَاتٍ، فَتَمْراتٍ، فَإِنْ لم يَكُنْ تَمْرَاتٍ حَسَا حَسَواتٍ مِنْ مَاء " أخرجه أحمد: (3 / 163)، وأبو داود: (2 / 306)، وسنده صحيح.
واتە: پێغەمبەر بەر بانگى دەكرد بە چەند خورمایەكى تەڕ پێش ئەوەى نوێژ بكات، جا ئەگەر خورماى تەڕ نەبووایە، بە هەر خورمایەكى تر بەربانگى دەكرد، بەڵام ئەگەر خورماى هەر دەست نەكەوتبایە چەند قومێك ئاوى دەخواردەوە.
زانای پایەبەرز محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - دەفەرموێ :
ئەگەر کەسێک خورمای شل و قەسپ و ئاوى دەست نەکەوت ئەوا بەهەر خواردن وخواردنەوەیەکی حەڵاڵ دەیشکێنت کە بەدەستی بکەوێت .
وە ئەگەر هەر هیچی دەست نەکەوت بەدڵ نیەتی شکاندنی ڕۆژوەکەی دێنێت و پەنجەی نامژێت هەروەک هەندێ لەکەسانی عەوام ئەو کارە دەکەن .

وە پرسیار کراوە لە زانای پایەبەرز عبدالعزیز بن عبدالله بن باز رحمه الله :
گەر کەسێک خۆری لێ ئاوا بوو بەڵام هیچ شتێکی دەس نەکەوت ڕۆژووەکەی پێ بشکێنێت حوکمی چی یە ؟
لە وەڵامدا فەرمووی :
ڕۆژووەکەی دەشکێت بەئاوا بوونی خۆر ، وهەرکاتێک بۆی گونجا نان دەخوات .

وە پرسیار کراوە لە زانای پایەبەرز عبدالله بن عبدالرحمن بن جبرين - رحمه الله -
کەسێک لەسەفەردایە و بەڕۆژووە و خۆر ئاوا بووە بەڵام هیچ شتێکی دەست ناکەوێت ڕۆژووەکەی پێ بشکێنێت ئایا ئەوەندە بەسە بەنیەت ڕۆژوەکەی بشکێنێت ؟
لەوەڵامدا فەرمووی :
بەڕۆژو بوون لەسەفەردا دروستە ، وباشتره بۆ کەسێک کە توانای هەبێت و توشی ناڕەحەتی نەبێت ، بەڵام گەر توشتی ناڕەحەتی ببێت دروست نی یە بەڕۆژوو بێت ،‌ ئەمە قسەی جمهوری زانایانە؛ چونکە پێغەمبەر بەڕۆژو بوو لە غەزوەی (الفتح)دا ، تاوەکو پێی وترا : خەڵک توشی ناڕەحەتی بوون لەبەر بەڕۆژو بوون ،پێغەمبەر ڕۆژوەکەی شکاندن و فەرمانی پێیان کرد ڕۆژو بشکێنن بۆ ئەوەی بەهێز بن بەرانبەر دوژمن .
وە ئەگەر موسافر ڕۆژوی شکاند ، گەر هیچ ناڕەحەتیەکیش نەبوو ، دروستە ، ئەوەندەی بەسە نیەتی ئەوە بێنێ بەڕۆژو نی یە هەرچەندە خواردن و خواردنەوەشی نەخواردبێت .
جا هەر کەسێک لەکاتی ئاوا بوونی خۆردا بیەوێ ڕۆژو بشکێنێت ، وخورادن و خواردنەوەی دەس نەکەوت ، ئەوەندەی بەسە بەنیەت ڕۆژوەکەی بشکێنێت ، بەڵام باشتر وایە خواردن و خواردنەوە بخوات ؛ چونکە خۆشەویسترین بەندە بەلای خوداوە ئەو کەسەیە کەپەلە دەکات لەڕۆژو شکاندن ، هەروەک لەفەرموودەیەکدا هاتووە : (لا يزال الناس بخير ما عجلوا الفطر) . واتە : بەردەوام خەڵک لەخێردان تاوەکو پەلە بکەن لەڕۆژو شکاندن .

سەردان: ٢,٤٥٦ بەش: بەربانگ