کەسێک چوو بۆ نوێژی جەماعەت سەیری کرد ڕیزەکان پڕ بوونه ئایا بە تەنها بوەستێ یان کەسێک ڕابکێشێتە دواوە بۆ لاى خۆى؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسێک چوو بۆ نوێژی جەماعەت سەیری کرد ڕیزەکان پڕ بوونه ئایا بە تەنها بوەستێ یان کەسێک ڕابکێشێتە دواوە بۆ لاى خۆى؟
پرسیار:

حوکمی نوێژ کردن و ڕاوەستانی کەسێک بەتەنها لەدوای ڕیزەکانی جەماعەتەوە بەشێوەیەک گەر ڕێزەکان پڕ بوون ، ئایا دەوانێت کەسێک لەڕیزی پێشیەوە ڕابکێشێت ؛ بۆ ئەوەی لەگەڵی نوێژەکە تەواو بکات یاخود چ بکات ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

هەر کەسێک لەدوای ڕیزەوە بەتەنها ڕاوەستا و جێگەش هەبوو بچێتە نێو ڕیزەکانەوە ، ئەوا واجبە لەسەری نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە ، وەهەر کەسێک لەدوای ڕیزەوە بەتەنها ڕاوەستا ؛ لەبەر ئەوەى هیچ جێگایەک نەبوو ، و ڕیزەکان پڕ بوو بوون ، ئەوا واجب نی یە لەسەری نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە ؛ چونکە عوزری هەیە ، وە خوای پەروەردگاری فەرموویەتی : ﴿فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ﴾ واتە : گوێڕایەڵی خودا بکەن بەپێی توانا .

پێوێستە لەسەر مرۆڤ کاتێک دەچێت بۆ مزگەوت بچێتە نێو ڕیزەکانەوە ؛ چونکە مەبەست لەجەماعەت کۆ بوونەوەیە لەجێگایەکدا ، وەهەروەها لەکارەکانیاندا کۆک بن و یەک ڕیز بن ، وە یەک کار بکەن بەشێوەیەک لەدوای یەک ئیمامەوە نوێژ بکەن ؛ بەڵام گەر کەسێک چووە مزگەوت و بێنی ڕیزەکان پڕ بوونە ، ئەوا لەو حاڵەتەدا لەنێوان سێ یاخود چوار شتدایە :
1- یان دەبێ کەسێک ڕابکێشێتە دواوە ؛ بۆ ئەوەی نوێژی لەگەڵ بکات .
2- وە یاخود بچێتە پێشەوە بۆ لای ئیمام ؛ بۆ ئەوەی لەلای ڕاستی ئیمامەوە نوێژ بکات .
3- وە یاخود بگەڕێتەوە ، و لەگەڵ جەماعەتدا نوێژ نەکات .
4- وەیاخود بەتەنها نوێژ بکات و موتابەعەی ئیمام بکات .
جا ئێمە دەڵێین :
بەنیسبەت حاڵەتی یەکەمەوە ؛ ئەوەی کەکەسێک ڕابکێشێتە دواوە ؛ بۆ ئەوەی نوێژی لەگەڵ بکات لەدوای ڕیزەکەوە ، ئەو کارە وارد نەبووە و بەڵگەی لەسەر نی یە ؛ و چەند زیانێکی هەیە :
یەکەم : سەرقاڵ کردنی ئەو کەسەی ڕاکێشراوە .
دووەم : زیان گەیاندن بەو کەسە بە گواستنەوەی لەجێگەیەکی ڕێزدار ترەوە بۆ جێگەیەک کە وەک ئەو جێگەیە ڕێزدار نی یە .
سێ یەم : بۆشایی خستنە نێو ئەو ڕیزەوە کەکەسەکەی لێ دەرهێندراوە ، وە بێگومان ئەوەش پێچەوانەی سوننەتە .
چوارەم : عادەتەن کە بۆ شاییەک دروست دەبێت هەموو ڕیزەکە جوڵەی تێ دەکەوێت بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە .
جا ئەو چوار زیانەی ئاماژەمان پێ کرد بەهۆی ڕاکێشانی کەسێکەوە دروست دەبێت کەڕاکێشراوەتە دواوە ؛ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو کەسەدا نوێژ بکات کە هاتووە و کەس نی یە لەگەڵی بووستێت .

وە بەنیسبەت حاڵەتى دووەمەوە کە چوونە پێشەوەیە بۆ لای ئیمام ، بۆ ئەوەی لەلای ڕاستیەوە نوێژ بکات ، بێگومان ئەو کارە پێچەوانەی سوننەتە ؛ چونکە بەنیسبەت ئیمامەوە سوننەت وایە بەتەنها بوەستێت و کەسێکی تری لەگەڵدا نەبێت ، جا گەر کەسێک لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستا بێگومان ئەو سوننەتە لەدەس دەچێت کە وەستانی ئیمامە بەتەنها لەپێشەوە ، وە ئەوەندەی ئێمە بزانین شتی لەو شێوەیە لەپێغەمبەرەوە نەهاتووە ، پاشان کەچووە پێشەوە ، ئەوا ڕەنگە لەنێوان ئەو کەسە و ئیمامدا چەند ڕیزێک هەبێت ، و تەشویشیان بۆ دروست بکات و ئەزیەتیان بدات ، پاشان گەر ئەو چووە پێشەوە بۆ لای ئیمام ، و دوای ئەو کەسێکی تریش هات بۆ نوێژ ، وجێگایەک نەبوو لەنێوان ڕیزەکاندا ، وە بەویشمان گوت پێش کەوە بۆ لای ئیمام ، ئەوا ڕەنگە ڕیزێکی تەواو لەگەڵ ئیمامدا کۆببنەوە ؛ چونکە هەروا خەڵکە و دێت و جێگایەکی دەس ناکەوێت لەڕیزەکاندا ، ئێمەش پێی دەڵێین : بچۆ پێشەوە بۆ لای ئیمام .
و بێگومان ڕوونە کە ئەو کارەش پێچەوانەی سوننەتە .

وە بەنیسبەت حاڵەتی سێیەمەوە ئەوەی کە بچێتەوە و نوێژ لەگەڵ جەماعەتدا نەکات ، ئەم کارەش واز هێنانە لەجەماعەت بەبێ عوزر ، وە بێگومان دروست نی یە بۆ کەسێک توانای هەبێت و دوا کەوێت لەجەماعەت ، یاخود وازی لێ بێنێت بەبێ عوزر .

جا لەئەنجامدا ئەوەی دەمێنێتەوە شێوازی چوارەمە ؛ ئەویش ئەوەیە بەتەنها بووەستێت لەدوای ڕیزەکانەوە و موتابەعەی ئێمامەکە بکات ، لەم حاڵەتەدا خێری جەماعەتی بۆ دەنوسرێت با لەڕێزی جەماعەتیشدا ڕانەوەستابێت بەهۆی عوزرەوە کەئەویش بەهۆی نەمانی جێگایە لەڕیزەکاندا ، جا لەم حاڵەتەدا ئەو وەستانەی لەگەڵ جەماعەتدا لەسەر لادەچێت لەبەر ئەوەی ناتوانێت لەگەڵیان بووەستێت بەهۆی نەمانی جێگاوە لەڕیزەکاندا ، و بێگومان ئەمەش یەک دەگرێتەوە لەگەڵ قاعیدە شەرعیەکە کەلەم ئایەتەدا ئاماژەی بۆ کراوە ﴿فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ﴾ واتە : گوێڕایەڵی خودا بکەن بەپێی توانا .

جا مرۆڤ ئەو کارە ئەنجام دەدات کە لەتوانایدا هەیە و ئەو کارانەش ناکات کە توانای ئەنجام دانی نی یە و پێویستیش نی یە لەسەری لەکاتی بێ تواناییدا ، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە بوترێت :
پێغەمبەر پیاوێکی بینی بەتەنها نوێژی دەکرد لەدوای ڕیزەکانەوە ، و فەرمانی پێ کرد نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە .
وە فەرمووی: (لا صلاة لمنفردٍ خلف الصف)، واتە : نوێژی ئەو کەسە دروست نی یە کە بەتەنها لەدوای ڕیزەوە ڕادەوەستێت .

جا دەڵێن : وەڵامتان چی یە بۆ ئەو دوو فەرموودەیە؟
لەوڵامدا دەڵێین :
بەنیسبەت فەرموودەی یەکەمەوە ، پێغەمبەر پێاوێکی بینی بەتەنها نوێژی دەکرد لەدوای ڕیزەکانەوە ، وفەرمانی پێ کرد نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە...
ئەم قەزیەیە بۆ کەسێکی دیاری کراو هاتووە ، وە ڕەنگە ئەو کەسە توانیبێتی بچێتە نێو ڕیزەکانەوە ، بەڵام کەم تەرخەم بوبێت ، و بەتەنها لەدواوە ڕاوەستابێت ، وەمەعلومە گەر مرۆڤ توانای هەبوو داخلی ڕیزەکان ببێت ، و لەهەمان کاتدا داخل نەبێت و بەتەنها بووەستێت ، ئەوا واجبە لەسەری نوێژەکەی دووباره بکاتەوە ؛ وە ڕیز بوون و ڕیز بەستن واجبە .
وەبەنیسبەت ئەو فەرموودەیەیی تری : ( لا صلاة لمنفردٍ خلف الصف).
واتە : نوێژی بۆ نی یە ئەو کەسەی بەتەنها ڕادەوەسێت لەدواوە .
زانایان ناکۆکن دەربارەی ئەو نەفییەی کە لەفەرموودەکەدا هاتووە (لا صلاة...) کە ئایا نەفی کەمالە و یاخود نەفی سیحەت و دروستی یە ؟
یەکەم :
مەزهەبی هەر یەک ئیمامی ( مالك والشافعي وأبو حنيفة ) ئەوەیە کە ئەو نەفیە نەفی کەمالە نەک نەفی سیحەت و دروستی یەتی (واتە نوێژەکەى کامڵ نیە نەک بەتاڵ بێ و دروست نەبێ)، و لەئیمام ئەحمەدیشەوە ڕیوایەتێک هەیە کەهەمان بۆچوونی هەبووە ، هەر بۆیە لەسەر ئەم بنامەیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە سێ مەزهەب و بەشێک لە مەزهەبی ئیمام ئەحمەدیش پێیان وایە :
کەئەو نەفی یە نەفی کەمالە نەک نەفی سیحەت و دروستی یەتی ؛ چونکە ئەسڵ لەنەفی کردن نەفی کردنی وجودی شتەکەیه ، خۆ ئەگەر شتەکە هەبوو و مەوجوود بوو ، ئەوا حەمل دەکرێتە سەر نەفی سیحەت و دروستی یەتی کە بریتی یە لەوەی نەفی شتەکە دەکرێت بەوەی ئەو شتە لەشەرعدا هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت و شەرعەن وەک نەبوو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ، جا ئەگەر ئەمەش نەکرا لەبەر ئەوەی بەڵگە وادەخوازێت کە حەمل بکرێتە سەر نەفی کەمال ، ئەوا لەو کاتەدا مانای ئەو فەرمایشتەی پێغەمبەر : (لا صلاة لمنفردٍ خلف الصف).
واتە : نوێژی بۆ نی یە ئەو کەسەی بەتەنها ڕادەوەسێت لەدواوە .
ئەوە دەگەیەنێ کە ئەو نەفی یە نەفی سیحەت نی یە بەڵام بەڵگەیە لەسەر واجبی ڕاوەستانی لەڕیزی جەماعەتدا ، خۆ ئەگەر ئەو کارە نەکات ،ئەوا نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ؛ بەڵام واجب بوون بەستراوەتەوە بە تواناوە ، و ڕوونە لەم حاڵەتەدا توانای نییە بچێتە نێو ڕیزەکانەوە ؛ چونکە ڕیزەکان تەواو بوون و جێگا نەماوە ، بۆیە ئەو واجبەی لەسەر لادەچێت ، وەئەم بۆچوونەی کە بەڵگەکان پاڵ پشتی لێ دەکەن ، بۆچونی (شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله وشيخنا عبد الرحمن بن سعدي رحمه الله) ە و هەمان بۆچوونیان هەیە .

وە بۆچوونی دووەم پێی وایە :
نوێژ کردن و ڕاوەستان بەتەنها لەدوای ڕیزەوە دروست نی یە گەر لەبەر عوزریش بێت .

وە بۆچوونی سێ یەم وا بۆی دەچن :
نوێژ کردن و ڕاوەستان بەتەنها لەدوای ڕیزەوە دروستە گەر هیچ عوزرێکشی نەبێت .

جا بێگومان زۆر جار کەزانایان دوو بۆچونی دژ بەیەکیان دەبێت لەبابەتێکدا ، ئەوا بۆچوونی وەسەت لەنێوان ئەو دوو بۆچوونە دژ بەیەکەدا تەواو و حەقە ؛ چونکە بەڵگە هەردوو لا وەردەگرێت و دیراسەی دەکات .

جا کورتەی وەڵامەکە ئەوەیە :
هەر کەسێک لەدوای ڕیزەوە بەتەنها ڕاوەستا بەبێ عوزر ، ئەوا واجبە لەسەری نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە ، وەهەر کەسێک لەدوای ڕیزەوە بەتەنها ڕاوەستا ؛ لەبەر هەبوونی عوزر ، ئەوا واجب نی یە لەسەری نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە و دووبارەی ناکاتەوە ؛ چونکە عوزری هەیە ، وە خوای پەروەردگاری فەرموویەتی : ﴿فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ
واتە : گوێڕایەڵی خودا بکەن بەپێی توانا .
وەهەروەها فەرموویەتی : ﴿لايكلف الله نفساً إلا وسعها﴾.
واتە : خودا فەرمان بەهیچ کەسێک ناکات بەئەنجام دانی کارێک مەگەر لەتوانایدا بێت .

وەڵامى زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -

سەردان: ٣,٤١٣ بەش: نوێژى جەماعەت