ئایا ڕاستە گەر شتێک وون بکەیت و سورەتى (الضحى ) بخوێنی دەیدۆزیتەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ڕاستە گەر شتێک وون بکەیت و سورەتى (الضحى ) بخوێنی دەیدۆزیتەوە؟
پرسیار:

لەم ماوەیەیی دوایدا دیاردەیەک بڵاو بۆتەوە ، کەهەر کاتێک شتێک ون ببێت ، ئەوا سورەتی ( الضحى ) دەخوێنرێت و بەئیزنی خوا ئەو شتە دەدۆزرێتەوە ، بەهۆی ئەو ئایەتە پیرۆزەوە : (ولسوف يعطيك ربك فترضى) . واتە : لەداهاتوودا خودا شتێکت پێ دەبەخشێت کە ڕازی دەبیت .
وە حەتمەن پێغەمبەر کاری وای نەکردووە ، ئایا چۆن وەڵامی ئەو کەسانە بدەینەوە کە ئەو پۆچوونەیان هەیە ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

 بێگومان تایبەت کردنی سورەتی ( الضحى ) بەکاتی ون بوونی شتێک جۆرێکە لەو بیدعانەی کە داهێنراوە و دروست نیە بۆ موسڵمان لەکاتى ونبونى شتێکدا ئەم سورەتە بخوێنێ چونکە ئەم کارە هیچ بەڵگەیەکى لەسەر نیە و بیدعەیە .

خوای پەروەردگار دینی بۆ تەواو و کامڵ کردووین ، هەروەک فەرموویەتی : (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا) المائدة/3 .
واتە : ئا ئەم ئەمڕۆ دینەکەتانم بۆ کامڵ کرد ، و نیعمەتی خۆمم بۆ تەواو کردن ، وەڕازیم ئیسلام دینتان بێت .

وە پێغەمبەر بەتەواوی دینی پێی ڕاگەیاندووین ، هیچ پێویستمان بەکەس نی یە بێت شتێکمان بۆ زیاد بکات .

جا هەر کەسێک شتێک زیاد بکات بۆ ئەو دینەی خودا بۆی داناوین ، ئەوا لەدوو حاڵەت بەدەر نی یە :
یان ئەوەیە ئەو کەسە باوەڕی بەوە نی یە دین کامڵ بوبێت ، وە یاخود ئیتهامی پێغەمبەر دەکات بەوەی کە دینی بەکامڵی پێ ڕانەگەیاندووین .

هەر بۆیە ئیمامی الشاطبي رحمه الله دەڵێت :
شەریعەتی ئیسلام بەتەواوی و کامڵی هاتووە هیچ زیاد کردن و کەم کردنێک قەبووڵ ناکات ؛ چونکە خوای پەروەردگار دەربارەی دین فەرموویەتی : (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا) .
وە لەپێغەمەرەوە سابت بووە کە وەفاتی نەکردووە تاوەکو هەموو ئەو شتانەی ڕوون کردۆتەوە کەمرۆڤەکان پێویستیان پێیەتی لەبابەتی دینی و دونیایی ، وەئەهلی سوننە هیچ جیاوازیەکیان لەنێواندا نی یە لەم بارەیەوە .

جا گەر وابێت کەواتە کەسی موبتەدیع بەزمانی حاڵ یاخود مەقال دەڵێت :
شەریعەتی ئیسلام کامڵ نەبووە ، وەهەندێ شتی ماوە کە واجبە ، یاخود سوننەتە و پێویستە ئەنجام بدرێت ؛ چونکە گەر ئەو کەسە باوەڕی وا بوایە دین کامل و تەواوە لەهەموو ڕووەکانەوە ، ئەوا هیچ شتێکی دا نەدەهێنا ، وبێگومان هەر کەسێک باوەڕی وابێت دین کامڵ نەبووە گومڕایە و لایداوە لەڕێگای ڕاست .

ئیمامی مالک دەفەرموێ : (من ابتدع في الإسلام بدعة يراها حسنة فقد زعم أن محمدا خان الرسالة ؛ لأن الله يقول : (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ) فما لم يكن يومئذ دينا فلا يكون اليوم دينا") انتهى . "الاعتصام" (ص 33) .
واتە : هەر کەسێک بیدعەیەک لەئیسلامدا دابێنێت و بەچاکی بزانێت ، ئەوا بەتەئکید وایداناوە پێغەمبەر خیانەتی لە پەیامەکەی کردووە و وەک پێویست نەیگەیاندووە ؛ چونکە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ)واتە : ئائەم ئەمڕۆ دینەکەتانم بۆ کامڵ کرد .
جا ئەو شتەی لەسەردەمی پێغەمبەردا دین نەبوبێت لەم سەردەمەشدا نابێ بەدین .

وە الشيخ بكر أبو زيد رحمه الله دەڵێت :
هەندێ لەبیدعەکان بریتین لە : تایبەت کردنی کاتێک بەعیبادەتێکەوە بەبێ بەڵگە ، وەک خوێندنی ئایەتێک ، یاخود سوڕەتێک لەکاتێک دیار کراو ، یاخود شوێنێکی دیاری کراودا ، یاخود داوا کردنی پێویستیەک لەپێویستیەکان لەکاتێکی دیار کراو ، یاخود شوێنێکی دیاری کراودا.

وە یەکێکی تر لەبیدعەکان :
- خوێندنی سوڕەتی فاتیحا بەنیەتی جێ بەجێ بوونی پێویستیەکان و ڕزگار بوونە لەغەم و خەفەت .
- خوێندنی سوڕەتی يس بۆ ماوەی چل ڕۆژ بەنیەتی جێ بەجێ بوونی پێویستیەکان .
" بدع القراءة " (ص/14-15) .

جا بێگومان تایبەت کردنی سورەتی ( الضحى ) بەکاتی ون بوونی شتێک جۆرێکە لەو بیدعانەی کە داهێنراوە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە وەک پێویست ڕێزی پێغەمبەری خوا ناگرن .
گەر نا ... ئەو کەسانە گەر ڕێزی پێغەمبەریان بگردایە بەهیچ شێوەیەک شتێکیان زیاد نەدەکرد بۆ ئەو شەرعەی کەهێناویەتی .
نسأل الله تعالى أن يجعلنا من المتمسكين بهدي النبي وهدي أصحابه .
والله أعلم

سەردان: ٣,٦٥٠ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان