حوکم و ئادابەکانی مەسح کردن لەسەر (خوف) و (گۆرەوی) چۆنە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکم و ئادابەکانی مەسح کردن لەسەر (خوف) و (گۆرەوی) چۆنە؟

ئەحکامەکانی مەسح کردن لەسەر (خوف و گۆرەوی)
مەبەست لە (خوف) هەموو ئەو شتانەیە کەلەپێ دەکرێن وە لەجلد دروست کراوە ، وە مەبەست لە گۆرەوی : ئەو شتانەیە کە لە صوف و هاوشێوەکانی دروست دەکرێت .

حوکمی مەسح کردن لەسەر (خوف) :
مەسح کردن لەسەر (خوف و گۆرەوی) سوننەتە و لەپێغەمبەرەوە هاتووه ، جا هەر کەسێک لەکاتێک دەس نوێژ گرتندا گۆرەوی لەپێ بوو ، ئەوا باشتر وایە ، داینەکەنێت و مەسحی لەسەر بکات ، بەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەیی کە موغیڕەی کوڕی شوعبە گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : پێغەمبەر دەس نوێژی گرت ، منیش چەمیمەوە بۆ ئەوەی خوفەکەی بۆ داکەنم ، فەرمووی : ( دعهما فٳني ٲدخلتهما طاهرتين ) [ البخاري : ۲۰٦] .
واته : لێیان گەڕێ من بەدەس نوێژەوە لەپێم کردوون .

مەرجەکانی مەسح کردن لەسەر (خوف و گۆرەوی) :
1- دەبێ (خوف و گۆرەوی)یەکەی بەدەس نوێژەوە لەپێی کردبێت .
2- پێویست(خوف و گۆرەوی)یەکە ، پاک بن ، گەر پیس بن دروست نی یە مەسحیان لەسەر بکرێت .
3- پێویستە مەسحەکە بۆ شکانی دەس نوێژ بکرێت ، نەک بۆ لەش گرانی و کاتی پاک بوونەوە لەسوڕی مانگانە .
4- پێویستە مەسحەکە لەماوەی ڕێ پێ دراودا بێت ، کە شەو و ڕۆژێکە بۆ کەسێکە کەلەماڵە ، و سێ شەو ڕۆژە بۆ کەسێک کەلەسەفەردا بێت .

مەسح چ کاتێک دەس پێ دەکات ؟
لەکاتی یەکەم مەسحەوە دەس پێ دەکات ، واتە : بۆ نموونە گەر کەسێک نیوەڕۆ دەس نوێژی گرت پاشان دەس نوێژەکەی شکا و لەکاتی نوێژی عەسردا مەسحی لەسەر (خوف یاخود گۆرەوی)یەکەی کرد ، ئەوا تاوەکو عەسری ڕۆژی داهاتوو دەتوانێ مەسحی لەسەر بکات ، ئەمە بەنیسبەت کەسێکەوە کەلەسەفەردا نەبێت و لەماڵ بێت ، بەڵام بۆ کەسێک کە لەسەفەردایە دەتوانێت سێ ڕۆژ مەسحی لەسەر بکات .

چەند بابەتێک لەبارەی مەسح کردنەوە :
1- بۆ چوونی ڕاستی زانایان ئەوەیە :
دروسته مەسح کردن لەسەر (خوف)و گۆرەوی دڕاو ویاخود تەنک بەمەرجێک : داپۆشەری پێ بێت و بتوانرێت لەسەریان ڕێ بکرێت .
2- گەر کەسێک لەماڵدا مەسحی کرد پاشان سەفەری کرد ، ئەوا حوکمی موسافری هەیە و دەتوانێت تا سێ ڕۆژ مەسح بکات ، با سەرەتای مەسحەکەی لەماڵیشەوە دەستی پێ کردبێت .
3- گەر کەسێک لەسەفەردا مەسحی کرد پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵ ، ئەوا حوکمی کەسێکی هەیە کەلەماڵدایە و نابێ زیاتر لەشەو و ڕژێک مەسح بکات و مەسحی سەفەرەکەی هەڵدەوەشێتەوە گەر مودەی مابوو .
4- گەر گۆرەویەکی ، یاخود خوفێکی لەپێ کرد پاشان دەس نوێژەکەی شکا پاشان دانەیەکی تری لەسەر ئەوانەی پێشوەوە لەپێ کرد ، ئەوا هەر حساب بۆ گۆرەوی ژێرەوە دەکرێت و ئەوەی دووەم هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت .

چۆنیەتی مسح کردن لەسەر (خوف یاخود گۆرەوی) :
ئیمامی بەیهەقی لەموغیڕەی کوڕی شوعبەوە گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : بەدەستی ڕاستی مەسحی لەسەر پێی ڕاستی دەکرد و پەنجەکانی دەکردەوە و وەهەروەها بەدەستی چەپی مەسحی لەسەر پێی چەپی دەکرد ، جا لەیەک کاتدا بەهەردوو دەستی مەسحی پێی ڕاست و چەپی دەکات (پێی ڕاست بەدەستی ڕاست) و (پێی چەپ بەدەستی چەپ) هەروەک گوێیەکان چۆن لەیەک کاتدا مەسح دەکرێن ، ئائەمە زاهری سوننەتی پێغەمبەرە .

سەردان: ٩,٠١٦ بەش: مەسح کردن لەسەر گۆرەوى و خوف