حوکمى کڕینی بوکەڵە و ئەو شتانەى کە لەسەر شێوەى مرۆڤ یان حەیوانات دروست کراون بۆ منداڵان چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى کڕینی بوکەڵە و ئەو شتانەى کە لەسەر شێوەى مرۆڤ یان حەیوانات دروست کراون بۆ منداڵان چیە؟

زانایان جیاوازن لەبارەی ئەم بابەتەوە ، هەندێکیان بەدروستی دەزانن چونکە ڕێزیان لێ ناگیرێت و دڵ خۆشکەری منداڵانن ، وڕاهێنانی کچانە لەسەر بەخێو کردن و تەربیەت دانی منداڵ ، بەڵگەشیان ئەو فەرموودە سەحیحەیە کە لە عائشة رضي الله عنها گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : چەند بوکەلەیەکی هەبووە ، وکچان دەهاتن بۆلای و یاریان لەگەڵی دەکرد و پێغەمبەری خواش ئینکاری لێ نەدەکردن .
وە هەندێکی تر لەزانایان دەڵێن : نابێ و دروست نی یە و دەبێ ڕێگری لەم جۆرە شتانە بکرێت ودەڵێن : ئەو بوکەڵانەی کەلای عائشە هەیکەلیان نەبوو ، بەڵکو لەئێسقان و دار دروست دەکران و جل دەکرایە بەریان وەک ڕەسمێک دەردەکەوتن نەک خۆیان بزەبت لەسەر شێوەی مرۆڤ و حەیوانات بن و هەیکەلیان هەبێت ، بۆیە باشتر وایە وازی لێ بهێندرێ و کەسی باوەڕدار لێیان دوور کەوێتەوە لەبەر ئەو فەرموودە صەحیحانەی کەلەعنەتیان کردووە لەو جۆرە شتانە و زۆر توندن تیایدا ، پێغەمبەر کاتێ چووە ژوورەکەی عائشەوە و پەردەیەکی بینی وێنەی تێدا بوو تووڕە بوو و پەردەکەی دڕاند ، و فەرمووی :
خاوەنی ئەم وێنانە لەڕۆژی دواییدا سزا دەدرێن و پێیان دەوترێت : ئەو شتانە زیندو بکەنەوە کەدروستتان کردبوو .

وەهەروەها بەعەلی کوڕی ئەبو تالیبی فەرموو : هیچ وێنەیەک مەهێڵە و هەمووی بسڕەوە .
جا کەسی باوەڕدار لەو شتانە دوور دەکەوێتەوە کە خودا ڕێگری لێ کردووە ، وئەم شتانەی پێی دەوترێت یاری ترسی ئەوەی لێ دەکرێت بەر ئەو فەرموودانە بکەوێت ، بۆیە باشتر وایە باوەڕدار لێیان دوور کەوێتەوە ، بەڵام بڵێی بەدڵنیاییەوە حەرامە ئەوا ئەو قسەیە جێی تێڕامانە و مشت و مڕە ، وبێگومان کەمترین شت ئەوەیە ئەم بابەتە لەو بابەتانەیە کە شوبهەی حەرامێتی لێ دەکرێت ، و مەعلومە کە پێغەمبەریش عليه الصلاة والسلام فەرموویەتی : ( دع ما يريبك إلى ما لا يريبك ) ، واتە : لەو شتانە دوور کەوەرەوە کە گومانت لێی هەیە و ئەو کارانە بکە کەجێی گومان نین .
وەهەروەها فەرموویەتی: ( من اتقى الشبهات فقد استبرأ لدينه وعرضه )، واتە : هەر کەسێک لەو شتانە دوور کەوێتە کە گومانی لەسەرە ئەوا دین و عیڕزی خۆی پاراستووە .
نسأل الله للجميع التوفيق والهداية.

وەڵامى زانای پایەبەرز عبدالعزیز بن عبدالله بن باز - رحمه الله 

 

سەردان: ٤,١٠٥ بەش: پەروەردەى منداڵ