هەر كە خۆر ئاوابوو من ڕۆژووەكەم دەشكێنم بێ ئەوەى بانگى دابێت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
هەر كە خۆر ئاوابوو من ڕۆژووەكەم دەشكێنم بێ ئەوەى بانگى دابێت
پرسیار:

من كتێبى چۆنێتى پارشێوو بەربانگ كردنەوەم خوێندەوە كاتێك كە بانگ دەدات من ڕۆژووەكەم شكاندووە چونكە ئەو بانگە وەكو ئەحتیاط دەوترێت بۆ مەبەستى دڵنیاى. ئەو كتێبە باسى لە چۆنێتى دەركەوتنى فەجر دەكرد بۆیە منیش بۆ جێ بەجێ كردن و زیندووكردنەوەى سوننەتى پێغەمبەرى خوا ()هەر كە خۆر ئاوابوو من ڕۆژووەكەم دەشكێنم بێ ئەوەى بانگى دابێت،یان زۆر كات بانگى بەیانى فەرمووە من دواى ئەوەش هەر شت ئەخۆم چونكە جارێ هەر دنیا زۆر تاریكە و خەتى ڕەش و سپى لەیەك جیاناكەیتەوە بۆیە ماڵەوەمان سەر زەنشتم ئەكەن لەسەر ئەم كارەم و پێم ئەڵێن تۆ ڕۆژووەكانت قەبوڵ نیە ئایا ئەو كارانەى كە لەسەرەوە باسم كردووە من ئەیكەم دروستە یان نا خوا بتان خاتە ژێر سایە و بەزەیى و ڕەحمەتى خۆیى یەوە.

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
كتێبى ناوبراو كتێبێكى متمتنە پێكراو و بە سوودە، إن شاء الله تعالى.
وە سەبارەت بە شكاندنى ڕۆژوو هیچ پەیوەست نیە بە بانگەوە، بەڵكو پەیوەستە بە خۆر ئاوا بوونەوە، جا ئەگەر تۆ دڵنیا بیت لەوەى كە خۆر ئاوا بوو بێت ئەوا لە سەر سوننەتى پێغەمبەرى خوایت ()، هەروەكو لە سوننەتدا هاتووە:
لە (عمر)ى كوڕى (الخطاب) ەوە رضي الله عنه دەگێڕنەوە فەرموویەتى: پێغەمبەرى خوا () فەرموویەتى: إذَا أقْبَلَ الليلُ مِنْ هَاهُنَا، وأَدْبَرَ النَّهارُ مِنْ هَاهُنَا، وَغَرَبَت الشَّمسُ: فَقَدْ أَفْطَرَ الصَّائِمُ (أخرجه البخاري: (4 / 171) رقم: (1954)، ومسلم رقم: (1100)).
واتە: ئەگەر شەو لێرەوە دەركەوت و ڕۆژیش لە ئێرەوە پشتى لێ هەڵكردین و خۆریش ئاوا بوو: ئەوا ڕۆژووەكەتان بشكێنن.
ئەم فەرمانەى پێغەمبەرى خوایش () یەكسەر پاش ئاوا بوونى بازنەى خۆر دەبێت بەجێ بهێنرێت با ڕووناكى یەكەیشى هەندێ مابێ یان بانگ نەدرا بێت، چونكە یەكێكە لە سوننەتەكانى پێغەمبەر () ئەوە بوو كاتێك بە ڕۆژوو دەبوو فەرمانى بەیەكێك لە صەحابە دەكرد كە بچێتە سەر شتێك و لە كاتى دیار نەمانى بازنەى خۆر دەیفەرموو: خۆر ئاوا بوو، پێغەمبەریش () ڕۆژووەكەى دەشكاند(أخرجه الحاكم: (1/434)، وابن خزيمة رقم: (2061)، وصححه الحاكم على شرط الشيخين).
وە هەندێك لە خەڵك وا گومان دەبەن كەوا شەو نایەتەدى بە خۆر ئاوا بوون، بەڵكو ئەو كاتە بە شەو دادەنێن كە تاریكى بڵاو دەبێتەوە بە لاى ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاواوە، وە ئەم گومانەیش ڕوویداوە بۆ هەندێك لە هاوەڵانى پێغەمبەر ()، وە بەڵام تێگەیەنرا كەوا خۆر ئاوا بوونى خۆر بەسە بۆ هاتنى شەو كە سەرەتاى تاریكى لە بەرەى ڕۆژهەڵاتەوە دەركەوێت دواى نەمانى بازنەى خۆر یەكسەر.
لە (عبد الله)ى كوڕى (أبي أوفى) ەوە رضي الله عنه دەگێڕنەوە فەرمووى: لە سەفەرێكا لە گەڵ پێغەمبەرى خوادا بوون ()، وە بە ڕۆژوو بووین لە مانگى ڕەمەزاندا، كاتێك خۆر ئاوا بوو فەرمووى: ئەى فڵان، وە لە ڕیوایەتى ئیمامى (أبو داود) دا: ئەى بلال هەستە ئاومان بەرێ، ئەویش فەرمووى: ئەى پێغەمبەرى خوا ئەگەر چاوەڕێ بكەى شەوت بەسەردا بێت لە ڕیوایەتى ئیمامى (البخاري) دا: لَو انْتَظَرْتَ حَتَى تُمْسِي ، وە لە ڕیوایەتێكى تردا:... الشَّمسَ...، پاشان فەرمووى: دابەزە ئاومان بەرێ، ئەویش فەرمووى هێشتا ڕۆژت بەسەرەوەیە ! فەرمووى: دابەزە ئاومان بەرێ، پاش جارى سآیەم دابەزى و ئاوى پێدان و پێغەمبەریش خواردیەوە و فەرمووى: ئەگەر یەكێك بیەوێ بەسەر ووشترەكەیەوە بیبینێ ئەوا دەیبینێ ـ واتە: خۆر دەبینێ ـ پاشان ئاماژەى كرد وە لە ڕیوایەتى ئیمامى (البخاری) دا: بە دەستى ئاماژەى كرد، وە لە ڕیوایەتى (البخاری و مسلم) دا: بە پەنجە ئاماژەى بۆ بەرەى ڕۆژ ئاوا كرد، پاشان فەرمووى: إِذَا رأَيْتَ الليلَ قَدْ أقبَلَ مِنْ هَاهُنَا فَقَد أفْطَرَ الصَّائِمُ (أخرجه البخاري: (4 / 199) رقم: (1955)، ومسلم رقم: (1101)، واحمد: (4 / 381)، وأبو داود رقم: (2352). والزيادة الأولى لمسلم رقم: (1101). والثانية لعبد الرزاق: (4 / 226)).
واتە: ئەگەر بینیت شەو لە بەرەى ڕۆژئاواوە هەڵهات ئەوا با ڕۆژووان ڕۆژووەكەى بشكێنێت. ئەوەشمان پێگەیشتووە كە هاوەڵانى پێغەمبەر () شوێنى ووتەى پێغەمبەر () كەوتوون بۆیە كردەوەیان جووت بووە لە گەڵ ووتەكانى پێغەمبەر () بۆ نموونە: (أبو سعيد الخدري) پاش ئاوا بوونى بازنەى خۆر ڕۆژووەكەى دەشكاند (علقه البخاري: (4 / 196)، ووصله ابن أبي شيبة في (المصنف): (3 / 12)، وسعيد بن منصور كما في (الفتح): (4 / 196) و (عمدة القاري): (9 / 130) وانظر: (تغليق التعليق): (3 / 195)).
وە سەبارەت بەوەى كە بانگى بەیانیان پێش كاتى خۆى دەكرێت، بە واتایەكى تر پێش دەركەوتنى فەجرى ڕاستگۆ دەدرێت ڕاستە، بۆیە پێویستە لە سەر هەموو موسڵمانێك خەمى نوێژەكەى خۆى هەبێت، و تاكاتى دڵنیا بوون لە دەركەوتنى فەجرى ڕاستگۆ نوێژەكەى ئەنجام نەدات و دواى بخات، وە ئەگەر دڵنیا بووین لەوەى كە بانگەكە لە كاتى خۆى پێش دەخرێت، موسڵمان دەتووانێت با بانگیشى دابێت هەر خواردن بخوات، بخواتەوە تا كاتى دڵنیا بوون لە دەركەوتنى فەجرى ڕاستگۆ، هەروەكو خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [وَكُلُواْ وَاشْرَبُواْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ] ، واتە: بخۆن و بخۆنەوە تا سپیایی ڕۆژتان بۆ لە تاریكى شەو ڕوون دەبێتەوە، كە بە داخەوە لە كوردستانى خۆمان نزیكەى بیست دەقیقە پێش خراوە بە چەندەها بیانووى پڕ و پووچ كە هەر هەمووى دووریە لە سوننەتى پێغەمبەر ()، كە پێویستە لە من و تۆ هەوڵى زیندووكردنەوەى بدەین، بەڵكو ببین بە زیندووكەرەوانى سوننەت... خواى پەروەردگاریش زاناترە.
وە سەبارەت بە سەرزنشت كردنى خێزان و ئەندامانى خێزانى بەڕێزت بۆ تۆ ئەو كارەیان شتێكى ناشایستەیە و فەتوا دانە بە بێ زانست، حەق وایە كە دەست خۆشیت لێ بكەن و پشتیوانت بن لە زیندووكردنەوەى ئەو سونەتانەى كە باست لێوە كردن، وە ئەوەش بزانە تۆ لە سەر سوننەتیت و كردەوەكانیشت تێر و تەسەلترن، بە پشتیوانى خواى پەروەردگار...
بەڵام ئامۆژگارى تۆش دەكەم بەوەى كە ئارام گرتر بیت، و زیاتر بە زمانێكى شرینتر لە گەڵیاندا بدوێت، چونكە ڕەگە ئەگەر بە جوانى و بە بەڵگەوە ئەو كارەیان بۆ ڕوون بكەیتەوە، باشتر وەرى بگرن و ببن بە پشتیوانت لە زیندوو كردنەوەى ئەو سوننەتانە، تۆش نابێت بە شێوەیەك لە گەڵیاندا بجوولێیتەوە كە دڵیان بڕەنجێنیت، بۆ ئەوەى بۆ سوننەتێك تاوانێكت تووش نەبێت، یان چەندەها واجب لە دەست نەدەى... خواى پەروەردگاریش زاناترە و هەر ئەویشە پشتیوانى هەمووان.
لە كۆتایشدا ئامۆژگارى تۆى بەڕێز و خێزانى بەختەوەرت دەكەم كە كتێبى (چۆنێتى ڕۆژووى پێغەمبەرى خوا لە ڕەمەزاندا) بخوێننەوە، چونكە ئەو باسانەى تێدایە بە بەڵگەى قورئان و سوننەتەوە.
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وه وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,٩٦٢ بەش: بەربانگ