شت ومەك دانێت بۆ فرۆشتن و بە زیاد لە نرخى باو: ماڵپەڕی وەڵامەکان
شت ومەك دانێت بۆ فرۆشتن و بە زیاد لە نرخى باو
پرسیار:

پرسیار كرا لە شێخى ئسلام (ابن تيمية) ـ ڕەحمەتى خواى لێبێت ـ دەربارەى كەسێك شت ومەك دانێت بۆ فرۆشتن و بە زیاد لە نرخى باو (معتاد) بیفرۆشێت، هەندێ جار كڕیار نرخى ئەو شتە نازانێت ئایا ڕەفتارەكەى دروستە یا نا ؟

لە وەڵامدا دەفەرمێت:

ئەگەر هاتوو كڕیار نەزان بوو بە نرخى ئەو شتە دروست نيیە بۆ فرۆشیار دەستى ببڕێت و لە نرخى باو زیاترى لێ بسێنێت، بەڵكو (واجب)ە لە سەرى بە نرخى بازاڕ یان نزیك لەو نرخە پێى بفرۆشێت، وە ئەگەر فیڵى لێكرد و دەستى بڕىو زۆرى لێ سەند، كڕیار دەتوانێت ئەو مامەڵەیە هەڵوەشێنێتەوە یان بەردەوامى بكات، لە حەدیسدا ڕیوایەت كراوە: ((غبن المسترسل ربا)) (ضعفه العلامة الألبانـي في "سلسلة الأحاديث الضعيفة رقم: (668)، وقال باطل، وضعفه في: (ضعيف الـجامع) رقم: (3908)، واتە: دەستبڕینى نەزان بە نرخى شت ڕیبایە، وە سەلمێنراوە لە كتێبە صەحیحەكاندا كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم): ((نـهى عن تلقي الـجلب حتى يهبط به السوق)) (صحيح سنن أبـي داود) رقم: (3437)، و(صحيح الـجامع الصغير) رقم: (6945)، واته : نەهى كردووە لە بە پیرەوە چوونى شتى هێنراو تا دادەبەزێتە بازاڕ، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) مافى هەڵبژاردنى داوەتە فرۆشیار كە هاتە بازار بەردەوام بێت لە فرۆشتنەكەى یان پەشیمان بێتەوە، چونكە فرۆشیار پێش ئەوەى بێتە بازاڕ لەوانەیە نەزان بێت بە نرخى كەلوپەلەكەى بۆیە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) نەهى كردووە كە كڕیار دەچێتە دەرەوەى شار شت لە فرۆشیار بكڕیت لەبەر ئەوەى فێڵ و خەڵتاندن و درۆى تێدا دەكرێت و مافى پەشیمان بوونەوەى بۆ سەلماندووە كاتێك حەقیقەتى بۆ ئاشكرا بوو، كەوا بوو هەموو كەسێك نەزان بوو بە نرخى شتومەك دروست نيیە فێڵى لێ بكرێت و درۆى لە گەڵدا بكرێت. وەك كەسێك شتومەك دابنێت و نرخێكى زۆرى لەسەر دابنێت كە ئەونرخە باو نەبێت بۆ ئەوەى كڕیار نرخێكى لەوە كەمترى پێ بدات، بەڵكو دەبێت بە نرخى بازاڕ پێى بفرۆشێت، والله أعلم) (بڕوانە: (مجموع الفتاوى): (29 / 359)).

تێبینى: ئەم پرسیار و وەڵامە لە گۆڤارى ڕێگاى ڕاست لەگۆشەى (وەڵامى شەرعى بۆ پرسیارى خوێنەران بڵاوكراوەتەوە). لە ئامادەكردنى بەڕێز مامۆستا خلیل أحمد

سەردان: ٢,٧٠١ بەش: کڕین و فرۆشتن