ئایا کاتێ ئافرەت لەسوڕی مانگانەکەی تەواو دەبێت خۆی دەشوات ئایا دەبێ جلەکانیشی بگۆڕێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا کاتێ ئافرەت لەسوڕی مانگانەکەی تەواو دەبێت خۆی دەشوات ئایا دەبێ جلەکانیشی بگۆڕێ؟
پرسیار:

ئایا کاتێ ئافرەت لەسوڕی مانگانەکەی تەواو دەبێت و یان دواى منداڵ بوون پاک دەبێتەوە و خوێنى نامێنێت و خۆی دەشوات ئایا دەبێ جلەکانیشی بگۆڕێ؟ واتە ئەو جلانەى کە لەکاتى سوڕى مانگانەدا لەبەرى بووە؟
وه ئایا ڕاستە ماوەی سوڕی مانگانە حەوت ڕۆژە و کەم  وزیادی نییە ؟

ئافرەت کاتێ دوای سوڕی مانگانە یاخود دوای منداڵ بوون پاک دەبێتەوە پێویستە لەسەری خۆی بشوات ، حەتمەن ئەمەش بۆچوونی هەموو زانایانە ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ قُلْ هُوَ أَذًى فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ وَلا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّى يَطْهُرْنَ فَإِذَا تَطَهَّرْنَ فَأْتُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ أَمَرَكُمُ اللَّهُ } [البقرة:222]،

واتە : لەبارەی سوڕی مانگانەوە پرسیارت لێ دەکەن ، بڵێ ئەوا ناخۆشیەک وئازارێکە توشی ئافرەتان دەبێت لەو کاتانەدا لەگەڵ ئافرەتاندا جووت مەبن تاوەکو پاک دەبنەوە ، هەرکات پاک بوونەوە و خۆیان شوشت ئەوا لەگەڵیان جوت ببن لەو جێگەیەوە کەخودا فەرمانی پێ کردوون .

وه حەتمەن پێویستە ئافرەت تا پاک نەبێتەوە ، نابێ نوێژ بکات و مێردی لەگەڵی جوت ببێت تاوەکو خۆی دەشوات .

بەڵام بەنیسبەت جلەوە ئەوا گەر خوێنی بەر کەوتبوو ئەوا تەنها واجبە ئەوەنەی بشوات کە خوێن بەری کەوتووە ، هەروەک عائشة رضي الله عنها دەڵێت : (أنهن كن يغسلن ما أصابه الدم من ذلك).
واتە : ئەوان ئەو جێگەیەیان دەشوشت کەخوێن بەری کەوتبوو .

وەلحاسڵ : ئەو جلانەی کە لەبەریدا بووە لەکاتی سوڕی مانگانەدا ویاخود لەکاتی منداڵ بوون و ئەو فەترەیەیی دوای مناڵ بوون پاکە ، تەنها ئەوەندە نەبێت گەر خوێنی بەرکەوتبوو ئەوا تەنها ئەوجێگەیە دەشوات ، خۆ ئەگەر هەمووشی بشوات ئەوا ئاساییە ودروستە .

پاشان بەنیسبەت ئەوەی ئایا ماوەی سوڕی مانگانە حەوت ڕۆژە ، حەتمەن بەو شێوەیە نی یە ، بەڵکو هەندێ جار حەوت ڕۆژە وهەندێ جار هەشت ڕۆژە وهەندێ جار پێنج ڕۆژە وهەندێ جار سێ ڕۆژە...هتد ، بەڵام ئەو ئافرەتەی کە تازە دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە ئەوا شەش یاخود حەوت ڕۆژ چاوەڕێ دەکات ونوێژ ناکات وەک عادەتی ئافرەتانی دەرور بەر پاشان خۆی دەشوات ونوێژ دەکات .

بەڵام گەر ئافرەت عادەتێکی دیاری کراوی هەبوو ئەوا لەسەری دەڕوات جا شەش ڕۆژ بێت یاخود پێنج ویاخود حەوت ڕۆژ ویاخود هەشت ڕۆژ بەگوێرەی عادەتی خۆی ، هەروەک چۆن پێغەمبەر بە (أم حبيبة)ی فەرموو : (امكثي قدر ما كانت تحبسك حيضتك ثم اغتسلي) .
واتە : چاوەڕێ بکە ونوێژ مەکە بەئەندازەی عادەتی سوڕی مانگانەکانت کەپێشتر لەسەری بووی پاشان خۆت بشۆ .

جا گەر عادەتی وا بوو دەڕۆژ لەسوڕی مانگانەدا دەبوو ئەوا دەڕۆژە خۆ ئەگەر عادەتی وا بوو سێ ڕۆژ لەسوڕی مانگانەدا دەبوو ئەوا سێ ڕۆژە ...هتد .

پاشان گەر لەکاتی پاک بوونەوەدا خوێن یاخوود زەردی ولێڵای بینی ، ئەوا هیچ نی یە ، ولەسەر عادەتەکەی خۆی دەڕوات کەپێشتر لەسەری بووە جا شەش ڕۆژ بێت یاخود پێنج ویاخود حەوت ڕۆژ ویاخود هەشت ڕۆژ ، تاوەکو پازدە ڕۆژ ، چونکە لەلای جمهوری زانایان سوڕی مانگانە لەپازدە ڕۆژ تێپەڕ ناکات .

بەکورتی بەگوێرەی عادەتی پێشووی دەڕوات ، گەر عادەتی وا بوو سوڕی مانگانەکەی پێنج ڕۆژ بوو ئەوا پێنج ڕۆژ نوێژ ناکات ، خۆ ئەگەر حەوت بوو ئەوا حەوت ڕۆژ نوێژ ناکات ، و ئەگەر هەشت ڕۆژ بوو ئەوا هەشت ڕۆژ نوێژ ناکات...هتد ، بەم شێوەیە .

سەردان: ٤,١٦٠ بەش: حەیز و نیفاس