ئەگەر نەتوانى بەڵغەم فڕێ بدەیت و قووتى بدەى ڕۆژوو دەشكێنێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر نەتوانى بەڵغەم فڕێ بدەیت و قووتى بدەى ڕۆژوو دەشكێنێ؟
پرسیار:

مامۆستایانى بەڕێز تكایە ئەگەر ئەرك نییە زوو وەڵامى ئەم پرسیارە بدەنەوە كە هى خوشكێكى موسوڵمانەو داواى لێ كردووم بۆى بكەم: ئایا جگە لە تف كە(بەڵغەم) ى پێ دەڵین نەتوانى بیكەیتە دەرەوە ئەتوانیت قووتى بدەى، ڕۆژوو ناشكێنێ؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
تف و بەڵغەم و هاوشێوەكانى هیچیان لەو شتانە نین كە ڕۆژووى ڕۆژووان بەتاڵ بكەنەوە، بەڵام باشتر وایە ئەگەر بتوانرێت بەڵغەم فرێ بدرێتە دەرەوە و بكرێتە دەسڕێكەوە، یان هەر شتێكى تر، ئەگەر نەتوانرا ئەوا قوتدانى ڕۆژوو بەتاڵ ناكاتەوە، چونكە هیچ بەڵگەیەك نیە لە قورئانى پیرۆز و سوننەتى (صحيح) ى پێغەمبەرى خوا كە بە تاڵكەرەوەیان زانیبێت، ئەمەش فەتواى ژمارە 723 ى (شێخ محمد بن صالح العثيمين) ە كە پرسیارى لێ كراوە: ئایا حوكمى قوتدانى بەڵغەم و كڵم چیە لە لایەن ڕۆژوانەوە ؟
ئەویش لە وەڵامدا دەفەرموێت: بەڵغەم و كڵم ئەگەر هەر لە قوڕگدا بن و نەگەنە ناو دەم، ئەوا ڕۆژوو بەتاڵ ناكاتەوە، ئەوەش تەنها یەك بۆچوونە لە مەزهەبدا، بەڵام ئەگەر گەشتە ناو دەم و قوتى دا، ئەوا زانایان دوو بۆچوونیان هەیە لەو بارەیەوە:
یەكەمیان: ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە، و داویانەتە پاڵ خواردن و خواردنەوە.
دووەمیان: ووتوویانە ڕۆژوو بەتاڵ ناكاتەوە، و داویانەتە پاڵ تف، چونكە تف ڕۆژووى پێ بەتاڵ نابێتەوە، با كۆشى بكاتەوە پاشان قوتى بدات، ڕۆژووەكەى بەتاڵ نابێتەوە.
بەڵام ئەگەر زانایان جیاوازیان هەبوو لە حوكمێكى شەرعى ئەوا گەڕانەوە بۆ لاى قورئان و سوننەتە بۆ یەك لایى كردنى ئەو جیاوازیە، جا ئەگەر جیاوازى و گومانمان هەبوو لەم بابەتە كە ئایا ئەم پەرستشە بەتاڵ دەكاتەوە یان نە ؟ ئەوا بنەوا لە شەریعەتدا ئەوەیە كە بەتاڵى ناكاتەوە، بۆیە لە سەر ئەم بنەوایە ئەوترێت: بەڵغەم و كڵم ڕۆژوو بەتاڵ ناكەنەوە.
گرنگ ئەوەیە مرۆڤ خۆى نەیهێنێت، هەوڵى ئەوە نەدات كە بیهێنێتە ناو دەم لە ناو قوڕگیەوە، بەڵام ئەگەر خۆى هاتە سەرەوە بۆ ناو دەمى ئەوا دەتوانى فڕى بدات بە ڕۆژوو بێت یان نە، بەڵام قوتدانى ڕۆژوو بشكێنێت ئەوا پێویستى بە بەڵگە هەیە، بۆ ئەوەى مرۆڤ بیكات بە بەڵگە بۆ دوا ڕۆژى خۆى لە بەر دەستى خوادا كە ئەو كارە ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە... خواى پەروەردگاریش زاناترە.

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لەلایەن مامۆستا (عدنان بارام)ە وە وەڵام دراوەتەوە