ئایا قەزاکردنەوەى ڕۆژووى ڕەمەزان هەمووی لەسەریەك ئەگیرێتەوە یان دروستە ناو بەناو ڕۆژووەكەی بگرێتەوە ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا قەزاکردنەوەى ڕۆژووى ڕەمەزان هەمووی لەسەریەك ئەگیرێتەوە یان دروستە ناو بەناو ڕۆژووەكەی بگرێتەوە ؟

خوای پەروەردگار فەرمووی: (فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ) واتە: كەسێك كە بەڕۆژوو نەبوو كە عوزری شەرعی هەبێت خوای پەروەردگار فەرموویەتی بەئەندازەی ئەو ڕۆژانەی كە نەیگرتووە ڕۆژوەكەی بگرێتەوە لە ڕۆژانی تر، نەیفەرموو یەكسەر وە نەیشیفەرمووە بەیەكەوە (تتابع)ەكەی پێویستە، وە نە ( علی الفور)یش هیچیان واجب نین، وە بەڵگەی لەسەر نییە، بۆیە ابن عباس (ڕەزای خوای پەروەردگاری لێ بێت) دەیفەرموو: (لا بئس أن تفرق) هیچ كێشە نییە كە بە تەفریقی بیگرێتەوە، ئەمڕۆ بەڕۆژوو بێت دوای دوو سێ ڕۆژی دیكە بیگرێتەوە، دوای دوو سێ ڕۆژی تر قەزای ڕۆژێكی تر بكاتەوە كێشە نییە، وە دروستە دواش بخرێت ئەگەر بگاتە مانگی شەعبانیش، عائیشە (ڕەزای خوای پەروەردگاری لێ بێت) دەفەرمووێت:
(كَانَ يَكُونُ عَلَي الصوْمُ مِنْ رَمَضَانَ، فَمَا أَسْتَطِيعُ أَنْ أَقْضِيَهُ إِلا فِي شَعْبَانَ) 
واتە: من ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانم دەكەوتە سەر نەم دەتوانی بیگێڕمەوە تاوەكو مانگی شەعبان دادەهات ئەو كات دەمگرتەوە، كەواتە دروستە دوای بخەیت‌و كێشە نییە، دەشبێت بكەوێتە دوای ڕەمەزانێكی تریش ئەوەشیان هەر دروستە لە مەزهەبی شافعیدا هەڵی بگرێت بۆ دوای ڕەمەزانێكی تر، دەفەرموون لەگەڵ هەموو ڕۆژێك كە دەیگێڕێتەوە فیدیەش بدات، وە ئیمامی مالیكیش وای فەرمووە، بەڵام لەڕاستیدا فیدیە دانەكە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە لە قورئان‌و حەدیسدا، بۆیە مرۆڤ پێویستە پەلە ‌بكات لەوەی كە كاتێك ڕۆژووی لەسەرە زوو بیگرێتەوە باشترە وەكو خوای گەورە فەرمانی پێكردووین: (وَسَارِعُوا) (سَابِقُوا)  یان پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (بَادِرُوا بِالْأَعْمَالِ) (رواه الترمذي ( 3 / 257 ) . ) مرۆڤ پەلە ‌بكات لەگەڕانەوەی، چونكە كێ دەڵێت مرۆڤ دەمێنێتەوە تاوەكو مانگێكی تر تاوەكو ساڵێكی تر، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو كەسە نەیگێڕایەوە لەو ساڵەدا كەوتە دوای ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو ئەوە فیدیەی لەسەرە یان تەنها قەزایە؟ خوای گەورە تەنها قەزای باس كردووە ئەوەی باس نەكردووە دەبێت فیدیەی لەگەڵ بێت، شتێكیش كە خوای گەورە داینەنابێت‌و پێغەمبەری خوا فەرمانی پێنەكرد بێت بۆ ئێمە نییە لەسەر خەڵكی واجب بكەین، وە ئەو بارە قورسە بخەینە سەر خەڵك، بەڵكو تەنها واجبە لەسەری قەزای رۆژووەكە بكاتەوە ئەگەر ڕەمەزانی تریشی بەسەردا هاتبێت .

ئەم پرسیارە لە لایەن (دکتۆر عبداللطیف أحمد)ە وە وەڵام دراوەتەوە