ئەكرێت ئەو شتانەمان بۆ ڕوون بكەیتەوە كەوا ڕۆژوو بەتاڵ دەكەنەوە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەكرێت ئەو شتانەمان بۆ ڕوون بكەیتەوە كەوا ڕۆژوو بەتاڵ دەكەنەوە؟

سەبارەت بەو شتانەی كە ڕۆژووی پێ‌ دەشكێت‌و پێی هەڵدەوەشێتەوە كۆمەڵێك شت هەیە كە زانایان یەك دەنگن لەسەری كە ئەوانە ڕۆژوو دەشكێنن، كۆمەڵێ شتی تریش هەیە كە خیلافی لەسەرە ئایە ڕۆژووی پێ‌ دەشكێت یان پێی ناشكێت، ئەوانەی كە بۆچونی زۆرینەی لەسەرە كە ڕۆژووی پێدەشكێت بریتین لەچەند شتێك: یەكەمیان:
* لەدین هەڵگەڕانەوەو شەریك دانان بۆ خوای گەورە: [وَلَقَدْ أُوحِيَ إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكَ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ ][الزمر:65].
خوای گەورە دیسان باسی کرداری کافرەکان دەکات
[وَقَدِمْنَا إِلَى مَا عَمِلُوا مِنْ عَمَلٍ فَجَعَلْنَاهُ هَبَاءً مَنْثُورًا] [الفرقان:23].
كەواتە كافر بوون ڕۆژوو هەڵدەوەشێنێتەوە كە نوێژیش بكات لێی قەبوڵ نابێت، بۆیە دەبێت مرۆڤ لە (ردة) بترسێت كارێك نەكات كە پێی لەدین هەڵگەڕێتەوەو ماندوبوونەكەی بەزایە بچێت، بۆ نموونە كەسانێك دەبینین زۆر تێنووە‌و بەڕۆژووشەو كوفر دەكات پەنا بە خوای گەورە جنێو دەدات بە خوا، بە پێغەمبەر بە قورئان، كوفر دەكات، ئەوە پەنا بەخوای گەورە با ڕۆژوو نەگرێت‌و با نوێژیش نەكات، چونكە كافر بووە، هەر كەسێ جنێو بە خواو بە پێغەمبەر بدات ئەگەر توڕەش بێت ئەو مرۆڤە كافر دەبێت وە نوێژو ڕۆژووەكەشی قەبوڵ نابێت.
* وە خاڵێكی تر بریتیە لە خواردن‌و خواردنەوە بە ئەنقەست لەڕۆژی ڕەمەزاندا، ئەگەر شتێك بخۆیت بەقەستی ئەوە ڕۆژوو بەتاڵ دەبێتەوە، چونكە خوای گەورە لە قورئانە پیرۆزەكەیدا فەرمووی: [وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ ][البقرة:187]. واتە تاوەكو بەرە بەیان بۆت هەیە بخۆیت‌و بخۆیتەوە ئەو كاتە دەست هەڵدەگری تاوەكو شەو، وە جێگای تێبینیشە كە پێویستە باس بكرێت كە جگەرە كێشانیش حوكمی خواردنەوەیەو ڕۆژووی پێدەشكێت، با وا نەزانن بڵێن تەنها دوكەڵەكەیە، بەڵكو شتێكە زانایان دەفەرموون: (مفطر)ە و رۆژووی پێ‌ دەشكێت سەرەڕای ئەوەی كە خراپەیەو حەرامە، چونكە ئەگەر سەیری ئەو شتانە بكەین كە رۆژوو دەشكێنن (مفطرات)ن دەبینین خوای گەورە كۆمەڵێ شتمان لێ حەرام دەكات لەكاتی ڕۆژوودا كە لە ئەصڵدا زۆریان حەڵاڵن، خواردن‌و خواردنەوە لە ئەصڵدا حەڵاڵە، چوونە لای خێزان لە ئەصڵدا حەڵاڵە، بەڵام تەماشا دەكەین لە كاتی ڕۆژوودا لێت حەرام دەكات، یان بۆ نموونە ئەو كەسەی كە دەچێتە حەج‌و ئیحرام دەكات كە ئیحرامی بەست كۆمەڵێ شتی حەڵاڵی لێ‌ حەرام دەكرێت، وەكو ڕاو كردنی لێ‌ حەرام دەبێت، ژن مارەكردنی لێ‌ حەرام دەبێت، چوونە لای خێزانی خۆی لێ حەرام دەبێت، وە جل لەبەر كردنی لێ‌ حەرام دەبێت، نینۆك كردنی لێ‌ حەرام دەبێت، قژ تاشینێ لێ‌ حەرام دەبێت، ئەوانە هەموو حەڵاڵن بەڵام لەو كاتەدا لێت حەرام كراوە، ئەی چ جای ئەو شتانەی كە لە ئەصڵدا حەرامن؟! بێگومان ئەوە زیاتر، كەواتە مرۆڤی ڕۆژووەوان دەبێت ئاگای لەوە بێت شتانێك كە لە ئەصڵدا حەڵاڵن خوا لێت مەنع بكات كەواتە ئەو شتەی كە لە ئەصڵدا حەرام بێت خۆتی لێ بەدوور بگریت زیاتر، وە نێرگەلەش هەمان شتە مرۆڤ دەبێت خۆی بە دوور بگرێت لەو تاوانە -پەنا بە خوای گەورە-.
* خاڵێكی تر كە زانایان یەك دەنگن لەسەر ئەوەی كە ڕۆژوو گرتنەكە بەتاڵ دەبێتەوە جیماع كردنە لەگەڵ خێزان، بێگومان ئەوە ڕۆژووەی پێ بەتاڵ دەبێتەوە وە هەر كەسێ بە ئەنقەست ئەو شتە بكات‌و لەبیریشی بێت (پەنا بە خوای گەورە) ئەوە تاوانێكی گەورەی كردووە وە دەبێت ڕۆژووەكە بگرێتەوە، هەروەها لەسەریەتی كەفارەتیش بدات، كەفارەتی جیماع ئەوەیە كە پێغەمبەر لە فەرموودەی ئەو پیاوەدا باسی كرد كاتێك كە هاتە لای پێغەمبەر فەرمووی: (متفق عليه. ) (هَلكْتُ، أُهلكت) خۆم بە هیلاك چوم‌و وە خێزانیشم بە هیلاك برد، فەرمووی چ تۆی بە هیلاك برد؟ كابراش فەرمووی: (وقعت علی أهلی فی نهار رمضان) چوومە لای خێزانم لە ڕۆژی ڕەمەزاندا بەڕۆژووش بووم، پێغەمبەر فەرمووی: دەتوانی بەندەیەك ئازاد بكەیت؟ وتی: ناتوانم نیمە، پێغەمبەر فەرمووی: دەتوانی دوو مانگ لەسەر یەك بەڕۆژوو بیت؟ فەرمووی: ناتوانم، كابراش تەحەمولی قیامەتی خۆی دەكات كە وتی ناتوانم تەواو لێی دەگەڕێین،[بَلِ الْأِنْسَانُ عَلَى نَفْسِهِ بَصِيرَةٌ وَلَوْ أَلْقَى مَعَاذِيرَهُ ][القيامة:14-15].
پێغەمبەر ئەوجا لەگەڵی گواستەوە بۆ قۆناغی سێیەم فەرمووی: ئەی دەتوانی خواردنی شەست فەقیر بدەیت؟ فەرمووی: نەخێر ناتوانم، پێغەمبەر فەرمووی: دانیشە، پاشان خوای گەورە ڕزقێكی نارد لە یەك زەمبیلە خورما، پێغەمبەر هاتە دەرەوە فەرمووی: كوا ئەو فڵانە كەسە؟ فەرمووی: ئەو خورمایە ببە دابەشی بكە بەسەر فەقیرو هەژاراندا، لێرەدا دەرسێك وەردەگرین كە كەفارەتی جیماع كردن لەڕەمەزاندا ئەو سێ شتەیە: یەكەم جار كە دەستت كەوێ دەبێت عەبدێك ڕزگار بكەیت، كە نەبوو دەبێت دوو مانگ لەسەر یەك بەڕۆژوو بێت، كە نەتتوانی ئەوە دەبێت خواردنی شەست فەقیر بدەیت، كە نەتتوانی ئەویش بكەیت كەسێكی تر دەتوانێت ئەو كەفارەتەت بۆ بدات، چونكە پێغەمبەر خۆی كەفارەتی بۆ كابرا دا كە نەیبوو بیدات، كەواتە دروستە كەسێك كەفارەت بۆ كەسێك بدات بەڵام بەو مەبەستەی كە ئەو كەسەی كە كەفارەتەكەی بۆ دەدرێت خۆی نیەتی هەبێت‌و ئەو كەفارەتە لەبری دەدرێت‌و قەبووڵی بێت، وە سودێكی تر كاتێك كە پێغەمبەر خورماكەی دا پێی فەرمووی: ئەی پێغەمبەر بەسەر كێیدا دابەشی بكەم؟ فەرمووی بەسەر فەقیر‌و هەژاراندا، فەرمووی: لەم شاری مەدینەیە كەسی لەمن فەقیرتر تێدا نییە، پێغەمبەر فەرمووی: دەی وەریگرەو بڕۆ بیكە خۆراك بۆ خێزان‌و منداڵی خۆت، لێرەدا سودێكی ترمان دەست دەكەوێت كە كەفارەت دەبێت خواردنی شەست فەقیر بێت، بەڵام لێرەدا پێغەمبەر فەرمووی: بیكە خواردنی خۆت‌و خێزان‌و منداڵت، لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە كەفارەتەكە غەیری خۆت بۆ بدات بۆت هەیە بیدەیتە خێزانی خۆت، بەڵام كە بۆ خۆت بیدەیت ئەوە دەبێت بیدەیتە شەست فەقیر جا لێرە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە جیـماع ڕۆژوو دەشكێنێت‌و كەفارەتیشی دەكەوێتە سەر .

ئەم پرسیارە لە لایەن بەڕێز (دکتۆر عبداللطیف أحمد)ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,١٩٦ بەش: