باشە بۆچى خواى گەورە لە قورئاندا ژمارەى (أصحاب الكهف)ى دیارى نەكردوه : ماڵپەڕی وەڵامەکان
باشە بۆچى خواى گەورە لە قورئاندا ژمارەى (أصحاب الكهف)ى دیارى نەكردوه
پرسیار:

باشە بۆچى خواى گەورە لە قورئاندا ژمارەى (أصحاب الكهف)ى دیارى نەكردوە ئەڵێن گوایە ئەمە دەلیلە لەسەر ئەوەى كە قورئان هى خوا گیان نیە هى كەسێكە كە ئەو شتە غەیبیانە نازانێت.

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
پێشەكى نابێ پرسیار بكرێت بۆچى خواى گەورە دیارى نەكردوە چونكە دەفەرموێ: [لا يُسْأَلُ عَمَّا يَفْعَلُ وَهُمْ يُسْأَلُونَ] واتە: پرسیارى لێ ناكرێت بۆچى ئەوە دەكات لە كاتێكدا ئەوان پرسیاریان لێدەكرێت دەربارەى ئەوەى دەیكەن.
بەڵام دەكرێ بگوترێ ئایا حیكمەتى زانراو هەیە لە باسنەكردنى ژمارەى هاوەڵانى ئەشكەوت لە وەڵامدا بەڵێ وانەیەكى پەروەدەیى فێردەبین لەم بەسەرهاتە كە ناوەڕۆكى چیرۆكەكان مەبەستن و ئادەمیزاد كەڵكیان لێ وەردەگرن نەك شتە ڕوكەش و لاوەكیەكان لە ڕاستى دا ئەگەر ژمارەى هاوەڵانى ئەشكەوت پێنج بین یان شەش یان حەوت هیچ لە ئەسڵى چیرۆكەكە ناگۆڕێت وە ناویان بزانرێت یان نا وە ڕەنگى سەگەكەیان بزانرێت یان نا هیچ لە مەسەلەكه ناگۆڕێت جا خواى گەورە لە گەڵ باسكردنى چیرۆكەكە ئەوەشى فێركردووین كە خەڵكانى پێش ئێمە گرنگى بە شتى لاوەكى ئەدەن و جیاوازى دروست ئەكەن وە لە حەقیقەتى ژمارەكەش زانا نین بەڵكە لە خۆیانەوە قسە دەكەن وەك خواى گەورە دەفەرموێ: [رَجْماً بِالْغَيْبِ]
واتە: هەروەها بەنەزانیەوە قسە دەكەن.
بەڵام خواى گەورە ژمارەكەیان دەزانێت و دەفەرموێت: [مَا يَعْلَمُهُمْ إِلاَّ قَلِيلٌ]
كەواتە خۆى دەیزانێت و ئەو زانیاریەشى داوە بە هەندێك لە خەڵكى.
بۆیە ابن عباس رضي الله عنه دەڵێ من لەوانەم كە دەیزانن ژمارەیان حەوت كەس بووە كەوا بوو ئەگەر زانرا شتێكى باشە بەڵام خۆمانى پێوە سەرقاڵ ناكەین وەك خواى گەورە دەفەرموێ: [فَلا تُمَارِ فِيهِمْ إِلاَّ مِرَاءً ظَاهِراً]
واتە: لە موجادەلە لە دیارى كرنیان مەكە مەگەر ڕوكەش نەبێـت كەتەنها بڵێیت وا نیە كە ئێوە دەڵێن ئەمەش بەڵگە لەسەر ئەوەى كە گرنى بە شتى لاوەكى نەدرێـت لەبەسەرهات و چیرۆكەكاندا.
وە بڕگەى دووەمى پرسیارەكە [ كە گوایە ئەمە بەڵگە بێت لەسەر ئەوەى كە قورئان كەلامى خوا نیە] ئەڵێم: نەخێر وا نیە چونكە خواى گەورە یرۆكەكە لە سەر زمانى ئادەمیزادەوە دەگێڕێتەوە وە بەڕاشكاوى ئەفەرموێت: [قُلْ رَبِّي أَعْلَمُ بِعِدَّتِهِمْ]
واتە خواى گەورە لە هەموو كەس باشتر ژمارەیان دەزانێ ئەوەندە هەیە بڵێین حیكمەت لە باسنەكردنى ژمارەیان لە لایەن خواى گەورەوە چیە؟ئەمەش وەك باسمان كرد لەبەر ئەوەیە كە قورئان وریا كردنەوەیەكى داوە بە خەڵكى كەجیاوازى لە شتى وا دروست نەكەن لەبەر ئەوەى خەڵكى ڕابهێنێت لەسەر واز هێنان لەو شتانەى كە سوودى بۆ دونیاو ئاینى خەڵك تیادا نیە هەرچەندە ئاماژەى كردوە بە ژمارەكەیان چونكە ڕا جیاوازەكانى باس كردوە كە سێ ڕاى جیاوازن بۆ دوانیان دەفەرموێ: [سَيَقُولُونَ ثَلاثَةٌ رَابِعُهُمْ كَلْبُهُمْ وَيَقُولُونَ خَمْسَةٌ سَادِسُهُمْ كَلْبُهُمْ رَجْماً بِالْغَيْبِ]
لە سێیەمدا هیچ ناڵێ وەك دەفەرموێ: [ وَيَقُولُونَ سَبْعَةٌ وَثَامِنُهُمْ كَلْبُهُمْ]
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە ژمارەیان حەوت كەس بووە جا نازانم ئەمە چۆن دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەى كە قورئان هى خوا نیە بە پێچەوانەوە چونكە قسەكانى ئەوانى ڕەد كردەوە و زانیارى تەواوى دایەتە پاڵ خۆى كەوابوو بەڵگەیە لەسەر ئەوەى قورئان هى خوایە نەك مرۆڤەكان.
لە كۆتایدا ئەڵێم وشەى خوا گیان بە كارنەهێرێت باشترە چونكە یەكێك لە ماناكانى ئەوەدەگەیەنێت كە خوا ڕوحى منە وە ماناى تریش هەڵدەگرێت كە ڕوحم بە فیداى خوا بێت كەواتە دووربن لەم زاراوانە باشترە.خواش زاناترە.
[لا لایەن مامۆستا (خليل أحمد) ە وەڵام دراوەتەوە]

سەردان: ١,٨٤٠ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان