سوودەکانى ژن هێنان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سوودەکانى ژن هێنان
پرسیار:

هەندێ لە گەنجان ژن ناهێنن یان تاقەت ژنهێنانیان نیە و خۆیان دوادەخەن لە ژنهێنان جا پرسیارەکە ئەوەیە سوودەکانى ژن هێنان چیە بۆ ئەوەى گەنجان هانبدات بۆ ژن هێنان؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
1 . یه‌كێك له‌و سودانه‌ی كه‌ له‌ژنهێناندا هه‌یه‌ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یه‌ وه‌كو له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا ده‌فه‌رموێت : [ وَأَنْكِحُوا الأَيَامَى مِنْكُمْ وَالصَّالِحِينَ مِنْ عِبَادِكُمْ وَإِمَائِكُمْ إِنْ يَكُونُوا فُقَرَاءَ يُغْنِهِمُ اللهُ مِنْ فَضْلِهِ ] .واته‌ : ئه‌وانه‌ی كه‌ بێ ژن و بێ پیاون ژنیان بۆ بهێنن و به‌شوویان بده‌ن له‌به‌نده‌ چاكه‌كانتان ، وه‌ مه‌ترسی هه‌ژاریتان نه‌بێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ژاریش بن خوای گه‌وره‌ به‌ فه‌زڵ و چاكه‌ی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندتان ده‌كات .
2 . سوودێكی تر كه‌ پێویسته‌ بخرێته‌ ڕوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژنهێنان خوای گه‌وره‌ دایناوه‌ و هه‌ر ئه‌ویش منه‌تمان به‌سه‌ردا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ژن و پیاو له‌ته‌نیشت یه‌كتریدا بخۆن و بخۆنه‌وه‌ و بحه‌سێنه‌وه‌ و ئارامبگرن ، وه‌كو له‌م ئایه‌ته‌دا ده‌فه‌رموێت : [ وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لآيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ ] .واته‌ : یه‌كێك له‌نیشانه‌كانی توانا و ده‌سه‌لآتی خوای گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌خۆتان ( له‌ ئاده‌م ) خێزانی بۆ دروستكردوون كه‌ ( حه‌وا) یه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی لای ئه‌و جێنشین بن و بحه‌وێنه‌وه‌ وه‌سۆز و خۆشه‌ویستی و به‌زه‌ی خستۆته‌ نێوانتانه‌وه‌ ئه‌م په‌ندو بیرخستنه‌وانه‌ بۆ كه‌سانێكه‌ كه‌ تێبفكرێن .
3 . خوای گه‌وره‌ ئافره‌تی چواندووه‌ به‌ پۆشاكی پیاو ، لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئافره‌ت ده‌بێت هۆی ستركردن و شاردنه‌وه‌ی عه‌یب و ئاره‌زووه‌كانی پیاوان وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ، وه‌كو ده‌فه‌رموێت : [ هُنَّ لِبَاسٌ لَكُمْ وَأَنْتُمْ لِبَاسٌ لَهُنَّ ] .واته‌ : ئه‌وان پۆشاكن بۆ ئێوه‌ و ئێوه‌ش پۆشاكن بۆ ئه‌وان .
4 . ژن هێنان سوننه‌تی پێغه‌مبه‌رانه‌ وه‌كو خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلاً مِّن قَبْلِكَ وَجَعَلْنَا لَهُمْ أَزْوَاجًا وَذُرِّيَّةً ] .واته‌ : ئه‌ی پێغه‌مبه‌رى خوا () له‌پێش تۆدا چه‌نده‌ها پێغه‌مبه‌رمان ناردووه‌ بۆ لای نه‌ته‌وه‌كانیان وه‌ خێزان و منداڵمان پێ به‌خشیون .
5. پێغه‌مبه‌ری خوا () فه‌رمانی پێكردووین به‌ژن هێنان وه‌كو ده‌فه‌رموێت : ( يا معشر الشباب من استطاع منكم الباءة ، فليتزوج ؛ فإنه أغض للبصر ، وأحصن للفرج ، ومن لم يستطع فعليه بالصوم ؛ فإنه له وجاء ) .واته‌ : ئه‌ی كۆمه‌ڵی لاوان كێ له‌ئێوه‌ توانای هه‌یه‌ ـ تواناى جه‌سته‌یى و مادی ـ با ژن بهێنێت چونكه‌ ژن هێنان چاو و دامێن ده‌پارێزێت له‌ حه‌رام ، هه‌ر كه‌سێكیش توانای نه‌بوو ئه‌وا با به‌ڕۆژوو بێت چونكه‌ ڕۆژوو قه‌ڵغان و سه‌رشكێنى ئاره‌زووه‌كانه‌ و له‌ تاوان ده‌یپارێزێت .
6 . سودێكی دیكه‌ له‌ سوده‌كان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ده‌ست هێنانی باشترین خۆشییه‌كانی دونیا ، چونكه‌ له‌فه‌رموده‌یه‌كدا پێغه‌مبه‌ری خوا () ده‌فه‌رموێت : ( الدنيا كلها متاع ، وخير متاع الدنيا المرأة الصالحة ) .واته‌ : دونیا هه‌مووی خۆشییه‌ و باشترین خۆشی دونیاش ئافره‌تێكی چاك و ساڵحه‌یه‌ .
7 . ژن هێنان نیوه‌ی دینه‌ ، پێغه‌مبه‌ری خوا () فه‌رمانمان پێده‌كات به‌ژنهێنان ، چونكه‌ كه‌سێك ژنی هێنابێت ئه‌وا نیوه‌ی ئیمانه‌كه‌ی ته‌واو بووه‌ ، وه‌كو ده‌فه‌رموێت : ( من رزقه الله امرأة صالحة فقد أعانه على شطر دينه فليتق الله في الشطر الباقي ) .
واته‌ : هه‌ركه‌سێك خوای گه‌وره‌ ئافره‌تێكی چاكی ( ساڵحه‌ ) ی پێ ببه‌خشێت ئه‌وا یارمه‌تی داوه‌ له‌سه‌ر نیوه‌ی دینه‌كه‌ی ، ده‌با ته‌قوای خوا بكات بۆ به‌ده‌ست هێنانی نیوه‌كه‌ی تری .
وه‌ له‌فه‌رمووده‌یه‌كی تردا پێغه‌مبه‌ر () ده‌فه‌رموێت : ( إذا تزوج العبد فقد استكمل نصف الدين فليتق الله في النصف الباقي )
واته‌ : ئه‌گه‌ر مرۆڤ ژن بهێنێت ئه‌وا نیوه‌ی دینه‌كه‌ی ته‌واو كردووه‌ ، با ته‌قوای خوا بكات بۆ به‌ده‌ست هێنانی نیوه‌كه‌ی تری .
8 . یه‌كێكی تر له‌سووده‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت به‌هۆیه‌وه‌ به‌هه‌شت بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات ، وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوا () ده‌فه‌رموێت : ( من يضمن لي ما بين لحييه وما بين رجليه أضمن له الجنة ) .واته‌ : هه‌ركه‌سێ ئه‌وه‌ی نێوان ڕیش و سمێڵی به‌واتای ( ده‌م ) ی و ئه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو قاچی ( دامێن ) مسۆگه‌ر بكات ئه‌وا منیش به‌هه‌شتی بۆ مسۆگه‌ر ده‌كه‌م . چونكه‌ به‌هۆی ژنهێنانه‌وه‌ مرۆڤ له‌تاوانی زینا و دامێن پیسی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ چ ژن بێت یاخود پیاو ، هه‌رچه‌نده‌ فه‌رموده‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها هاتووه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ كوڕ یاخود كچ ژنبهێنێت یاخود شوبكات زیاتر توانا و ده‌سه‌لآتی به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا هه‌یه‌ خۆی له‌تاوانی زینا و داوێن پیسی به‌دوور بگرێت .
9 . یه‌كێك له‌سوده‌كانی ژن هێنان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ یارمه‌تیدان و پشتگیری كردنی خوای گه‌وره‌ ، هه‌روه‌كو له‌ فه‌رمووده‌دا هاتووه‌ : ( ثلاثة حق على الله تعالى عونهم : المجاهد في سبيل الله،و المكاتب الذي يريد الأداء،و الناكح الذي يريد العفاف )
واته‌ : سێ كه‌س هه‌ن خوای گه‌وره‌ به‌حه‌قی داناوه‌ له‌سه‌ر خۆی كه‌ یارمه‌تییان بدات ، كه‌سێك له‌پێناوی خوای گه‌وره‌دا جیهاد بكات و كۆیله‌یه‌ك ده‌یه‌وێت خۆی بكڕێته‌وه‌ و خۆی ئازاد بكات و ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت ژن بهێنێت و مه‌به‌ستی داوێن پاكییه‌ .
10 . ژن هێنان هۆكاره‌ بۆ زیادبوونی ئوممه‌تی پێغه‌مبه‌ر () وه‌كو له‌م فه‌رمووده‌یه‌دا هاتووه‌ : ( تزوجوا الودود الولود ، فإني مكاثر بكم الأمم ) .واته‌ : ئافره‌تێكی خۆشه‌ویستی منداڵ بوو بهێنن چونكه‌ من له‌ڕۆژی قیامه‌تدا شانازی به‌زۆریتانه‌وه‌ ده‌كه‌م به‌سه‌ر ئوممه‌ته‌كانی تر .
11 . ژن هێنان ده‌بێته‌ هۆی پاراستنی نه‌فس له‌ تاوانكاری و فیتنه‌كانی سه‌رده‌م وه‌كو پێغه‌مبه‌ر () فه‌رموویه‌تی : ( ما تركت بعدي فتنة أضر على الرجال من النساء ) .
واته‌ : له‌پاش خۆم هیچ فیتنه‌یه‌كم به‌جێ نه‌هێشتووه‌ به‌زیان تر بێت له‌سه‌ر پیاوان له‌ ئافره‌ت .
12 . ژن هێنان ئه‌جر و پاداشتی هه‌یه‌ وه‌كو چۆن له‌كار و كرده‌وه‌ چاكه‌كاندا پاداشت وه‌رده‌گرین ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر () ده‌فه‌رموێت : ( ... وفي بضع أحدكم صدقة . قالوا أيأتي أحدنا شهوته ويكون له فيها أجر قال أرأيتم لو وضعها في حرام أكان عليه فيها وزر فكذلك إذا وضعها في الحلال كان له أجر ) .
واته‌ : له‌چوونه‌ لای خێزانه‌كانتان خێر و پاداشتان بۆ ده‌نوسرێت ، هاوه‌ڵان فه‌رموویان : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر خوا () ئایا كه‌سێك له‌ئێمه‌ ئاره‌زووی خۆی تێر ده‌كات و پاداشتی ده‌ست ده‌كه‌وێت ؟! ئه‌ویش فه‌رمووی : ئایا له‌حه‌رامدا به‌كاری بهێنێت تاوانبار نابێت ، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌گه‌ر له‌حه‌ڵاڵدا به‌كاری بهێنێت پاداشتی ده‌ست ده‌كه‌وێت .
13 . ژن هێنان هۆكارێكه‌ بۆ منداڵبوون كه‌ له‌پاش مردنی دایك و باوك ئه‌و منداڵانه‌ ئه‌گه‌ر چاك و خواپه‌رستێكی باش بن ئه‌وا ده‌بنه‌ خێر و خۆشی بۆ دایك و باوكیان و به‌رده‌وام كرده‌وه‌ی چاكیان بۆ دایك و باوكیان ده‌ڕوات به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ كرده‌وه‌ی چاكی خۆیان كه‌م بكاته‌وه‌ .
وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوا () ده‌فه‌رموێت : ( إذا مات الإنسان انقطع عنه عمله إلا من ثلاثة أشياء من صدقة جارية أو علم ينتفع به أو ولد صالح يدعو له ) .واته‌ : ئه‌گه‌ر مرۆڤێك بمرێت ئه‌وا كرده‌وه‌كانی ده‌پچڕێت و چیتر خێری بۆناچێت ته‌نها له‌م سێ ڕێگایه‌وه‌ نه‌بێت : سه‌ده‌قه‌ و خێری نه‌بڕاوه‌ ( وه‌كو دروستكردنی مزگه‌وت و شتی دیكه‌ له‌و جۆره‌ ) ، یاخود زانیارییه‌كی بڵاوكردبێته‌وه‌ كه‌ له‌پاش خۆی خه‌ڵكی سوودی لێ ببینن ، وه‌ منداڵیكی چاك و ساڵح كه‌ له‌پاش خۆی دوعای خێری بۆ بكات .
دوعای خێری منداڵ بۆ لێخۆشبوونى دایك و باوكی ئه‌وا له‌ به‌هه‌شتدا پله‌یان به‌رز ده‌كاته‌وه‌ وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوا () ده‌فه‌رموێت : ( إن الرجل لترفع درجته في الجنة فيقول أنى ( لي ) هذا فيقال باستغفار ولدك لك ) .واته‌ : پیاوێك له‌به‌هه‌شتدا پله‌ و پایه‌ی به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ ، خۆی پێی سه‌یره‌و ده‌ڵێت : ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌مه‌ هه‌مووی بۆ ( من ) واته‌ ( سه‌ری سوڕ ده‌مێنێت له‌و پلانه‌ كه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌و واش ده‌زانێت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ كرده‌وه‌ی چاكه‌ی نه‌كردووه‌ ) پێی ده‌وترێت : ئه‌وه‌ به‌داوای لێخۆشبوونی منداڵه‌كه‌ته‌وه‌ بۆ تۆ .

ئامادەکردنى : ستافى وەڵامەکان / پێداچونەوەى : مامۆستا عدنان باران

سەردان: ٦,١٢٤ بەش: ژنهێنان و شوکردن