دروست بونى جیاوازى و خیلاف و باڵ باڵێن لە نێو فێرخوازانى زانستى شەرعى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دروست بونى جیاوازى و خیلاف و باڵ باڵێن لە نێو فێرخوازانى زانستى شەرعى
پرسیار:

لەم دواییانەدا خیلاف وجیاوازیەکی زۆر دروست بووە لەنێوان قوتابیانی زانستدا ( طلبة العلم ) ، لەئەنجام دا تەسنیف وباڵ باڵێن دروست بووە ، فڵان لەجەماعەتی فڵانە وفیسان لەفڵانە جەماعەته ، داوا کارین لەبەڕێزتان ئامۆژگاریەک لەبارەی ئەم دووبەرەکیەوە پێشکەش بکەن ؟

بەڵێ بێگومان خیلاف و دوو بەرەکی وتاقم تاقمێنە شەڕە وخراپە، تەنها ئەو خیلافانە نەبێت کەبەرەنجامی جیاوازی تێگەیشتن دروست دەبێت ، گەرنا ئەسڵ وایە خیلاف شەڕە ، هەر بۆیە خوای پەروەردگار فەرموویەتی-: {وَلاَ يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ * إِلاَّ مَن رَّحِمَ رَبُّكَ} [(118- 119) سورة هود]،
واتە : وه‌ به‌رده‌وام له‌ ئیختیلاف و جیاوازی و ناكۆكیدان.
ته‌نها كه‌سانێك نه‌بێ كه‌ خوای گه‌وره‌ ڕه‌حمی پێ كرد بێت، واته‌: ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕه‌حمیان پێكراوه‌ له‌ شوێنكه‌وتوانى پێغه‌مبه‌ران ئیختیلاف و جیاوازی له‌ نێوانیاندا نیه‌ .

ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو کەسانەی کەخیلاف وناکۆکی لەنێوانیاندایە لەو کەسانە نین کەڕەحمی خودا گردوویانیەتیەوە ، بەڵام ئەو ئیختلاف وجیاوازیەیی کەلەنێوان زانایاندا هەیە کەهۆکارەکەی جیاوازی تێگەیشتنە یاخود هەندێک هەندێ بەڵگەیان پێگەیشتووە کەبەوانی تر نەگەیشتووە وپەییان پێ نەبردووە یاخود جیاوازن لەبارەی سابت بوونە وسابت نەبوونی بەڵگەکانەوە ئائەم جۆرە جیاوازیە ئەو جۆرەیەیە کەمرۆڤ پاداشت وەردەگرێت لەسەری گەر بەدوای حەق وسەوابدا گەڕا ، گەر بیپێکێ دوو پاداشتی بۆ هەیە خۆ گەر نەیپێکێ ئەوا یەک پاداشتی بۆ هەیە ، هاو شێوەی ئەم جیاوازی وئیختلافە لەنێوان هاوەڵان وتابعین ودوای ئەوانیشدا هەبووە .

بەهەر حاڵ بەفیڕۆدانی کات بەم شتانەوە و بە لەقاڵب دان وتەسنیف کردنی خەڵکەوە وفڵان بەو شێوەیەوە وفیسان لەفڵان جەماعەتە...هتد ، بێگومان ئەمە دەبێته هۆکاری بێ بەش بوون لەزانست وکار پێ کردنی ، پێویسته لەسەر ئینسان گرنگی بدات بەکردەوەکانی ، وتەنها مەبەستی خودا بێت ، وپارێزگاری بکات لەم کارە ، تەمەنی خۆی لەوەدا سەرف نەکات فڵان بەو شێوەیەیە وفیسان ئاوهایە وئەویتر لەفڵان جەماعەتە ، نەخێر ئاگاداری ئەو شتانە بە کەواجبە لەسەرت وسور بە لەسەر کردەوە کردن و ئەو شتانەی کۆت کردۆتەوە بەفیڕۆى مەدە وبڵاوی مەکەرەوە .

پێویستە لەسەر قوتابی زانست ( طالب العلم ) دەس بگرێت بەکتاب وسوننەوە ، واز لەهەرچی جەماعەت وگرووپ هەیە بێنێت ، بەڵێ هەموان ئیدعای ئەوە دەکەن شوێنی کتاب وسوننە کەوتوون ، بەڵام کاتێ ئەو کردەوانە بەپێوەری کتاب وسوننە دەپێوی خەلەل وهەڵەیت بۆ دەردەکەوێ ، بۆیە دەس بگرە بەجەماعەتی موسوڵمانانەوە ، وپێویسته لەسەرت هەروەک ئاماژەمان پێ دا دەس بگری بەکتاب وسوننەوە ، ولەدەوری زانا مەشهورەکان بە ئەوانەی کەجێگای سیقەن لەزانست وکردەوە و ئیخڵاسدا ، والله المستعان، بەڵێ ئەوەی ئاماژەت پێ دا زۆر بووە ، تا وای لێ هاتووە حاڵی زۆربەی قوتابیانی زانست ( طلاب العلم ) بووە بەقیل وقال ، فڵان بەو شێوەیەیە ، فڵان هەڵەیە ، فیسان ڕاستە ، فڵان لەویتر زانا ترە ، چیت داوە لەمە ؟ ئایا خودا تۆی کردووە بەحەکەم لەنێوان بەندەکانیدا؟!

ئایا نازانی عیڕزی موسوڵمان چاڵێکە لەچاڵەکانی دۆزەخ هەروەک ابن دقيق العيد دەفەرمووێت ؟
ئا ئەو کەسانەی کەتۆ لەبارەیانەوە دەدوێی موسوڵمانن ، بەڵێ گەر لەناو موسوڵماناندا کەسێک هەبوو کەترسی لێ دەکرا ببێت بەخەتەر وزیان بۆ موسوڵمانان ئەوا پێویسته تەحزیری لێ بکرێت .

الشيخ: عبد الكريم الخضير

سەردان: ٢,٤٩٧ بەش: ئادابەکانى طالب عیلم