لە پاش میزكردن و دەرچوون لە سەر ئاو هەست دەكەم بە دەرچوونی چەند دۆڵپەیەك لە میز، ئایا من چیم لە سەرە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە پاش میزكردن و دەرچوون لە سەر ئاو هەست دەكەم بە دەرچوونی چەند دۆڵپەیەك لە میز، ئایا من چیم لە سەرە ؟

بسم الله الرحمن الرحيم
ئەم حاڵتە دەبێت بە دوو بەشەوە:
یەكەم: هەندێك جار ئەمە وەسوەسی شەیتانە و لە ڕاستی و حەقیقەتدا وا نىیە، جا پێویستە ئیماندار گوێ نەدات بەم وەسوەسانە چونكە شەیتان زاڵ دەكات بە سەر خۆیدا و وای لێدەكات كردەوەكانی لێ تێك بدات وەك نوێژ و جگە لەمەش.
دووەم: وە هەندێك جاریش ئەم حاڵەتە ڕاستە و حەقیقەتە لە هەندێك خەڵكدا، جا ئەگەر حەقیقەت بوو ئەوا با لە سەر ئاو پەلە نەكات تاوەكو بە تەواوی میزەكەی دێتە دەرەوە و بە شێوەیەكی طبيعى خۆی دەبڕێتەوە ئەنجا تارات دەگرێت و (زەكەری بە ئاو دەشوات)، وە ئەگەر ترسا لە پاش ئەوە شتێك بێتە دەرەوە ئەوا با هەندێك ئاو بپژێنێت لە شۆرتەكەی (جلی ناوەوەی) لە دەروبەری شوێنی (زەكەری)، ئەنجا دەستنوێژ دەگرێت، ئەم ئاو پژاندنەش بۆ ئەوەیە ئەگەر گومانی ئەوەی بۆ دروست بوو كە میزی لێوە دەرچووە وا دابنێت ئەوە لەو ئاوەیە كە پژاندوویەتی بە شۆرتەكەیدا، ئەمە دەبێتە یارمەتی دەری بۆ وازهێنان لە وەسوەسە.
وە ئەگەر بە دڵنیایی و بە بێ گومان هەستی كرد بە دەرچوونی شتێك ئەوا تاراتەكەی دووبارە دەكاتەوە و دووبارەش دەستنوێژ دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر كومانی هەبوو ئەوا گوێی پێنادات تاوەكو دڵنیا نەبێت.
لە بەر ئەمە كاتێك پرسیار كرا لە پێغەمبەری خوا وترا: ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر پیاوێك گومانی ئەوەی بۆ دروست بوو كەوا شتێكی لێبووەتەوە لە ناو نوێژدا ؟ فەرمووی: ((لا ينصرف حتـى يسمع صوتاً أو يـجد ريـحاً)) [متفق عليه] .
واتە: لە نوێژەكەی نابێتەوە تاوەكو گوێی لە دەنگێك نەبێت یان هەست بە بۆنێك نەكات.
لەلایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ١٣,١٣٣ بەش: شتە پیسەکان و پاککردنەوەیان