ئایا ئافرەتى دووگیان دەکەوێتە سوڕى مانگانەوە؟ کە خوێنى هەبوو حوکمى چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئافرەتى دووگیان دەکەوێتە سوڕى مانگانەوە؟ کە خوێنى هەبوو حوکمى چیە؟
پرسیار:

مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بووم ، بەڵام دوو گیان بووم و نەزیفیش بووم و خوێنم هەبوو ، جا ئێستا من لاوازم وتەندروستیم باش نیە وناتوانم ڕۆژوو بگرم ،جا گەر ڕۆژووەکەم دروست نەبووە ، ئێستا من چی بکەم؟

گەر ئافرەت ڕۆژوو بگرێت ودوو گیان بێت وتووشی نەزیفی بێت ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە وکێشەی نی یە ، چونکە ئەو نەزیفیە لەکاتێکدا کەدوو گیانە هیچ کاریگەری نی یە لەسەر ڕۆژوو ، وحسابی حەیز ونیفاسی بۆ ناکرێت ؛ چونکە منداڵەکە لەسکیدایە بۆیە نە حەیزە ونەنیفاسە ؛ چونکە زۆر ئافرەتی دوو گیان توشی حەیز نابێت ، ولەسەر بۆچوونی ئەوانەی کەدەڵێن: هەندێ جار ئافرەتی دووگیان توشی حەیز دەبێت ، ئەوەیان بەمەرج داناوە خوێنەکە لەکاتی عادەدا بێت ، جا گەر ئەو ئافرەتەی کەپرسیارەکەی کردووە خوێنەکەی لێ تێک چووە ونازانێ چ جۆرێکە ، وخوێنەکە جارجار دێت وەک عادەکانی پێشوی نی یە کەپێش دوو گیانی هەی بوو ئەوا ئەو خوێنە خوێنی ناساغیە وڕۆژووەکەی دروسته ، و سوپاس بۆ خوا قەزا کردنەوەی لەسەر نی یە ؛ چونکە زۆر خوێن کاتێ لەکاتی دوو گیانیدا دێت خوێنی نەخۆشیە ، کەم دەکات وزۆر دەبێت ودەگۆڕێت .
بەڵام گەر ئەو خوێنە لەکاتی عادەدا هات ونەگۆڕا ، ئەوا هەندێ لەزانایان دەڵێن :
خوێنی حەیزە ونابێت نوێژ بکات وڕۆژوو بگرێت ، بەڵام هەندێکی تر لەزانایان پێیان وایە : ئەو خوێنە خوێنی حەیز نی یە وهیچ حسابێکی بۆ ناکرێت ؛ چونکە ئافرەتی دوو گیان ناکەوێتە حەیزەوە ، ئەم بۆ چوونە بۆچوونێکی مەشهور ودیاری زانایانە ، بەڵام زۆر ئافرەتی دوو گیان خوێنێکی لێ دێت کەجۆراو جۆرە ، ئائەم جۆرە خوێنە لای هەموو زانایان حسابی بۆ ناکرێت .
بۆیە نوێژ وڕۆژووی ئەو ئافرەتەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت دروسته ، جا لەم حاڵەتدا پێویستە لەسەری پارچە پەموویەک لەداوێنیدا دانێت ، وبۆ هەموو نوێژێک دەس نوێژ بگرێت ، وە بەو دەس نوێژە نوێژ بکات هەرچەند بەردەوام خوێنیشی لێ بێت ، چونکە ئەمە توشی کێشە بوووە وەک کەسێ وەسواس ، وئەو ئافرەتەی کە توشی ئیستحازە دەبێت ، جا ئەو خوێنە خوێنی ناساغیە وزیانی نی یە بۆ نوێژ وڕۆژوو ، بەڵام دوای هاتنی کاتی نوێژ خۆی پاک دەکاتەوە ، ودەس نوێژ دەگرێت ، ونوێژ دەکات ، خۆ ئەگەر نوێژی نیوەڕۆ وعەسر بەیەکەوە ومەغریب وعیشا بەیەکەوە جەمع بکات ئەوا دروسته .

ئایا پێویسته بۆ هەموو نوێژێک خۆی پاک بکاتەوە ؟
بەڵێ ، کاتێ کەکاتی نوێژ هات خۆی پاک دەکاتەوە ودەس نوێژ دەگرێت ، ونوێژی نیوەڕۆ وعەسر بەیەکەوە دەکات ، وەهەروەها نوێژی مەغریب وعیشا بەیەکەوە دەکات ، هەروەک چۆن پێغەمبەر عليه الصلاة والسلام هەندێ لەئافرەتە سەحابیەکانی فێر دەکرد ، خۆ ئەگەر خۆیشى لەگەڵیدا بشوات واتە : بۆ نوێژی نیوەڕۆ وعەسر جارێک خۆى بشوات ، وەهەروەها بۆ نوێژی مەغریب وعیشا جارێک خۆى بشوات بۆ پاک وخاوێنی وچالاک بوون ئەوا کارێکی چاکە ؛ چونکە پێغەمبە ئامۆژگاری هەندێ لەو ئافرەتانەی کرد ئەوانەی کەتوشی ئیستحازە (خوێنی ناساغی - نەخۆشی)بوون خۆیان بشۆن .

وەڵامى زاناى پایەبەرز عبدالعزیز بن عبدالله بن باز رحمه الله

تێبینى : ئەوەى لەدامێنی ئافرەتی سکپڕەوە دێتە دەر پێش مناڵبوون بەدوو بۆ سێ ڕۆژ
یەکەم : ئەگەر خوێن هاتەدەرەوە پێش دوو بۆ سێ ڕۆژ ، و هاوکات ئازارو ژانی مناڵبوونی لەگەڵدا بوو ، ئەوا بە نیفاس ئەژمار دەکرێت ، ئەگەر ئەو نیشانانەی لەگەڵدا نەبوو ئەوا خوێنێکی خراپەو نابێ واز لەنوێژو ڕۆژوو بهێندرێت بەهۆیەوە .
دووەم : وە ئەگەر ئەو ئاوەی تۆ ئاماژەت پێکردووە ، وەکو ئەو دەرهاویشتانەیە کە لەدامێنی ئافرەتەوە دەردەچێت ، بەپاک ئەژماردەکرێ کە لەڕەحمەوە دێتە دەر ، دەستنوێژ دەشکێنێ ، بەڵام نابێتە هۆی ئەوەی واز لەنوێژو ڕۆژوو بهێندرێت ، چونکە حوکمی نیفاس وەرناگرێت.

سەردان: ٤,٢٨٧ بەش: حەیز و نیفاس