قەزاکردنەوەى ڕۆژى عاشورا یان عەرەفە بۆ ئەو ئافرەتەى کە بەهۆى سوڕى مانگانەوە نەیگرتووە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قەزاکردنەوەى ڕۆژى عاشورا یان عەرەفە بۆ ئەو ئافرەتەى کە بەهۆى سوڕى مانگانەوە نەیگرتووە
پرسیار:

ئەگەر ئافرەتێک ڕۆژى عاشورا یان عەرەفەى بەسەردا هات و لە سوڕى مانگانەدا بوو ئایا دەتوانى دواتر قەزاى بکاتەوە بۆ ئەوەى لە خێرى ئەو ڕۆژە بێ بەش نەبێ؟ وە کە عوزرى هەیە و ناتوانێ بە ڕۆژوو بێ ئایا خێر و پاداشتى ڕۆژووى بۆ دەنوسرێ؟ 

پرسیار کراوە لە زاناى پایەبەرز محمد بن صالح العثیمین رحمه الله لەبارەی ئافرەتێکەوە کە ڕۆژی عاشوڕای بەسەردا دێت لەکاتێکدا لەسوڕی مانگانەدایە جا ئایا ئەو ڕۆژە قەزا دەکاتەوە ؟
وە ئایا هیچ قاعیدەیەک هەیە بڵێت فڵان سوننەت قەزا دەکرێتەوە وفڵانی تر قەزا ناکرێتەوە ، و جزاك الله خيراً‏؟‏

لەوڵامدا گوتویەتی:‏
سوننەت دوو جۆرە :
جۆرێکیان سەبەبی هەیە ، وە جۆرێکی تریان سەبەبی نی یە .
جا ئەوەی کەسەبەبی هەیە ئەوا بەنەمانی ئەو سەبەبە ئەویش لەدەس دەچێت وقەزا ناکرێتەوە ، بۆ نموونە نوێژی چوونە مزگەوت (تحیة المسجد) ،گەر کەسێک چووە مزگەوت ودانیشت وزۆر بەسەر دانیشتنەکەیدا تێپەڕ بوو پاشان بیەوێ نوێژی چوونە مزگەوت (تحیة المسجد) بکات ئەوا بۆی ئەژمار ناکرێت ؛ چونکە ئەم نوێژە سەبەبی هەیە ، وبەستراوەتەوە بەسەبەبێکەوە ، هەر کات ئەو سەبەبە نەما ئەویش نامێنێت ولەدەس دەچێت ، وەهاوشێوەی ئەمەش ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە وعاشوڕا ، هەرکات ئینسان بەبێ عوزر ئەم ڕۆژوانەی نەگرت بێگومان لەدەستی دەچێت وقەزای ناکاتەوە ، وەهیچ سودی نییە گەر قەزای بکاتەوە وبۆی حساب ناکرێت .‏
وەهەروەها گەر ئەم ڕۆژانە بەسەر مرۆڤدا بێت وعوزری هەبێت وەک ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدایە یاخود منداڵی بووە یاخود کەسێک نەخۆش بێت ، ئەمەش قەزای ناکاتەوە ؛ چونکە ئەم ڕۆژووە تایبەتە بەڕۆژێکی دیاری کراوەوە بەچوونی ئەو ڕۆژە ئەویش لەدەس دەچێت .‏
انتهى من "مجموع فتاوى ابن عثيمين" (20/ 43) .

بەڵام گەر کەسێک عوزری هەبێت لەنەگرتنی ڕۆژوودا ، وەک ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدایە یاخود تازە منداڵی بووە یاخود نەخۆش کەوتووە وەیاخود لەسەفردا بێت ، وە پێشتر عادەتی وابووە ئەو ڕۆژانە بەڕۆژو بووە ، یاخود نیەتی هەبووبێت ئەوڕۆژە بەڕۆژوو بێت ، ئەوا لەسەر نیەتەکەی پاداشت وەردەگرێت ؛ هەروەک ئیمامی بوخاری لەصەحیحەکەی[( (2996)] دا ، لەئەبو موساوە گێڕاویەتیەوە کەپێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : ( إِذَا مَرِضَ الْعَبْدُ أَوْ سَافَرَ كُتِبَ لَهُ مِثْلُ مَا كَانَ يَعْمَلُ مُقِيمًا صَحِيحًا ) .
واتە : گەر مرۆڤ نەخۆش کەوت یاخود سەفەری کرد ئەوا پاداشتی ئەو کردەوانەی بۆ دەنوسرێت کەئەنجامی دەدا لەکاتێکدا کەلەماڵ بوو ولەش ساغ بوو .

وە ابن حجر رحمه الله لەلێکدانەوەی ئەم ڕستەیەدا ( كُتِبَ لَهُ مِثْل مَا كَانَ يَعْمَل مُقِيمًا صَحِيحًا )دەڵێت :
ئەمە بۆ کەسێکە کەعیبادەتێکی کردووە بەڵام شتێک بۆتە ڕێگر ، وە نیەتی هەبووە ـ گەر ڕێگریەکە نەبوایە ـ ئەنجامی بدات وبەردەوام بێ لەسەری .

"فتح الباري" .

سەردان: ٢,٦٤٣ بەش: ڕۆژووى سوننەت