سەیر کردنی ئافرەت بە مەبەستى هاوسەرگیرى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سەیر کردنی ئافرەت بە مەبەستى هاوسەرگیرى
پرسیار:

گەنجێک دەیەوێ خوازبێنى کچێک بکات، ئایا مەرجەکانی سەیرکردنی ئافرەتی داواکراو چیە ؟ 

 

مەرجەکانی سەیرکردنی ئافرەتی داواکراو

یەکەم : نابێت بە تەنها بن بەڵکو دەبێت مەحڕەمی خۆیان لەگەڵ بێت .

دووەم : دەبێت بەبێ شەهوەت بێت، چونکە ئەو پڕۆسەی سەیرکردنە ئەگەر بە شەهوەتەوە بێت حەڕامە لەبەر ئەوەی مەبەست لەو سەیرکردن وتێڕوانینە بریتی یە لە پێڕاگەیاندن نەک چێژوەرگرتن.

سێیەم : دەبێت کەسەکە گومانی زۆری وابێ کە لەلایەن ماڵی کچەکەوە وەڵام دەدرێتەوە.

چوارەم : دەبێت سەیری ئەو شوێنەی ئافرەتەکە بکات کە زۆرجار بەدەرەوەیە کە ئەویش ڕومەتە.

پێنجەم : دەبێت کەسەکە سوربێت لەسەر ئەو داواکردنە واتا دەبێت دەرئەنجامی سەیرکردنەکەی ببێتە هۆی ئەوەی کە بچێتە پێشەوە بۆ خوازبێنی ئەو ئافرەتە، بەڵام ئەگەر نیازی گەڕان و ڕابواردن بوو بەسەر ئافرەتانەوە ئەوە دروست نییە.

شەشەم : نابێت ئافرەتەکە بە سفوری یان بە بۆخۆشکردن یان بە چاو ڕشتن یان بە هەر کارێک کە لەسەر ئافرەت حەڕام بێت بەرامبەر پیاوی نامەحڕەم ئەنجامی بدات و خۆی پێ بڕازێنێتەوە خۆی پیشان بدات چونکە مەبەست لەو پڕۆسەی سەیرکردنە ئەوە نییە کە کەسەکە بۆ جوتبون هاتبێ لەگەڵی تاوەکو ئەویش بە ڕووتی دەرکەوێت یان بەجلی تەسکەوە یان بە خۆڕازادنەوەوە ، بەڵکو ئەم کارانە ئافرەت بۆ مێردی خۆی دەیکات تاوەکو بانگی بکات بۆ جوتبون، بەڵام ئەگەر ئافرەت ئەو کارانەی کرد بۆ کەسێک کە هێشتا حەڵاڵی نییە ئەوە فیتنەی لێ دەکەوێتەوە کە ئەمانەش حەڕامە چونکە هێشتا ئەو ئافرەتە بۆ ئەو پیاوە حەڵاڵ نییە لەو کاتەدا ، وە هەروەها ئەگەر ئافرەت بەو کارانە خۆی پیشانی داواکەرەکە بدات ئەوە دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە چونکە ئەگەر مارەی کرد وە بینی کە ئەم ئافرەتە بەو شێوەیە نییە کە ئەم ئەو کاتە بینی بووی و دەیویست بەو هۆیەشەوە هەڵسوکەوت وتێڕوانینی بەرامبەر ئەو ئافرەتە دەگۆڕێت.

سەرچاوە: الشرح الممتع (23/12)
زانای پایەبەرز محمد بن صالح العثيمين رحمه الله

سەردان: ٣,١٤٩ بەش: ژنهێنان و شوکردن