دواخستنى بەشێک لە مارەیی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دواخستنى بەشێک لە مارەیی
پرسیار:

ئایا دروستە لەکاتی مارە بڕیندا هەندێ لەمارەییەکە تاخیر بکرێت ؟

من گوێم لێ بووە دەڵێن دروست نییە لەکاتی مارە بڕیندا نیوەی بدرێت و نیوەکەی تری دواتر بدرێت ، ئەم جۆرە پێی دەوترێت مارەی پێشەکی ( المؤجل ) و دواخراو(المعجل) جا ئایا ئەوە دروستە یاخود پێویستە هەمووی پێکەوە بدرێت ؟

بەنیسبەت مارەییەوە دروستە پێشەکی بدرێت وەهەروەها دروستیشە دوا بخرێت ، و بەهەمان شێوە دروستە سەرەتا هەندێکی بدرێت و دواتر باقێکەی ، ئەوە دەکەوێتە سەر ڕێککەوتنی ژن و مێردەکە ، و ئاساییە وهیچی تێدا نییە .

 ابن قدامة رحمه الله دەڵێت :

"يَجُوز أَنْ يَكُونَ الصَّدَاقُ مُعَجَّلًا , وَمُؤَجَّلًا , وَبَعْضُهُ مُعَجَّلًا وَبَعْضُهُ مُؤَجَّلًا ; لِأَنَّهُ عِوَضٌ فِي مُعَاوَضَةٍ , فَجَازَ ذَلِكَ فِيهِ كَالثَّمَنِ" انتهى . "المغني" (7/169) .
واتە : دروستە مارەیی یەکسەر هەمووی بدرێت ، ودروستە دوا بخرێت ، وەهەروەها دەکرێ هەندێکی سەرەتا بدرێت ئەوی تری دواتر ، چونکە ئەم مارەییە لەبەرانبەر شتێکدا دەدرێت و وەک هەر مامەڵەیەکی تر وایە .

وە هەر بەم شێوەیەش بووە تا ئێستا و خەڵک چەندین سەدەیە بەم شێوەیە مارەیی دەدەن .

 شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله دەڵێت :

"ولم يكن الصحابة يكتبون "صداقات" لأنهم لم يكونوا يتزوجون على مؤخر ؛ بل يعجلون المهر ، وإن أخروه فهو معروف ، فلما صار الناس يتزوجون على المؤخر والمدة تطول ويُنسى : صاروا يكتبون المؤخر ، وصار ذلك حجة في إثبات الصداق ، وفي أنها زوجة له" انتهى .
"مجموع الفتاوى" (32/131) .
واتە : هاوەڵان مارەییان نەدەنووسی ؛ چونکە ئەوان مارەیی تاخیر کراویان نەبوو ، بەڵکو سەرەتا هەموویان دەدا ، خۆ ئەگەر دوایان بخستایە دەزانرا ، بەڵام دواتر کەخەڵک ژنیان مارە دەکرد لەسەر مارەیی دواخراو (مؤجل) و تاخیر دەبوو بەشێوەیەک لەبیر دەکرا ، بۆیە دەیان نوسی ، و ئەو نوسینە بووە بەڵگەیەک لەبابەتی مارەییدا ، و بەڵگەش بۆ ئەوەی کەئەو ئافرەتە خێزانی ئەو پیاوەیە .

وە پرسیار کراوە لە الشيخ ابن باز رحمه الله :

ئاین واجبە لەکاتی مارە بڕیندا یاخود لەکاتی ڕێککەوتن لەسەر مارەیی هەمووی بدرێت ، یاخود تەنها دیاری کردنەکە کافیە ، و دروستە دوا بخرێت ودواتر بدرێت ، واتە : دوای گواستنەوە ؟

لەوەڵامدا گوتوویەتی :
ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنی ژن و مێردەکە ، یاخود زاوا و وەلی ئەمری ئافرەتەکە ، کاتێ کە لەسەر هەر شێوەیەک ڕێکەوتن ئەوا دروستە ، جا زوو بدرێت یاخود دوا بخرێت ، بابەتەکە مەجالی تێدایە الحمد لله ؛ بەڵگەشمان ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەرە : (الْمُسْلِمُونَ عَلَى شُرُوطِهِمْ) .
واتە : کار وباری موسوڵمانان بەو شێوەیەیە کەشەڕت و مەرجیان بۆی داناوە و لەسەری ڕێکەوتوون .

وەهەروەها فەرموویەتی : (إِنَّ أَحَقَّ الشُّرُوطِ أَنْ يُوَفَّى بِهِ مَا اسْتَحْلَلْتُمْ بِهِ الْفُرُوجَ) .
واتە : یەکێک لە گرنگترین مەرجەکان مارەییە کەبەهۆیەوە داوێنی ئافرەتتان بۆ حەڵاڵ دەبێ .

جا وەک گوتمان هەر چۆنێک ڕێکەون بەو شێوەیە ، جا دوای بخەن یاخود هەمووی بدەن و یاخود هەنێکی بدەن وئەوی تر دواتر هەموو ئەمانە دروستە ، بەڵام سوننەت وایە لەکاتی مارە بڕیندا مارەیەکە دیاری بکرێت ،لەبەر ئەم ئایەتە پیرۆزە : (أَنْ تَبْتَغُوا بِأَمْوَالِكُمْ) واته : به‌وه‌ی كه‌ به‌ماڵی خۆتان ماره‌یی بده‌ن به‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ ئه‌یانهێنن .
جا وەک ئاماژەمان پێ دا مارەییەکە دیاری دەکرێت ، جا گەر ئەم کارە کرا ئەوا شتێکی باشە ، خۆ ئەگەر ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی دوای بخەن ئەوا دروستە ، وەهەروەها گەر هەندێکی سەرەتا بدرێ وئەوی تری دواتر هەموو ئەم شێوازانە دروستە وبێ کێشەیە، والحمد لله" انتهى .
"مجموع فتاوى ابن باز" (21/89-90) .

وەپرسیار کراوە لە الشيخ محمد بن عثيمين رحمه الله :

ئایا دەکرێ مارەی دوا بخرێت ؟ و ئایا مارەیی قەرزە لەسەر پیاو و پێویستە لەسەری بیدا ؟  

لەوەڵامدا گوتوویەتی :

دوا خستنی مارەیی دروستە و هیچی تێدا نی یە ، گەر پیاوەکە مەرجی دانا هەموو مارەیی یاخود بەشێکی دوا بخات ئەوا دروستە ، بەڵام کاتەکەی تەواو دەبێ بەکۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەی کە بۆی دیاری کراوە ، وە هەروەها بە تەڵاق و مردن کاتەکەی تەواو دەبێت ، و مارەیی قەرزێکە لەسەر پیاو و پێویستە دوای بەسەر چوونی ماوەکەى بیدات ، و دوای مردنی پیاوەکە وەک هەر قەرزێکی تر قەرزە لەسەر پیاوەکە .

"مجموع فتاوى ورسائل ابن عثيمين" (13/1368) .

والله أعلم .

سەردان: ٢,٧٥٨ بەش: ژنهێنان و شوکردن