پێویستی خەڵک بە پێغەمبەران: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پێویستی خەڵک بە پێغەمبەران
پرسیار:

ئایا پێویستی خەڵک چی یە بەپێغەمبەران ؟

پێویستی خەڵک بەپێغەمبەران

پێغەمبەران نێردراوی خودان بۆ بەندەکانی بەڵکو فەرمانەکانی بەخەڵک بگەیەنن ، موژدە بدەن بەوانەی کە گوێڕایەڵیان دەکەن ، و ئاگاداریان بکەنەوە لەسزای خودا گەر سەرپێچیان کرد ، و بەسەرهاتی گەلانی پێشویان بۆ بگێڕنەوە و باسی ئەو سزایانەیان بۆ بکەن کە ڕوو بەڕووی بوونەوە بەهۆی سەرپێچی کردنیان بۆ فەرمانی خودا .

جا ئەو فەرمان وڕێگری لێ کردنانە ناکرێت عەقڵ بەتەنها درکیان پێ بکات ؛ هەر بۆیە خودا چەند یاسایەکی بۆ داناون وفەرمانی پێ کردوون وڕێگری لەهەندێ شت لێ کردوون ؛ ئەمەش‌ وەک ڕێز گرتنێک لەمرۆڤەکان وپارێزگاری کردن لە بەرژەوەندیەکانیان ؛ چونکە ڕەنگە خەڵک شوێنی هەواو وئارەزوویان بکەون وسنوورەکانی خودا ببەزێنن و مافی کەسانی تر پێ شێل بکەن ، بۆیە حیکمەتی خودا وای خواست هەر ماوەی جارێک پێغەمبەرێکی بۆ دەناردن و فەرمانەکانی خودایان یاد دەخستنەوە و ئاگاداریان دەکردنەوه لەسەرپێچی کردنی ، و ئامۆژگاریان دەکردن و باسی بەسەرهاتی گەلانی پێشویان بۆ دەکردن . .هتد .

جا دەکرێت بەکورتی پێویستی خەڵک بەپێغەمبەران لەم چەند خاڵەدا کۆ بکەینەوە : 

یەکەم : مرۆڤ لەلایەن خوداوە دروست کراوە ، و پێویستە بیناسێت و بزانێت بۆ دروستی کردووە ، و دوای چی لێ دەکات ، بێگومان مرۆڤ بەتەنها خۆی ناتوانێت ئەمە بکات ، مەگەر لەڕێگای پێغەمبەرانەوە نەبێت ، و ئەو دینەی کە هێناویانە .

دووەم : مرۆڤ لەجەستە وڕوح پێک هاتووە ، جا خۆراکی لاشە بریتی یە لەخواردن وخواردنەوە ، بەڵام خۆراکی ڕوح ئەوەیە کە دروست کارەکەی خۆی دەس نیشانى دەکات ، کە ئەویش دینێکی ڕاست و دروستە و کردەوەی چاکەیە ، حەتمەن پێغەمبەران دینی ڕاستیان هێناوە و ڕێنوێنی خەڵکیان کردووە بۆ کردەوەی چاکە .

سێیەم : مرۆڤ بەفیتڕەت و پێکهاتەی دین دارە ، و پێویستی بەدینێکە پەیڕەوی لێ بکات ، جا ئەو دینە دەبێ ڕاست بێت ، بێگومان هیچ ڕێگایەک نی یە بۆ ناسینی دینی ڕاست تەنها ئەو ڕێگایە نەبێت کەئیمان هێنانە بەپێغەمبەران و ئەو دینەی کە هێناویانە  .

چوارەم : مرۆڤ پێویستی بە شتێکە بیگەیەنێت بە ڕەزامەندی خودا و بەهەشتەکەی و خۆشی دوا ڕۆژ ، ئەمانەش بەدەست نایەت تەنها لەڕێگای پێغەمبەرانەوە نەبێت .

پێنجەم : پێکهاتەی مرۆڤ لاوازە و لەنەفسی خۆیدا چەندین دوژمن هەیە ، جگە لەشەیتان کەدەیەوێ گومڕای بکات ، و هاوەڵی خراپ . .هتد ، بۆیە زۆر پێویستی بەخۆ پاراستن هەیە ، ئەمەش تەنها بەگوێڕایەڵی کردنی پێغەمبەران دەستە بەر دەبێت .

شەشەم : مرۆڤە وا دروست کراوە بەتەنها ناتوانێ بژی و پێویستی بەدەورو بەر و مامەڵە کردنە لەگەڵیان ، بێگومان لەم کاتەدا پێویستی بەدینێک هەیە ڕێنوێنی بکات و ڕێگای ڕاست و دادپەروەری پێ پیشان بدات ، گەر نا ژیان وەک دارستان و غاباتی لێ دێ ، جا بۆیە پێویستی بەشەرعێکی ڕاست و دروست و دادپەروەر هەیە بۆ پاراستنی مافەکان ،بێگومان ئەوەش بەدەست نایەت تەنها لەڕێگای پێغەمبەرانەوە نەبێت  .

حەوتەم : وەهەروەها مرۆڤ پێویستی بەشتێک هەیە دڵخۆش وئارامی بکات ، و ڕێگاکانی خۆش گوزەرانی پێ پیشان بدات ، ئەمەش هەر لەڕێگای پێغەمبەرانەوە فەراهەم دەبێت  .

سەرچاوە : كتاب الإسلام أصوله ومبادؤه تأليف د. محمد بن عبد الله بن صالح السحيم .

سەردان: ١,٦٥١ بەش: باوەڕبون بە پێغەمبەران