قەدەغەكراوەكان لە کاتى سەردان کردنى گۆڕستان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قەدەغەكراوەكان لە کاتى سەردان کردنى گۆڕستان
پرسیار:

ئەو شتانەى کە قەدەغەیە و دروست نیە لە کاتى سەردان کردنى گۆڕستان چیە؟

قەدەغەكراوەكان لە کاتى سەردان کردنی گۆڕستان

1 ـ خوێندنەوەی قورئان لەكاتی سەردانی گۆڕستان ـ سورەتی فاتیحە بێت یان هەر سورەتێكی تر ـ یەكێكە لەو شتانەی كە هیچ بنەوایەكی لە سوننەتدا نییە .
2 ـ نابێت بە نەعل و پێڵاوەوە بەنێۆ گۆڕی موسڵماناندا ڕێ بكرێت :
پێغەمبەرى خوا چاوی بە پیاوێك كەوت بەنەعلەوە لە نێو گۆڕەكاندا ڕێی دەكرد ، فەرمووی : ئەی ئەو كەسەی نەعلی ( سەبتیت ) لە پێدایە نەعلەكانت داكەنە ، پیاوەكە سەیری كرد ، كاتێك كە پیاوەكە پێغەمبەری خوای ناسییەوە نەعلەكانی داكەند ، و فڕێ‌ی دان .
3 ـ نابێت پێ‌ بنرێتە سەر قەربرەكان لە كاتی ڕێكردندا : 
لە ( عقبە ) ەی كوڕی ( عامر ) ەوە ڕەزاى خواى لێ بێ پێغەمبەری خوا فەرمویەتی :  ئەگەر بەسەر پشكۆ یان شمشێردا بڕۆم، پێم خۆشترە لەوەی كە بەسەر گۆڕی موسڵمانێكدا بڕۆم ..
4 ـ نابێت لەسەر قەبرەكان دابنیشرێت : 
 پێغەمبەری خوا  فەرموویەتى : نوێژ لە سەر گۆڕ مەكەن ، و لە سەریشی دامەنیشن .
5 ـ شكاندنی ئێسكی مردوو كارێكی نادروستە : پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : " إن كسر عظم المؤمن ميتا ، مثل كسره حيا " ( أخرجه أبو داود وابن ماجه ) ، واتە : شكاندنی ئێسكی ئیماندار بە مردووی وەكو ئەوە وایە كە بە زیندوویی بشكێنرێت .
6 ـ شیوەن كردن و لە ڕوومەت دان ، و یەخە دادڕین ، و ڕنینی پرچ ، و واڵاكردن و بڵاوكردنەوەی دروست نیە لەكاتی سەردانی گۆڕستان .
7 ـ نوێژكردن ڕووەو گۆڕ دروست نیە :لەبەر ئەو فەرمودەیەی كە پێشتر باسمان كرد ، " لا تصلوا إلی القبور ... " ، واتە : نوێژ ڕووەو گۆڕ مەكەن .
 8 ـ وە نابێت لە ناو گۆڕستاندا نوێژ لە سەر تەرمەكە بكرێت :
( أنس ) ی كوڕی ( مالك ) ڕەزاى خواى لێ بێ  دەگێڕیتەوە : " أن النبي نهى أن يصلى على الجنائز بين القبور "( أخرجه الطبراني ، وإسناده حسن ) ، واتە : پێغەمبەری خوا نەهی كردووە لەوەی كە نوێژ لە سەر جەنازە بكرێت لە نێو گۆڕستاندا .
9 ـ دووبارەكردنەوەی سەردانی گۆڕستان لە كاتێلێكی دیاریكراودا 
واتە : لە كاتی دیاری كراو و چەند بۆنەیەكی زانراودا بۆ ئەنجامدانی پەرستش ، یاخود جگە لەوە لە لایدا . ( أبو هریرە ) ڕەزاى خواى لێ بێ  دەفەرموێ‌ : پێغەمبەری خوا فەرموویەتی :" لا تتخذوا قبري عيدا ، ... " ( أخرجه أبو داود وأحمد بإسناد حسن وهو على شرط مسلم )  ، واتە : گۆڕەكەم وا لێمەكەن كە دووبارەو لە كاتێلێكی دیاری كراودا سەردانی بكەن ، ... .
10 ـ سەفەركردن بۆ زیارەتی گۆڕ :
پێغەمبەر خوا فەرموویەتی :" لا تشد الرحال إلا إلى ثلاثة مساجد : المسجد الحرام ، ومسجد الرسول ، ومسجد الاقصى " ، واتە : كۆڵ و بار ناپێچرێتەوە بۆ سەفەركردن بەمەبەستی زیارەت كردن تەنها بۆ سێ‌ مزگەوت نەبێت : مزگەوتی كەعبەی پیرۆز كە ماڵی خوایە ، و مزگەوتی پێغەمبەر ، و مزگەوتی ئەقسا .
11 ـ ناشتنی دار یان هەر جۆرە ڕووەكێك بەگشتی لە گۆڕستان دروست نیە : چونكە ئەو كارە لە كاری سەلەفدا نەبووە ، وە ئەگەر كارێكی خێریش ببایە ئەوان پێشمان دەكەوتن ، ( ابن عمر ) یش فەرموویەتی :  " كل بدعة ضلالة ، وإن رآها الناس حسنة " ، واتە : هەموو بیدعە و تازەگەریەك گومڕاییە ، با خەڵكیش بە چاكی بزانن .

مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ٢,٢٥٠ بەش: سەردانى گۆڕستان