بۆ موسوڵمانان بەڕۆژوو دەبن ، و حیکمەت لە واجب كردنى ڕۆژوو چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆ موسوڵمانان بەڕۆژوو دەبن ، و حیکمەت لە واجب كردنى ڕۆژوو چیە؟
پرسیار:

من لەبەریتانیا ئەژیم زۆر جار کەسانی غەیرە موسوڵمان پرسیارم لێ دەکەن بۆ موسوڵمانان بەڕۆژوو دەبن ؟ ئایا من چی بڵێم وچۆن وەڵامیان بدەمەوە ؟

یەکەم : ئێمە وەک ـ موسوڵمان ـ فەرمانمان پێ کراوە بەڕۆژوو بین ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ) البقرة/183.
واتە:ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانتان له‌سه‌ر فه‌رز كراوه‌ ، هه‌روه‌كو چۆن له‌سه‌ر ئوممه‌تانی پێش ئێوه‌ش فه‌رز كرابوو ، به‌ڵكو ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن.
ئێمە عیبادەت بۆ خودا دەکەین بەم عیبادەتە خۆشەویستە لەلای خودا ، کەفەرمانی پێ کردووین .

وە باوەڕدار پەلە دەکات لەجێ بەجێ کردنی فەرمانی خودا وپێغەمبەردا ئەمەش وەک بەجێ هێنانی ئەم ئایەتە پیرۆزە: ( إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَنْ يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ ) النور/51.
واتە: كاتێك كه‌ باوه‌ڕداران بانگ بكرێن بۆ لای خواو پێغه‌مبه‌ری خوا  بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌ نێوانیاندا بدات، واته‌: بۆ لای قورئان و سوننه‌ت ته‌نها وته‌یه‌ك هه‌یان بێت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ڵێن: ئێمه‌ فه‌رمان و فه‌رمایشتی خواو پێغه‌مبه‌ری خوامان - - بیست وه‌ گوێڕایه‌ڵین ، ئا ئه‌م كه‌سه‌ باوه‌ڕدارانه‌ سه‌رفرازو سه‌ركه‌وتوون له‌ دونیاو قیامه‌تدا ، وه‌ هه‌ر كه‌سێك گوێڕایه‌ڵی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا بكات  ، وه‌ به‌ زانیاریه‌وه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ بترسێ ، وه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكات ، ئا ئه‌م كه‌سانه‌ براوه‌ن له‌ دونیاو قیامه‌ت. 

وەهەروەها فەرموویەتی: ( وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْراً أَنْ يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلالاً مُبِيناً ) الأحزاب /36.
واتە:وه‌ بۆ هیچ باوه‌ڕدارێكی پیاو و ئافره‌ت حه‌ڵاڵ نیه‌ كه‌ كاتێك خواو پێغه‌مبه‌ری خوا  بڕیارێك بده‌ن ئه‌وان سه‌رپشك بن له‌وه‌ی كه‌ شتێكی تر هه‌ڵبژێرن، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌سه‌ریان پابه‌ندى گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا بن - - ، وه‌ هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا   بكات ، ئه‌وه‌ گومڕا بووه‌ گومڕابوونێكی زۆر ئاشكرا

دووەم: یەکێک لەحیکمەتەکانی خودا ئەوەیە جۆرەها عیبادەتی داناوە ؛ بۆ تاقی کردنەوەی بەندەکان کە تا چەند جێ بەجێی دەکەن یاخود تەنها ئەوانە جێ بەجێ دەکەن کەلەگەڵ هەواو ئارەزوویاندا دەگونجێت؟
جا کاتێ تەماشای پێنچ عیبادەتەکە: شەیەتومان ، و نوێژ ، و ڕۆژوو ، و زەکات ، و حەج دەکەین دەبینی هەندێکی بەلاشە دەکرێت ، وهەندێکی بەماڵ دەکرێت ، وهەندێکی تر به هەر یەک لە لاشه و ماڵ پێک هاتووە ، تاوەکو دەرکەوێت کێ ڕەزیلە و کێش سەخی یە ، ڕەنگە هەندێ کەس هەبن ئاسان بێت لەسەریان هەزار ڕکات نوێژ بکەن ، بەڵام نەتوانن دینارێک ببەخشن ،و ڕەنگە بەپێچەوانەشەوە هەبێت بتوانێت هەزار دینار بەخشێت بەڵام یەک ڕکات نوێژ نەکات.

شەریعەتی ئیسلام جۆرەها عیبادەتی فەرز کردووە تاوەکو دەرکەوێت کێ فەرمانەکانی خودا جێ بەجێ دەکات ، و کێش دوای هەواو ئارەزووەکانی دەکەوێت.

نوێژ بۆ نموونە عیبادەتێکە بەلاشە دەکرێت ، و ئەوەی واجبە بۆی وەک ئاوی دەس نوێژ و پۆشینی جل ، هەموو ئەمانە تابیعی نوێژەکەن ، وداخلی ئەسڵی عیبادەتەكه نین.

وە زەکات : عیبادەتێکە بەماڵ دەکرێت ، وئەوەی پێویستی پێی هەیە به لاشە وەک ژماردنی ماڵ ، و نەقڵ کردنی بۆ کەسی هەژار ئەمانە تابعی زەکاتن نەک داخلی خودی عیبادەتەکە بن .

وە حەج : پێک هاتووە لەعیبادەتی ماڵی ولاشە تەنها بەنیسبەت خەڵکی مەکەوە نەبێت کەڕەنگە تەنها بەلاشە ئەنجام بدرێت وپێویستی بەپارە نەبێت ،بەڵام ئەمە کەمە.

وە جیهاد کردن لەپێناوی خودادا: عیبادەتێکە پێک هاتووە لەماڵ ولاشە ، هەندێ جار پێویستە بەماڵ بکرێت وهەندێ جاریش پێویستە بەلاشە بکرێت .

سێیەم : وهەروەها بەڕۆژوو بوون چەندان حیکمەتی گەورەی تێدایە .

پرسیار کراوە لەشێخ ابن عثيمين دەربارەی حیکمەتی واجب بوونی ڕۆژوو ؟

ئەگەر ئەو ئایەتە بخوێنینەوە كە خواى گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) واتە: ئەى ئەوانەى باوەڕتان بەخواى پەروەردگار و پەیامبەرەكەى  ـ ـ  هێناوە ، و بەڕاستتان زانیون ، و كارتان بەشەرعەكەى كردوە ، خواى پەروەردگار ڕۆژوى لەسەر فەرزكردون ، وەكو چۆن لەسەر ئوممەتنانى پێش ئێوەشى فەرزى كردبوو ، بەڵكو تەقواى خواى پەروەردگار بكەن و پارێزگاربن ، بەوەى كە پارێزەرێك بخەنە نێوان خۆتان و سەرپێچیەكانەوە ، ئەوەش بەگوێڕایەڵى وعیبادەتكردنى خواى شكۆمەند بەتاك و بەتەنهایى .
ئەوا بە دڵنیاییەوە حیكمەتى رۆژوو دەزانین كە بریتیە لە تەقــوا وخواپەرستى بۆ الله سبحانە وتعالى، وە تەقواش واتە وازهێنان لە حەرامكراوەكان، وە تەقوا بە ڕەهایی ئەگەر هات ئەوا كردنى فەرمان پێكراوەكان و نەكردنى حەرامكراوەكانیش دەگرێتەوە، وە پێغەمبەرى خوا  ـ ـ  فەرموویەتى: (( من لم يدع قول الزور والعمل به والجهل فليس لله حاجة أن يدع طعامه وشرابه))(1). واتە:  ئەوەى واز لە قسەو وشەى نەشیاو و ناشایستە وتاوان ونەزانین نەهێنێت ئەوا خواى گەورە پێویستى بەوە نییە كە ئەو كەسە واز لە خواردن و خواردنەوەكەى بهێنێت. بۆیە كەسی بەرۆژوو جەختى لەسەر كراوە لە هەستان بە واجباتەكان و دووركەوتنەوە لە نەهى لێكراوەكان لە كردار و گوفتار، غەیبەتى خەڵك ناكات و درۆ ناكات و فیتنەیی ناكات لەنێوانیاندا و شتى حەرام نافرۆشێت و دووردەكەوێتەوە لە هەموو حەرامكراوەكان، جا ئەگەر كەسێك بە هەموو ئەوانە هەستێت لە ماوەى مانگێكى تەواودا ئەوا تەواوى ساڵەكە باش دەبێت و خوو بە چاكەوە دەگرێـت. 
بەڵام بەداخەوە زۆرێك لە رۆژووانان جیاوازى ناكەن لەنێوان ئەو رۆژەى كەبە رۆژون و ئەو رۆژەشی كەبەرۆژو نیـن، و ئەوان لەسەر هەمان ئەو عادەتەى خۆیانن لە نەكردنى واجباتەكان و كردنى حەرامكراوەكان و هەست بەو سەنگینى و گەورەیی ونیشانەى بەرۆژژوبون ناكەیت تێیدا، ڕاستە ئەم كارانە رۆژو بەتاڵ ناكاتەوە بەڵام لە پاداشتەكەى كەم دەكاتەوە و پێدەچێت لەكاتى تێكڕادا ئەو كارە خراپانە بەرانبەر بە پاداشتى رۆژوەكە بوەستن و هەموو پاداشتەكەى لەدەست بچێـت.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -


([1]) أخرجه البخاري : كتاب الصيام/ باب من لم يدع قول الزور والعمل به في الصوم(1903).

سەردان: ٢,٥٨٦ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو