چۆن تەوبە بکەم؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن تەوبە بکەم؟
پرسیار:

وا بەرەو مانگى ڕەمەزانی پیرۆز دەچین ئەگەر کەسێک بیەوێ تەوبە بکات دەبێ چی بکات ؟ وە کەسێک تەوبە نەکات و خەریکى تاوان بێ چ زیانێک دەکات و زیانەکانى تاوان و خراپە چین؟

برای خۆشەویستم، خوشكى بەڕێزم
وەكو بتەوێ پێم بڵێی: بەڵێ، نەفسم ئەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگارەكەی، ئەیەوێ پەشیمان بێتەوە لە خراپیەكەى، نەفسم دڵنیا بووە لەوەى سەرفرازی لە شوێن كەوتنی هەواو ئارەزوەكان و ئەنجامدانی كارە حەرامەكاندا نیە.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نازانم چۆن توبە بكەم؟ لە كوێوە یەكەم هەنگاو بنێم؟
منیش ئەڵێم: خوای مەزن چاكەى بۆ هەر بەندەیەكی خۆی بوێت، هۆكارەكانی بەدەستهێنانی بۆ ئاسان دەكات و یارمەتی دەدات، جا منیش باسی هەندێك لەو شتانە دەكەم كە یارمەتیت دەدەن و هاوكاریت دەكەن لە بۆ تەوبە كردن و گەڕانەوە:

یەكەم: ئیخلاص بوون بۆخوا، یانی ساغكردنەوەی نیەت، و پاككردنەوەی دڵ:
دووەم: موحاسەبەكردنی نەفس:
سێیەم: خۆت لەو شوێنانە دووربخەرەوە كە تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت:
چوارەم: واز لە برادەری خراپ بهێنە:
پێنجەم: زۆربیر بكەرەوە لە بەهەشت و دۆزەخ:
شەشەم: خۆت سەرقاڵكە بە كارێكی سوودبەخش و لە تەنیایی و دەست بەتاڵی دووربكەوە:
حەوتەم: بە گوێی هەواو ئارەزوت مەكە:
هەشتەم: دوعاكردن:
نۆیەم: هەروەها لەو شتانەی تر كە یارمەتیدەرن بۆ تەوبەكردن و گەڕانەوە:
هیوا كورت بوون، یادی قیامەت كردن، تێفكران لە قورئان، شەرم و حەیاكردن، بیركردنەوە لە سودەكانی خراپەنەكردن، نەزەرنەكردن، ئاگاداریكردنی بیر و هۆش و ختورە، چونكە سەرەتای هەرچی تاوانێك هەیە ختورە و بیرلێكردنەوەیە... لەگەڵ چەندین هۆكاری تر كە یارمەتیدەرن بۆ تەوبە كردن و بەردەوام بوون لەسەری.

وە هەروەها بیر لە عاقیبەت و زەرەر و زیانی تاوانەكان بكەرەوە
چونكە ئەگەر مرۆڤ زانی تاوانەكان عاقیبەتیان خراپە و داهاتوویان ڕەشە، سزاكەى لە بۆسەدایە و چاوەڕێیەتی، وای لێدەكات پێش هەموو شتێك واز لە تاوانكردن بهێنێت و تەوبە بكات لە تاوانەكان.

زیانەکانى تاوان و خراپە
تاوان و سەرپێچی زەرەر و زیانەكانیان زۆر زۆر گەورەیە، سزاكانی هەمەجۆرە، ئیتر چی لە دونیا بێت یان لە دواڕۆژ، لەسەر ئاستی تاكەكان بێت یان لەسەر كۆمەڵگاكان، لەوانە، زۆر بە كورتی:

1.  مەحروم بوون لە زانستی شەرعی.
2. مەحروم بوون لە ڕزق و ڕۆزی و كار و كەسابەت.
3. نەمانی بەرەكەت. بەرەكەتی رزق و ڕۆزی، بەرەكەتی زانست، بەرەكەتی تەمەن.. هتد.
4. بەر لەعنەتكەوتنی لە لایەن ئاژەڵانەوە.
5. ئەو دڵتەنگی و بێ تاقەتیەى كە سەر دڵی دادەگرێت چ لە نێوان خۆیی و خەڵك بێت؟ یان لە نێوان خۆیی و خوای مەزن.
6.  ڕەشبوونی دڵ.
7.  تاریكی دڵ.
8. تەسكی و تەنگی دڵ.
9. خەمباری دڵ.
10. ئێش و ئازاری دڵ.
11. دڵەڕاوكێ.
12. گرانبوونی كار و بارەكان لەسەری.
13. ڕەش هەڵگەڕانی دەم و چاو.
14. مەحروم بوون لە تاعەت و عیبادەت، كە پێئەچێت بەهۆی تاوانێكەوە، دەیان كاری خێرت لە دەست بچێت، هەروەك چۆن بەهۆی تاوانێكەوە كار و كەسابەت و خێرێكی زۆرت لەدەست دەردەچێت.
15. تەمەن كورتی.
16. كەم سەركەوتن، كەمجار سەركەوتو دەبێت لە كارو بارەكانیدا.
17. گیرانەبونی دوعا.
18. نەمانی بەخششی خوایی و ناز و نیعمەت.
19.  نقوم بون لە توڕەیی خەشم و نیقمەت.
20.  لە شومی و غەڕی تاوان ئەوەیە: تاوانی تر بە دوای خۆیدا دێنێت.
21.   كزبونەوەى چرای تەوبە.
22.  ڕاهاتن لەسەر تاوانكردن.
23. غیرەت لە دڵدا كز دەكات تا وای لێدەكات بە تەواوەتی دەیمرێنێت.
24. شەرم و حەیا لە ئینساندا كز دەكات تا وای لێدەكات دەبێتە پێشەوا لە بێشەرمی و بێحەیاییدا.
25. تاوانكردن وا دەكات پەروەردگار بە كەم و سوك تەماشای بكات -خوای مەزن پەنا بدات-.
26.  گەورە ڕاگرتنی پەروەردگاری پایەبەرز لە دڵدا لاواز دەكات.
27. بەردەوام بوون لەسەر تاوان كردن وا دەكات خوای مەزن سبحانە وتعالى بەندەكەى لەبیر بكات و بیداتە دەستی نەفسی خۆیی و شەیتانەوە، -پەنا بە پەروەردگاری مەزن-.
28. لە زیانەكانی تاوانكردن ئەوەیە: زەرەرەكەى هەندێك جار سەردەكێشێ بۆ دەوروبەر.
29.  لاوازكردنی بیر و هۆش و عەقڵ.
30. مۆردانە سەر دڵ.
31. ترس و بیم دڵ دادەگرێت، ئەو ئەمان و دڵنیاییەى ئەوسای نامێنێت.
32. تاوانكردن مرۆڤ بێ ڕێز دەكات دوای ئەوەى بەڕێز و شكۆ بووە.
33. ئاخر شەڕی.
34.  سزای دواڕۆژ.
35. دوای ئەوەى بەندەى خوا بووە دەبێتە بەندەى هەزارەها شەیتانی مرۆیی و جنۆكەیی، هەزارەها هەوا و ئارەزوی بێكەڵك.
36. هەروەها لە زیانەكانی تری تاوانكردن: لە دەستچونی بە نرخترین و گرانترین و بە بەهاترین شت كە ئەویش بریتیە لە: كات، كە هەرگیز و بە هیچ شتێك تەعویز ناكرێتەوە و بۆی ناگەڕێتەوە.
بە كورتی زیانە پیسەكانی تاوانكردن لەوە زۆرتن كە كورتهەڵبهێنرێن و حەصر بكرێن. هەروەكو چۆن سودە چاكەكانی تاعەت و عیبادەتكردن لەوە زۆرتن كە كورتهەڵبهێنرێن و حەصر بكرێن، بە كورتتر: هەرچی خێری دونیاو ئاخیرەت هەیە لە تاعەت و عیبادەتكردن دایە، هەرچی شەڕ و خراپەى دونیا و ئاخیرەتیشدایە لە تاوان و سەرپێچیكردنی خوادایە.

مامۆستا على خان

سەردان: ٦,٦١٣ بەش: تەوبە کردن