گەر دەرکەوت ڕۆژێکمان لە ڕەمەزان خواردوە دەبێ ئەو ڕۆژە قەزا بکرێتەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەر دەرکەوت ڕۆژێکمان لە ڕەمەزان خواردوە دەبێ ئەو ڕۆژە قەزا بکرێتەوە
پرسیار:

گەر هەڵەیەک ڕوو بدات لە بینینی مانگی ڕەمەزاندا ودواتر دەرکەوێت ڕۆژێکمان لێ خورادووە ، ئایا وابجە ئەو ڕۆژە قەزا بکەینەوە ؟
چ شتێک لەسەر ئێمە واجبە کاتێ کە دەوڵەتەکان بەهەڵەدا دەچن لەدیاری کردنی سەرەتا و کۆتایی ڕەمەزاندا ، و دواتر دەرکەوتووە ئێمە ڕۆژێکمان لێ خواردووە ، جا ئایا واجبە لەسەرمان قەزای بکەینەوە ، یاخود چ بکەین ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

هەرکات دوای گرتنی بیست و هەشت ڕۆژ بەڕێگای شەرعی مانگی شەوال بینرا ، ئەوا بێگومان ڕۆژێکیان لەسەرەتای ڕەمەزانەوە لێ خواردووە ، و پێویستە لەسەریان ئەو ڕۆژە قەزا بکەنەوە، چونکە ناگونجێت مانگ بیست و هەشت بێت ، بەڵکو مانگ یان بیست و نۆ ڕۆژە و یاخود سی ڕۆژە.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

هەر کات بەڕێگایەکی شەرعی دەرکەوت بەهەڵەدا چوون لەدەس نیشانی کردنی سەرەتا یاخود کۆتایی ڕەمەزاندا ئەوا پێویستە ئەو هەڵەیە ڕاست بکەنەوە و ئەو ڕۆژانە بگرنەوە کەنەیان گرتووە .
جا ئەو هەڵەیە بەچەند ڕێگەیەکی شەرعی دەست نیشان دەکرێت ، لەوانە :
یەکەم
: هەر سی ڕۆژەکەی مانگی شەعبان تەواو بکەن ، پاشان کەسێکی جێی سقە بێت وبڵێت: لەشەوی سی شەعباندا مانگم بینیوە ، لەم حاڵەتەدا قازی شایەتیەکەی وەردەگرێت وکاری پێ دەکات .
دووەم : بیست و هەشت ڕۆژ لەڕەمەزان بگرن پاشان مانگی شەوال ببینن.
گەر ئەمە جێگیر بوو ئەوا پێویستە لەسەریان ڕۆژێک بەڕۆژوو بن لە بری ئەو ڕۆژەی بەهەڵەدا چوون تیایدا .

زاناى پایەبەرز شێخ عبدالعزیز بن عبدالله بن باز رحمه الله تعالى دەڵێت:
لەچەندان فەرموودەی سەحیح دا هاتووە لەپێغەمبەری خوداوە کە مانگ لە بیست و نۆ کەمتر نی یە ، وە هەرکات دوای گرتنی بیست و هەشت ڕۆژ بەڕێگای شەرعی مانگی شەوال بینرا ، ئەوا بێگومان ڕۆژێکیان لەسەرەتای ڕەمەزانەوە لێ خواردووە ، و پێویستە لەسەریان ئەو ڕۆژە قەزا بکەنەوە، چونکە ناگونجێت مانگ بیست و هەشت بێت ، بەڵکو مانگ یان بیست و نۆ ڕۆژە و یاخود سی ڕۆژە.

وە شيخ الإسلام ابن تيمية لەجزئی (25) لە فتاواکەیدا و لەلاپەڕە 154- 155دا ، باسی لەوە کردووە (گرتنی بیست و هەشت ڕۆژ لە ڕەمەزان) لەسەردەمی عەلی دا خوا لێی ڕازی بێت ڕووی دا ،جا عەلی فەرمانی پێکردن ئەو ڕۆژە بگرنەوە وتەواوی بیست نۆ ڕۆژەکە بگرن.
 "مجموع فتاوى الشيخ ابن باز" (15/158) .

وەهەروەها لە وڵاتی سعودیە و لە ساڵی 1404 کۆچی ڕووی دا و ئەو کات ( اللجنة الدائمة ) فەتوایان دا بەگرتنەوەی ئەو ڕۆژەی کەنەیان گرتبوو لەسەرەتایی ڕەمەزانەوە .
هەروەک لە [( "فتاوى اللجنة الدائمة للإفتاء" (10/122)]دا ، هاتووە:
لە ساڵی ساڵی 1404 کۆچی دا لە لای دەسەڵاتدارانی سعودیە مانگی ڕەمەزان دەرنەکەوت تاوەکو شەوی پێنج شەممە ، بۆیە فەرمانیان دەرکرد بەتەواو کردنی سی ڕۆژەی مانگی شەعبان ئەوەش وەک جێ بەجێ کردن ئەو فەرموودە سەحیحانەی کەلەو بارەوە هاتوون ، و ڕایان گەیاندا ڕەمەزانی ئەو ساڵە لەڕۆژی پێنج شەمەوەیە ، پاشان زیاتر لێکۆڵینەوەیان کرد دەرکەوت مانگی شەوالی ساڵی 1404 کۆچی لەشەوی هەینیەوەیە ، و ڕایان گەیاندا جەژنی ڕەمەزانی ساڵی 1404 کۆچی ڕۆژی هەینیە لەئەنجام دا دەرکەوت بیست و هەشت ڕۆژیان لەڕەمەزان گرتووە ، و مەعلومە کە مانگی ئاسمان هیچ کاتێک بیست و هەشت ڕۆژ نی یە بەڵکو هەندێ جار بیست و نۆیە و هەندێ جاریش سی یە ، هەروەک لەچەندان فەرموودەی سەحیح دا هاتووە .

جا دەرکەوت هەڵەکە لەسەرەتای ڕەمەزانەوە ڕووی داوە ، دواتر ڕایان گەیاند ، و فەرمانیان کرد بەگرتنەوەی ئەو ڕۆژەی کەلەسەرەتاوە نەیان گرتبوو .
اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء
الشيخ عبد الله بن قعود ... الشيخ عبد الله بن غديان ... الشيخ عبد الرزاق عفيفي ... الشيخ عبد العزيز بن عبد الله بن باز.

بەڵام گەر هەڵەکە بەڕێگای شەرعی نەبوو ، بەڵکو بونیاد نرابوو لەسەر ئامێر وحسابی فەلەکی ، یاخود گومانی هەندێ کەس ، ئەوا هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت ، و هیچ حوکمێکی شەرعی لەسەر بونیاد نانرێت ودانامەرزێت.

والله أعلم .