حوکمى نوێژى تەراویح لە ماڵەوە لەگەڵ خێزان و منداڵ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى نوێژى تەراویح لە ماڵەوە لەگەڵ خێزان و منداڵ
پرسیار:

وە تاچەند دروستە لەگەڵ خێزانت نوێژی تەراویح لەماڵدا ئەنجام بدەن و پیاوەکە پێشنوێژی بکات؟
 

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

نوێژى تەراویح بە جەماعەت و لە مزگەوتدا بکرێت چاکتر وخێرترە، بەڵام ئەگەر کەسێک بەتەنها لەماڵەوە ئەنجامی دا یان لەگەڵ خێزانى و منداڵەکانى ئەنجامى دا هەر دروستە.

نوێژی تەراویح سوننەتێکی جەخت لەسەرکراوە (مؤكدة)یە، پێغەمبەری خوا زۆر لەسەر ئەنجامدانی جەختی کردوەتەوە و دەفەرموێت: [من قام رمضان إيمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه] واتە: هەرکەسێک شەوانی ڕەمەزان بە تەراویح زیندو بکاتەوە بەئیمانەوە و چاوەڕێی پاداشتیش بێت لەسەری ئەوە خوای گەورە لەهەموو تاوانەکانی پێشوی خۆش ئەبێت. رواه البخاري(۳۷) ومسلم(۷٥۹).
وە پێغەمبەری خوا چەند شەوێک دەرچوو بەجەماعەت ئەم نوێژەی کرد لەگەڵ هاوەڵان ، پاشان لەوە ترسا فەرز بکرێ لەسەریان بۆیە ئیتر نەیکرد ، دواتر ئیمامی عومەری کوڕی خطاب خەڵکی لەسەر جەماعەت کۆکردەوە و تا ئەمڕۆش نوێژی تەراویح بە جەماعەت دەکرێت.
ئیسماعیلی کوڕی زیاد دەفەرموێت: علی کوڕی ئەبو طالب ڕەزای خوای لێبێ گەڕا بەسەر مزگەوتەکاندا لەناو مزگەوتەکان چراکانی دەبینی داگیرسابون و دەدرەوشانەوە لەمانگی ڕەمەزاندا، پاشان فەرموی: خوای گەورە قەبری عمر ڕوناک و پڕ نور بکات وەکو چۆن مزگەوتەکانی ڕوناک کردەوە. رواە الأثرم، ونقلە في المغني [٤٥۷/۱].

ئیمامی بهوتی لە کتێبی "الدقائق أولي النهی" (۲۲٤٥/۱)دەفەرموێت: 
تەراویح لە مزگەوت چاکتر وخێرترە لەماڵ، چونکە پێغەمبەری خوا سێ شەو بەدوای یەک خەڵکی بۆ کۆکردەوە لە مزگەوت وەکو دایکە عائشة گێڕاوێتیەوە... وە پێغەمبەری خوا فەرمویەتی: [من قام مع الإمام حتی ينصرف حسب له قيام ليلة] واتە: هەر کەسێک نوێژی تەراویح لەگەڵ ئیمامدا بکات تاوەکو تەواو دەبێ ئەوە بە شەونوێژی تەواو بۆی دەنوسرێ.

وە هەروەها ئیمامی شەوکانی لە "نیل الأوطار" (٦۲/۳): دەفەرموێت: ئیمامی نەوەوی فەرمویەتی:

 زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی نوێژی تەراویح سوننەتە، بەڵام ڕاجیاوازن لەسەر ئەوەی ئایا بە تەنها لەماڵ بیکات خێرترە یان لەمزگەوت بە جەماعەت بیکات، ئیمامی شافعی و زۆرینەی زانایانی مەزهەبەکەی وە ئیمامی ئەبو حەنیفە و ئیمامی ئەحمەد و هەندێکیش لە زانایانی مەزهەبی ئیمام مالک و جگە لەمانیش دەفەرمون: باشتر وایە کە بەجەماعەت بیکات وەکو چۆن عومەری کوڕی خطاب و هاوەڵان ڕەزای خوایان لێ بێ بە جەماعەت کردیان، وە کرداری موسڵمانانیش لەسەر جەماعەتەکە بەردەوام بووە چونکە لەدروشمە دیار و ئاشکراکانە.

جا ئەگەر بە جەماعەت بکرێت لەمزگەوتدا ئەو چاکتر وخێرترە، بەڵام ئەگەر کەسێک بەتەنها لەماڵەوە ئەنجامی دا یان بە جەماعەت ئەنجامی دا لەماڵەوە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی هەر دروستە.

ئیمامی نەوەوی لە "مجموع"دا(٥۲٦/۳) دەفەرموێت: (صَلاةُ التَّرَاوِيحِ سُنَّةٌ بِإِجْمَاعِ الْعُلَمَاءِ . . . وَتَجُوزُ مُنْفَرِدًا وَجَمَاعَةً , وَأَيُّهُمَا أَفْضَلُ ؟ . . . الصَّحِيحُ بِاتِّفَاقِ الأَصْحَابِ أَنَّ الْجَمَاعَةَ أَفْضَلُ اهـ . )

واتە : نوێژی تەراویح بە إجماع و یەکدەنگی زانایان سوننەتە، وە دروستیشە بە تەنها یان بە جەماعەت بکرێت، بەڵام ئایا کامەیان باشتر وخێرترە؟..... ڕاست و تەواو لای زۆرینەی زانایانی مەزهەبی شافعی ئەوەیە کە خێرتر وایە بە جەماعەت بکرێت.

سەردان: ٢,٣٠٩ بەش: نوێژى تەراویح