هۆی چی یه خوای پەروەردگار پاداشتی ڕۆژووی تایبەت کردووە بەخۆیەوە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
هۆی چی یه خوای پەروەردگار پاداشتی ڕۆژووی تایبەت کردووە بەخۆیەوە ؟

ئیمامی بوخاری (1761) وموسلیم (1946) لەئەبو هوڕەیرەوە خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت: پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: ( قَالَ اللَّهُ : كُلُّ عَمَلِ ابْنِ آدَمَ لَهُ إِلا الصِّيَامَ فَإِنَّهُ لِي وَأَنَا أَجْزِي بِهِ . . . الحديث ) .
واتە: هەموو کردەوەیەکی نەوەی ئادەم بۆ خۆیەتی جگە لەڕۆژوو نەبێت بۆ منە وخۆم پاداشتی دەدەمەوە.

وەلەبەر ئەوەی کردەوەکان هەمووی بۆ خوایە ، وەهەر خودا خۆی پاداشتی دەداتەوە ، بۆیه زانایان جیاوازن لە بارەی بڕگەی : ( الصيام لي وأنا أجزي به ) هۆکار چی یە تەنها ڕۆژووی تایبەت کردووە ؟

 الحافظ ابن حجر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
 بۆچوونی زانایانی لەبارەی مانای ئەم فەرموودەیەوە نەقڵ کردووە ، وگرنگترینیان بریتین لە:

 یەکەم: ڕۆژوو هاوشێوەی کردەوەکانی تر ڕیای تێکەڵ نابێت ، ئیمامی قوڕتبی دەڵێت: لەبەر ئەوەی کردەوەکان ڕیایان تێکەڵ دەبێت ، وڕۆژووش هیچ کەسێک ئاگاداری نی یە تەنها خودا نەبێت بۆیە خۆدا داویەتیە پاڵ خۆی ، هەر لەبەر ئەمەیە لەفەرموودەدا هاتووە: (يدع شهوته من أجلي)
واتە: لەپێناو مندا واز لەئارەزووی دێنێت.

وە ابن الجوزي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت: هەموو عیبادەتەکان لەکاتی ئەنجام دانی دا دەردەکەوێت وکەم جار بەدوور دەبێت لەڕیا بەپێچەوانەی ڕۆژووەوە.

دووەم : مەبەست لە بڕگەی : ( وأنا أجزى به ) ئەوەیە من خۆم دەزانم پاداشتەکەی چەندێ زۆره .
ئیمامی قوڕتبی دەڵێت: ماناکەی ئەوەیە پاداشتی کردەوەکان دیارە کە یەک بەدە تا یەک بەحەوسەد وزیاتر لەوەش کەخودا بیەوێ ، بەڵام ڕۆژوو خودا بەشێوەیەک پاداشتی دەداتەوە کەهیچ ئەندازەیەکی بۆ دانەناوە . 

وەئەم فەرموودەیەیی کەئیمامی موسلیم (1151) لەئەبو هورەیرەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: ( كُلُّ عَمَلِ ابْنِ آدَمَ يُضَاعَفُ الْحَسَنَةُ عَشْرُ أَمْثَالِهَا إِلَى سَبْعمِائَة ضِعْفٍ ، قَالَ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ : إِلا الصَّوْمَ فَإِنَّهُ لِي وَأَنَا أَجْزِي بِهِ ).
واتە: هەموو كردەوەیەكى نەوەكانى ئادەم پاداشتەكەى چەندە قاتی خۆى زیاد ئەكرێت، چاكەیەك بە دەجار ئەوەندەى خۆى تاكو حەوت سەد ئەوەندەى خۆى، خواى پەروەردگار ئەفەرموێت: جگە لە ڕۆژوو، ڕۆژوو گرتن بۆ منە و تەنها منیش پاداشتی ئەدەمەوە.

مەبەستی ئەوەیە: پاداشتێکی زۆری دەدەمەوە بەبێ ئەوەی ئەندازەکەی دیاری کەم ، ئەمەش هاوشێوەی ئەم ئایەتەیە: ( إنما يوفى الصابرون أجرهم بغير حساب ) .
واتە:ته‌نها ئارامگران ئه‌جرو پاداشتی خۆیان وه‌رئه‌گرن به‌بێ ژماره‌، واته‌: ئه‌جرو پاداشتێكی یه‌كجار زۆر له‌ به‌هه‌شتدا. 

سێیەم: مانای بڕگەی : ( الصوم لي )ئەوەیە خۆشەویسترین کردەوەیە بەلای منەوە .
ابن عبد البر دەڵێت: بڕگەی : ( الصوم لي ) فەزڵ و گەورەی ڕۆژوو بەسەر عیبادەتەکانی تردا دەردەخات . 

وەئیمامی نەسائی (2220) لەئەبو ئوماوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی : ( عَلَيْكَ بِالصَّوْمِ ، فَإِنَّهُ لا مِثْلَ لَهُ ) . صححه الألباني في صحيح النسائي .
واتە: ڕۆژوو بگرە ، چونکە هاوشێوەی ڕۆژوو نی یە.

وە الشيخ ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرموێ:

ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر فەزڵ وڕێزی ڕۆژوو لەچەندین ڕووەوە :

یەکەم : خوای پەروەردگار لەنێو هەموو کردەوەکاندا ڕۆژووی تایبەت کردووە بەخۆیەوە ، ئەوەش لەبەر قەدر وڕێزی ڕۆژووە ، وخۆشەویستی ڕۆژووە لە لای خۆدا ، و زیاتر هەبوونی ئیخلاس ودڵسۆزیە تیایدا ؛ چونکە ڕۆژوو نهێنی یە لەنێوان بەندە وخودادا وکەس پێی نازانێت تەنها خودا نەبێت . 
ڕۆژووەوان کاتێ بەتەنهایە دەتوانی ئەو شتانە بخوات کەڕۆژوو دەشکێنن ، بەڵام نایخوات ؛ چونکە دەزانێت خودایەکی هەیە ئاگاداری نهێنیەکانیەتی ، وحەڕامی کردووە لەسەری ، بۆیه لەترسی خوا دەستی بۆ نابات ، لەبەر ئەمە خودا سوپاسی دەکات لەبەرانبەر ئەم ئیخلاسەیدا ، هەر بۆیە دەفەرفەمووێت: ( يَدعُ شهوتَه وطعامَه من أجْلي ) . 
وە سوودی ئەم تایبەت کردنە لەڕۆژی دواییدا بەدیار دەکەوێت هەروەک سوفیانی کوڕی عویەینە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت: إِذَا كانَ يومُ القِيَامَةِ يُحاسِبُ الله عبدَهُ ويؤدي ما عَلَيْه مِن المظالمِ مِن سائِر عمله حَتَّى إِذَا لم يبقَ إلاَّ الصومُ يتحملُ اللهُ عنه ما بقي من المظالِم ويُدخله الجنَّةَ بالصوم .
واتە: کاتێ کەڕۆژی دوایی دێت خودا بەندەکانی موحاسەبە دەکات و ئەو ستەم ومافانەی کە هی خەڵکە و لەلایەتی لەکردەوە چاکەکانی دەدرێنەوە تاوەکو تەنها ڕۆژوو دەمێنێت خودا هەموو ئەو ستەم ومافانەی کە ماون لەئەستۆ دەگرێ وبەهۆی ڕۆژووەوە دەیکاتە بەهەشتەوە.

دووەم : خوای پەروەردگار لەبارەی ڕۆژووەوە فەرموویەتی : (وأَنَا أجْزي به) پاداشت دانەوەکەی داوەتە پاڵ خۆی ؛ چونکە کردەوەی چاکە بەژمارە پاداشتەکەی زیاد دەکات ، هەرچاکەیەک دە قاتە تاوەکو دەگاتە حەوت سەد قات وزیاتریش ، بەڵام ڕۆژوو خودا پاداشتەکەی داوەتە پاڵ خۆی بەبێ ئەوەی ژمارەی بۆ دانێت ، و خودا لەهەموان بەڕەحم و بەزەیی ودەس بڵاو ترە .
کەواتە پاداشتی ڕۆژوو زۆر زۆرە وبێ ئەژمارە .
ڕۆژوو ئارام گرتنە لەسەر گوێڕایەڵی خودا ، وئارام گرتنە لەسەر نەبەزاندنی سنوورەکانی خودا ، وئارام گرتنە لەسەر تینوێتی وبرسێتی ولاوازێ لاشە ودەروون ، تیایدا سێ جۆر لە سەبر وئارام گرتن کۆ بۆتەوە ، کەواتە کەسی ڕۆژووەوان لەکەسانی ئارام گرە ، خوای پەروەردگاریش لەبارەی ئارام گرانەوە فەرموویەتی : ( إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّـابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ ) الزمر/10 . . . " انتهى .
واتە:ته‌نها ئارامگران ئه‌جرو پاداشتی خۆیان وه‌رئه‌گرن به‌بێ ژماره‌، واته‌: ئه‌جرو پاداشتێكی یه‌كجار زۆر له‌ به‌هه‌شتدا. 
"مجالس شهر رمضان" (ص 13) .