نوسینى ڕاپۆرتى زانکۆ بە پارە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
نوسینى ڕاپۆرتى زانکۆ بە پارە
پرسیار:

ئێستا بەشێکى زۆر لە خوێندکارەکان لە بازاڕ و هەندێ شوێن ڕاپۆرتى ئامادە کراو دەکڕن بە پارە و خۆیان هیچ هەوڵێک نادەن بۆ نوسینى ڕاپۆرتەکە ئایا ئەم کارە دروستە؟ وە حوکمى کەسێک چیە بە واسیتەى حزبی ببێتە خاوەن شەهادە؟

بە داخەوە لەبەر دابەزینى ئاستى زانستى زۆرێک خوێندکاران دەبینین و دەبیستین زۆرێک لە خوێندکارەکان لە کاتى ئامادە کردنى ڕاپۆرتى زانکۆ پەنا دەبەنە بەر ئەو دوکان و شوێنانەى کە بە پارە ڕاپۆرت بۆ خوێندکار ئامادە دەکەن ، بە بێ ئەوەى ئەم خوێندکارە خۆى هیچ هەوڵێک بدات و خۆى ماندوو بکات بە پارە بە دەستى دەخات و دواتر تەسلیمى مامۆستاکەى دەکات و نمرەى لەسەر دێنێ .

بێ گومان ئەم کارە غەشە و دروست نیە و خیانەتیشە و دەبێ بە درۆ چونکە ئەم خوێندکارە خۆى هیچ هەوڵی نەداوە لە گەڕان و نوسینى ڕاپۆرتەکە بەڵکو بە پارە و بە ئامادەکراوى بە دەستى خستوە .

پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى : ((مَنْ غَشَّ فَلَيْسَ مِنَّا)) (صحيح مسلم رقم: (279) وصحيح سنن الترمذي رقم: (1315) واللفظ له).

واتە: هەركەسێك غەش و ساختەكاری بكات ئەوا ئەو كەسە لە ئێمەی موسڵمانان نییە. 

وە ئەو کەسەش کە هەڵدەسێ بە ئامادە کردنى ڕاپۆرتەکە و فرۆشتنى بە پارە دەبێ بزانێ کە ئەمە یارمەتى دانەى ئەو کەسەیە لەسەر تاوان و خراپە و خواى گەورەش دەفەرموێ: { وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَىٰ ۖ وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ ۚ وَاتَّقُوا اللَّهَ ۖ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ  } سورة المائدة(2). واتە:  وه‌ ئێوه‌ هاوكاری یه‌كتری بكه‌ن له‌سه‌ر چاكه‌و ته‌قوای خوای گه‌وره‌ [وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ] وه‌ هاوكاری یه‌كتری مه‌كه‌ن له‌سه‌ر خراپه‌و تاوان و دوژمنكاری و ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر یه‌كتری [وَاتَّقُوا اللَّهَ] وه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن [إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ (2)] به‌ دڵنیایى سزای خوای گه‌وره‌ زۆر سه‌خته‌.

جا بێ گومان یارمەتى دانى خوێندکار بەوەى کە بە ئامادە کراوی ڕاپۆرتى بدرێتێ و خۆى هیچ هەوڵی بۆ نەدات و هیچ خۆى ماندوو نەکات دەچێتە ژێر ئەم ئایەتەوە .

وە ئەبێ لەوەش ئاگادار بن کە ئەو كەسانەى بە (غەش كردن لە تاقیكرنەوەكاندا) قۆناغەكانی خوێندن بە ڕێ‌ دەكەن و بەو ڕێگایە بڕوانامە بە دەست دێنن و دواتر دەبن بە فەرمانبەر و كارمەند و یان هەر پلەو پۆستێکى تر و مووچەی پێ‌ وەردەگرن ئەوا با بزانن كە مووچە و ڕاتبەكانیان حەرامی تێكەڵ دەبێت، بۆیە پێویستە خوێندكاران ئاگایان لە ئێستا و داهاتووی خۆیان و خێزان و ماڵ و منداڵیان بێت .

وە ئەو کەسانەش کە بە واسیتەى حزبی و یان پۆستێکى حزبی هەیە و بە غەش و فێڵ دەیانکەن به خاوەن شەهاتە و پێی دادەمەزرێن و موچەى لەسەر وەردەگرن ئەوا جگە لەوەى تاوانبارن و موچەکەشیان تێکەڵ بە حەرامە ئەگەر هەمووی حەرام نەبێت .

وە مامۆستایان و بەخێوكاری خوێندكارانیش بەرپرسیارن

پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى : ((كُلُّكُمْ رَاعٍ وَمَسْئُولٌ عَنْ رَعِيَّتِهِ: فَالإِمَامُ رَاعٍ وَهْوَ مَسْئُولٌ عَنْ رَعِيَّتِهِ، وَالرَّجُلُ فِي أَهْلِهِ رَاعٍ وَهْوَ مَسْئُولٌ عَنْ رَعِيَّتِهِ)):

جا بەڕاستی مامۆستایانی تێكڕای قۆناغەكانی خوێندن هەر لە سەرەتاییەوە (بنەڕەتیەوە) تاوەكو ئامادەیی و دیبلۆم و بەكالۆریوس و ماستەر و دكتۆراش هەر هەموویان بەرپرسیارن لە پەروەردە و فێركردن و پێ‌گەیاندنی نەوەكانی داهاتوو بە شێوازێكی پاك و چاك و ڕاست و روون و ڕەسەن.. بۆیە نابێت ڕێگە بدەن بە هیچ خوێندكارێك غەش بكات و بە غەش كردن قۆناغەكانی خوێندن تێ‌پەڕێنێت و شەهادە و پلەی ناشایستەی پێ‌بدرێت و دواتریش ببێتە بار بەسەر كۆمەڵگاوە وەكو ئەم ڕۆژگارەی ئێستا !!!
هەروەها بەخێوكاری خوێندكارانیش بەرپرسیارن لەم بوارەدا و دەبێت ئەوانیش چاودێری منداڵەكانیان بكەن و ڕێنماییان بكەن بۆ كاری پاك و چاك و ڕاست و روون و ڕەسەنی بێ‌ غەش.