دە ڕۆژی یەکەمى مانگى حاجیان هەلێکى زێڕینە بۆ موسڵمانان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دە ڕۆژی یەکەمى مانگى حاجیان هەلێکى زێڕینە بۆ موسڵمانان
پرسیار:

ئایا فەزڵ و گەورەیی دە ڕۆژی یەکەمى مانگى حاجیان چیە و ئێمەى موسڵمان لەم دە ڕۆژە گرنگى بە چ کردەوەیەک بدەین زیاتر؟

سوپاس و ستایش بۆ ئەو خودایەیی کە کات و ساتەکانی دروست کردووە و ڕێزی هەندێکى داوە بەسەر ئەوانی تردا ، هەندێ ڕۆژ و شەو و مانگی تایبەت کردووە و ڕێزی داوە بەسەر باقی مانگ و شەو و ڕۆژەکانی تردا ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەحم و فەزڵی خودا بەرانبەر بەندەکانی کە ئەم هەلانەیان بۆ دەڕەخسێنێت بەڵکو زیاتر کردەوەی چاکە ئەنجام بدەن و پلەیان بەرز تر بێتەوە و پاداشتی گەورەتر بەدەست بخەن ، و تازەکەرەوەی نەشات و چالاکیەکیشە بۆ مرۆڤی باوەڕدار پێش ئەوەی مردنی یەخەی پێ بگرێت .
جا یەکێک لەسوودەکانی کاتە تایبەتەکانی عیبادەت پڕکردنەوەی ئەو کەم و کورتیانەیە کە هەن وقەرەبوو کردنەوەی ئەو هەلانەیە کە لەدەست چوون ، بۆیە بەڕاستی کەسی سەرکەوتوو وسەرفراز ئەو کەسەیە کە ئەو کاتانە لەدەست نادات وئیستغلالی دەکات وکاری چاکەی تێدا ئەنجام دەدات و هەموو چرکەو وسەعاتێکی وەک دەست کەوت تەماشا دەکات وناهێڵی لەدەست بچێت . 
ابن رجب في اللطائف ص40 .

بەڕاستی پێویستە لەسەر موسوڵمان قەدری تەمەن وژیان وکاتەکانی بزانێت ، وزۆر عیبادەتی پەروەردگاری بکات ، وبەردەوام بێت لەسەر کاری خێر وچاکە تاوەکو مردن پێی دەگات .
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿واعبد ربك حتى يأتيك اليقين﴾ [الحجر/99].
واتە: وه‌ عیباده‌تی په‌روه‌ردگارت بكه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریت و مردنت پێ ئه‌گات .
جا زانایانی تەفسیر دەڵێن : اليقين : واتە: مردن .

جا یەکێک لەو کاتە گەورە و پیرۆزە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی( ذي الحجة ) یە ، ئەوەی کە خودا فەزڵ وڕێزی داوە بەسەر باقی ڕۆژەکانی تردا ،و خوای گەورە لە قورئاندا سوێندی پێ خواردووە و فەرموویەتی { وَالْفَجْرِ (١) وَلَيَالٍ عَشْرٍ (٢) } [سورە الفجر]قال ابن كثیر : (الـمراد بـها عشر ذی الـحجە).
واتە : مەبەست بەو دە (10) ڕۆژەی كە خوا سوێندی پێخـواردووە بریتییە لە دە ڕۆژی یەكـەمی مانگی حاجیان .

وه عبداللەی کوڕی عەباس خوا لێیان ڕازی بێت لە پێغەمبەرەوە   گێڕاویەتیەوە کەفەرموویەتی :   ((مَا مِنْ أَيَّامٍ الْعَمَلُ الصَّالِحُ فِيهِنَّ أَحَبُّ إِلَى اللَّهِ مِنْ هَذِهِ الأَيَّامِ الْعَشْرِ ، فَقَالُوا : يَا رَسُولَ اللَّهِ وَلاَ الْجِهَادُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ؟ فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ () : وَلاَ الْجـِهَادُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ إِلاَّ رَجُلٌ خَرَجَ بِنَفْسِهِ وَمَالِهِ فَلَمْ يَرْجِعْ مِنْ ذَلِكَ بِشَيْءٍ)) أخرجه [البخاري 2/457] .
واتە: هیچ ڕۆژانێك نیە كردەوەی چاكە تێیدا خۆشەویست تر بێت لە لای خوا وەكو ئەم دە ڕۆژەی مانگی حاجیان (ذي الحجة) ، وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا  تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا؟ فەرمووی : تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا تەنها مەگەر پیاوێك نەبێت كە بە خۆی و ماڵ و سامانییەوە دەربچێت بۆ جیهاد لە پێناوی خوادا و هیچیش لەوانە نەگەڕێتەوە.

وەهەروەها هەر عبداللەی کوڕی عەباس خوا لێیان ڕازی بێت لەپێغەمبەرەوە   گێڕاویەتیەوە کەفەرموویەتی : (ما من عمل أزكى عند الله عز وجل ، ولا أعظم أجراً من خير يعمله في عشر الأضحى ، قيل : ولا الجهاد في سبيل الله ؟ قال : " ولا الجهاد في سبيل الله عز وجل إلا رجل خرج بنفسه وماله فلم يرجع من ذلك بشيء) [رواه الدارمي 1/357] وإسناده حسن كما في الإرواء 3/398 .
واتە:هیچ كارێك نییه‌ لای خوا پوخته‌تر بێت، وه‌ پاداشتیشی زیاتر بێت مرۆڤ بیكات له‌ ده‌ ڕۆژی سه‌ربڕیندا (مه‌به‌ست ده‌ ڕۆژی ذی الحجة)، وترا: جیهادیش له‌ پێناوی خوادا به‌و شێوه‌ نییه‌؟ فه‌رمووی: "نه‌ جیهادیش له‌ پێناوی خوادا به‌و شێوه‌یه‌ ته‌نها پیاوێك نه‌بێت به‌ خۆی و سامانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌رچوبێت بۆ جیهادو و به‌ هیچ شتێك نه‌گه‌ڕابێته‌وه‌.

ئەم بەڵگانە وجگە لەمانەش بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەم دە ڕۆژە باشترن لەباقی ڕۆژانی ساڵەکە ، وتەنانەت لەدەڕۆژی کۆتایی ڕەمەزانیش .
بەڵام ئەوەی تێدایە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان لەدەشەوی ئەم مانگە باشترە چونکە شەوی قەدری تێدایە کەخێری لەهەزار مانگ زیاترە .
  تفسير ابن كثير 5/412

دەی برای موسوڵمان دڵنیابە لەوەی کەفەزڵ وڕێزی ئەم دە ڕۆژە لەچەندان ڕوویەکەوەیە ، لەوانە  :
یەکەم
: خوای پەروەردگار سوێندی پێیان خواردووە : حەتمەن سوێند خواردنیش نیشانەی گرنگی و گەورەییەتی لەلای خودا ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی :  ﴿وَالْفَجْرِ (١) وَلَيَالٍ عَشْرٍ (٢)  ﴾
ابن عباس وابن الزبير ومجاهد وجگە لەوانیش لەسەلەف وخەلەف دەڵێت : مەبەست لێی دەی مانگی ذي الحجە .  ابن كثير : " وهو الصحيح " تفسير ابن كثير8/413.

دووەم : پێغەمبەر هەواڵی پێ داوین کەباشترین ڕۆژەکانی دونیایە ، هەروەک پێشتر لەفەرموودە سەحیحەکە ئاماژەمان پێ دا .

 سێیەم :  پێداگری کردووە لەسەر کردەوەی چاک ئەنجام دان تیایدا: ئەوەش بەهۆی ڕێزی کاتەکەوە بەنیسبەت خەڵک بەگشتی یەوە ، وڕێزی جێگاکە ئەمەیان تایبەتە بەحاجیانی ماڵی خوداوە .

چوارەم : فەرمانی کردووە بەوەی زۆر (سبحان الله ، والحمد لله ، والله ٲکبر)ـی تێدا بکرێت ، هەر وەک لەفەرموودەیەکدا لەعبداللەی کوڕی عومەرەوە خوا لێیان ڕازی بێت هاتووە ، پێغەمبەر فەرموویەتی : ( ما من أيام أعظم عند الله ولا أحب إليه العمل فيهن من هذه الأيام العشر فأكثروا فيهن من التهليل والتكبير والتحميد) . أخرجه احمد 7/224 وصحّح إسناده أحمد شاكر .
واته: هیچ ڕۆژانیك نییه‌ لای خوا گه‌وره‌تر بێت لای خوا و كرده‌وه‌ی تێیاندا خۆشه‌ویست تر بێت له‌م ده‌ ڕۆژه‌، ده‌ی زۆر (لا اله اله الله) و (الله‌ اكبر) و (الحمد لله) بكه‌ن .

پێنجەم : ڕۆژ عەرەفەی تێدایە ،ئەو ڕۆژەی کەخودا دینی تێدا کامڵ کرد ، و ڕۆژووی ئەو ڕۆژە تاوانی دوو ساڵ دەسڕێتەوە .

شەشەم : هەر لەو دەڕۆژەدا ڕۆژی جەژنی قوربانی تێدایە کە گەورەترین ڕۆژە لەلای خودا خەڵک تیایدا کۆ دەبنەوە وحەجی تێدا ئەنجام دەدەن ، ئەم کۆبوونەوەیە لەهیچ ڕۆژانێکی تری ساڵدا بوونی نی یە و لەو ڕۆژەدا قوربانی کردن وئەنجام دانی فەریزەی حەج هەیە .

بۆیە بەڕاستی کاری چاک ئەنجام دان لەم دە ڕۆژەدا نیعمەتی خوایە بەسەر بەندەکانیەوە ، وبەندە ساڵح و چاکەکان نەبێت قەدری نازانن . 
وە واجبە لەسەر موسوڵمان هەست بەم نیعمەتە گەورەیە بکات ، و ئەو فرسەتە لەدەست نەدات ، ئەوەش بەوە دەبێت لەم دە ڕۆژەدا زیاتر گرنگی بەکردەوەی چاکه بدات ، چونکە بەڕاستی ئەمە هەلە وڕەنگە جارێکی تر بەنیسبەت تۆوە دوو بارە نەبێتەوە و نەگەیتە ساڵی دابێ و مردن یەخەت بگرێت ومەجالت نەدات.

هەندێ لەو کار و کردەوە چاکانەی کە پێویستە موسوڵمان ئاگاداریان بێ لە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی ( ذي الحجة )  ـەدا ئەنجامیان بدات:
یەکەم : ڕۆژوو گرتن:
سوننەتە بۆ موسوڵمان نۆی مانگی(ذي الحجة) بەڕۆژوو بێت ؛ چونکە پێغەمبەر زۆر جەختی لەسەر کردەوەی چاکە کردووەتەوە ، بێگومان ڕۆژووش یەکێکە لەباشترین کردەوە چاکەکان . 
وە خوای پەروەردگار ڕۆژووی تایبەت کردووە بەخۆیەوە هەر وەک لەفەرموودەیەکی قودسی دا هاتووت : خوای گەورە فەرموویەتی : (كل عمل بني آدم له إلا الصيام فإنه لي وأنا أجزي به)  [أخرجه البخاري 1805].
واتە: هەموو کردەوەیەکی نەوەی ئادەم بۆ خۆیەتی جگە لەڕۆژوو ، ڕۆژوو بۆ منە وخۆم پاداشتی دەدەمەوە.

وە پێغەمبەر بەڕۆژوو دەبوو ، هەروەک هونەیدەی کوڕی خالید لەخێزانەکەیەوە ئەویش لەهەندێ لەخێزانەکانی پێغەمبەرەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت :(( كان النبي  يصوم تسع ذي الحجة ويوم عاشوراء وثلاثة أيام من كل شهر)) . أخرجه النسائي 4/205 وأبو داود وصححه الألباني في صحيح أبي داود 2/462 .
واتە: واتە : پێغەمبەری خوا () نۆ ڕۆژەكەی مانگی حاجیان بە ڕۆژوو دەبوو ، وەهەروەها ڕۆژی عاشوڕاو سێ ڕۆژ لەهەموو مانگێک .

دووەم : ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە بە تایبەت :
سوننەت وایە بۆ ئەو كەسانەی كە نەڕۆیشتوون بۆ حەج و لە عەرەفەدا نین و لە ماڵدان كەوا بە تایبەت لە ڕۆژی عەرەفەدا (9 / ذو الـحجە) بە ڕۆژوو بن ، چونكە پێغەمبەر ( ) فەرموویەتی : ((صِيَامُ يَوْمِ عَرَفَةَ أَحْتَسِبُ عَلَى اللَّهِ أَنْ يُكَفِّرَ السَّنَةَ الَّتِي قَبْلَهُ وَالسَّنَةَ الَّتِي بَعْدَهُ))
واتە : ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە چاوەڕوانم كە خوا بیكاتە مایەی كەفارەت و سڕینەوە و لێخۆشبوونی تاوانی ساڵێك لە پێشییهوە و ساڵێكیش لە پاشییەوە (واتە : ببێتە كەفارەتی تاوانی دوو ساڵ) .

سێیەم :  "الله ٲکبر" کردن :
لەو دە ڕۆژە سوننەتە (الله ٲکبر)،و (الحمد لله) ، و( لا ٳله ٳلا الله) و )سبحان الله) بکرێت ، ودەنگ بەو زیکرانە بەرز بکرێتەوە لەمزگەوت و ڕێگاوبان وهەموو ئەو جێگایانەی کەدروستە ناوی خودای تێدا بهێندرێت .
پیاو دەنگ بەرز دەکاتەوە بەڵام ئافرەت دەنگ نزم دەکاتەوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی :  [وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَعْلُومَاتٍ][الـحج]
واتە : زیكری خوا بكەن لە ڕۆژە زانراوەكاندا (كە بریتین لە دە ڕۆژی یەكەمی مانگی جاجیان) .

جمهوری زانایان لەسەر ئەوەن کە مەبەست لە (الأيام المعلومات) ئەم دەڕۆژەیە ، هەروەک لەعبداللەی کوڕی عەباسەوە هاتووت کەگوتوویەتی : ( الأيام المعلومات : أيام العشر ) .
واته: ڕۆژە زانراوەکان: بریتین لەدە ڕۆژەکە.

شێوازی زیکرەکە بەم شێوەیە دەبێت : ( الله أكبر ، الله أكبر لا إله إلا الله ، والله أكبر ولله الحمد) ، وەچەند شێوازێکی تریش هەن. 
لەم سەردەمەدا دەنگ بەرز کردنەوە بەو زیکرانە شتێکی نامۆیە وخەڵک لەبیریان کردووە بەتایبەت لەدە ڕۆژی مانگی (ذي الججە)دا ، بۆیە پێویستە دەنگ بەرز بکرێتەوە ، لەعبداللەی کوڕی عومەر وئەبو هورەیرەوە هاتووە خوا لێیان ڕازێ بێت لەو دەڕۆژەدا دەچوون بۆ بازاڕ و دەنگی بەو زیکرانە بەرز دەکردەوە وخەڵکیش لەدوایانەوە دەنگیان پێ بەرز دەکردەوە ، مەبەستەکە لێرەدا ئەوەیە هەر کەسەو بۆخۆی دەنگ بەرز دەکاتەوە بەو زیکرانە نەک بەکۆمەڵ وجەماعی وپێکەوە ئەو زیکرانە بکەن ، ئەمەیان دروست نی یە .

بێگومان زیندو کردنەوەی سوننەتێک کەخەریکە لەنێو بچێت پاداشتێکی گەرەی هەیە ، هەر وەک پێغەمبەر :  (من أحيا سنة من سنتي قد أميتت بعدي فإن له من الأجر مثل من عمل بها من غير أن ينقص من أجورهم شيئاً ) أخرجه الترمذي 7/443 وهو حديث حسن لشواهده .
واتە: هه‌ركه‌سێك سوننه‌تێك له‌ سوننه‌ته‌كانم زیندوو بكاته‌وه‌ كه‌ پاش من مردبێ ئه‌وه‌ هاو شێوەی پاداشتی ئه‌وه كه‌سه‌ی بۆ هه‌یه‌ كه‌ كاری پێ ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له‌ پاداشتی ئه‌وانیش كه‌م ببێته‌وه‌.

چوارەم : ئەنجام دانی حەج وعومرە:
یەکێکە لەگەورەترین کارەکان کەلەم ڕۆژانەدا ئەنجام دەدرێن حەج کردنی ماڵی خودایە ، هەرکەسێک خودا یارمەتی دابێت بۆ چوون بۆ حەج وجێ بەجێ کردنی فەرز و واجباتەکانی ئەوا ٳن شاء اللە بەر ئەو فەرموودەیەیی پێغەمبەر دەکەوێت : (الحج المبرور ليس له جزاء إلا الجنة) .
واتە: حەجێکی وەرگیراو هیچ پاداشتێکی نی یە جگە لەبەهەشت.

پێنجەم : نوێژ كردن : بەوەی كە زوو بچیت بۆ نوێژە جەماعەتەكان و پەلە و پێشبڕكێ بكەیت بۆ ڕیزی یەكەم ، هەروەها ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەكانی پێش و پاشی نوێژە فەرزەكان و شەونوێژ و زوحا و سوننەتی دەستنوێژ ، هەروەها دەشتوانیت نوێژی (سوننەتی ڕەها / التطوع الـمطلق) زۆر بكەیت ، وە پێغەمبەری خوا ( ) فەرموویەتی :((عَلَيْكَ بِكَثْرَةِ السُّجُودِ لِلَّهِ ، فَإِنَّكَ لاَ تَسْجُدُ لِلَّهِ سَـجْدَةً إِلاَّ رَفَعَـكَ اللَّهُ بِهَا دَرَجَةً ، وَحَطَّ عَنْكَ بِهَا خَطِيئَةً))
واتە : زۆر سوجدە ببە بۆ خوا ، چونكە تۆ یەك سوجدە نابەیت بۆ خوا ئیللا خوای گەورە بە هۆی ئەو سوجدەیەوە پلەیەك بەرزت دەكـاتەوە و تاوانێـكـیشت لەسەر لا دەبات .

شەشەم : قوربانی کردن :
یەکێکی تر لەکارە خێر وچاکەکان لەم دەڕۆژەدا ئەوەیە ئاژەڵێک سەرببڕدرێت وبکرێت بەقوربانی .

حەوتەم : قورئان خوێندن : قورئان خوێندن لە هەموو كاتێكدا سوننەتە و خێر و پاداشتی زۆر و گەورەیە :

عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ مَسْعُودٍ (رضي الله عنه) قَالَ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ ( ): ((مَنْ قَرَأَ حَرْفَاً مِنْ كِتَابِ اللَّهِ فَلَهُ بِهِ حَسَنَةٌ ، وَالْحَسَنَةُ بِعَشْرِ أَمْثَالِهَا ، لَا أَقُولُ : [الم] حَرْفٌ ، وَلَكِنْ أَلِفٌ حَرْفٌ وَلاَمٌ حَرْفٌ وَمِيمٌ حَرْفٌ))  صحيح سنن الترمذي رقم : (2910) .
واتە : هەركەسێك پیتێك لە قورئان بخوێنێتەوە ئەوا بە خوێندنەوەی تەنها ئەو پێتە چاكەیەكی بۆ هەیە ، وە چاكەش یەك بە دەیە ، ناڵێم : [الم] پیتێكە ، بەڵكو (أَلِفْ) پیتێكە و (لام)یش پیتێكە و (مِیم)یش پیتێكە .
بەڵام ئەم خێر و پاداشتەی قورئان خوێندن ـ لەو دە ڕۆژەدا ـ زۆرتر و گەورەترە لە ڕۆژەكانی تری ساڵ ، كەواتە باشتر وایە موسڵمان لەم دە ڕۆژەدا زیاتر لە ڕۆژەكانی تر قورئان بخوێنێت .

هەشتەم : خۆ ئامادە كردن بۆ قوربانی ئەنجامدان :
ئەگەر كەسێك ویستی وا بوو قوربانی بكات ئەوا حەرامە لە تووكی هەموو لاشەی و نینۆكەكانی لابەرێت یان لـێی بقرتێنێت و كەمی كاتەوە ، لە سەرەتای مانگی حاجییانەوە (ذو الحجە) تاوەكو قوربانییەكەی سەردەبڕێت .
عَنْ أُمِّ سَلَمَةَ (رضي الله عنها ) أَنَّ النَّبِيَّ ( ) قَالَ : ((إذَا دَخَلَتْ الْعَشْرُ وَأَرَادَ أَحَدُكُمْ أَنْ يُضَحِّيَ فَلا يَـمَسُّ مِنْ شَعْرِهِ وَبَشَرِهِ شَيْئًا))
واتە: ئەگەر دە ڕۆژی یەكەمی مانگی جاجیان (ذو الحجە) هات ، وە كەسێك لە ئێوە ویستی هەبوو قوربانی بكات ، ئەوا با هیچ لە تووك و پێستی نەكاتەوە .
وفـي رواية : ((فَلاَ يَأْخُذَنَّ شَعْرَاً وَلاَ يَقْلِمَنَّ ظُفُرَاً)) ..
واتە : با نە لە تووكی لا بەرێت و نە نینۆكی بقرتێنێت .
 هەندێك لە زانایان ئەم فەرموودەیە دەكەنە بەڵگە لەسەر ئەوەی هەركەسێك ویستی هەبوو قوربانی بكات ئەوا حەرامە لەسەری هیچ لە تووك و نینۆكی لابەرێت هەتا قوربانی دەكات لە كاتی سەربڕینی قوربانیدا دوای ئەنجام دانی نوێژی جەژن .

نۆیەم : بەگشتی زۆر ئەنجام دانی کاری چاکە وخێر  : 
چونکە کاری خێر لەم ڕۆژانەدا زیاتر خۆشەویستە بەلای خوداوە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پاداشتێکی گەورەی هەیە.

جا هەر کەسێک بۆی نەکرا بچێت بۆ حەج ئەوا با ئەو کاتانە بەزیکر ویادی خودا وقورئان خوێندن ونوێژ کردن وچاک بوون لەگەڵ دایک وباوک وخێر وسەدەقە وفەرمان کردن بەچاکە وڕێگری کردن لەخراپە ، و باقی عیبادەتەکانی تر بەسەر ببات .

دەیەم : تەوبەیەکی ڕاستگۆیانە :
وەهەروەها یەکێکی تر لە کارە خێر وچاکەکان کە لەم دەڕۆژەدا ئەنجام بدرێت ئەوەیە : مرۆڤی موسوڵمان تەوبە بکات ودوور کەوێتەوە لەتاوان وسەرپێچی خودا ، و سوور بێ لەسەر ئەوەى جارێکی تر نەگەڕێتەوە سەری .
وە واجبە لەسەر موسوڵمان گەر توشی تاوانێک بوو پەلە بکات لەتەوبە کردن ودوای نەخات چونکە :
یەکەم : نازانێت چ کات وساتێک مردن پێی دەگات .
دووەم : چونکە کاری خراپە خراپەی تر بەدوای خۆیدا دێنێت.

بێگومان تەوبە لەزەمان و کاتی چاک و بەڕێزدا گەورەیە چونکە زۆر جار وایە مرۆڤ لەو کاتەدا ڕوو لەخودایە ،ئەوەش وا دەکات دان بەتاوانەکانی دا بنێت ، بێگومان گەر لەگەڵ ئەنجام دانی کاری چاکەدا تەوبە کردنیشی بێتە سەر ئەوا نیشانەی سەرفرازی کەسەکەیە ، خوای گەورە فەرموویەتی : ﴿ فأما من تاب وآمن وعمل صالحاً فعسى أن يكون من المفلحين﴾  القصص : 67 .
واتە: به‌ڵام كه‌سێك ئه‌گه‌ر له‌ دونیادا ته‌وبه‌ی كردبێ وه‌ ئیمانی هێنابێ وه‌ كرده‌وه‌ی چاكی كردبێت (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه‌ بۆ خوا بێت و بۆ ریا نه‌بێت، وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه‌ نه‌بێت) ، ئه‌وانه‌ به‌ دڵنیایی سه‌رفرازو سه‌ركه‌وتوون، (عَسَى) له‌ لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه‌ بۆ دووپات كردنه‌وه‌و جه‌ختكردنه‌. 

بۆیە زۆر گرنگە موسوڵمان سوور بێت لەسەر کاتە بەڕێز وفەزڵدارەكان ؛ چونکە زوو لەدەست دەچن ، و با مرۆڤ کار وچاکەیەک پێش خۆی بخات ، وخۆی ئامادەکات بۆ دوای مردن ودوا ڕۆژ چونکە بەڕاستی سەفەرێکی دوور ودرێژە وسەخستە وهیچ کەسێک ڕزگاری نابێت مەگەر خودا ڕەحمی پێ بکات ، و با مرۆڤ دڵنیا بێت لەوەی گەر بەقەد مسقالە زەڕەیەک چاکە یاخود خراپە بکات دەیبینێت وپاداشت یاخود سزای لەسەر وەردەگرێت.

ئەم ڕۆژانە غەنیمەت و دەس کەوتن بۆ کەسانێک کە بزانن چۆن بەڕێی دەکەن ، بۆیە زۆر گرنگە مرۆڤ خۆی لێ بێ ئاگا نەکات وبەئاسایی وەری نەگرێت ، بەڵکو زۆر گرنگی پێ بدات و وەک هەلێکی زێڕین تەماشای بکات ، وهەرچی لەتوانایدایە کاری خێر وچاکە تیایدا ئەنجامی بدات ، بەڵکو خودا بەڕەحم وفەزڵی خۆی لێی وەرگرێت وباشترین پاداشتی بداتەوە.

سەردان: ٨,٣١٧ بەش: نۆمینەى حاجیان