فەزڵ و گرنگى مزگەوت لە ئیسلامدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و گرنگى مزگەوت لە ئیسلامدا
پرسیار:

ئایا فەزڵ و گرنگى مزگەوت چیە لە ئیسلامدا؟  

بسم الله الرحمن الرحيم
مزگەوتەکان ماڵی خوداى گەورەن ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی: ﴿وَأَنَّ الْمَسَاجِدَ لِلَّهِ فَلَا تَدْعُوا مَعَ اللَّهِ أَحَدًا ﴾ [سورة الجن :18].
واتە:دڵنیابن که‌: مزگه‌وته‌کان تایبه‌تی خوای گه‌وره‌ن، ده‌بێت هه‌ر ئه‌وه‌ی تێدا بپه‌رسترێت و ناوی که‌سی تر نه‌کرێته شه‌ریك و هاوتای ناوی ئه‌و زاته‌.
 وە مزگەوت خۆشەویسترین جێگایە بەلای خوداو وپێغەمبەر وباوەڕدارە چاکەکانەوە ، ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا   فەرموویەتی : (أَحَبُّ الْبِلاَدِ إِلَى اللهِ مَسَاجِدهَا ، وَأَبْغَضُ الْبِلاَدِ إِلَى اللهِ أَسْوَاقهَا)(1).
واته: خۆشەویسترین جێگا بەلای خوداوە مزگەوتەکانن ، و بوغزاوترین جێگاش بەلای خوداوە بازاڕەکانن.

بەڵکو مزگەوت ماڵی هەموو کەسێکی باوەڕدار و بەتەقوایە ، ئەبو دەڕدا خوای لێ ڕازی بێت دەڵێت: گوێم لەپێغەمبەری خوا - - بوو دەیفەرموو : (الْمَسْجِد بَيتُ كُلّ تَقِيّ ) (2). 
واتە: مزگەوت ماڵی هەموو کەسێکی بەتەقوایە .

وە ڕێز و قەدری مزگەوت لەئیسلام دا لەوەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە پێغەمبەر کاتێ کۆچی کرد بۆ مەدینە هێشتا جێگیر نەبوو بوو و لەکاتی گەشتنی بەقوبا یەکسەر مزگەوتی قوبای دروست کرد ، و ئەوە یەکەم مزگەوتە لەمەدینەدا ، ویەکەم مزگەوتە کە بۆ موسوڵمانان بونیاد نرابێت هەروەک ابن كثير ئاماژەی پێداوە .[البداية والنهاية 3/209].

وەهەروەها کاتێ کەگەشتە نێوەڕاستی مەدینە یەکەم کاری دروست کردنی مزگەوتەکەی بوو ، و لەهیچ سەفەر وجەنگ وجێگایەک جێگیر نەدەبوو ئیلا شوێنێکی دیاری دەکرد وخۆی وهاوەڵان نوێژیان تێدا دەکرد ، هەروەک ئەو کارەی لەخەیبەردا کرد .(3)

وەهاوەڵانی پێغەمبەری خواش لەم بابەتە گەیشتبوون وگرنگیان پێ دەدا ، و خولەفای ڕاشیدین گرنگیان بەدروست کردنی مزگەوت دەدا ، لەوانە پێشەوا عومەری کوڕی خەتاب خوا لێی ڕازی بێت نامەی نووسی بۆ ئەوەی لەجێگای مانەوەی ئیماڕەتدا مزگەوت دروست بکەن ، وفەرمان بەگوند وعەشیرەتەکان بکرێت لەجێگاکانی خۆیاندا مزگەوت دروست بکەن ، عوسمانی کوڕی عەتا دەڵێت: کاتێ کە عومەری کوڕی خەتابی فەتحی بەلەدی کرد نامەی بۆ ئەبو موسا نارد ـ کە ئەو لەبەسرە بوو ـ مزگەوت دروست بکات وکاتێ کەڕۆژی هەینی دێت هەموان لەمزگەوتدا کۆ ببنەوە ونوێژی تێدا بکەن .كنز العمال 8/313-314.

وە هەروەها دینی ئێمە گرنگیەکی زۆری داوە بەمزگەوت ، چەندا بەڵگە وفەرموودە لەو بارەیەوە هاتوون وباسی فەزڵ وئادابی مزگەوتیان کردووە .

لێرەدا گرنگی دانی ئیسلام بەمزگەوت بەچەند خاڵێک دەخەینە ڕوو  :
یەکەم : ئیسلام جەختی کردۆتەوە لەدروست کردنی مزگەوت وبونیاد نانی وئاوەدان کردنەوەی :

بەتەئکید دینی ئیسلام جەختی لەدروست کردنی مزگەوت کردووەتەوە ، وئەو کارەی بەهۆکارێکی چوونە بەهەشتە لەقەڵەم داوە ، هەروەک پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : (مَنْ بَنَى ِللهِ مَسْجِدًا ، مِنْ مَالِهِ ، بَنَى اللَّهُ لَهُ بَيْتًا فِي الْجَنَّةِ).(4)
واتە: هەر کەسێک لەپێناوی خودادا مزگەوتێک دروست بکات ، ئەوا خودا ماڵێکی لەبەهەشتدا پێ دەدات .

وەهەروەها ئەنەسی کوڕی مالیک گێڕاویەتیەوە و دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (مَنْ بَنَى ِللهِ مَسْجِدًا ، صَغِيرًا كَانَ ، أَوْ كَبِيرًا ، بَنَى اللَّهُ لَهُ بَيْتًا فِي الْجَنَّةِ).(5)
واتە: هەر کەسێک لەپێناوی خودادا مزگەوتێک دروست بکات ، جا گەورە بێت یاخود بچووک ، ئەوا خودا ماڵێکی لەبەهەشتدا پێ دەدات .

وەهەروەها عبداللەی کوڕی عەباس خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی : (مَنْ بَنَى لِلَّهِ مَسْجِدًا وَلَوْ كَمَفْحَصِ قَطَاةٍ لِبَيْضِهَا بَنَى اللَّهُ لَهُ بَيْتًا في الْجَنَّةِ). (6)
واتە: هەر کەسێک لەپێناوی خودادا مزگەوتێک دروست بکات ، جا گەورە بێت یاخود بچووک تەنانەت گەر بەقەد هێلانەی کوڕ کوڕێکیش بێت کەبۆ هێلکەکەی کردوویەتی ، ئەوا خودا ماڵێکی لەبەهەشتدا پێ دەدات .

ئیمامی الشوكاني ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت : ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پاداشتەکە بەدروست کردنی مزگەوت بەدەست دێت نەک کەسێک ئەرزێک بکاتە مزگەوت بێ ئەوەی بینای تێدا دروست کات ، و تەنها تەخت کردن بەبێ دروست کردنی بینا کافی نی یە ، و بۆیە لەفزی "مسجد" بەنەکیرەیی هاتووە بۆ ئەوەی هەموو جۆرە مزگەوتێک بگرێتەوە ، جا گەورە بێت یاخود بچووک .
[نيل الأوطار 2/156]

وە هەروەک چۆن ئیسلام هەڵی ناوین لەدروست کردنی مزگەوتدا بەهەمان شێوەش هەڵی ناوین لەسەر ئاوەدان کردنەوەی ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: ﴿ إِنَّمَا يَعْمُرُ مَسَاجِدَ اللَّهِ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَأَقَامَ الصَّلَاةَ وَآتَى الزَّكَاةَ وَلَمْ يَخْشَ إِلَّا اللَّهَ فَعَسَى أُولَئِكَ أَنْ يَكُونُوا مِنَ الْمُهْتَدِينَ ﴾ [سورة التوبة: 18] .
واته: ته‌نها كه‌سانێك ماڵی خوای گه‌وره‌ ئاوه‌دان ئه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كه‌عبه‌ی پیرۆزو مزگه‌وته‌كانی تر كه‌ ئیمانیان به‌خوای گه‌وره‌و به‌ ڕۆژی دوایی هه‌یه‌، وه‌ نوێژه‌كانیان ئه‌كه‌ن وه‌ زه‌كاتی ماڵیان ئه‌ده‌ن ، وه‌ له‌ هیچ كه‌سێك ناترسێن جگه‌ له‌ الله نه‌بێت ، ئا ئه‌مانه‌ به‌دڵنیایی كه‌سانێكن كه‌ خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تی داون، (عَسَى) له‌ قورئانى پیرۆزدا له‌ لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه‌ به‌ ماناى دڵنیایى و واجب بوون دێت، واته‌: ئه‌و شته‌ به‌ دڵنیایى روو ده‌دات. 

وەهەروەها ئەنەسی کوڕی مالیک خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی : ( إن الله ينادى يوم القيامة أين جيراني أين جيراني فتقول الملائكة ربنا من ينبغي له أن يجاورك فيقول أين عُمَّارُ المساجد ). (7)
واتە: خوا لەڕۆژی دوایدا بانگ دەکات ودەڵێت: کوا دراوسێکانم ، کوا دراوسێکانم ، فریشتەکان دەڵێن: پەروەردگارمان کێ بۆی هەیە ببێت بەدراوسێت؟ دەفەمووێت : کوان ئەوانەی بینای مزگەوتەکانیان دەکرد ، ئاوەدانیان دەکردەوە ؟

جا دروست کردنی مزگەوت تەنها بونیاد نان و ڕێک خستن نی یە ، بەڵکو بەنوێژ کردن و عیبادەت کردن تێیدا ، وبەکار هێانیەتی بۆ چاک کردنی نێوان کەسەکان ، و فێر کردن ..هتد .

دووەم :جەخت کردنەوە لە چوون بۆ مزگەوت و نوێژ کردن تیایدا :
بێگومان پاداشتی چوون بۆ مزگەوت زۆر گەورەیه ، ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی : (من توضأ فأحسنَ الوُضوءَ ، ثم خرج عامدا إلى الصلاة ، فإنه في صلاة ما كان يَعْمِد إلى صلاة ، وإنه يُكتَب له بإحدى خُطوتيه حسنة، ويُمْحَى عنه بالأخرى سيئة ، فإذا سمع أحدُكم الإقامة فلا يَسْعَ ، فإن أعظمَكم أجرا أبعدُكم دارا ، قالوا : لِمَ يا أبا هريرة ؟ قال : من أجل كثرة الخُطَا). (8)
واتە: هەر کەسێک دەست نوێژێکی جوان بگرێت ، وپاشان ڕووکاتە مزگەوت ، ئەوا بەردەوام لەنوێژدایە ، و بەیەکێک لەهەنگاوەکانی چاکەی بۆ دەنوسرێت ، و بەوی تریان خراپەی لەسەر لادەچێت ، وگەر یەکێک لەئێوە گوێی لەقامەت بوو با پەلە نەکات ، بەڕاستی ئەوەتان کە ماڵی لەهەموان دوور ترە خێری زیاترە ، گوتیان: بۆ ئەی ئەبو هورەیرە ؟
گوتی: لەبەر ئەوەی هەنگاوەکانی زیاتر ترە .

وە سەلمانی فارسی خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی : : (مَا مِنْ مُسْلِمٍ يَتَوَضَّأُ فَيُحْسِنُ وُضُوءَهُ، إِلا كَانَ زَائِرَ اللَّهِ عَزَّ وَجَلَّ، وَحَقٌّ عَلَى الْمَزُورِ أَنْ يُكْرِمَ زَائِرَهُ) . (9)
واتە: هیچ موسوڵمانێک نی یە کەدەست نوێژێکی جوان بگرێت ، ئیلا ئەو کەسە سەردانی خودای کردووە و میوانیەتی ، و حەقە لەسەر سەردانی کراو ڕێز لەمیوانەکەی بگرێت.

وەهەروەها ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی:( مَنْ غَدَا إِلَى الْمَسْجِدِ وَرَاحَ ، أَعَدَّ اللَّهُ لَهُ فِي الْجَنَّةِ نُزُلاً كُلَّمَا غَدَا وَرَاحَ.) (10)
واتە: هەرکەسێک لەبەیاناندا بچێت بۆ مزگەوت ویاخود لەئێوارەدا ، ئەوا خودا بەهەموو چونێکی جێگایەکی بۆ دروست دەکات.

وەهەروەها بورەیدە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: (بَشِّرِ الْمَشَّائِينَ فِي الظُّلَمِ ، إِلَى الْمَسَاجِدِ ، بِالنُّورِ التَّامِّ يَوْمَ الْقِيَامَة).(11)
واتە: موژدە بدە بەو کەسانەی كە بەتاریكی دەڕۆن بۆ مزگەوتەكان ، بەڕوناکی و نورێکی تەواو لەڕۆژی دوایی دا.

تەنانەت چاوەڕێ کردنی نوێژ بەجیهاد کردن لەپێناو خودادا دادەنرێت ، ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: (أَلاَ أُخْبِرُكُمْ بِمَا يَمْحُو اللَّهُ بِهِ الْخَطَايَا ، وَيَرْفَعُ بِهِ الدَّرَجَاتِ ؟ إِسْبَاغُ الْوُضُوءِ عِنْدَ الْمَكَارِهِ ، وَكَثْرَةُ الْخُطَا إِلَى الْمَسَاجِدِ ، وَانْتِظَارُ الصَّلاَةِ بَعْدَ الصَّلاَةِ ، فَذَلِكُمُ الرِّبَاطُ ، فَذَلِكُمُ الرِّبَاطُ ، فَذَلِكُمُ الرِّبَاطُ.)(12)
واتە: هەواڵتان پێ بدەم بەوەی کەخودا بەهۆیەوە تاوان دەسڕێتەوە ، وپلەی پێ بەرز دەکاتەوە ؟
جوان دەست نوێژ گرتن لەکاتی ناڕەحەتی دا ، وزۆر چوون بۆ مزگەوت و هەنگاو نان بۆی ، وچاوەڕێ کردنی نوێژ لەدوای نوێژێکی تر ، ئا ئەوا ڕیباتە ، ئا ئەوا ڕیباتە . (یانی وەکو جیهاد كردن وایە لە ڕێگەی  خوادا ).

وەکاتێ کە مرۆڤ پەیوەندی بەم ژیانەوە نامێنێت ، ودەخرێتە نێو گۆڕەکەیەوە ئاوات ئەخوازێ جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ دونیا نەک بۆ کۆکردنەوەی ماڵ ودەست خستنی دەسەڵات وپلە وپایە ، نا بەڵکو بۆ ئەوەی دوو ڕکات نوێژ بکات ، ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر بەلای گۆڕێکدا تێپەڕ بوو: ("مَنْ صَاحِبُ هَذَا الْقَبْرِ؟فَقَالُوا: فُلانٌ، فَقَالَ: رَكْعَتَانِ أَحَبُّ إِلَى هَذَا مِنْ بَقِيَّةِ دُنْيَاكُمْ). (13)
واتە: خاوەنى ئەم گۆڕە کێ یە ؟ گوتیان: گۆڕی فڵانە کەسە ، فەرمووی: دوو ڕکات نوێژ لەلای ئەم کەسه لەهەموو ئەو دونیایەیی ئێوە کەماوە باشترە.

تەنانەت ئەو کەسەى دڵى وابەستەى مزگەوتە و بەردەوام سەردانى مزگەوت دەکات لە قیامەتدا لە ژێر سێبەرى عەرشی خواى گەورەیە، ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: (سبعة يُظِلُّهُمُ اللَّهُ في ظِلِّهِ يَوْمَ لاَ ظِلَّ إِلاَّ ظِلُّهُ الإِمَامُ الْعَادِلُ ، وَشَابٌّ نَشَأَ في عِبَادَةِ رَبِّهِ ، وَرَجُلٌ قَلْبُهُ مُعَلَّقٌ في الْمَسَاجِدِ ، وَرَجُلاَنِ تَحَابَّا في اللهِ اجْتَمَعَا عَلَيْهِ وَتَفَرَّقَا عَلَيْهِ ، وَرَجُلٌ طَلَبَتْهُ امْرَأَةٌ ذَاتُ مَنْصِبٍ وَجَمَالٍ فَقَالَ إِنِّى أَخَافُ اللَّهَ . وَرَجُلٌ تَصَدَّقَ أَخْفَى حَتَّى لاَ تَعْلَمَ شِمَالُهُ مَا تُنْفِقُ يَمِينُهُ ، وَرَجُلٌ ذَكَرَ اللَّهَ خَالِيًا فَفَاضَتْ عَيْنَاهُ). متفق علیه
واته: حەوت کۆمەڵ هەن خودا دەیانخاتە ژێر سێبەری عەرشی خۆیەوە لەڕۆژێکدا کەجگە لەسێبەری عەرشی خودا هیچ سێبەرێکی تر نی یە :
پێشەوا ودەسەڵاتدارێکی دادپەروەر ، و لاوێک لەعیبادەتی خودادا گەورە بوو بێت ، و پیاوێک کەدڵی پەیوەست بێت بەمزگەوتەوە ، ودوو کەس کەلەپێناوی خودادا یەکیان خۆش بووێت وکۆبوونەوە وجودا بوونەوەیان لەو پێناوەدا بێت ، وپیاوێک ئافرەتێکی جوان وخاوەن پلەو پایە داوای زینای لێ بکات، ئەومیش بڵێت: من لەخودا دەترسم  ، وپیاوێک خێرێک بکات وبیشارێتەوە بەشێوەیەک دەستی ڕاستی نەزانێت دەستی چەپی چی بەخشیوە ، وپیاوێک کاتێ بەتەنها یادی خوا دەکات چاوەکانى پڕ دەبن لەفرمێسک.

جارێکیان عومەری کوڕی خەتاب ڕۆژێک لەماڵ دەرچوو ، وکاتێ کەگەڕایەوە بینی خەڵک هەموو نوێژی عەسریان کردووە ، بۆیە عومەر گوتی : ( إنا لله وإنا إليه راجعون فاتتني صلاة العصر في الجماعة أشهدكم أن حائطي على المساكين صدقة ليكون كفارة لما صنع عمر).مسند الفاروق , لابن كثير 1/140.
واتە: إنا لله وإنا إليه راجعون نوێژی عەسرم بەجەماعەت لەدەست چوو ، دەی ئێوە بەشایەت بن ئەوا باخەکەم کرد بەخێر بۆ موسوڵمانان ، وەک کەفارەتی ئەو کارەی کەعومەر کردی.

وە لەتابعی بەڕێز سەعیدی کوڕ موسەیەبەوە گێڕدراوەتەوە ڕەحمەتی خوای لێ بێت بۆ ماوەی چل ساڵ (اللە ٲکبر ) ـی دەست پێکردنی نوێژی لەدەست نەچووە ، چونکە ئەو لەمزگەوتی پێغەمبەردا جگە لەڕیزی پێشەوە نوێژی نەدەکرد .

وە وەکیع دەڵێت: ئەعمەش تەمەنی گەشتبووە حەفتا ساڵ وهەرگیز (اللە ٲکبر ) ـی دەست پێکردنی نوێژی لەدەست نەچوو بوو ، وبۆ ماوەی نزیک حەفتا ساڵ نزیکی بووین نەمان بینی ڕکاتێک نوێژ قەزا بکاتەوە . صفة الصفوة لابن الجوزي (2/69).

وەهەروەها ڕەبیعی کوڕی خوسەیم لەبان خانووەکەی بەر بوو بووەوە وبەوحاڵەوە دوو کەس دەچوونە ژێر شانی ودەهات بۆ نوێژ ، پێی دەگوترا : ئەی باوکی موحەمەد تۆ ڕوخسەتت پێ دراوە ودەتوانی نەیەیی بۆ مزگەوت ولەماڵەوە نوێژ بکەیت ، ئەویش گوتی :قسەکەتان تەواوە بەڵام گوێم لەبانگ بێژە دەڵێت:( حي على الصلاة حي على الفلاح) بۆیە هەرکەسێک توانای هەیە بچێ بەدەنگی یەوە با ئەو کارە بکات تەنانەت گەر بەسکە خشکێ یاخود گاوڵکیش بێت .

وە حاتەمی کوڕ ئەصەم دەڵێت: جارێکیان نوێژی جەماعەتم لەدەست چوو ، بەتەنها ئەبو ئیسحاقی بوخاری سەرەخۆشی لێ کردم ، خۆ ئەگەر منداڵێکمان بمردایە ئەوا زیاتر لە دە هەزار کەس سەرە خۆشیان لێ دەکردم ، چونکە لای ئەوان موسیبەتی دین ئاسان ترە لەموسیبەتی دونیا .
 الذهبي : الكبائر 10.

سێیەم : جەخت کردنەوە لەپاک کردنەوەی مزگەوت وگرنگی پێ دانی:
ئیسلام زۆر جەختی کردۆتەوە لەپاک کردنەوەی مزگەوت وگرنگی پێ دانی ، وپاداشتی گەورەی بۆ ئەو کارە داناوە ، ئەبو سەعید گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: ئافرەتێکی ڕەش پێست مزگەوتی پاک دەکردەوە ، بەشەو وەفاتی کرد ، جا کاتێ ڕۆژ بووەوە هەواڵیان بەپێغەمبەری خودا دا ، ئەویش فەرمووی: (ألا آذنتموني بها ؟ فخرج بأصحابه , فوقف على قبرها , فكبر عليها والناس من خلفه ، ودعا لها ، ثم انصرف).(14)
واتە: ئەی ئەوە بۆ ئاگادارتان نەکردمەوە ، لەگەڵ هاوەڵەکانی دەرچوو ، ولەسەر گۆڕەکەی وەستا والله ٲکبر ـی کرد وخەڵکەکەش لەدوایەوە بوون ، وبۆی پاڕایەوە ، ودوای جێی هێشت و چوو.

وەهەروەها سەمورەی کوڕی جوندوب دەڵێت: ( أَمَرَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ نَتَّخِذَ الْمَسَاجِدَ فِي دِيَارِنَا وَأَمَرَنَا أَنْ نُنَظِّفَهَا ).(15)
واتە: پێغەمبەری خودا فەرمانی پێ کردین لەجێگاکانماندا مزگەوت دروست بکەین ، وفەرمانی پێ کردین پاکی بکەینەوە.

وە پێغەمبەری خودا بەڵغەمێکی بەدیواری مزگەوتەوە بینی و بەبەردێک کرڕاندی وبەتاوان ئەژماری کرد وفەرمووی: (البزاق في المسجد خطيئة، وكفارتها دفنها).البخاري مع الفتح ( برقم 409).
واتە: تف وبەڵغەم کردن لە مزگەوتدا تاوانە ، وکەفارەتەکەشی شاردنەوە و دفن کردنیەتی.

ئەبو زەڕ خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: (عُرِضَتْ عَلَىَّ أَعْمَالُ أُمَّتِي ، حَسَنُهَا وَسَيِّئُهَا ، فَوَجَدْتُ فِي مَحَاسِنِ أَعْمَالِهَا ، الأَذَى يُمَاطُ عَنِ الطَّرِيقِ ، وَوَجَدْتُ فِي مَسَاوِئِ أَعْمَالِهَا ، النُّخَاعَةَ تَكُونُ فِي الْمَسْجِدِ لاَ تُدْفَنُ).(16)
واتە: کردەوەی ئومەتەکەم پێ پیشان درا ، چاکە وخراپەی ، بینیم لەکردەوە چاکەکان ، لابردنی ناڕەحەتی یە لەسەر ڕێگا  وبینیم لەخراپەکەیان : بەڵغەم کردنە لەمزگەوت ونەشاردنەوەیەتی.

وە سەعیدی کوڕی مەنسور لەئەبو عوبەیدەی کوڕی جەڕاحەوە گێڕاویەتیەوە شەوێکیان لەمزگەوتدا بەڵغەمێکی کردووە ولەبیری چووە بیشارێتەوە تاوەکو گەشتۆتەوە ماڵ ، پاشان کە بیرى کەوتۆتەوە گەڕاوەتەوە وکردوویەتی بەچلکە ئاگرێکدا وبەدوای دا گەڕاوە تاوەکو شاردوویەتیەوە ، وپاشان گوتوویەتی : سوپاس بۆ خوا ئەم شەو تاوانێکی لەسەر نەنووسیم.
ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تاوانەکە تایبەتە بەکەسێکەوە کەبەڵغەمەکە واز لێ بێنێت ونەیشارێتەوە وپاکی نەکاتەوە ، وهۆکاری تاوانەکەشی ئەزیەت دانی باوەڕدارانە . الألباني : الثمر المستطاب 720 .

چوارەم : جەخت کردنەوە لە ڕێز گرتن لەمزگەوت وزانینی قەدر وڕێزی :
مزگەوتەکان جێگە گەلێکی پیرۆزن وتایبەت مەندی خۆیان هەیە وچەند شتێک تیایاندا قەدەغە کراوە ، وتایبەتن بەزیکر ویادی خودا ونوێژ کردنەوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿ فِي بُيُوتٍ أَذِنَ اللَّهُ أَن تُرْفَعَ وَيُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ يُسَبِّحُ لَهُ فِيهَا بِالْغُدُوِّ وَالآصَالِ رِجَالٌ لا تُلْهِيهِمْ تِجَارَةٌ وَلا بَيْعٌ عَن ذِكْرِ اللَّهِ وَإِقَامِ الصَّلاةِ وَإِيتَاء الزَّكَاةِ يَخَافُونَ يَوْمًا تَتَقَلَّبُ فِيهِ الْقُلُوبُ وَالأَبْصَارُ لِيَجْزِيَهُمُ اللَّهُ أَحْسَنَ مَا عَمِلُوا وَيَزِيدَهُم مِّن فَضْلِهِ وَاللَّهُ يَرْزُقُ مَن يَشَاء بِغَيْرِ حِسَابٍ ﴾.[سورە النور : 36]
واته: له‌ ماڵانێك كه‌ مزگه‌وته‌كانى ماڵی خواى گه‌وره‌ن، خوای گه‌وره‌ ئیزنی داوه‌و فه‌رمانى كردووه‌ كه‌ به‌رزو بڵند بێت و قسه‌و كرده‌وه‌ى ناشیاو و كڕین و فرۆشتن و بانگ كردن بۆ شتى ون بووى تێدا نه‌كرێت، یاخود دروست كردنه‌كه‌ی به‌رزو بڵند بگیرێ له‌ پیسی و پاك رابگیرێت و بۆنخۆش بكرێت ، وه‌ ناوی خوای گه‌وره‌ی تیا بهێنرێت به‌ بانگدان و نوێژ كردن و زیكرو قورئان خوێندن ، سه‌ره‌تای ڕۆژو كۆتایی ڕۆژ ته‌سبیحاتی خوای گه‌وره‌ی تیادا بكرێت وه‌ نوێژی تیادا بكرێ و عیباده‌تی خوای گه‌وره‌ی تیادا بكرێ.

پیاوانێكى هیممه‌ت به‌رزن كه‌ بازرگانی و كڕین و فرۆشتن سه‌رقاڵ و بێئاگایان ناكات له‌ زیكری خوای گه‌وره‌ و نوێژ كردن و زه‌كاتدان و هه‌مووی بۆ خوای گه‌وره‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، (عبدالله ى كوڕى عومه‌ر) له‌ بازاڕ بوو بانگدرا بۆ نوێژ خه‌ڵكى دوكانه‌كانیان داخست و چوون بۆ مزگه‌وت، فه‌رمووى: ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سانه‌ دابه‌زیووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژێك ئه‌ترسێن كه‌ ڕۆژی قیامه‌ته‌ كه‌ دڵ و چاوه‌كان تیایدا ئه‌مدیو و ئه‌مدیو ئه‌كرێت و وه‌رئه‌گێڕدرێت له‌ ترسى سه‌ختى رۆژگاره‌كه‌. 
تا خوای گه‌وره‌ به‌ باشترین شێواز پاداشتی كرده‌وه‌كانیان بداته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ دونیا كردوویانه‌ یه‌ك به‌ ده‌ تا یه‌ك به‌ حه‌وت سه‌د تا زیاتر ، به‌ڵكو له‌وه‌ش زیاتر خوای گه‌وره‌ فه‌زڵی خۆی ئه‌ڕژێنێ به‌سه‌ریانداو پاداشتیان ئه‌داته‌وه‌ ،وه‌ خوای گه‌وره‌ش ڕزق و ڕۆزی هه‌ر كه‌سێك ئه‌دات كه‌ ویستی لێ بێت به‌بێ حساب و ژماره‌و له‌ ژماره‌ نایات.

هەر بۆیە واجبە مزگەوت بەدوور بگیردرێت لەهەر شتێک کەشیاو نی یە ، ولەگەڵ مزگەوتدا گونجاو نی یە ، کڕین وفرۆشتن لەمزگەوتدا قەدەغە ، وەهەروها هەواڵ پرسینی شتی ون بوو ، ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: ((إذا رأيتم من يبيع أو يبتاع في المسجد فقولوا: لا أربح الله تجارتك، وإذا رأيتم من ينشد فيه ضالة فقولوا: لا رد الله عليك ضالتك)). الألباني : ( صحيح ) انظر حديث رقم : 573 في صحيح الجامع.
واته: کاتێک کەسێکتان بینی شتی لەمزگەوتدا دەفرۆشت ئەوا پێی بڵێن: خوا بەرەکەت وخێر نەخاتە بازرگانیەکەتەوە ، و کاتێ کەسێکتان بینی هەواڵی شتی ون بووی لەمزگەوتدا دەپرسی ئەوا پێی بڵێن: خودا بۆت نەگێڕێتەوە.

وە هەروەها ڕێگری کراوە لەوەی فریشتەکان بەبۆنی ناخۆش عەزیەت بدرێن ، عبدالعزیزی کوڕی سوهەیب دەڵێت : پرسیار کرا لەئەنەسی کوڕی مالیک لەبارەی سیرەوە ، گوتی پێغەمبەر فەرمووی: (مَنْ أَكَلَ مِنْ هَذِهِ الشَّجَرَةِ شَيْئًا ، فَلاَ يَقْرَبَنَّ ، أَوْ لاَ يُصَلِّيَنَّ ، مَعَنَا).
واتە: هەر کەسێک لەو دارە شتێکی خوارد ، با نزیک نەکەوێتەوە ، یاخود با نوێژمان لەگەڵ نەکات .
 لەڕیوایەتێکدا : بەئەنەس گوترا : هیچ شتێکت بیستووە لەپێغەمبەرە لەبارەی سیرەوە ، گوتی : (مَنْ أَكَلَ فَلاَ يَقْرَبَنَّ مَسْجِدَنَا)(17) .
واتە: ئەوەی خواردی با نزیکی مزگەوتەکەمان نەبێتەوە.

وە جابری کوڕی عبدالله خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت: (نَهَى رَسُولُ اللهِ عَنْ أَكْلِ الْبَصَلِ وَالْكُرَّاثِ ، فَغَلَبَتْنَا الْحَاجَةُ ، فَأَكَلْنَا مِنْهُ ، فَقَالَ رَسُولُ اللهِ : مَنْ أَكَلَ مِنْ هَذِهِ الشَّجَرَةِ الْمُنْتِنَةِ ، فَلاَ يَقْرَبَنَّ مَسْجِدَنَا ، فَإِنَّ الْمَلاَئِكَةَ تَتَأَذَّى مِمَّا يَتَأَذَّى مِنْهُ الإِنْسُ) (18).
واتە: پێغەمبەری خوا ڕێگری کردووە لەخواردنی پیاز و کەوەر ، جا ئێمە پێویستمان بوو وخواردمان ، پێغەمبەری خوا فەرمووی: هەر کەسێک لەو دارە بۆن ناحۆشەى خوارد ، با نزیکی مزگەوتەکەمان نەکەوێتەوە ، فریشتەکان ئەزیەت دەخۆن بەوی کەمرۆڤ پێی ناڕەحەت دەبێ.

هەروەک واجبە مزگەوت بەدوور بگیردرێت لەململانێ ودوو بەرەکی وڕق وکینە ومونافەسەی یەکتر ، مزگەوت ماڵی خودایە وکەس دەسەڵاتی بەسەردا نی یە ، دەگێڕنەوە هارونه ڕەشید سێ بەسێ تەڵاقی خوارد گەر شەو بکاتەوە لەماڵدا ئەوا تەڵاقی لەزوبەیدەی خێزانی کەوتبێت، دواتر غەمبار بوو ونەیدەزانی چ بکات ، پێی وترا گەنجێگ لەحەنەفیەکان هەیە بەڵکو ڕێگە چارەیەکی لا بێت ، ئەویش بانگی کرد وباسەکەی بۆ باس کرد ، ئەویش گوتی لەمزگەوتدا بمێنەوە ومزگەوت مالی کەس نی یه ، وخودا فەرموویەتی: { وأن المساجد لله } واتە: مزگەوتەکان تایبەتن بەخودا.
دواتر هارونە ڕەشید ئەو کەسەی کرد بەقازی . 
ابن أبي الوفاء : الجواهر المضية في طبقات الحنفية ص 2/521.

وە لەکۆتایی دا پێویستە لەسەرمان بگەڕێینەوە بۆ مزگەوت و ئەو دەورە گرنگەی کەپێشتر هەیبوو بۆی بگێڕینەوە ، مزگەوت ئەو جێگایەیه کەدڵی موسوڵمان تیایدا پاک دەبێتەوە ، و ماوەى دووری نێوانیان ناهێڵێت ، وفێری یاسا وعەدالەت وبرایەتی دەبن لێوەی ، وەهەروەها فێری ڕێز گرتن ونەرم ونیانی وخۆ بەکەم زانین دەبن تیایدا ، پێغەمبەر   لەگەڵ هاوەڵەکانی دا ئەو کارانەی بەرجەستە دەکرد ودەیفەرموو : ( أَقِيمُوا الصُّفُوفَ فَإِنَّمَا تَصُفُّونَ بِصُفُوفِ الْمَلاَئِكَةِ وَحَاذُوا بَيْنَ الْمَنَاكِبِ وَسُدُّوا الْخَلَلَ وَلِينُوا في أيدي إِخْوَانِكُمْ وَلاَ تَذَرُوا فُرُجَاتٍ لِلشَّيْطَانِ وَمَنْ وَصَلَ صَفًّا وَصَلَهُ اللَّهُ تَبَارَكَ وَتَعَالَى وَمَنْ قَطَعَ صَفًّا قَطَعَهُ اللَّهُ) (19).
واتە: ڕێزەکان ڕێک خەن ، بەڕاستی ڕیز دەبستن بەڕیزی فریشتەکانەوە ، و با شانتان ڕێک یەک بێت ، وبۆشاییەکان پڕ بکەنەوە ، ونەرم بن لەگەڵ دەستی براکانتان کاتێ کەدەیانەوێت داخلی ڕیزەکان بن ، وبۆشایی جێ مەهێڵن بۆ شەیتان ، وهەرکەسێک ڕیزێک بگەیەنێتە یەک ئەوا خودا دەیگەیەنێت ، وەهەر کەسێک ڕیزێک ببڕێت خوداش دەیبڕێت.

 بۆیە زۆر گرنگە ئەو دەورەی کەمزگەوت پێشتر هەیبوو بۆی بگێڕدرێتەوە وگرنگی پێ بدرێت.


(1) أخرجه مسلم (1473) وابن خزيمة 1293 وابن حبان1600 .
(2) [أخرجه أبو نعيم في " الحلية " ( 6 / 176 )الألباني في "السلسلة الصحيحة" 2 / 341] .
(3) [وفاء الوفا بأخبار المصطفى للسمهودي 3/1028].
(4) أخرجه ابن ماجة (737) الألباني :صحيح ، ابن ماجة ( 736 ).
(5) أخرجه التِّرْمِذِي (319) صحيح الترغيب والترهيب 1/66.
(6) أخرجه أحمد 1/241(2157) صحيح الترغيب والترهيب 1/66.
(7) أخرجه الحارث في بغية الباحث (1/251 ، رقم 126) الألباني في " السلسلة الصحيحة " 6 / 512.
(8) الموطأ 1/33 صحيح الترغيب والترهيب 1/73.
(9) رواه الطبراني ( 3 / 73 / 1 )الألباني في " السلسلة الصحيحة " 3 / 157.
(10) ".أخرجه أحمد 2/508(10616) والبُخاري (662) و((مسلم)) 1469.
(11) أخرجه أبو داود (561) والتِّرْمِذِيّ" 223.
(12) أخرجه أحمد 2/235(7208) و((مسلم)) 1/151(508).
(13) أخرجه الطبرانى في الأوسط (1/282 ، رقم 920) . قال الهيثمى (2/249) : رجاله ثقات الألباني : صحيح الترغيب والترهيب 1/93.
(14) أخرجه ابن ماجة (1533)صحيح الترغيب والترهيب 1/67.
(15)  رواه أحمد في مسنده (19671) وصححه الألباني في صحيح الترغيب والترهيب (278) .
(16)  أخرجه أحمد 5/180(21900) و"البُخاري" في "الأدب المفرد" 230 و"مسلم" 2/77 (1170) .
(17) أخرجه أحمد 3/186(12968) و"البُخَاريّ" 1/217 (856) و"مسلم" 2/79(1187).
(18)  أخرجه "أحمد" 3/374(15078) و"مسلم" 2/79(1189).
(19) أخرجه أحمد 2/97(5724) و"أبو داود" 666 و"النَّسائي" 2-93 ، وفي "الكبرى" 895 و"ابن خزيمة" 1549 .

سەردان: ٥,٥٥٣ بەش: ئادابەکانى مزگەوت