شەفاعەت و جۆرەکانی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
شەفاعەت و جۆرەکانی
پرسیار:

شەفاعەت چییە؟ وە جۆر و بەشەكانى كامانەن؟

شەفاعەت لە ووشەى (الشفع)ەوە هاتووە واتە جووت كە پێچەوانەى تاكە، ئەویش بریتیە لە جووت كردنى تاكێك وەكو كردنى یەك بە دووان، وسیان بە چوار وبەو شێوەیە ئەمە لەڕووى زمانەوە.
بەڵام لەڕووى زاراوەى زانایانەوە: بریتیە لە (( نێوەندگیرى بۆ كەسێك بۆ بەدەستهێنانى سوودێك یان وەلانان ودرووخستنەوەى زیانێك)) واتە شەفاعەتكار لەنێوان شەفاعەت لێوەرگر و شەفاعەت بۆكراودایە لەپێناو گەیاندنى سوودێك بۆ شەفاعەت بۆ كراو یان دوورخستنەوەى زیانێك لێى.  وەشەفاعەتیش دوو جۆرە:  
جۆرى یەكەم: شەفاعەتێكى سابتى صەحیح، ئەویش ئەوەیە كە خواى گەورە لە قورئاندا سابتى كردووە یان پێغەمبەرەكەى  سابتى كردووە لە فەرموودەدا، ئەو شەفاعەتەش تەنها بۆ ئەهلى تەوحید وئیخلاصە واتە بۆ ئەو كەسانەیە كە بەپاكى و بێگەردیەوە تەنها خوایان پەرستوە، چونكە ئەبو هورەیرە رضي الله عنه دەڵێت: ئەى پێغەمبەرى خوا كێ بەختەوەرترین كەسە بە شەفاعەتى تۆ ؟ ئەویش دەفەرموێت: ((من قال لا إله إلا الله خالصاً من قلبه))(1)
.واتە: ئەوەى بە ئیخلاصەوە لە دڵیەوە بڵێت: لا إله إلا الله واتە هیچ خوایەك نییە بەحەق كە شایستەى پەرستن بێت جگە لە الله.
وە ئەم جۆرە شەفاعەتەش سێ مەرجى هەیە:
مەرجى یەكەم: خواى گەورە لە شەفاعەتكار ڕازى بێت.
مەرجى دووەم: خواى گەورە ڕازى بێت لە شەفاعەت بۆ كراو.
مەرجى سێ یەم: خواى گەورە ئیزن بدات بە شەفاعەتكار كە شەفاعەتەكەى بكات.

وە ئەم مەرجانەش بە گشتى لەم ئایەتەدا هاتوون: (وَكَمْ مِنْ مَلَكٍ فِي السَّمَاوَاتِ لا تُغْنِي شَفَاعَتُهُمْ شَيْئاً إِلاَّ مِنْ بَعْدِ أَنْ يَأْذَنَ اللَّهُ لِمَنْ يَشَاءُ وَيَرْضَى) (لنجم:26) واتە: ئەوەتە زۆرێك لە فریشتەكانی ئاسمان سەرەڕای گەورەیی پلە و پایەیان كەچی تكاكارى و شەفاعەتیان هیچ سوودێكی نیە مەگەر دوای ئەوەی كە خواى پەروەردگار مۆڵەتیان بدات ، وە ڕازی بێت لە شەفاعەت بۆ كراوەكە .
  وەبە ووردیش هاتووە لەم ئایەتانەدا: ( مَنْ ذَا الَّذِي يَشْفَعُ عِنْدَهُ إِلاَّ بِإِذْنِهِ).(البقرة: من الآية255)  واتە: وە كەس ناوێرێت تكا وشەفاعەتى لەلادا بكات مەگەر پاش ئیزن پێدانى خۆى نەبێت.
 وە هەروەها دەفەرموێت: (يَوْمَئِذٍ لا تَنْفَعُ الشَّفَاعَةُ إِلاَّ مَنْ أَذِنَ لَهُ الرَّحْمَنُ وَرَضِيَ لَهُ قَوْلاً) (طـه:109) واتە: لەو ڕۆژەدا شەفاعەت و تكاكارى دادى هیچ كەسێك نادات لە دروستكراوەكان ، جگە لەوەى كە ئەگەر ڕەحمان ڕێبدات بەشەفاعەتكار ، و ڕازیش بێت لە شەفاعەت بۆ كراو ، و ئەوەش بۆ كەس نیە جگە لە باوەڕدارە موخڵیصەكان نەبێت.
 هەروەها دەفەرموێت:  ( وَلا يَشْفَعُونَ إِلاَّ لِمَنِ ارْتَضَى) (الأنبياء: من الآية28) واتە: وە هەرگیز تكاوشەفاعەت بۆ كەسێك ناكەن مەگەر خواى پەروەردگار ڕازى بێت لەشەفاعەت كردنیان بۆى.    جا دەبێت ئەو سێ مەرجە بەدى بێن بۆ ئەوەى شەفاعەتەكە ڕووبدات.
پاشان ئەو شەفاعەتە سابتەى كە زانایان - رحمهم الله تعالى -  باسیان كردووە دەكرێت بە دوو بەشەوە:  
بەشى یەكەم: شەفاعەتى گشتى، واتە خواى گەورە ئیزن دەدات بەوەى خۆى ویستى لێ بێت لەبەندە چاكەكانى كە شەفاعەت بكەن بۆ ئەوانەى كە خوا ئیزنى داوە شەفاعەتیان بۆ بكرێت، وە ئەم شەفاعەتەش سابتە و هەیە بۆ پێغەمبەرى خوا و  پێغەمبەرانى تر و ڕاستگۆیان و شەهیدەكان و پیاوچاكان ئەویش ئەوەیە كە شەفاعەت دەكەن بۆ ئەهلى ئاگر لە باوەڕدارە گوناهبارەكان بەوەى كە دەربچن لە ئاگر.
بەشی دووەم: شەفاعەتى تایبەت: كە ئەم جۆرەش تایبەتە بە پێغەمبەرى خواوە  و گەورەترینیان بریتیە لە شەفاعەتى هەرەگەورە كە لە رۆژى دواییدایە، ئەو رۆژەى كە خەڵكى تووشى غەم وناخۆشیەك دێن كەلە توانایاندا نیە بەرگەبگرن بۆیە دێن  داواى شەفاعەتكارێك دەكەن بۆ خۆیان لاى خوا بۆ ئەوەى ئاسوودەیان بكات لەو ناخۆشی و ناڕەحەتیە، بۆیە دەچن بۆ لاى ئادەم پاشان نوح پاشان إبراهیم پاشان موسا پاشان عیسا و هیچیان شەفاعەت ناكەن هەتا دێن بۆ لاى پێغەمبەرى خوا محمد  جا ئەویش هەڵدەستێت و داوا لە خوا دەكات كە بەندەكانى رزگار بكات لەو ناڕەحەتیە و خواى گەورەش وەڵامى دەداتەوە و شەفاعەتەكەى وەردەگرێت، و ئەمەش پێى دەوترێت (مقام المحمود) ئەو پلەیەیە كە خواى گەورە بەڵێنى داوە بیبەخشێت بە پێغەمبەرى خوا  وەكو لەم ئایەتەدا هاتووە: (وَمِنَ اللَّيْلِ فَتَهَجَّدْ بِهِ نَافِلَةً لَكَ عَسَى أَنْ يَبْعَثَكَ رَبُّكَ مَقَاماً مَحْمُوداً) (الإسراء:79) واتە: وە ــ ئەى پەیامبەرى خوا ــ لەهەندێك كاتى شەودا لەخەو هەستە ، بۆ ئەوەى شەونوێژەكەت ببێتە زیادەیەك بۆت لەبەرزى ڕێزو پلەبەرزیت ، بەڵكو خواى پەروەردگار زیندوت بكاتەوە وەك شەفاعەت كارێك بۆ خەڵك لەڕۆژى دواییدا ، بەوەش بەزەیى پێیاندا بێتەوە لەوەى كەتێیدان ، و لەجێگە و مەقامێك بیت یەكەمین و دوایینەكانیش سوپاسگوزار و شوكرانە بژێرت بن .
وە یەكێك لە شەفاعەتە تایبەتەكان بە پێغەمبەرى خواوە  بریتیە لە شەفاعەتى بۆ بەهەشتیەكان بۆ ئەوەى بڕۆنە بەهەشتەوە، چونكە ئەهلى بەهەشت كاتێك كە پردى صیرات تێپەڕدەكەن دەوەستێنرێن لەشوێنێك لەنێوان بەهەشت و دۆزەخدا بۆ پاكژكردنەوەى دڵ و دەروونیان بەرانبەر بەیەكتر هەتا پاك و خاوێن ببنەوە لەو ڕق وكینە و هەستەخراپانەى كە هەیانبووە بەرانبەر بەیەكتر، پاشان ئیزنیان پێ دەدرێت بۆ چوونە بەهەشت، جا دەرگاكانى بەهەشتیان بۆ دەكرێتەوە بە هۆى شەفاعەتى پێغەمبەرى خواوە  .
جۆرى دووەم: شەفاعەتى باتڵ وناڕەوا كە سوود بە خاوەنەكەى ناگەیەنێت، ئەوەش ئەوەیە كە هاوەڵ پەیداكەران لافى بۆ لێ دەدەن بەوەى كە خواكانیان بۆیان دەكەن لاى خوا – عزوجل- لەڕاستیشدا ئەم جۆرە شەفاعەتە هیچ سوودى نییە بۆیان وەكو خواى گەورە دەفەرموێت: (فَمَا تَنْفَعُهُمْ شَفَاعَةُ الشَّافِعِينَ) (المدثر:48) واتە: بۆیە تكای هەموو تكاكاران لە فریشتە و پەیامبەران و جگە لەمانیش سوودى بۆیان نیە ، چونكە شەفاعەتكردن بۆ كەسانێكە خواى پەروەردگار لێى ڕازى بێت ، و ڕێگە بدات بە شەفاعەت كارەكەش شەفاعەت و تكاى بۆ بكات.
 ئەوەش لەبەر ئەوەى خواى گەورە ڕازى نییە لە شیركى ئەو هاوەڵ پەیداكەرانە، بۆیە مومكین نییە ئیزنیان پێ بدرێت بۆ شەفاعەت بۆ كردنیان، چونكە وەكو ئاشكرایە كە شەفاعەت نییە مەگەر بۆ كەسێك كە خوا لێى ڕازى بووبێت وە خوای گەورەش لە كوفر و شیرك و فەساد ڕازى نییە، بۆیە هاوەڵ پەیداكەران پەیوەست دەبن بە خواكانیانەوە كەپەرستوویانن و دەڵێن: ( هَؤُلاءِ شُفَعَاؤُنَا عِنْدَ اللَّهِ)(يونس: من الآية18)
 واتە: دەڵێن : ئێمە تەنها لەبەر ئەوە دەیانپەرسین كە لەلاى خواى پەروەردگار تكا و شەفاعەتمان بۆ بكەن !!! لەڕاستیدا ئەوەش جۆرە پەیوەست بوونێكى ناڕاست و ناڕەوایە وسوودى نییە، بەڵكو بەوە زیاتر لە خوا دووردەكەونەوە ئەوەش لەبەر ئەوەى هاوەڵ پەیداكەران شەفاعەتیان لە خواكانیان دەوێ وچاوەڕێى ئەوەن بەوەسیلەیەكى باتڵ وناڕەوا، بێگومان ئەوەش نیشانەى ناژیرى و تێنەگەیشتنیانە كە دەیانەوێ لەخوا نزیك ببنەوە بە شتێك كە دووریان دەخاتەوە لە خوا – عزوجل-.  

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(1) رواه البخاري، كتاب العلم، باب الحرص على الحديث (99)

سەردان: ٢,٢٧٨ بەش: باوەڕبون بە خوا