قەدەغە كراوەكان بە هۆی (ئیحرام)ەوە کامانەن ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
قەدەغە كراوەكان بە هۆی (ئیحرام)ەوە کامانەن ؟
پرسیار:

قەدەغە كراوەكان بە هۆی (ئیحرام)ەوە کامانەن ؟
(محظورات الإحرام)

واتە دواى ئیحرام کردن چ شتێک لەسەرم حرام دەبێ؟

بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

لە ئیحرامدا چەند شتێك حەرام دەبن:
1.تاشینی موی قژو لاشە, یان كورت كردنەوەی.
2.نینۆك كردن.
3.عەترو بۆنی خۆش بەكارهێنان بۆ لاشەت و پۆشاكت دوای ئیحرام بەستن.
4.ڕاوكردن لە دەشت و خواردنی ئەو نێچرەش كە بۆ تۆ ڕاو كرابێت.
5.جیماع كردن.
6.ماچ كردنی خێزان و دەست لێدانی بە شەهوەت و سەیركردنی بە شەهوەت.
7.داخوازی ئافرەت و مارە كردنی.
8.لەبەركردنی جلی دووراو بۆ لاشە, وەك فانیلەو بیجامەو شۆرت.....بۆ پیاوان
9.سەر داپۆشین ڕاستەوخۆ بە مێزەر یان كڵاو ..... بۆ پیاوان
10.داپۆشینی دەم و چاو بە نیقاب بۆ ژنان.
11.لە دەست كردنی دەست كێش بۆ ژنان.
وە هەركەسێك یەكێك لەم شتە قەدەغە كراوانە بكات بە نەزانین یان لە بیرچوون یان زۆری لێكران, ئەوە نە تاوانی لە سەرەو نە فیدیە.
بەڵام ئەگەر دوای زانین بە عەمدی بە ئیختیاری خۆی شتێك لەمانە بكات, ئەوە تاوانی كردووەو پێویستە دەست هەڵگرێت لە قەدەغە كراوەكەو حوكمەكەشی بەم شێوەیەی خوارەوەیە بە كورتی:
1-ئەگەر جیماعی كرد پێش ڕەمی جەمرەی عەقەبە لە ڕۆژی جەژن, واتە پێش لە ئیحرام دەرچونی یەكەم, ئەوە فیدیەیەكی قورسی لەسەرە كە بریتیە لە سەربڕینی وشترێك وە حەجەكەیشی بەتاڵ بۆتەوە.
2-ئەگەر ڕاوی كردبێت و حەیوانی كوشت بێت ئەوە فیدیەكەی بریتییە لە سەربڕینی وێنەی ئەو حەیوانەی كە كوشتوویەتی.
3- ئەگەر قژی كورت كردبێتەوە, یان تاشی بێتی, یان نینۆكی كردبێت, یان سەری داپۆشی بێت, یان بۆنی خۆشی لە خۆی دابێت, یان چوبێتە لای خێزانی دوای لە ئیحرام دەرچونی یەكەم, یان ماچی كردبێت و دەستی كردبێت بە شەهوەت و گاڵتەی لەگەڵ كردبێت بەو جۆرە, یان جلی دووراو بۆ لاشەی لە بەر كردبێت, ئەوە فیدیەكەی بریتییە لە هەڵبژاردنی یەكێك لەم سێ شتە:
أ.بەخشینی سێ (صاع) واتە دوانزە مشت خۆراك بە شەش فەقیر, واتە هەر دوو مشت بۆ فەقیرێك.
ب.یان سێ ڕۆژ بە ڕۆژو بون.
ج.یان سەربڕینی مەڕێك.
4- وە ئەگەر داخوازی ئافرەتی كرد, یان مارەی كرد, ئەوە هیچ فیدیەیەكی لە سەر نیە.
وە چەند حوكمێكی تریش هەیە سەبارەت بە كردنی ئەم قەدەغە كراوانە بۆ زانینیان بڕوانە كتابە گەورەكان یان پرسیار بكە لە زانایان, بەڵام لە بەر كورتی و بە پەلەیی لێرەدا درێژەمان پێ نەداوە.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سود وەرگیراوە لە كتێبی : (حـــەج و عــومـره فەزڵ و چۆنیەتى و حوكمەكانى بە گوێرەی بەڵگەكانی قورئان و سوننەت ) له نوسینى بەڕێز (دکتۆ عبداللطیف أحمد)

سەردان: ٣,٠٢١ بەش: چۆنێتى حەج کردن