حەج چەند ڕوکنى هەیە و ڕوكنەكانی حەج کامانەن ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حەج چەند ڕوکنى هەیە و ڕوكنەكانی حەج کامانەن ؟

بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

ڕوكنەكانی حەج چواره کە بریتین لە :
1. نیەت ( الإحرام ).
2. وەستان لە عەرەفە.
3. تەوافی ( الإفاضة) خولانەوەی دوا ڕۆژی عەرەفە بە دەوری كەعبەدا حەوت جار.
4. ( السعي بين الصفا والمروة ) هاتن و چونی نێوان صەفاو مەروە حەوت جار؛ چون جارێكەو گەڕانەوەش جارێك.

باسی ڕوكنەكانی حەج بە درێژى

ڕوكنی یەكەمی حەج : نیەت ( الإحرام )

واتە: نیەتی بەجێ گەیاندنی حەج یا عومرە یان هەردوكیانت ببێ لە بەر خاتری خوا بە تەنها.چونكە هەموو كردەوەیەك نیەتی پێویستە وەك پێغەمبەر فەرمویەتی: (إنما الأعمال بالنيات ) رواه البخاري/1 ومسلم/1907.

وە نیەتی بەجێ گەیاندنی عیبادەتەكەش پێویستە تەنها بۆ خوا بێت، دوور لە ڕیایی و سومعەو هاوەڵ بۆ خوا دانان, چونكە خوا فەرمانی پێ كردوین كە بە تەنها ئەو بپەرستین بە پاكی و دوور لە شەریكی [ فاعبد الله مخلصا له الدين ] ( اللهم هذه حجة لا رياء فيها ولا سمعة ).

ڕوكنی دووەمی حەج : وەستان لە عەرەفە
لە ڕۆژی عەرەفە ( 9ى ذو الحجة ) یان لە شەوی دوای، كە دەكاتە شەوی جەژن ( 10ى ذو الحجة ) ، پێغەمبەر فەرمویەتی: ( الحج عرفة ) صحيح جه (2441 ) ، ت ( 890/188/2).
واتە: گەورەترین ڕوكنی حەج بریتیە لە وەستانی عەرەفە، وە بە فریاكەوتنی ئەم وەستانە فریای حەج دەكەوێت و بە لەكیس چوونی حەجی لە كیس دەچێت.
تێبینی: مەرج نیە وەستانی عەرەفە تەنها دوا نیوەڕۆكەی ڕۆژی عەرەفە بێت تا خۆر ئاوا بوونی!بەڵكو لەهەر كاتێكی ئەو ڕۆژە یا شەوی دوای خۆی بوەستێت ئەوە حەجەكەی هەر بەردەكەوێت إن شاوالله بە بەڵگەی ئەم دوو حەدیسە:
یەكەم: (من شهد صلاتنا هذه، ووقف معنا حتى ندفع، وقد وقف قبل ذلك بعرفة ليلاًأو نهاراً، فقد تمَّ حجّه وقضى تفثه) صحيح جه(2442) ت( 892/188/2)
واتە: هەر كەسێ نوێژی بەیانی ڕۆژی جەژن لە موزدەلیفە بكات، وە بوەستێت دوای ئەوە تاوەكو تۆزێ دەورو بەر ڕووناك دەبێت پێش خۆر دەركەوتن، ئنجا بكەوێتە ڕێ بەرەو مینا، وە پێشتریش واتە پێش هاتنی كاتی نوێژی بەیانی ڕۆژی جەژن لەشەودا یا لە ڕۆژی عەرەفە وەستابێت لە عەرەفات، ئەوە ئەو كەسە حەجەكەی تەواو كردوەو ڕوكنە گەورە بنەڕەتیەكەی بە جێ هێناوە.
دووەم : ( الحج عرفة، من جاء ليلة جمع قبل طلوع الفجر، فقد أدرك الحج) أخرجه الترمذي ( 891 )
واتە: حەج عەرەفەیە، هەر كەسێ شەوی وەستان و كۆبونەوە لە موزدەلیفە كە شەوی جەژنە بێتە عەرەفە وە تیایدا بوەستێت كەمێكیش بێت لەو شەوەدا پێش كاتی بەیانی ڕۆژی جەژن، ئەوە فریای حەجەكەی كەوتووە ئەگەرچی لە ڕۆژی عەرەفەش فریای عەرەفە نەكەوتبێت.
كەواتە: هەكەسێ پێش بانگی بەیانی ڕۆژی جەژن فریای وەستانی عەرەفە نەكەوێت حەجەكەی بەر نەكەوتووە، وە دەبێت حەجەكەی بكاتە عومرەو ساڵی دواییش بگەڕێتەوە بۆ حەجەكەی ان شاوالله.
ڕوكنی سێیەمی حەج: طواف الإفاضة
واتە: ئەو خولانەوەی دەوری كەعبە كە دوای گەڕانەوە لە عەرەفات و موزدەلیفە و مینا ئەنجام دەدرێت لە ڕۆژی جەژن یان لە ڕۆژانی دواتر.
ئەم تەوافەیان ڕوكنی حەجەو بێ ئەنجام دانی حەج بەتاڵەو بەرناكەوێت. خوای گەورە فەرمویەتی: [وَلْيَطَّوَّفُوا بِالْبَيْتِ الْعَتِيقِ ](الحج:29) .
واتە: با بخولێنەوە بەدەوری ماڵە دێرینەكەدا.
وە لە فەرمودەیەكدا هاتووە كە عائیشە(ڕەزای خوای لێ بێت) بۆمان دەگێڕێتەوە كە:صەفیەی كچی حویەی خێزانی پێغەمبەری خوا كەوتە حاڵەتی بێ نوێژی مانگانەی، دوای ئەوەی كە تەوافی گەڕانەوەی كرد لە عەرەفات، وە عائیشە ئەم حاڵەتی بێ نوێژیەی صەفیەی لای پێغەمبەر باس كرد، ئەویش نەیزانی كە تەوافەكەی كردووە بۆیە فەرمووی: ( أحابستنا هی )، واتە: ئایا صەفیە دەبێتە هۆی مانەوەمان و دواكەوتنمان لێرە تاوەكو پاك دەبێتەوەو تەوافەكەی دەكات؟! منیش ووتم كە ئەو دوای تەوافەكەی توشی بێ نوێژی بووە، فەرمووی : دەی كەواتە بابڕوات و هیچی لەسەر نەماوەو حەجەكەی تەواوە (متفق عليه)
كەواتە لەم فەرموودەیە بۆمان دەركەوت كە تەوافی ئیفازە ڕوكنەو هەر دەبێت بكرێت چونكە ئەگەر صەفیە نەیكردایە ئەوە دەبو بمێنێتەوە تا دەیكرد.
تێبینی: ئایا ئەگەر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئافرەتێكی دەرەوەی وڵاتی سعودیە توشی بێ نوێژی بوو پێش ئەوەی تەوافەكەی ئەنجام بدات، وە قافڵەكەشی لەسەری نەوەستێت تاوەكو پاك دەبێتەوە بۆ ئەنجام دانی ، ئایا حوكمی چیە؟!

وەڵام:

1. یان مانەوەو خۆدابڕین تاوەكو پاك دەبێتەوەو تەوافەكەی دەكات و دوایی بە تەنها خۆی و مەحرەمەكەی دەگەڕێنەوە بۆ ووڵاتی خۆیان بە سەیارە یان بە تەیارەیەكی تایبەت!! كە ئەم چارەیەش لە توانادا نیەو زۆر زۆر ناڕەحەت و نەگونجاوە بۆ ئەمڕۆ.

2. وە یان پێی دەڵێن حەجەكەت هەڵوەشێنەوەو بە عومرە قەناعەت بكەو كۆتایی بهێنە بە ئیحرامەكەت و لێی دەرچۆ بۆ عومرە وە ساڵی داهاتوو بگەڕێوە بۆ حەج, چونكە حەجی ئەم ساڵت بەرنەكەوتووە، وە پێویستە حەیوانێكیش بكەیتە خێر لە مەككە چونكە حەجەكەت نەگەیاندە سەر!.
3. وە یان پێی دەڵێن هەر لە ئیحرامدا بمێنەوەو بەم شێوەیە لەگەڵ قافڵەكەت سەفەر بكەو تاساڵی ئایندە پێویستە لە ئیحرامدا بمێنیتەوە, جا ئەگەر بێ هاوسەربێت ئەوە نابێت مارە بكرێیت و شوبكەیت ، وە ئەگەر هاوسەریشی هەبێت نابێت سەر جێیت بكات ( الجماع )، وە ساڵی ئایندە وەرەوە حەجەكەت تەواو بكە!!. وە بێگومان ئەو دوو چارەیەی دواییش زۆر گرانن و نەگونجاون و ئەركێكی وا قورسن كە خوا لە سەری دانەناون.
4. كەواتە تەنها ئەو چارەیە ماوە كە بڵێین وەزعەكەی تۆ زەرورەتەو ئەوەت بۆ حەڵاڵ دەكات(*) (إن شاء الله) كە لە حاڵەتی بێ نوێژیش دابیت هەر دروستە بۆت تەوافی ئیفازە (**) بكەیت كە زانیت كاتی سەفەری قافڵكەت هاتووەو لەسەرت ناوەستن. بەڵام پێویستە تەواو دامێنی خۆت ببەستیت و خۆت بە پاكی و پتەوی ڕابگریت تاوەكو تەوافەكەت ئەنجام دەدەیت.
ڕوكنی چوارەمی حەج: هاتن و چوون لە نێوان صەفاو مەروە
پێغەمبەری خوا فەرمانی كردووە بەو هاتن و چوونەی نێوانیان كە فەرمویەتی : (اسعَو فإن الله كتب عليكم السعْيَ)، واتە: خوا لەسەرتانی فەرز كردووە كە بێن و بچن لە نێوان صەفاو مەروەدا.
تێبینی: هەر كەسێ تەواف یان سەعی نەكات ئەوە حەجەكەی تەواو نیەو بەرناكەوێت . وە پێویستەو دەبێ هەر بەجێیان بگەیەنێت؛ چونكە كاتی ئەو دووانە زوو بەسەر ناچێت وەك كاتی عەرەفە. بەڵام نابێت بێ عوزر دوایان بخات لە مانگی ژو الحجە.
تێبینی: ئەگەر ڕوكنەكانی حەج نەكران بەخوێن قەرەبوو ناكرێنەوە.
---------------------------------------
(*) بەبەڵگەی ( الضرورات تبيح المحظورات) كە قاعیدەیەكی فیقهی یە.
(**) ئافرەتی بێ نوێژ تەوافی ماڵ ئاوایی لەسەر نیە.

 

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سود وەرگیراوە لە كتێبی : (حـــەج و عــومـره فەزڵ و چۆنیەتى و حوكمەكانى بە گوێرەی بەڵگەكانی قورئان و سوننەت ) له نوسینى بەڕێز (دکتۆ عبداللطیف أحمد)

سەردان: ٤,٤٣١ بەش: چۆنێتى حەج کردن