چۆن حەج دەست پێ بكەم؟وه‌ چه‌ند ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و كاره‌كانى ئه‌و ڕۆژانه‌ چین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن حەج دەست پێ بكەم؟وه‌ چه‌ند ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و كاره‌كانى ئه‌و ڕۆژانه‌ چین؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
* كارەكانی ڕۆژی یەكەمی حەج (8 / ذو الـحجة) :
ئیحرام كردن بۆ حەج :
1 ـ لە شوێنی خۆتەوە لە ناو مەكەدا (واتە لە ئوتێلەكەی خۆت ) ئیحرام دەبەستیت بۆ حەج ، وە نی یەتی حەج لە دڵدا دەهێنیت و بە دەنگی بەرزیش دەڵێیت : (لَبَّيكَ اللهُمَّ حجـاً).واتە : ئەی خوایە وەڵامی تۆ دەدەمەوە بۆ حەج كردن و، بەردەوام دەبم لەسەر وەڵام دانەوەی تۆو پاپەند دەبم بەگوێ ڕایەڵی فەرمانەكانی تۆ.
دوای ئەوە دەڵێیت:(اللهُمَّ هذهِ حَجـةٌ لا رياءَ فيها ولا سُمعة) .واتە : ئەی خوایە ئەوە حەجێكە تەنها بۆ ڕەزامەندی تۆ دەیكەم، هیچ ڕیایی و پێش چاوێتی خەڵكی و ناوبانگ دەركردن و شوهرەت پەیداكردنی تێدانیە.
2 ـ دوای ئەوە دەكەویتە ڕێ بۆ (مـیـنا)، وە بەردەوام بە دەنگی بەرز تەلبیە دەكەیت :(لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ ، لَبَّيْكَ لاَ شَرِيكَ لَكَ لَبَّيْكَ ، إِنَّ الْحَمْدَ، وَالنِّعْمَةَ، لَكَ وَالْمُلْكَ، لاَ شَرِيكَ لَكَ ).تاڕۆژی جەژن تا كاتی ڕەمی كردن
لە (مـیـنا) نوێژی : (نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا و بەیانی) دەكەیت و شەویش لەوێ دەمێنیتەوە ، وە نوێژە چواریەكان كورت (قەصر) دەكەیتەوە بۆ دوو ركعات ، بەڵام كۆكردنەوە (جەمع) نی یە لێرەدا و دەبێت هەر نوێژێك لە كاتی خۆیدا بكرێت .

* كارەكانی ڕۆژی دووەمی حەج : ڕۆژی عەرەفە (9 / ذو الـحجة) :
ئەگەر خۆر هەڵات لە میناوە دەكەویتە ڕێ بۆ عەرەفە وە لە ڕێگا تەلبیە دەكەیت یان: ( الله اكبر ) دەڵێیت، و تاوەكو خۆر ئاوا دەبێت لە عەرەفە دەمێنیتەوە و بەردەوام دوعا و زیكر و قورئان بخوێنە،وە لەڕێگا پێش گەیشتن بە عەرەفات لەشوێنێك دادەبەزیت كەپێی دەڵێن (نەمیرە) _ئەگەر بۆت گونجا_وە تاوەكو پێش نیوەڕۆ لەوێ دەمێنیتەوە. دوایی كە نیوەڕۆ داهات تۆزێكی تر دەڕۆیت و دەگەیتە شوێنێكی تر پێ دەڵێن: ( عورەنە ) لەپێش عەرەفەیە، وە لەوێش لادەدەیت و خەتیب وتار دەدات و نوێژی نیوەڕۆو عەسر دوو ڕكات دوو ڕكات بەجەماعەت لەگەڵ خەڵكی دەكات لەكاتی نیوەڕۆو كورتیشیان دەكاتەوە بۆ دووڕكات، وە هیچ سوننەتی پێش و پاشی لەگەڵ ناكەن.
وە هەر كەسێكیش بۆی نەكرا بە جەماعەت ڕابگات، ئەوە خۆی هەردوو نوێژەكە بە كورت كراوەیی لەكاتی نیوەڕۆدا دەكات، جاخۆی بەتەنها بێت، یان بەجەماعەت لەگەڵ ئەو كەسانەدا كە وەكو ئەون.
دوای نوێژ ئەو شوێنە كە ( عورەنە )ی ناوە جێ دە هێڵیت و دەچیت بۆ عەرەفە ،وە ئەگەر توانیت بچۆ بۆ لای بەردەكانی ژێر شاخی عەرەفە (دامێنی عەرەفە ) وە لەوێ بوەستەو بمێنەوە، ئەگەر نەگەیشتیتە ئەوێش ئەوە لە هەر شوێنێكی تری عەرەفە بوەستیت هەر وەستانەو دروستە.
وە سوننەت نییە سەركەویتە سەر كێوی ( ڕەحمە ) لە عەرەفات و لەوێ بوەستیت . وە لەهەر شوێنێكی تری عەرەفە وەستایت ڕوو دەكەیتە قیبلەو دەست بەرزدەكەیتەوەو دوعا دەكەیت وتەلبیە دەكەیت.
وە بە زۆری ئەم تەهلیلەیە دەڵێیت: (لا إلهَ إلاّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَريكَ لَهُ لهُ المُلكُ ولَهُ الحَمْدُ وهوَ عَلَى كُلِّ شيءٍ قَدير).
وە زۆر داوا لەخوا بكە ئازادت بكات و ڕزگارت بكات لە دۆزەخ، چونكە هیچ ڕۆژێك نیە بەئەندازەی ڕۆژی عەرەفە خوا بەندە لەئاگر ئازاد بكات. وە لەو ڕۆژەدا پەروەردگار فەخر دەكات لەسەر فریشتەكانی بەو بەندانەی كە لەعەرەفە دەستیان بەرزكردۆتەوەو لێی دەپاڕێنەوە.
جا گوێ مەدە ماندو بوون و بەردەوام بەو بپاڕێوە، وە هەروەها ئەم كاتە پیرۆزەی عەرەفە لەدەست نەدەیت بەقسە كردن و دانیشتن و خەوتن و گەڕان و وێنە گرتن و سواری وشتر بوون!!
وە سوننەتە ئەم ڕۆژە بەڕۆژوو نەبیت كە بۆ حەج چوویتە عەرەفە.
وە ڕاوەستانی عەرەفە ڕوكنێكی حەجەو هەر كەسێك لە بەشێكی ئێوارەی عەرەفە یان شەوی جەژن لە عەرەفات ڕانەوەستێت حەجەكەی بەتاڵە. كە وەستانەكەت لەڕۆژدا بوو ئەوە پێویستە لەوێ بمێنێتەوە تاخۆر ئاوا بوون، وە جێهێشتنی عەرەفە پێش ئەو كاتە حەرامەو هەركەسێ وابكات دەبێت داوای لێخۆش بوون لە خوا بكات و فیدیەیەكیش بدات كە سەربڕینی حەیوانێكە لەحەرەم بۆ هەژارانی ئەوێ.

دوای ڕۆژ ئاوا بوونی ئێوارەی عەرەفە

ئەنجا دوای خۆر ئاوابوونی ڕۆژی عەرەفە دەكەویتە ڕێ بۆ (موزدەلیفە) ، وە زۆر بە هێمنی و لەسەر خۆیی دەڕۆیت و پەلەو پاڵە پەستۆ ناكەیت، بەڵام ئەگەر چۆڵایی هەبوو بەخێرایی دەڕۆیت.

وە لە (موزدەلیفە)دا هەردوو نوێژی مەغریب و عیشا بە (جەمع و قەصر) لە كاتی عیشادا دەكەیت ، ئەنجا دەخەویت تاوەكو بەیانی و پاشان هەڵدەسیت بۆ ئەنجام دانی نوێژی بەیانی لە كاتی خۆیدا هەر لە (موزدەلیفە)دا ، دوای نوێژی بەیانی ئەگەر توانیت دەچیت بۆ (الـمشعر الـحرام) و لەوێ ڕوو لە قیبلە دەكەیت و (الـحمد لله ، الله أكبر ، لا إلـَه إلاَّ الله) دەڵێیت و دوعا و زیكری خوا دەكەیت تاوەكو دەوروبەر ڕووناك دەبێتەوە .
ئەنجا دوای ئەوە دەگەڕێیتەوە بۆ (مـیـنا) بە تەلبیە كردنەوە و لە ڕێگا (7) بەرد هەڵدەگرێت. وە كە گەیشتیتە ئەو شوێنەی مینا كە پێ دەڵێن (بطن محسَّر ) ڕۆیشتنەكەت خێرا دەكەیت ئەگەر مەجالت بوو؛ چونكە لەو شوێنە فیلەكانی ئەبرەهەی كافر وەستان و ماندوو بوون, وە لە جاهیلیەتدا لەوێ وەستان, بۆیە پێغەمبەر صلى الله عيه وسلم بە پێچەوانەی ئەوان بە خێرایی و ئازایی لەوێ دەڕۆیشت, نەك ماندوو بێت و بوەستێت.

* كارەكانی ڕۆژی سێ یەمی حەج ڕۆژی جەژن (10 / ذو الـحجة) ) :
1 ـ ئەنجا كە گەیشتیتە (مـیـنا) ڕێگەی ناوەڕاست دەگریتەبەر بۆ سەر حەوزی (الـجمرة الكبرى = جمرة العقبة) بۆ بەرد هاوێشتن بۆ ناو حەوزی (جمرة العقبة) ،و لەگەڵ هەموو بەرد هاویشتنێك (الله أكبر)دەكەی. دوای ئەمە پۆشاكی ئیحرام لادەبەیت و هەموو شتە حەرام كراوەكانی كاتی ئیحرامت بۆ حەڵاڵ دەبێت تەنها (جیماع) نەبێت .
2 ـ سەر بڕینی حەیوانێك لە (مـیـنا) یان لە (مەككە)ـدا .
3 ـ سەر تاشین یان قـژ كورت كردنەوە .
4 ـ تەوافـی گەڕانەوە بە دەوری كەعبەدا (طـواف الإفاضة) .
بەڵام ئەم تەوافە بە جلەكانی خۆتەوە دەكەیت و شانی ڕاستت دەرناخەیت .
5 ـ سەعی نێوان صـەفا و مەروە .
ئەگەر پاش و پێشیان بكات و بەم تەرتیبە نەیان كات هەر دروستە.
پاشان دەگەڕێیتەوە بۆ (مینا)
تێبینی :
أ- لە كاتی هاوێشتنی بەردەكان ڕوو دەكەیتە حەوزەكەو لای چەپت دەكەوێتە لای مەككەو لای ڕاستیشت دەكەوێتە لای مینا. بەم شێوەیە سوننەتە.
ب - دروست نیە پێش خۆر هەڵاتن بەردەكان بهاویت مەگەر لەوانە بیت كە روخسەتیان پێدرابوو دوای نیوەی شەو لە موزدەلیفە بگەڕێنەوە بۆ مینا لە ئافرەتان و لاوازان و خاوەن عوزرەكان.
ج - نابێت پێش ئەم ڕۆژە حەیوانەكە سەر بڕیت و دروست نیە .


* كارەكانی ڕۆژی چوارەمی حەج (11 / ذو الـحجة) :


ئەنجا كە گەڕایتەوە بۆ (مـیـنا) سێ شەو و سێ ڕۆژ لە (مـیـنا) دەمێنیتەوە و هەموو ڕۆژێك (دوای نیوەڕوان) ئەم كارانە ئەنجام دەدەیت :
1 ـ بەرد هاوێشتن بۆ ناو حەوزی یەكەم (رمـي الـجمرة الأولـى)، ئەنجا ڕوو لە قیبلە دەكەیت و دوعا دەكەیت .
2 ـ بەرد هاوێشتن بۆ ناو حەوزی دووەم (رمـي الـجمرة الثانية) ، ئەنجا ڕوو لە قیبلە دەكەیت و دوعا دەكەیت .
3 ـ بەرد هاوێشتن بۆ ناو حەوزی (جـمرة العقبة) ، وە دوای ئەوە هیچ ڕاناوەستیت و دەگەڕێیتەوە بۆ (مـیـنا).
وە پێویستە لە مینا نوێژە فەرزەكانت بە جەماعەت بكەیت و باشتریش وایە لە مزگەوتی ( خیف ) بێت ئەگەر توانیت. چونكە 70 پێغەمبەر علیهم السلام نوێژیان لێكردووە.
وە مانەوەی شەو لە مینا واجبە لە سەر غەیری ژنان و بێ توانایان و خاوەن عوزرەكان.

* كارەكانی ڕۆژانی پێنجەم و شەشەمی حەج (12 ـ 13 / ذو الـحجة) :

وەك ڕۆژی چوارەم دەكەیت (واتە : بەرد هاوێشتن بۆ ناو هەر سـێ حەوزەكە) .

وە دروستیشە تەنها دوو ڕۆژ لە (مـیـنا) بمێنیتەوە بۆ ڕەمی كردن و دوایی بگەڕێیتەوە بۆ مەككە ، بەڵام مانەوەی شەو و ڕۆژی سێیەم سوننەتە و چاك ترە.
بەڵام ئەگەر ڕۆژی (12 )ی ذو الحجة تاوەكو خۆر ئاوا مینات بەجێ نەهێشت, ئەوا واجبە سێهەم شەوو ڕۆژیش 13ی ذو الحجة بمێنیتەوەو هەمان كاری ڕۆژی پێشتر بكەیتەوە.
ئەنجا دوای تەواو بوونی ڕۆژەكانی مانەوەت لە (مـیـنا) واجباتی حەج تەواو دەبێت و دەگەڕێیتەوە بۆ (مەككە) و لەوێ دەمێنیتەوە ، وە هەوڵ بدە ئەو ماوەیە هەر لە مزگەوت بیت, چونكە یەك نوێژی ئەو مزگەوتە بە (100,000) سەد هەزار نوێژی شوێنی تر هەیە وە زۆر تەواف بكە.

دوای تەواو بوونی حەج تەوافی ماڵ ئاوایی ( طواف الوداع )

كە كاتی ڕۆشتنەوەت هات و ویستت مەككە جێ بهێڵیت, ئەوە پێویستە لە سەرت ئاخر شت بە دەوری كەعبەدا حەوت جار بسوڕێیتەوەو تەوافی ماڵ ئاوایی ( طواف الوداع ) بكەیت, بەبێ سەعی لە نێوان سەفاو مەروە.
بەڵام ئەگەر ئافرەت كە لە حاڵەتی ( حيض يان نفاس ) دا بوو, ئەوا ڕوخسەت دراوە بەبێ تەوافی ماڵ ئاوایی مەككە جێ بهێڵێت.
وە لە كۆتایدا قاچی چەپت پێش بخەو لە مزگەوت وەرە دەرەوە بڵێ:
( اللهم صل على محمد وسلم, اللهم إنى أسالك من فضلك ).
وە سوننەت نیە بچیت بۆ ئەو مزگەوتانەی تری مەككەو دەوری مەككە.
وە هەروەها سوننەت نیە بچیت بۆ ئەشكەوتی (حراء) و شوێنەوارەكانی تر.
وە سوننەت نیە بە تایبەت بۆ نوێژ بچیت بۆ مزگەوتی عائیشە لە (تەنعیم).
بەڵكو ئەو چونانەت هەمووی بێ سودەو مەسرەفێكی بێ خێرەو كارێكی داهێنراوەو بێ بەڵگەیە.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سود وەرگیراوە لە كتێبی : (حـــەج و عــومـره فەزڵ و چۆنیەتى و حوكمەكانى بە گوێرەی بەڵگەكانی قورئان و سوننەت ) له نوسینى بەڕێز (دکتۆ عبداللطیف أحمد)

 

سەردان: ٤,١٧٢ بەش: چۆنێتى حەج کردن